سێ جار داواکاری گواستنەوەی باوکێکی بەندکراو کە منداڵەکانی لە دەستداوە بۆ زیندانێکی نزیکتر ڕەت کرایەوە

مامۆستا ئێڤرەن جیڤەلەکی بەندکراو کە دایکیو دوو منداڵی و خەزوری لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا پاش ئەوەی بەمەبەستی بینینی مامۆستا ئێڤرەن سەردانی گرتووخانەیان کردبوو، بۆ جاری سێیەمداواکارییەکەی بە مەبەستی گواستنەوەی بۆ گرتووخانەیەکی نزیکتر لە خانەوادەکەی ڕەتکرایەوە.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی IPA، مامۆستا ئێڤرەن کە لە گرتووخانەی کێسکین لە بەندکراوە، لە مانگەکانی ئایار و ئاب و ئەیلولدا سێ جار داواکاری پێشکەش بە وەزارەتی دادی تورکیا کردووە و نووسیویەتی “خانەوادەکەم لە شاری دوزجە دەژین، منداڵەکانم هێشتا بچوکن و سەختە بۆ ئەوان بتوانن بێن و بڕۆن بۆ سەردان کردنی من، بۆیە داوا دەکەم بگوازرێمەوە بۆ بەندینخانەیەکی نزیکتر”، بەڵام هەر سێ جارەکە وەزارەتی داد داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە. سێ دادوەر لێکۆڵینەوە بە ناوی وەزیری دادەوە لە سێ بەرواری جیاوازدا هەمان وەڵامی داواکارییەکەی مامۆستا ئیڤرەن دەدەنەوە. ئەو دادوەرانە بە بیانووی “بە لەبەرچاو گرتنی ڕێژەی لەخۆ گرتنی زیندانیان لەو گرتوخانانەی داواکراوە، گواستنەوەی ئەو بەندکراوە بە باش نازانرێت” هەموو جارێک داواکارییەکی ڕەت کراوەتەوە.
مامۆستا ئێڤرەن جیڤەلەک لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزەوە بە بڕیارێکی نایاسایی لە کارەکەی دوور خرایەوە و دواتر بە تۆمەتی هاوسۆزی بۆ بزاڤی خزمەت دەستگیر کرا و خرایە زیندانەوە. هەرچەندە مامۆستا ئێڤرەن و خانەوادەکەی لە شاری دوزجە دەژیان بەڵام گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی کێسکین لە شاری کرککالە کە شارێکی زۆر دوورە لە شارەکەی خۆیەوە.