نامەیەکی کاریگەر بۆ م.فەتحوڵڵا گولەن سەبارەت بە وەفاتی ساڵح گولەنی برای…
هەواڵی وەفاتی ئابرا ساڵح گولەنم پێگەشت. لە ناو غوربەت، مەغدوریەت، مەزڵومیەت، بێ پزیشک و دەرمان، لە ناو ژیانێکی پڕ ئازاردا گەڕایەوە بۆ لوتکەی ڕۆحی خۆی. زۆر خەفەتم خوارد، تەمەنی درێژی بۆ کەسانی دوای خۆی بەجێهێشتبێت.
پێش ٤٧ ساڵ بەر لە ئێستا، ئابرا ساڵحم لە ئەرزڕوم ناسی، دەمەوێت ٣ یادەوەری خۆم لەگەڵیدا بگێڕمەوە:
یەکەم: سەردەمانێک توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت و پزیشکەکان ماوەی ٢ مانگی بۆ دادەنێن. لە یەکێک لەو ڕۆژانەی لەگەڵ مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن بووم، مامۆستا لێی پرسیم ” کاک یونس، ساڵح توشی شێرپەنجە بووە، ئێوە بیر لە چی دەکەنەوە؟”.
منیش لە وەڵامدا وتم” مامۆستا پێم وایە بەسەر شێرپەنجەکەدا زاڵ دەبێت”.
مامۆستاش وتی” منیش هەمان ڕام هەیە و پێم وایە بە ئیزنی خودا چاک دەبێتەوە”. قسەکانی مامۆستا وەک نزایەکیان لێهات و لە دوای ئەو قسەیەوە ٢٥ ساڵ ژیا.
دووەم: لە مەجلیسێکدا کەوا منیشی لێبووم، ئابرا ساڵح بە مامۆستای وت” خەوێکم بینیوە، بیگێڕمەوە؟”.
مامۆستاش:” خێرە بێت ان شاء الله، بیگێڕەوە”.
ئابرا ساڵح” لە خەومدا مردم و دەستەیەک منیان خستە بەر لێپرسینەوە. هەندێک لەو دەستەیە وتیان: بەم کردارانەی ئێستایەوە ناتوانێت بچێتە بەهەشتەوە، چی لێبکەین؟”.
یەکێکیان وتی” با کەمێک مۆڵەتی زیاتری پێبدەین هەتا خۆی ئامادە بکات”.
ئابرا ساڵحیش لە مامۆستای پرسی” مامۆستا، ئێستا من چی بکەم هەتا خۆم ئامادە بکەم؟”.
مامۆستاش وتی” وا دیارە خودا بەم زوانە ناتکوژێت و تەمەنێکی زیاترت پێدەدات. بەڵام لە بابەتی ئەو شتانەی کە پێویستە لە خزمەتدا ئەنجام بدرێت، ناسۆری و ئازارەکانی بچێژە”.
ئابرا ساڵحیش لە هەموو کۆبونەوەکانی دەستەی سەرپەرشتیارانی ئێرزرومدا بە خەم و ناسۆرەوە دەمبینی کە دەیوت” با ئەم کارە بەم شێوەیە بکەین و فڵان کاریش بە فیسار شێوە بکەین. لەبەر چی ئەم کارە وەک پێویست بایەخی پێنەدراوە”.
لە ئێرزروم ١٩ شارۆچکە هەیە و لە پێنجیاندا بەشی ناوخۆییمان هەبوو. ڕۆژێکیان وتی: هینیس شارۆچکەیەکی گەورەیە و با لەوێش بەشێکی ناوخۆیی بکەینەوە. با بە فریای ئەو منداڵانە بکەوین کە لە سەرمای زستاندا بە ناچاری لە گوندەکانەوە دێنە ناو شار و شوێنێکیان نیە بۆ حەوانەوە. با ئەوانیش شوێنێکیان هەبێت هەتا تییدا بحەوێنەوە. پاش ماوەیەک لە هینیسیش بەشی ناوخۆییمان کردەوە.
سێهەم:
ڕۆژێکی هەینی بە مەبەستی بەجێگەیاندنی سیلەی ڕەحم لە قەیسەریەوە بەرەو نیغدە ڕۆشتم. دوو ڕۆژ دەمامەوە. لە پاش دوو کاتژمێر دیسان بانگیان کردمەوە بۆ قەیسەری. وتیان لە ئەمەریکاوە دوو میوان هاتوون کە یەکێکیان ئیمامی موسوڵمانانی ١٨ ویلایەتی ئەمەریکایە و ئەوی تریشیان سەرۆکی جەماعەتێکی سوونی ٣ ملیۆن کەسیە کە دانیشتوی ئەمەریکان ؛ لە ئیستەنبوڵ، ئیزمیر، بورسا و ئەنقەرە سەردانی دامەزراوەکانی خزمەتی کردووە.
میوانەکان داوایان کردبوو چاویان بە کەسێک بکەوێت کە ئەندامانی خێزانی مامۆستا و خودی مامۆستا باش بناسێت و لەسەرەتاکانی دامەزراندنی بزاڤی خزمەتدا لەگەڵیاندا بووبێت.
ئەوانیش لە وەڵامدا پێیان وتوون کەسێکی وەها لە ئێرزروم دەست دەکەوێت. ئەوانیش دەڵێن” بەیانی دەچینەوە ئەمەریکا و ئەمشەویش دەبێت بچینە فڕۆکەخانە”. هاوڕێکانیشم بیری منیان دەکەوێتەوە، کە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لە ئێرزروم ژیانم بەسەر بردبوو.
منیش دەست بەجێ گەڕامەوە بۆ قەیسەری، ڕۆشتمە ئەو ماڵەی کە ئەوانی لێبوون. چاوم بە دوو کەسی سپی پێست و ١٩ ژن و پیاوی ڕەش پێست کەوت، کە منیان بینی وتیان” دەمانەوێت ٣٠ خولەک لەگەڵ ئێوە دابنیشین و هەندێک پرسیارت لێبکەین”. بەڵام چاوپێکەوتنەکەمان ڕێک دوو کاتژمێر و نیوی پێچوو.
وتیان” دەتوانیت خۆتمان پێ بناسێنیت؟”
“ساڵی ١٩٦٧ لە بەشی کشتوکاڵی زانکۆی ئەتاتورکی ئێرزروم وەرگیرام. کاتێک زانکۆم تەواوکرد، دەستم بە ژیانی ئەکادیمی کرد. لە ساڵی ٢٠٠٦ پاش تێپەڕینی ٤٠ ساڵ و لە دوای ١٦ ساڵ پڕۆفیسۆری، شاری ئێرزرومم بەجێهێشت. ئێستا لە زانکۆی ئێرجیەس دەستبەکار بووم. ساڵانە جارێک یان دوو سەردانی ئێرزروم دەکەمەوە”.
“خێزانی مامۆستا دەناسن و گەر دەیناسن، لە کەیەوە دەیانناسن؟”
منیش وتم” لە ساڵی ١٩٧٢ دەیانناسم”.
” ئایا دەتوانیت ناوی ئەندامانی خێزانەکەیی و پیشەکانیمان پێ بڵێیت؟”.
حاڵی ئەندامانی خێزانی مامۆستا لە ساڵی ١٩٧٢:
دایکی: ڕەفیعە خانم، ژنی ماڵەوە
باوکی: مامۆستا رامیز، لە گوندەکاندا مەلایەتی کردووە، لە ئێرزروم لە بەرامبەر مزگەوتی گەورە نیشتەجێیە و لەوێ ژیان بەسەر دەبات.
خوشکی گەورەی: نورحەیات خانم، ژنی ماڵەوەیە، هاوسەرەکەشی وەک کارمەندی بەشی کارەبای زانکۆی ئەتاتورک کار دەکات.
برایەکی بچوکی: مەسیح، وەک کارمەندی چاپخانەیەک کار دەکات.
برایەکی بچوکی:حەسبی/ نیدایی، لە زانکۆی ئەتاتورک وەک وەستای تۆڕنە کار دەکات.
برایەکی بچوکی: سەیفوڵڵا/ سیبغەتوڵڵا وەک شۆفێر لە زانکۆی ئەتاتورک دەست بەکارە.
برایەکی بچوکی: ساڵح، وەک کارمەندی چاپخانەیەک کار دەکات.
خوشکێکی بچوکی: فەزیلەت خانم، ژنی ماڵەوە، هاوسەری پیاوێکی بازرگانە کە ناوی عەلی کۆروجوکە.
برایەکی بچوکی: قوتبەدین، بچوکترین منداڵی ماڵەکەیان.
**
پاشان وتیان” ئێستاش دەیانناسی و پەیوەندیتان بە یەکەوە ماوە و دەزانی کەوا چی کارێک دەکەن؟”
منیش” بەڵێ هەر پەیوەندیمان بەیەکەوە ماوە و ئێستاش تەلەفۆن بۆ یەکتری دەکەین”.
منیش باسی حاڵی ئەندامانی خێزانەکەیم کرد لە ساڵی ٢٠١٠:
دایکی: ڕەفیعە، لە ٢٨ حوزەیرانی ١٩٩٣ لە ئیزمیر وەفاتی کرد، هەر لەوێش نێژراوە.
باوکی: مامۆستا رامیز، لە ٢٠ ی ئەیلولی ١٩٧٤ لە ئێرزروم بە هۆی شێرپەنجەی سیەکانیەوە وەفاتی کرد و لە گوندی کۆروجوک نێژراوە.
خوشکە گەورەکەی: ئێستاش هەر ژنی ماڵەوەیە و هاوسەرەکەی وەک کارمەندی بەشی کارەبای زانکۆی ئەتاتورک خانەنشین بوو. ئێستا لە شارۆچکەی تورگوتلوی شاری مانیسا دەژی.
براکەی: سەیفوڵڵا/ سیبغەتوڵڵا وەک شۆفێری زانکۆی ئەتاتورک خانەنشین بوو. ئێستا لە خانوویەکی گوندی داداش دەژی کە ٩ کیلۆمەتر لە ئێرزرومەوە دوورە.
براکەی: مەسیح، لە چاپخانەکانی ئیستەنبول و ئیزمیر، وەک وەستا کار دەکات.
براکەی: حەسبی/نیدائی، پاش ئەوەی لە زانکۆی ئەتاتورک خانەنشین بوو، ئێستا دانیشتوی ئیزمیرە و نەخۆشیەکی سەختی شێرپەنجەی لەگەڵدایە.
براکەی: ساڵح، ماوەیەک توشی شێرپەنجەی مۆخ بوو، ئێستا خەریکی کاری چاپەمەنیە.
خوشکەکەی: فەزیلەت خانم، عەلی کۆروجوکی هاوسەری لە پاش خانەنشین بوونی وەفاتی کرد، فەزیلەت ئێستا لەگەڵ کوڕەکانی لە ئیستەنبول دەژی.
براکەی: قوتبەدین، ئێستا وەک کرێکار لە چاپخانەیەکی خزمەتدا کار دەکات.
“پرسیارێکی ترتان لێدەکەین، ئایا بە ڕای ئێوە، چی جیاوازیەک لە ژیانی ئەندامانی خێزانەکەی مامۆستا هەیە لەو ساتەی ئێوە ناسیوتانن لەگەڵ ئێستادا؟
” جیاوازی هەیە”.
“جیاوازیەکی چۆن هەیە؟”
منیش وتم” هەموو براکانی جاران لە خانویەکدا دەژیان کە سۆبای داری تێدابوو، ئێستا لە خانویەکدا دەژین کە سپلیتی تێدایە”.
ئەوانیش وتیان” لە ئێستای تورکیادا زۆرینەی خەڵک لە ماڵەکانیاندا سپلیت هەیە، ئێمە پرسیارەکەمان سەبارەت بەو چین و توێژەیە کە ئەندامانی خێزانەکەی مامۆستا لە سەرەتادا تێیدا دەژیان و ئێستا لە کام چین و توێژی کۆمەڵگان؟”
منیش وتم” لە سەرەتای ناسینی ئەواندا سەر بە کام چین و توێژی کۆمەڵگا بووبێتن ئێستاش سەر بە هەمان چین و توێژن”.
پاشان وتیان” لە تورکیادا سەرۆکی پارتێکی بچوک یان جەماعەتێکی بچوک، برا و منداڵی زۆر دەوڵەمەندیان هەیە، ئایا برا و خوشکی گەورەترین جەماعەتی تورکیا دەوڵەمەند نین؟”
” نەخێر دەوڵەمەند نین”
” ئەو برایەشیان کە خەریکی کاری چاپخانەیە، ئەویش دەوڵەمەند نیە؟”
“نەخێر”
“لەبەرچی دەوڵەمەند نیە؟”
“ئەو ئامێرانەی کە کاک ساڵ بەکاریان دەهێنا زۆر کۆنن، هەر کارێک کە وەستایەکی چاپخانە نوێکان ئەنجامی دەدەن و یەک لیرەیان لەسەر دەکەوێت، کاک ساڵ لیرە و نیوێکی لەسەر دەکەوێت”.
ئابرا ساڵح ماوەیەک دەیەوێت ئێرزروم بەجێبهێڵیت و بەرەو ئیستەنبول، ئەنقەرە، ئیزمیر بڕوات هەتا کاری زیاتری دەست بکەوێت و بۆ ئەو مەبەستەش مۆڵەت لە مامۆستا دەخوازێت.
مامۆستاش لە ترسی ئەوەی لەو شوێنانە دەوڵەمەند دەبێت، پاڵتۆیەک و کراسێکی بە دیاری بۆ دەنێرێت و دەڵێت پێی بڵێن” ئێرزروم زۆر ساردە با ئەمانە لەبەر بکات”.
جگە لەوە مامۆستا هەمیشە نزا دەکات کەوا براکانی دەوڵەمەند نەبن، کاتێک ئەم پرسیارەم لە ئابرا ساڵح کرد، بە سوعبەتێکەوە وەڵامی دایەوە و وتی” هەر ٥ فەرزەکە نزا دەکات کەوا هیچمان دەوڵەمەند نەبین، خۆ گەر جارێک بیری بچێت ئەوا قەپات دەبووم، بەڵام قەت بیری ناچێت”.
ئەوانیش زۆر پێکەنین و وتیان” منداڵەکانی سەرداریشمان بە هەمان شێوە هەژار بوون. کەواتە لەسەر ڕێچکەی ئەو دەڕوات. بە ڕاستی ئەو کەسەمان دۆزیەوە کە بە دوایدا دەگەڕاین”.
سەردارمان لە حەدیسێکی شەریفیدا دەفەرموێت:
جەنابی حەق لە ڕۆژی قیامەتدا تەرازوو دادەنێت و ئەوانەی نوێژیان کردووە، بە بێ هیچ کەموکوڕیەک پاداشتی خۆیان وەردەگرن.
دواتر ئەوانەی زەکاتیان داوە دەهێنرێن و چەندین قاتی کردەوەکانیان پاداشت وەردەگرن.
دواتر کەسانێک دەهێنرێن کەوا بە خەم و ناسۆریدا تێپەڕیون، ئەمانە نە تەرازویان بۆ دادەنرێت، نە حەق و حسابیان لەگەڵ دەکرێت، ئەم کەسانە چەشنی لێزمە بەسەریاندا دەبارێت.
ئوستادیش دەڵێت” ئەو کەسانەی زیاتر لە هەموو کەس توشی موسیبەت و ناڕەحەتی بوون، کامڵترینی مرۆڤەکانن”.
ئابرا ساڵحیش یەکێک بوو لەو کەسانەی ژان و ئازاری ئەم داوایەی چەشت؛ بە ناوی خوداوە شایەتی لەسەر ئەوە دەدەم کە کەسێک بوو لەناو هەژاریدا دەژیا و لە ئیمکانیەتی مامۆستا و خزمەت سوودمەند نەبووە.
جێگەت بەهەشت بێت هاوشارییە قەدرگران و دۆستەکەم، برای ناو داواکەمان و مامۆستای خۆشەویستمان…