موحیبەت سویلەمانە، کە دڵی بۆتە تەختی ڕەوانی
لە موحیبەتەوە محمد دروست بوو، کە بێ ئەو چی حاسڵ دەبوو؟
الله لەبەر ئەوەی خۆشیویستووە دروستی کردووە، بۆ ئەوەشی خۆشەویستی خۆی پشانی پێغەمبەرانی گەورەی بدات، لە ڕێگەی ئەوەی هیدایەتی دا بۆ ڕێگەی ڕاست، تا لە سەرئەنجامدا خۆشەویستی خۆی پشان بدات، جەنابی حەق ئەم کارەی ئەنجامداوە.
بوون هەر بە خۆشەویستیەوە هاتۆتە بوون، بە خۆشەویستیش بەردەوام دەبێت، الله جل جلاله لە گەورەترین دروستکراوەوە هەتا بچوکترین دروستکراو، بە تێڕوانینی پڕ سۆز و شەفەقەت و بەزەیی و لێبوردەییەوە سەیری دەکات.
تَخَلَّقُوا بِأَخْلاَقِ اللهِ
خۆتان ئەخلاقدار بکەن بە ئەخلاقی خودا، بە ئەخلاقی پێغەمبەر خۆتان ئەخلاقدار بکەن، الله وەک ستایش و بە گەورەپشاندانی ئەخلاقی ئەو دەفەرموێت:
وَإِنَّكَ لَعَلى خُلُقٍ عَظِيمٍ
تۆ خاوەنی بەرزترینی ڕەوشتەکانی، بەو شێوەیە دروستکراوە، دایکە عائیشەشمان کاتێک پرسیاری ڕەوشتی سەردارمانیان لێکرد لە وەڵامدا وتی:
كَانَ خُلُقُهُ الْقُرْآنَ
فەرمووی ئەخلاقی قورئانی بوو، کاتێک سەیری قورئان دەکەن، دەتوانن ڕەوشتی بەرزی بەنرخی باڵای ئەو ببینن.
الله لێبوردەیی و شەفەقەتی خۆی بە شێوەیەکی گشتی پشانداوە، هەروەها دەتوانین بڵێین بوون (وجود) وەک پێشانگایەک وەهایە کە خۆشەویستی و لێبوردەیی خۆیی تێدا خستۆتە ڕوو. لە هەموو شوێنێکدا. بەڵام بۆ بینینی ئەوە پێویستمان بە بەسیرەت هەیە، تەنیا چاو بەس نیە، سەیرکردن بەس نیە، پێویست بە بینین دەکات. دواتر ئەوەی دەیبینیت پێویست بەوە دەکات هەڵیبسەنگێنیت و ستایشی بکەیت. لەگەڵ بینیندا پێویست بەوە دەکات کە هەموو دەمارەخانەکانی مێشکت بخەیتە کار…
بەڵێ پێویستە دەردەداری موحیبەت بین، عاشقی موحیبەت بین، عاشقی خۆشەویستی و عەشق بین، عاشقی عەشق بین، پێویستە وابەستەی ئەمە بین، جەنابی حەق دڵەکانمان بەو هەستی خۆشەویستی و عەشق و تامەزرۆیی دیداری خۆیە ئاوەدان بکاتەوە.
دڵێکی بێبەش لەوە وەک وێرانە وەهایە…
شارانی وێران، خان و ماڵی تەختکراو، بیابانی بێ ساحێب، ڕۆژانی بێ ڕەنج و تێکۆشانم بینی، ئێوارانێکی تەنیایی کە فکری بەشەر لێیناگات…
کە بەلایدا ڕابوردم گریام، کە وەستام لایەوە گریام
نە کەس هەیە ببیستێ و نە کەس هەیە هاوارێک بکا
سەرم بە هەزار شاری کاولبوودا کرد…
ئەمە شیعری شاعیری گۆیای نەبوونیە، مرۆڤی هیجران، شاعیری گەورەمان مەهمەت عاکیف…
وەک لە مرۆڤەکاندا هەندێک لایەنی خراپ و نەرێنی هەیە، لە هەمان کاتدا هەستی ڕکابەرێتی کردنیشی تێدایە، ئەهلی دونیا ئەم هەستی ڕکابەرێتیە لە بۆ شتی دونیایی بەکاردەهێنن.
بۆ نمونە دەڵێت با من دەوڵەمەند بم، هەموو ئیمکانیەتەکان لە دەستی خۆمدا کۆبکەمەوە، بە گوێرەی سیستەمی چینایەتی کاست، هەموو خەڵک سەیری چاوی من بکەن، بۆ هەموو شتێک چاوەڕێی من بکەن، گەر من لەناو ببەن یاخود وایان فەرز کرد کە دەتوانن لەناوم ببەن، دەبێت بیر لەوەش بکەنەوە کە خۆشیان بە هۆی فەوتانی منەوە لەناودەچن.
بەم شێوەیە سەیری بابەتەکە دەکات، لە ناو ڕکابەرێتی لەسەر شتە دونیایەکان هەستی ڕکابەرێتی هەڵدەسەنگێنێت و هەوڵ دەدات باز هەڵداتە سەروی خۆی، ئەو مرۆڤانەی لە سیستەمی کاستدا گەشتوونەتە خاڵی سەرەوە، هەمیشە بەم شێوەیە سەیری مرۆڤەکانی خوار خۆیان کردووە، حەزیان بەوە کردووە هەموو کەسێک سەیری ناوچاویان بکات، حەزیان بەوە کردووە کاتێک لە شەقامێکەوە دەڕۆن چەپڵەڕێزانیان بکەن و ئەویش لەناو تۆفانی ئەو چەپڵەڕێزانەدا بڕوات بۆ ئەو شوێنەی دەیەوێت.
تەنانەت کاتێک بەرەو لای خودا دەگەڕێتەوە، حاشا و کلا، وا دەزانێت سێبەری خودایە لەسەر زەوی، چاوەڕێی ئەوە دەکات بە هەر شوێنێکدا ڕۆشت پشتی بۆ بچەمێننەوە، چاەڕیی ئەوە دەکات ڕکوعی بۆ ببردرێت، سەجدەی بۆ ببردرێت، پێموایە کاتێک بە گشتی لەو شتانەی ئارەزوی دەکەین ورد دەبینەوە، تەنانەت گەر سوجدەشیان بۆ ببردرێت، تەنانەت پاساوێکی ماقوڵ بۆ ئەوەش دەدۆزنەوە و دەڵێن:
ئەم سوجدەیە بە تەواوی بە واتای ڕێزگرتن دێت، مەگەرنا ئەمە بە مەبەستی بەندایەتیکردن نیە، بەندایەتی تەنیا بۆ الله ئەنجام دەدرێت!
واتە پاساوێکی دیالەکتیکی بۆ ئەوەش دەڕەخسێنن و بەو شێوەیە باسی لێوە دەکەن.
چەپڵە، حەز بەوە دەکات کە تەنیا چەپڵە بۆ خۆی لێبدرێت، ئەم ئەو شتەیە ئەهلی دونیا ڕکابەرێتی لەسەر دەکەن، کەواتە لە ڕۆحی مرۆڤەکاندا ئەمە بوونی هەیە…
وەک چۆن سەردارمان دەفەرموێت: هەموو بەنی ئادەم هەڵە دەکەن.
ئادەم هەڵەی کرد، کوڕەکانیشی هەڵەیان ئەنجامدا، لێرەدا ئیشارەت بۆ پێکهاتەی توخمی مرۆڤ دەکات، ئادەم توشی لەبیرچوونەوە بوو، کوڕەکانیشی توشی لەبیرچوونەوە بوون، بەڵام شتانێک هەیە کە پێویستە لەبیری نەکەیت، پەنا بە خودا، لە سەرو هەموویانەوە پێویستە خودا لەبیر نەکەیت، پێویستە دین لەبیر نەکەیت، جیهانی ئاخیرەت لەبیر نەکەیت، لە دوای ئەویش چەندین شتی تر هەیە کە نابێت لەبیری بکەیت، وەک بەندایەتی کردنت لە بۆ الله، وەک پێش کەمێکیش ئاماژەمان پێدا لەبیرکردنی پەیوەندیت بە مرۆڤەکانەوە، لەبیرکردنی لێبوردەیی و شەفەقەت، ئەوە لە بیربکەیت کە هێندەی خۆت بیر لە کەسانی تریش بکەیتەوە، ئەمانە هەمووی جۆرەکانی لەبیرکردنن و تەواوی ئەم لەبیرکردنانەش بەڵان.
هەریەکەیان بەڵایەکە کە ژیانی ئەولا و ئاخیرەتی ڕەش دەکەن.
ئەمە لە سروشتی مرۆڤدا هەیە، ئەهلی دونیا ئەمە بۆ بەرژەوەندیە دونیایەکان بەکار دەهێنێت، بۆ چەپڵە بەکاریدەهێنێت، دەڵێت با تەنیا چەپڵە لە بۆ من لێبدەن، بۆ ستایشی خۆی بەکاریدەهێنێت، بۆ پێگە و پایە بەکاری دەهێنێت، بۆ مەنسەبی دونیایی بەکاری دەهێنێت، بۆ دەسەڵات بەکاری دەهێنێت، دەڵێت با دەسەڵاتەکان لەلای من بن، با هەموو هێزەکان لەلای من بن، دەڵێت با حەقیش لە ژێر فەرمانی هێزدا بێت.
حەزرەتی باسی ئەمانەشی کردووە، دەفەرموێت هێز لە حەقدایە، حەق لە هێزدا نیە، دەفەرموێت بەڵگەی ئەمەش بریتیە لە ئەهلی حەق هەموو هێزێک لە حەقەوە دەبینن، دواتر ئەو هێزە دەخەنە ژێر ڕکێفی حەقەوە، لە بۆ پایەدارکردنی حەق و حەقیقەت بەکاری دەهێنن.
لە دەرەوەی کەوانە ئەم قسەیە دەکەم: ئەمەش کار و پیشەی ئێوەیە…
جەنابی حەق هەرچی ئیمکانێک بە ئێوە بەخشیوە لە ماددی و مەعنەوی، چالاکیە هزریەکانتان و هەموو هێزی لاشەییتان، خولیا و خەون و خەوەکانتان، دەبێت بە ئاڕاستەی ئەم غایە و ئامانجە خەیاڵیەدا بەکاربهێنن.
کاری سەرەکی ئەوەیە حەق پایەدار بکەیت، دەستبگریت بە حەقە و هەڵیبستێنیت، وەک چۆن عاکیف لە شوێنێکی تردا دەڵێت:
جەنابی حەق ناوی بێ کۆتای هەیە، سەرەتای هەموویان حەقە، لە نیوان ناوەکانی خودادا ناوی زاتی خۆی لە هەموویان گەورەترە بەڵام کاتێک دەڵێین جەنابی حەق هەر بە واتای الله دێت!
یاخود بە واتای هەموو ناوەکانی خودا دێت!
چونکە لەم ناوەدا ڕێژەیی بوون بەدیناکرێت و دەشێت لە هەندێک ناودا ڕێژەیی بوون ببینیت، بۆ نمونە لە ڕەحمانیەتی خودادا دەشێت ڕێژەیی بوون ببینیت، یاخود ڕێژەیی بوونی ڕەحیمیەت ببینیت، بەڵام لە بابەتی ناوی حەقدا، زاتی حەق هەر بە ڕاستی حەقی ڕاستەقینەیە، کاتێک دەڵێی ڕاستی شتەکان جێگیرە، وەک حەزرەتی پیریش ئاماژەی پێداوە، ئەمە سێبەری سێبەری سێبەری حەقانیەتی بوونی ئەوە لە شتەکاندا دەرکەوتووە.
هەربۆیە کاتێک دەڵێین حەق، بە شێوەیەکی ڕەها یادی ئەومان کردۆتەوە و لە بۆ کەماڵی ئەومان بەکارهێناوە.
لێرەدا هەوڵی ئەوەمدا کە ڕاڤەیەکی ماقوڵ بۆ قسەکەی عاکیف بدۆزمەوە:
خالق ناوی بێ کۆتای هەیە لەسەرو هەموویانەوە حەق
وای چەند گەورەیە بەندەکانی دەست بگرن بە حەقەوە و هەڵیبگرن
وەک دەڵێن هاوەڵان هەرکاتێک ماڵئاواییان لەیەک دەکرد یەکسەر سورەتی “والعصر” یان دەخوێند، بۆچی؟
چونکە نهێنیەکانی سەرکەوتن لەو سورەتەدا شاردراوە،
لە پێشدا ئیمانی ڕاستەقینە دێت ئینجا نوێژ
دواتر حەق ئینجا ئارامگری، ئەمانەن ئەی ڕۆڵەی مرۆڤەکان
هەرکاتێک ئەم چوارە لە تۆدا یەکیان گرت، ئیدی پشتتت لە زەوی نادات قەت
ئیمان، کرداری چاک، حەق، ئارامگری لەو شتەی بە حەقی دەزانیت!
ئارامگری و خۆڕاگری لە بەرامبەر بەڵا و موسیبەت، لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەهلی دونیا و بەڵا و موسیبەتەکانیان خۆڕاگری…
ئارامگری و خۆڕاگری لە عیبادەت و گوێڕایەڵی خودا، دەتوانن نمونەکان زیاتر بکەن، خۆڕاگری لە بابەتی ئەوەی زۆر بە پەرۆش بیت بۆ ژیانی ئەو دونیا و ڕێزگرتن لە خواستی بێ خەوشی خودا، خۆڕاگری لە بەرامبەر هەر شتێکدا کە لە ژیانی دونیادا بەسەرتدا دێت. خۆڕاگری خۆڕاگری…
زۆر گرنگە ئەم بابەتە، ئەمە شتێکە زۆر دەستکەوتت دەست دەخات، حەق و خۆڕاگری.
دەستگرتن بە حەق و بەرزکردنەوەی گرنگترین شتە لە بۆ مرۆڤ، مرۆڤ پێویستە بوونی خۆی بەوەوە ببەستێتەوە، بیبەستێتەوە بەوەی حەقی وێرانکار و کاولکروی سەر ڕووی زەوی هەڵبگرێتەوە و بەرزیبکاتەوە.
بە ناوی حەقەوە، دەبێت هەڵیبگرێت و بەرزی بکاتەوە.
ئەمە گەورەترین بابەتی مرۆڤە، گەر مرۆڤ خۆی بەم بابەتە دابێت و بە تەواوی خۆی بۆ تەرخان کردبێت، پیرۆزترینی خۆتەرخانکردنەکان بریتیە لەمە. گەر بە بێ هیچ چاوەڕوانیەک خۆی بۆ ئەم بابەتە تەرخان کردبێت، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا لە چاوەڕوانیە دونیایەکان ڕزگاری دەبێت.
بە ئیزنی خودا، ئیدی نە چاوەڕیی چەپڵە دەبێت نە چاوەڕێی ستایش دەبێت، نە چاوەڕێی ئەوە دەکات حەق بخاتە ژێر ڕکێفی هێز و دەسەڵات، نە چاوەڕێی ئەوە دەکات کە بە شوێنێکدا تێپەڕی خەڵک بۆی بچەمێنەوە و ڕکوعی بۆ ببەن، نە چاوەڕێی ئەوە دەکات خەڵک بە درۆوە ستایشی بکەن…
بە داخەوە زۆر کەس لەم بابەتانەدا بە تەواوی بەرژەوەندی دونیایی دەکرێتە ئامانج، هەندێک جار لەم بە ئامانجگرتنەدا هێندە قوڵ دەبنەوە، ژیانی ئەولا بە یەکجاری فەرامۆش دەکرێت، تەنیا لەسەر زمان و دەمیان دەمێنێتەوە.
پێموایە لە قوڕگیشیان ناچێتە خوارەوە، هەربۆیە نورەدین تۆپچو ، بەم جۆرە مرۆڤانەی دەوت ” ئاغاکانی قوڕگ”.
بەو کەسانەی دەوت کە قورئان و سرودی ئاینی دەخوێننەوە، جارێکیان لە شوێنی خۆیدا قیتمیریش گوێی لەم جۆرە کەسانە گرتبوو کە لە سرودەکەیاندا دەیانوت:
لە هەر شوێنێکت یادت بکەم
جۆگەی فرمێسک هەڵدەقوڵێت
کاتێک ئەم سروودانەیان دەوت کابرا زۆر دوور بوو لەوەی بە دەم دەیوت، بەڵام بە دەمی ئەمەی دەوت.
گەر ئەمەت لە شوێنێکدا بەدیکرد، ئەو مەجلیسە بەجێبهێڵە، چونکە لەو شوێنەدا کاتێک دەڵێن حەق یاخود الله، ڕیاکاریەکی زۆر ترسناک ئەنجام دەدەن.
ئەهلی دونیا لەبەر ئەوەی لەم بابەتەدا ئامانجیان بەرژەوەندی دونیاییە و زۆر قوڵیش دەبنەوە لەمەدا، ژیانی ئەو دونیا بە تەواوی لەبیردەکەن، پەنا بە خودا، ئیدی ناوی الله تەنیا لەسەر زار و زمانیان دەمێنێتەوە.
لە کاتێکدا ئیمان ئەوەیە لەلایەن دڵەوە پشتڕاست بکرێتەوە. قوڵبوونەوە لە ئیماندا ئەرک و چالاکیەکی تایبەت بە دڵە.
ئەم ئیمانە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی لێبێت کە سوودی هەبێت، وابەستەی ئەوەیە کاری جددیت پێ بکات، چونکە لە هەرشوێنێکدا باسی ئیمان کرابێت یەکسەر بە دوایدا باسی کرداری چاکەش کراوە.
یاخود لە ڕێگەی کرداری چاکەوە باس لە بەهێزکردنی کراوە. ئیمان و ئیمان بە خودا، دواتر باس لە مەعریفەت کراوە، دواتر باس لە موحیبەت کراوە، باس لە چێژی ڕۆحانی کراوە. باسی عەشق و تامەزرۆیی گەشتن بە دیداری خودا کراوە.
گەر ئیمان بەم شتانە بەهێز بکرێت، ئەو ئیمانە ئیمانی ڕاستیە و مەگەرنا ئەوە چەند وشەگەلێکی درۆیە کە لەگەڵ بزواندنی زمان و لێوت دەڕژێنە خوارەوە.
ئیسلامیە سیاسیەکان دەتوانن ئەمە بڵێن بە زمان و دەمیان، دەشێت بڵێن کەوا ئەوان کار بۆ هێنانی ئیسلام دەکەن.
تەنانەت دەتوانن خانەی باوباپیرانیان لەم بابەتەدا بەکاربهێنن، ئەمەش ناو دەنێن خانەی عوسمانیەکان، لە ڕاستیدا ئەو خانانە لە کاتی خۆیدا بۆ فەراهەمکردنی چەند حەقیقەتێکی دیارکراو دامەزرێندرابوون، بۆ هەواڵدان لە دژی کەسانی تر نەبوو، بۆ ئەوە نەبوو کار بۆ دەزگای هەواڵگری بکەن، بۆ ئەوە نەبوو لە پشتەوە لەو کەسانە بدەن کە وەک خۆیان بیر ناکەنەوە، ئێستا ئەوەی ئەم ناوەندانە دەیکەن ئەم جۆرە کارانەیە…
هەر لەبەر ئەوەشە ئەم جۆرە دامەزراوانە دادەمەزرێنن، چەند دەزگایەکە بۆ ڕووخاندنی چەند دامودەزگایەکی دیاریکراو.
هەروەها ڕکابەرێتی کردن لە بابەتی ژیانی ئەولادا، ئەمەش لەوەی پێشووتر ترسناکترە. پەنا بە خودا.
ئەمەش لە نێوان ئەو مرۆڤانەدا دەبێت کە باوەڕیان بە دین و دیانەت هەیە.
لە نێوان ئەهلی تەریقەتدا دەبێت کە هەموو ژیانیان لە نێوان تەکیە و خانەقاکاندا بەسەر بردووە، مەشرەب و تەریقەت و چێژە جیاوازەکانی ئەم بابەتە، پەنا بە خودا، بە چەشنی کەسانی ئەهلی دونیا دەشێت زۆر کاری خراپیان پێ ئەنجام بدات.
ئەویش باسی الله دەکات و مرۆڤەکان بۆ لای جەنابی حەق بانگ دەکات. هەمیشە بە مرۆڤەکان دەڵێت کەوا لە بەرامبەر خودادا هەردەم دەستیان لەسەر سنگی بەندایەتی بێت.
دەڵێت ئەمەش بەس نیە و پێویستە لەبەردەم خودادا ببن بە دوو کەرتەوە، ئەوەش بە کافی نازانێت و دەڵێت پێویستە دەموچاوتان لە زەوی بخشێنن لە بەردەم خودادا و بڵێن اللَّهُمَّ لَكَ سَجَدْتُ، وَبِكَ آمَنْتُ، وَلَكَ أَسْلَمْتُ، سَجَدَ وَجْهِىَ لِلَّذِى خَلَقَهُ فَصَوَّرَهُ، فَشَقَّ سَمْعَهُ وَبَصَرَهُ، تَبَارَكَ اللَّهُ أَحْسَنُ الْخَالِقِينَ، خَشَعَ سَمْعِي وَبَصَرِي وَدَمِي وَلَحْمِي وَعَظْمِي وَعَصَبِي وَمَا اسْتَقَلَّتْ بِهِ قَدَمِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالِمِينَ
کاتێک ئەمەش دەڵێیت لە ڕێگەی ئەوەی یادی شایستەبوونت بە “احسن تقویم” دەکەیتەوە، لە بەردەم خودادا دان بە نیعمەتەکانی دەنێی کە پێی بەخشیویت، هەموو شتێک هەر لە تۆوەیە، تۆی کەوا ئێمەت لە شکڵی مرۆڤدا ئەفراندووە، ئەمە لە سوجدەدا دەڵێی لەو شوێنەی کە نزیکترین شوێنە لە خودا. أَقْرَبُ مَا يَكُونُ الْعَبْدُ مِنْ رَبِّهِ فَهُوَ سَاجِدٌ
أَكْثِرُوا الدُّعَاءَ
نزیکترین شوێنی مرۆڤ لە خوداوە ئەو کاتەیە کە لە سوجدەدایە، کەواتە پێویستە لەو شوێنە زۆر نزیکەدا، هەوڵی ئەوە بدەین بە پاڕانەوە و لاڵانەوە و داواکاری لە خودا هەڵیبسەنگێنین.
شتی وەها بڵێن لەو کاتەدا هەتا هەنگاوێک زیاتر لە خودا نزیک ببنەوە، ئەمەش لە حەدیسی شەریفدا ئاماژەی پێکراوە.
مادام هەموو کەس ئەمە دەڵێت، بە ڵام بە هۆی کەمێک جیاوازی لە نێوان مەشرەب و مەزاج و شێوازدا، حەز دەکات خۆی ئەم قسانە بکات و خەڵک هەمووی گوێ لەو بگرن، دەڵێ گەر مرۆڤەکان دەچنە بەهەشتەوە ئەوا با لە دوای منەوە بچنە بەهەشتەوە.
گەر بڕیارە خودا و پێغەمبەرەکەی بناسن، ئەوا با لە ڕێگەی منەوە بیناسن، با هەمیشە چاویان لەسەر من بێت. با من ئەو حەقیقەتانە بهێنمە ئاراوە. لەوە دەچێت ئەم جۆرە تێبینیانە وەک شتێک ببینرێت کەوا کێشەی تێدا نەبیت، بەڵام ئەگەری هەیە ئەم جۆرە کەسانەش بکەونە ناو ئەو نشێویانەی ئەهلی دونیای تێی دەکەون.
لە ڕاستیشدا کاتێک باسی موسوڵمانان دەکرێت وەک ئەوە پێناسە دەکرێن کە پێکهاتەی تەواوکەری یەک تەلار بن، وەک ئەندامەکانی یەک لاشەن، وەک چاو و دەست و گوێ و قاچی هەمان لاشەن، ئەمانە هەموو ئەو ئەندامانەن کە لاشەیەک دروست دەکەن.
کاتێک هەموویان پێکەوە بوون ئەو کاتە دەتوانین بڵێین تەواوە.
بەڵێ، لەم بابەتەدا دەبێت بە ڕۆحێکی ئیساری وەهاوە هەنگاو هەڵبگرێت، گەرچی لەوەش دەچێت هەندێک جار بە ناخی مرۆڤدا نەیەت، بۆ نمونە ئێوە ڕێگەی خۆتان بە ڕاستترین ڕێگا دەزانن، ئەمەش حەزرەتی ئیشارەتی بۆ کردووە، دەڵێت گەر هەموو لایەک لەسەر شتێکی “باش” ڕێکەوتن، لەسەر “باشتر” مەیکەن بە مشتومڕ!
واتە گەر لە جوانی بابەتێکدا توانیتان بکەونە ڕێکەوتن، ئەوا لە بابەتی “جوانتر”دا مەکەونە ناکۆکی کردن، کەواتە گەر مرۆڤەکان بتوانن لە “باش” دا یەکبگرن، ئەمە باشترە لە “باشتر”!
هەربۆیە هەندێک جار “باش” لە “باشتر” باشترە!
حەزرەت زۆر لەسەر ئەم بابەتەش پێداگری کردووە.
هەربۆیە ڕێکەوتن و هەماهەنگی زۆر گرنگە، لە هەمان کاتدا دەتوانین بڵێین تاکە ڕێگای بەدەستهێنانی سەرکەوتنی خوداییە.
گەر جەنابی حەق دەستی یارمەتی بۆ ئێوە درێژ بکات، گەر لەو شوێنەی لێیکەوتوون هەڵتان بستێنێتەوە، گەر زۆر بە خێرایی بتانگەیەنێتە ئەو ئامانجەی کە دەتانەوێت بۆی بڕۆن، پێموایە پێویست دەکات ئەمە ببەستنەوە بە هۆکاری هەماهەنگی و ڕێکەوتنەوە، پێویستە بیبەستنەوە بە فاکتەری ڕێکەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا.
واتە لە هەلومەرجی ئاساییدا، گەر وتبێتی ” من سەرکەوتنی خۆم بەم هۆکارەوە گرێداوە” ئیدی هیچ کەسێک توانای گۆڕینی ئەم بارەی نیە.
مادام بابەتەکە بەم شێوەیەیە، ئیتر پێداگری لەوەی مرۆڤەکان تەنیا گوێ لە تۆ بگرن، یاخود گەر بچنە بەهەشتەوە تەنیا لە ڕێگەی منەوە بچن، گەر لە ئاگری دۆزەخ دوور بکەونەوە تەنیا لە ڕێگەی منەوە دوور بکەونەوە،وتنی ئەم شتانە، پەلاماری شەیتانە لەلای ڕاستەوە.
چونکە شەیتان کاتێک لەلای ڕاستەوە شاڵاوت بۆ دەهێنێت، خۆی لەسەر وێنای حەق پشان دەدات.
کاتێک لەلای چەپەوە هێرش دەهێنێت، هانی کاری خراپە دەدات لە مرۆڤەکاندا.
هەستی ناماقوڵی و خواردن و خواردنەوە و بەلاداکەوتن و هەستە شەهوانیەکانت تێدا دەخرۆشێنێت هەتا تێیاندا بگەوزێیت.
کاتێک لە پێشەوە بۆت دێت، وات لێدەکات چاوت ببڕیتە پێشی پێشەوە، وەک چۆن هەندێک لە ئەهلی دونیا لەمڕۆماندا، تەنانەت دەڵێن باوەڕیشیان بە خودا هەیە، کاتێک باسی ژیانی ئەو دونیا و پێغەمبەر و ڕەزامەندی خودا و بینینی خودای بۆ دەکەیت، لە وەڵامدا دەڵێت:
کورە ئێوە دڵتان بە شتانێکی زۆر دوورەوە وابەستە کردووە، گرنگ ژیانە لەم دونیایەدا! کاتێک شەیتان لە پێشەوە بۆت دێت، بەم شێوەیەت لێبەسەر دەهێنێت، وات لێدەکات هەمیشە چاوت لەسەر پێشەوەی خۆت بێت و بەم شێوەیە وەک کەسێکی کوێرت لێدەکات.
ئیتر توانای هەڵسەنگاندنت نامێنێت، بە دەربڕینێکی تر ئەمە بڵێین: بە چاوت سەیری بابەتەکان دەکەیت بەڵام ناتوانیت بەسیرەتت هەبێت بۆ تێگەشتن لێیان.
کاتێک لە دواشەوە دێت لە ڕابردوو داتدەبڕێت، لە ڕابردووی خۆتان کە دەگاتەوە سەر پێغەمبەران، کە دەگاتەوە حەزرەتی ئادەم، نوح و سەرداری ڕۆحی هەموو مرۆڤایەتی و حەزرەتی موسا و عیسایە، ڕابردووی ئێوە بەمانەوە بەستراوە، ڕێگەی ئێوە ڕێگەی پێغەمبەرانە، ئەوانەی لە دوای ئەوانیش دەڕۆن وەک هاوەڵان و حەواریەکان، کە لەسەر هەمان ڕێگەی ئەوانە.
هەربۆیە دەتانپچڕێنێت، وەک چۆن تۆفیق فکرەت بە یەحیا کەمالی دەوت: تۆ ڕابردوویت و داهاتوو نیت.
ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت :
نە مەینۆشم نە دەروێش
داهاتوویەکم کە ڕەگی لە ڕابردوودایە
کاتێک پێی لە ڕابردووش دابڕیت، ئیدی لە کاتی هەنگاو هەڵگرتندا بەرەو داهاتوو، پێهەڵنوتین دەست پێدەکات.
پێویستە مرۆڤ لە ڕابردووی خۆی دانەبڕێت، واتە لە ڕابردووی ئێمە، ئەو ڕابردووەی دەگاتەوە سەر پێغەمبەرە گەورەکان، کە شەیتان لێیدایت لە دواوە بەم شێوەیە لێت دەدات.
کە لە سەرەوە لێیدا بە شێوەیەکی تر لێت دەدات.
لە ژێریشەوە بە گەمە و یاریەک کە نایزانن لێتان دەدات.
هەربۆیە پێغەمبەری خودا لە نزاکانیدا دەیفەرموو:
اَللَّهُمَّ اسْتُرْ عَوْرَاتِنَا وَآمِنْ رَوْعَاتِنَا؛ اَللَّهُمَّ احْفَظْنَا مِنْ بَيْنِ أَيْدِينَا وَمِنْ خَلْفِنَا، وَعَنْ أَيْمَانِنَا، وَعَنْ شَمَائِلِنَا، وَمِنْ فَوْقِنَا، وَنَعُوذُ بِكَ بِعَظَمَتِكَ أَنْ نُغْتَالَ مِنْ تَحْتِنَا
لە ڕاست و چەپ، لە پێش و لە دواوە، لە سەر و خوارەوە، لە هەرشتێک کە نایزانین بمانپارێزەوە لەوەی لێمان بدرێت.
وای دەفەرموو…
بانگهێشتی ئێمەشی دەکرد کە ئەمانە وەک شورایەک و سەرایەک بە چواردەوری خۆماندا دروست بکەین.
بەڵێ دەگەڕێمەوە دواوە، لەلای ڕاستەوە دێت و خۆی لەسەر حەق پشان دەدات و بە حساب شتی باشتان پشان دەدات، پێت دەڵێت کەوا مرۆڤەکان بەرەو بەهەشت دەبەیت، هەر بۆیە جیاوازی نێوان مەشرەب و مەزاج و چێژەکان، دەڵێت دەبێت باڵادەست بوونی تەریقەتەکەی خۆت پشان بدەیت، بڵێی کەوا تەریقەتی تۆ زۆر خێراتر دەتگەیەنێت بە خودا، پەنا بە خودا، ئەمە دەشێت ببێتە هۆی ئەوەی ڕکابەری زۆر جیاواز دروست بکات.
لەوەدەچێت هەستی ڕکابەرێتی ببزوێنێت، ئیدی لە جیاتی دەستگرتن بە حەق و بەرپاکردنی حەق و حەقیقەت، لە کاتێکدا ئەمە ئەرکی سەرەکی تۆیە، بەڵام لەو حاڵەتەدا دەست دەکەیت بە ڕووخاندنی کاری کەسانی تر، دەڵێی با ئەوان هەموویان لەناوبچن.
لە دەرەوەی کەوانە قسەیەک دەکەم، ئێوە و هاوڕێیانتان کە لە ڕێگەی خودادا خزمەت دەکەن، کە هەوڵ دەدەن ڕۆحی ڕەوانی محمدی لە هەر چواردەوری دونیا شاباڵ بگرێت، ئەم شاباڵگرتنەوەی ڕۆحی ڕەوانی محمدیەش بریتیە لە شاباڵگرتنی تەواوی ئەو کەسانەی لەسەر ڕێگاکەی ئەو بوون.
لە شوێنێکدا بە چاوی غەیبەوە دەفەرموێت : ناوی من دەگات بە هەر شوێنێکی دونیا کە خۆری لێهەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت.
کاتێک ناوی ئەو دەگات بەو شوێنانە، ناوی جەلیلی پێغەمبەرانی تریش دەگات بەو شوێنانە.
ناوی پیرۆزی فریشتەکانیش دەگات بەو شوێنانە، جوبرەئیل و ئیسرافیل و میکائیل و عەزرائیل و هەڵگرانی عەرش و مقربین و مونکیر و نەکیر، کراما کاتبین، معقبات و صافات، مورسەلات، نازعات، بە سایەی ناوی ئەوەوە دەیبیستن، لە شوێنێکدا کە ناوی جەلیلی ئەو بشەکێتەوە، ئەم ناوانەش لە پاڵیدا دەبینرێن و بەرچاویان دەکەوێت.
ئێوەش بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە چوونە چواردەوری دونیا، لەم پێناوەشدا بەرگەی زۆر شتتان گرت.
کاتێک ڕۆشتن هەموو سەرمایەتان لە ناو یەک جانتادا بوو. وابزانم جلە یەدەکەکانتان تێدا هەڵگرتبوو، یاخود بیجامەکانتانی تێدا بوو.
کاتێک ڕۆشتن بیرتان لەوە نەکردەوە کە بە چ شێوەیەک پارە پەیا بکەن، لە کوێ خوێندنگە بکەنەوە، ئایا مرۆڤەکان یارمەتیتان دەدەن یاخود نا، ئەو شوێنانەی بۆی دەڕۆین مرۆڤی کەلتوری جیاواز لە ئێمەن، ئایا لە دژی ئێمە گومانیان دەبێت یان نا؟
بێ ئەوەی هیچ شتێک لەمانە بخەنە ناو لێکدانەوەی خۆتان تەنیا لەبەر ڕەزامەندی خودا ڕۆشتن، وتتان قەیچێکە، لەبەرچی؟
ئێ لەبەر ئەوە بووو کە ئەمە ڕێگای هاوەڵانە، ڕێگای حەواریەکانە، وەک چۆن لە ناسریەوە دەڕۆشتن بۆ ئەنتاکیا، لە سورەتی یاسیندا باس لە نێردراوەکانی حەزرەتی عیسا دەکات بۆ ئەو شوێنە، حەبیبی نەجار کە لەم ڕووداوەدا دەبێتە قوربانی، لە سورەتی یاسیندا ئاماژەی پێکراوە.
تەفسیرێک هەیە بە ناوی تەفسیری هەممام کە هێندەی پەنجەیەکی دەستە ئەستوریەکەی، تەواوی ئەو کتێبە تەرخانکراوە بۆ تەفسیری سورەتی یاسین.
هاوڕێکانی ئێوەش بەم تێبینیانەوە بە نیەتی ئەوەی بەرگەی هەموو شتێک بگرن، بەرەو هەر چواردەوری دونیا کەوتنە ڕێ و ئەو ئاڵایەیان شەکاندەوە، هیچیشیان بەرامبەر کەسی تر نەوت، تەنانەت قیتمیر کە هاوڕێیەکی گوناحکاری ئێوەیە، پێی وتن کەوا مادام ئێوە لە ١٥٠ وڵات خوێندنگەتان کردۆتەوە، گەرچی ١٥٠ وڵاتی تر لە دونیادا نیە، با ئەوانیش بچن لە ١٥٠ وڵاتی تر بیکەنەوە، یاخود گەر ئێوە هەزار و سێسەد خوێندنگەتان کردبێتەوە، با ئەوانیش هێندەی تر بکەنەوە بە هەموویانەوە ببێت بە ٢ هەزار و ٦٠٠ خوێندنگە.
لە زۆر شوێنی جیاوازی دونیا.
ئێوەش بەو ڕێژەیە کەسانی ڕۆشنبیر پێبگەیەنن.
ئێوەش بەشدار دەبن لەوەی هێندەی تر مرۆڤەکان باوەش بۆ یەکتری بگرنەوە.
دونیایەک دروست دەکەن کەسانی تر بە خولیای دروستبوونیەوە دەژین، دونیایەکی یۆتۆپیایی دروست دەکەن کە مرۆڤایەتی ڕاستەقینەی تێدا بێت، بە پشتیوانی خودا دەتانتوانی ئەمە بهێننە ئاراوە.
ئێوە ئەم کارانەتان ئەنجامدا و بەرگەی زۆر شتیشتان گرت.
بەم هۆیەوە توشی بەڵا و موسیبەتی زۆر جیاواز بوون.
لە وڵاتی خۆتاندا مافی ژیانتان لێسەندراوەتەوە. دەڵێن بۆ لە وڵاتانی دەرەوە خوێندنگەتان کردۆتەوە. دەڵێن لەبەرچی دڵوابەستەی ئەم خزمەتە بوون؟!
کێ ئێوەی لەم بابەتەدا فریوداوە؟ لە ڕاستیشدا هیچ کەسێکی فریوی کەسەکانی تری نەداوە.
ڕێگای پێغەمبەرانە و ڕێگایەکی ڕەوان و شاڕێگایەکی ئاشکرایە.
ئێوەش خۆتان لەسەر ئەم ئۆتۆبانە بینیەوە، ئەم ئۆتۆبانە ئێوەی لەگەڵ خۆی برد، لە ڕێگەی ڕاست لاتان نەداوە بۆ دۆڵ و نشێوی بە پشتیوانی خودا.
تەنانەت لە وەڵامی ئەو هەموو زوڵمەدا، یەکێکمان نەبینی دەنگێک بەرز بکاتەوە لە دژیان. من بە گوێی خۆم گوێم لێنەبووە. تەنیا زاتێک نەبێت کە من بە زاتێکی گەورە ناوی دەبەم، تەلەفۆنێکی بۆ کردین یان کەسێکی ناردە لامان و پشتگیری خۆی ڕاگەیاند.
ئەویش بە دەمی خۆی گێڕایەوە کە کاتێک کەمێک باسی زوڵم و زۆری کاربەدەستانی کردووە، هەندێک لە موریدەکانی چواردەوری بڵاوەیان لێکردووە.
گەر ئەمە ڕاست بێت، خودا ئەو زاتە پایەدار بکات.
لایەنی کەم بە تاقی تەنیا خۆی کردە خاوەنی ئەم هەڵویستە.
لێرەدا شەرم دەکەم بیڵێم، چەند کەسێکی شارەزای دین هەیە کە پێش ٥٠ ساڵ خوێندکاری هەژارێکی وەک من بوون و چاوەڕێم دەکرد کەوا دەنگێکیان لێبەرز ببێتەوە.
لەناو زانکۆکاندا مامۆستا و پڕۆفیسۆری زۆر هەیە کە چاوەڕێی هەڵوێستم لێدەکردن، کورە تەنیا نیو وشە بڵێن بە ناوی ئینسافەوە، ئایا نەیاندەتوانی شتێک بڵێن؟
ئایا نەیاندەتوانی بەشداری ئەم ناسۆریە ببن؟ ئەمانە وەک ئەوەی بەم کارە هەڵنەستان، ئەوانەشی وا گومان دەبەن لە ڕێگای خودادان، لە تەکیە و زاویە و خانەقاکانیشەوە هیچ دەنگێک بەرز نەبوویەوە.
تەنانەت هیچ شتێک. وتیان وازیان لێبهێنن زۆر باشە وایان لێدەکەن، ڕووخاندنی ئەمانە سوودی هەیە، گەر ئەوان بڕوخێن مەیدانەکە بۆ ئێمە چۆڵ دەبێت. توشی ئەم جۆرە تێبینیانە بوون، لە بابەتێکی ئاوەهادا کە بە تەواوی پەیوەندی بە دینەوە هەیە، دۆڕان بە هەستی ڕکابەرێتی کردن و، شەیتان لەو بابەتەدا ئەوانی ناکاوت کرد، پاشقولی لێگرتن و بۆتەقەی ملیانی دا، دواتر تەختی زەوی کردن.
پەنا بە خودا.
سەرەڕای هەموو شتێک ، گەر خۆیان خوازیار بن و خواستی بێ خەوشی خوداش بەو ئاڕاستەیەدا بێت، هەستی ئینساف لەوانیشدا بەدەربخات، هەستی ڕکابەرێتی ناو ناخیان بسڕێتەوە، پاکی بکاتەوە، بیانکاتە شایستەی جێدەرکەوتەی “احسن تقویم” و وایان لێبێت کە هاوبەشی خەم و ناسۆریەکانی ئێوەش بن.
قسەیەک کە زۆر جار دووبارە بۆتەوە، مَنْ لَمْ يَهْتَمَّ بِأَمْرِ الْمُسْلِمِينَ فَلَيْسَ مِنْهُم…
ئەوەی هاوبەشی دەرد و غەمی موسوڵمانان نەبێت، ئەوە لەوان نیە، ئەمە واتا ئاشكراکەیەتی، واتە موسوڵمان نیە. لەوە دەچێت ڕاڤەیەکی لەم شێوەیە گونجاوتر بێت:
بە واتا ڕاستەقینە و جددیانەکەی موسوڵمان نیە. تەنیا موسوڵمانی ڕواڵەتیە، بە ڕواڵەت موسوڵمانە، موسوڵمانی تەقلیدیە، موسوڵمانێتی نەچۆتە ناخیەوە، بە دەربڕینێکی تر، ئیمانی وەرنەچەرخاوە بۆ تێگەشتن و تێڕامان.
ئیمانی بە مەعریفەت قوڵ نەکردۆتەوە، لە ڕێگەی خۆشەویستیشەوە تاجی لەسەری مەعریفەتی نەناوە، لە ڕێگەی عەشق و تامەزرۆیی گەشتن بە دیادری خوداوە تاجی لەسەری خۆشەویستیەکی نەناوە.
پەنا بە خودا، الله بە لوتفی خۆی ئەم شتانە لەوانیشدا دروست بکات کە هێشتا دروست نەبووە.
ڕزگاریان بکات لەوەی وەک ئێستا شەیتانی بێ زمان و لاڵ بن، لە بەرامبەر ڕووخانی حەق و ڕاستیەکاندا هەرکەسێک بێدەنگی هەڵببژێرێت بە شەیتانی بێ زمان ناو دەبرێت…
بەوانەی بێدەنگی هەڵدەبژێرن دەڵێن شەیتانی بێ زمان.
زۆرێک لە مرۆڤەکان بێدەنگیان هەڵبژاردووە، ئەمەش شتێکە لە مرۆڤ ناوەشێتەوە، ئەوەی لەسەرشانی ئێمەیە ئەوەیە داوای هیدایەتیان بۆ بکەین، خودا زمانیان بکاتەوە، بەڵام بە ئاڕاستەی وتنی حەقدا… هەتا دان بە ڕاستیەکاندا بنێن و بڵێن: ئەمانیش برای ئێمەن، توشی زۆر شتی سەخت بوون و بەرگەیان گرت، ئەمڕۆش بەرگەی ناسۆریەکان دەگرن، بەرگەی ناسۆری زۆر جیاواز دەگرن.
دایک لە ڕۆڵەی خۆی دادەبڕێت، ژنێک کە تازە منداڵی بووە فڕێ دەدرێتە زیندانەوە، ئەو مرۆڤانەی گیانیان لە دەستداوە حەد و حسابی بۆ نیە، ئەوانەی ئەشکەنجەیان بینیوە لە ژمارە نایەن، ئەشکەنجەی ژنان دەدرێت، ئەشکەنجەی منداڵەکانیان دەدرێت، وەک دەبینن ئەوانەی لە شەڕی خراپەکاران و زوڵمی زاڵمان و زۆری زۆرداران ڕادەکەن هەتا ڕزگاریان ببێت، ئەم جارەیان توشی زاڵمێکی وەک مەریچ دەبن، توشی زۆردار و ستەمکەرێکی وەها دەبن و ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤەکان کە لە ژمارە نایەن لەوێدا دەخنکێن.
زۆریش لەوانەی خنکاون هێشتا لاشەکانیان نەدۆزراوەتەوە. زۆرێک لەوان ناوەکانیان لەگەڵ خۆیاندا دەنێژرێت، دەیاننێژن هەتا کەسانێکی خاوەن ئینساف نەتوانن لە غیابی خۆشیاندا نوێژێکی مردوویان لەسەر بکەن! ناتوانیت نوێژێکی مردووشی لەسەر بکەیت چونکە ناوی نیە!
چی دەڵێی لە نوێژی مردوودا؟ دەڵێی نوێژی مردوو لەسەر ئەو کەسە نەناسرا و نەزانراوە دەکەم؟! ئەو مردووە نەناسراوانە، ئیتر نازانم شتی وەها دەبێت یاخود نا، ئەمە شتێکە من نایزانم.
لە بەرامبەر ئەم هەموو شتەدا، گوێبیستی دەنگێکی بە ئینسافانە نەبووم، هەربۆیە سەرەڕای ئەوەی خۆیان لە سەنگەری دینیشدا دەبینن، لە حاڵێکدا کە ئەوانیش لەلای ڕاستی ئێوەوەن، لە مرۆڤگەلێکدا کە چاوەڕێی ڕێزیان لێدەکەن بەرامبەر خۆتان، هەستی ڕکابەرێتی ئەمانەی بەرەو خاڵێک پاڵ پێوە ناوە، ئەوەی لە ڕەفتار و کردار و گوفتاریانەوە هەڵدەوەرێت، گەر بە فەلسەفەی پیکاسۆ هەستی بە وێنەکێشانیان، ئەوا ” ئۆخەی کە واتان لێهات” دەبینرێت لە قسەکانیاندا!
وێنەکە “ئۆخەی واتان لێهات” دەردەچێت، دەڵێن ئێوە موستەحەقن، ئێوە چ کارێکتان هەبوو بەم شتانەوە لە کاتێکدا دەتوانتوانی لە وڵاتی خۆتان بخۆن و بخۆنەوە و بەلادا بکەون، لە کاتێکدا دەتوانتوانی گوێ لە ئێمە بگرن و بە هەر شوێنێکدا بڕۆین چەپڵەڕێزانمان بکەن، لە کاتێکدا دەتانتوانی پشتگیری ئێمە بکەن، چ کارێکتان هەبوو وەها ڕۆشتان بۆ وڵاتانی تر!
یاخود لە جیاتی ئەوەی لەو شوێنانە ناوی ئێمە وەک ئاڵا بشەکێننەوە، لە کاتێکدا دەتانتوانی باسی ئەوە بکەن کە ئێمە سەرکردەی هەموو دونیایین، ئێوە چیتان کرد؟! ڕۆشتنی ئێوە کارێکی فزوڵیانەیە، بەم جۆرە تێبینیانەوە کەسانێک ئەشکەنجە دەدرێن. کەسانێکی تریش خۆیان کردووە بە شەیتانی لاڵ، لە دوورەوە خەریکی سەیرکردنە، لەوەش دەچێت لە ژێرەوە پێکەنینی بێت!
لەبەرامبەر ئەمەدا چی ڕوو دەدات؟ شەیتان سەرکەوتووتری ڕۆژەکانی خۆی بەسەر دەبات، زەنگۆڵەی گرتووە بە دەستیەوە و کەوتۆتە سەما، لە کوێش ئەم سەمایە دەکات؟! لە مزگەوتەکاندا سەما دەکات، لە بەردەم مینبەرەکەدا سەما دەکات، چونکە مینبەرەکان ئێستا بوونەتە دەنگ و هەناسەی سیاسیەکان، کورسیەکان بوونەتە دەنگ و هەناسەی سیاسیەکان…
قەت ئاواتەخوازی ئەوە بووین ناوی جەلیلی ئیلاهی لە مزگەتەکاندا بێدەنگ بکەوێت؟! دەنگی ناساز و چەپەڵی سیاسەت لە مینبەر و میحرابی مزگەوتەوە بەرز ببێتەوە؟
لە جیاتی ئەوەی باسی الله بکرێت، لە جیاتی ئەوەی باسی پێغەمبەر بکرێت، لە جیاتی ئەوەی باسی دەردی باوەڕداران بکرێت، باسی ئەوان دەکرێت و بە تەواوی خۆیان فڕێداوەتە بابەتە دونیایەکانەوە، پەنا بە خودا، دەردەکە گەورەیە ، وەک فزوڵی دەڵێت:
دەرد زۆرە، بەڵام با هەمووی وەک ئەو نەڵێین چونکە قسەکانی بێ هیوایی تێدا زۆرە.
دەرد زۆرە، دەرمان نیە، دوژمن بەهێز چارەنوسمان زەبون!
ڕاستە دەرد زۆرە، بەڵام پشتیوان بە خودا دەرمان لەلای خودایە، ئەویش زۆرە، تەنانەت گەر دوژمنیشمان بەهێز بێت چارەنوسمان ڕەش نیە، لەوە دەچێت دوژمن بەهێز بێت بەڵام چارەنوسمان زەبون نیە. نابێت هیوابڕاو بین بە پشتیوانی خودا، باز دەدەن و پشتتان ڕاست دەکەنەوە،ئەم بابەتەی تورکیا دەکەنە بابەتی هەموو دونیا، دەگەن بە زۆر مرۆڤی خاوەن ئینسافی قەدرزان لە چواردەوری دونیا، ئەمانیش داستانەکانی ئێوە دەنوسنەوە، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، لە داهاتوودا دەبنە دەنگ و هەناسەی هەموو دونیا، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا
سُبْحَانَكَ لاَ عِلْمَ لَنَا إِلاَّ مَا عَلَّمْتَنَا إِنَّكَ أَنْتَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ * اَللَّهُمَّ أَيِّدْنَا بِرُوحٍ مِنْ عِنْدِكَ * اَللَّهُمَّ وَفِّقْنَا إِلَى مَا تُحِبُّ وَتَرْضَى * اَللَّهُمَّ انْصُرْنَا عَلَى أَعْدَائِنَا، اَللَّهُمَّ انْصُرْنَا عَلَى أَعْدَائِنَا * اَللَّهُمَّ عَلَيْكَ بِأَعْدَائِنَا كُلِّهِمْ أَجْمَعِينَ، وَلاَ تُبَلِّغْهُمْ آمَالَهُمْ، وَانْصُرْنَا عَلَيْهِمْ * وَصَلَّى اللهُ عَلَى سَيِّدِنَا مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِهِ وَصَحْبِهِ وَسَلَّمَ