کورتەیەک دەربارەی بزاڤی خزمەت
لەلایەن د. ئاڵپ ی. ئاسڵاندۆغان سەرۆکی هاپەیمانیی بەها هاوبەشەکانەوە ئامادە کراوە
پێناسە و پێشینەی مێژوویی
بزاڤی خزمەت کە بە (بزاڤی گولەن)ـیش ناودەبرێت، بزاوتێکی کۆمەڵگەی مەدەنییە. سەرەتا وەک هەوڵێکی خزمەتیی ناوچەیی لەلایەن کۆمەڵێک قوتابی و مامۆستا و خێزان و چەند خاوەنکارێکی نزیک لە فەتحوڵا گولەنی زانا و مامۆستای ئاینییەوە لە شاری ئیزمیر دەستی پێکرد. لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی گولەن سروشبەخشی سەرەکیی بزاڤەکەیە، بزاڤی خزمەت لەلایەن زانایانی ڕۆژئاواوە بە (بزاڤەکەی گولەن) ناودەبرێت. هەروەها وەک ئاماژە بۆ خەسڵەتەکانی بزاڤەکە زۆربەی کات وەک “خزمەت” ناودەبرێت کە بەمانای کاری خۆبەخشی دێت. گولەن خۆی وای پێ باشترە کە بە “بزاڤی مرۆڤە یەکگرتووەکان لە دەوری بەها مرۆییە باڵاکان” ناوببرێت.
بزاڤەکە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە تورکیا وەک دەستپێشخەرییەکی ئاینی یاخود (سروش وەرگر لە ئیسلامەوە) گەشەی سەندووە کە گرنگیی بە دەستەبەرکردنی خوێندن، بەشە ناوخۆیی قوتابخانە ، ناوەندی پەروەردەیی دابوو. پاش چوار دەیە لە گەشەسەندنی، بزاڤەکە بەروەپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بە بەشداری ملیۆنان کەس و سەدان دامەزراوە و کۆمپانیا و دەستەی پیشەیی و دەستەی ڕێکخراو و ناڕێکخراوی یاسایی جۆراوجۆر، بەرەو بزاڤێکی پەروەردیی نێودەوڵەتی، فرەکەلتوری و، فرەبیروڕایی پەرەی سەند.
یەکەم دەستە لە هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت و ئەو کەسانەی کە لە دەوری فەتحوڵڵا گولەن کۆبوونەوە هەموویان قوتابی زانکۆ و نوێژخوێنانی مزگەوت بوون، کە بەشدارییان لە چەندین سیمیناری پرسیار و وەڵام و کۆبوونەوەی قاوەخانەکان کردبوو.
قوتابییەکانی بەشەناوخۆیی “کەستانە پازاری” کە گولەن خۆی سەرپەرشتیی دەکرد، ڕۆڵێکی کارایان لە بەرەوپێشبردنی بزاڤی خزمەت لەو قۆناغەدا گێڕا.
لەو قۆناغەدا، هاوشانی وتارە بەکۆمەڵەکان، گولەن بەشداری لە بازنەی گفتوفۆکاندا دەکرد، کە تیایدا بەها و بیرۆکەکان بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پەروەردە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرا.
لە ساڵانی دواتردا، چەندین دامەزراوەی پەروەردەیی لەلایەن ئەو پەروەردەکار و خاوەنکارانەوە کرانەوە کە بە بیروڕا پەروەردەییەکانی گولەن سەرسامبوون. ئەو دامەزراوانە بریتیبوون لە قوتابخانەکان کە قوتابیانیان لە پۆلی 1-12 وەردەگرت، بەشەناوخۆیی، و سەنتەری فێرکاری.
قۆناغی دواتری بزاڤەکە، هاندان و دامەزراندنی میدیاکان بوو. دامەزراوە میدیاییەکانیش وەک تەواوکەری دەستپێشخەرییە پەروەردەییەکە کاریان دەکرد.
هەروەها، لەلایەن کەسانی هاوبیری خزمەتەوە چەندین ڕێکخراوی پیشەیی و فیکریی و ڕۆشنبیریی لە چەندین شوێنی جیاوازی تورکیادا دروستکران.
دوابەدوای ڕووخانی دیوارە ئاسنینەکە لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا، لەدەرەوەی وڵاتیش چەندین پەیمانگای پەروەردەیی دروستکران، بەمەش بزاڤەکە بووە بزاڤێکی نێودەوڵەتی، بەتایبەت پاش پەلهاویشتن بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست.
شانبەشانی ڕێکخراویەیی بوون و نێودەوڵەتیی بوون، بەمەبەستی ڕێگریکردن لەو تیۆریانەی کە بانگەشە بۆ پێکدادان دەکەن و لەلایەن کەسانی ترەوە ڕەواجیان پێ دەدرێت، بزاڤەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری لە گفتوگۆی نێوان ئاینەکاندا کرد.
بەهاکان و نمونەیی بوون:
بە تێڕوانین لە ناونیشانی ئەو زنجیرە وتارانەی کە گولەن بۆ گۆڤارە بەناوبانگەکان دەینوسین یان بە وردبوونەوە لە ناونیشانی وتارە دەنگییەکانی، دەتوانین تیشک بخەینە سەر ئەو بەهایانەی کە گولەن بانگەشەی بۆ دەکردن و گفتوگۆی لەسەر دەکردن. هەندێک لەو بەهایانە بریتین لە باوەڕی قوڵ، ئیسار، خۆنەویستی، دادپەروەری، لێبوردەیی، خۆشەویستی، هیوا، خاکەڕایی(تەوازوع)، جوامێریی، سروشتی تەواوکاریی زانست، عەقڵانی بوون و ڕۆحانی بوون، گفتوگۆی نێوان ئاینەکان ،و ئازادی بیروڕا.
تێڕوانین لە ناونیشانی هەندێک لەو وتارانەی کە گولەن پێشکەشیکردوون ڕەنگە بیرۆکەیەکی باشترمان پێببەخشێت:
- دادوەریی کۆمەڵایەتی (العدالة الاجتماعية)
- ڕەوشت و ڕەفتارەکان: بەها و چاکەکان
- خێزان و پەروەردەی منداڵ
- نوێژی سروتیی
- ژیانی دوایی
- جیهانی مێتافیزیک لەژێر تیشکی قورئاندا
- ئەو چاکانەی کە مرۆڤایەتی بەرز دەکەنەوە
- ژیانی موحەممەد پێغەمبەر (د.خ)
- حەج
- چارەنووس و ویستی ئازاد (مصير وارادة الحرة)
- بەڕۆژووبوون
- پەیامبەرانی خودا
- زەکات
- باوەڕبوون بە تەنهایی خودا
- جیهانی دڵ
- قورئان و زانست
- تێڕوانینێک لەسەر بازرگانی و ئابوری، و دەست پێوەگرتن
کتێبی “کاتێک پەیکەری ڕۆحمان بنیاد دەنێین” نمونەیەکی جوانی ئەو بەهایانەیە کە گولەن بانگەشەیان بۆ دەکات.
سروشتی ڕێکخراوەیی:
دەتوانین بزاڤی خزمەت بە کۆبوونەوەی ملیۆنان تاک لەگەڵ چەندین کۆمەڵەی خۆبەخشیی لەناو سەدان و هەزاران دامەزراوە، کۆمپانیا، کۆمەڵەی پیشەیی،و ڕێکخراوی فیکری و ڕۆشنبیری وەسف بکەین. سیمای هاوبەشی ئەم ڕیکخراوانە یان بە واتایەکی تر ئەو خەسڵەتەی کە دەیانکات بە”بزاڤێکی ڕێکخراوەیی” بەها هاوبەشەکان و نمونەیی بوونە.
هەندێک لەم ڕێکخراوانە هاوکاریی یەکدی دەکەن بۆ پێشخستنی تواناکانیان. بە نمونە، دامەزراوەکانی شارێکی دیاریکراو بەیەکەوە کۆدەبنەوە بۆ دیاریکردنی مەودای چالاکییەکانیان بەمەبەستی ئەوەی لە جیاوازیی کار و ناچوستی دووربکەونەوە.
چەند هەڵوێستێکی دیاری گولەن:
- بەئاشکرا سەرکۆنەکردنی ڕووداوەکانی 11ی سێپتێمبەر و بن لادن لەڕێگەی چاوپێکەوتنی میدیایی و کتێبەکانیەوە.
- سەرکۆنەکردنی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە مینبەری مزگەوتەوە.
- جەختکردنەوە لە گرنگیی خستنەبەر خوێندنی کچان.
- هاوکاریکردن لە نێوان شارستانێتییەکاندا.
- پاشەکشە نەکردن لە دیموکراسی.
- ژنان دەتوانن هەر ڕۆڵێک لە کۆمەڵگادا ببینن، وەک؛ دادوەریی و سەرۆکایەتی.
- ناتوندوتیژی لە سەرەتای دروستبوونی بزاڤەکەوە، واتا لە حەفتاکانەوە.
- دەستپێشخەریی گفتوگۆی نێوان ئاینەکان.
- قوڵبوونەوەی ڕۆحانی لە ئایندا.
- گونجاندنی زانست و ئیمان
تێڕوانینی بزاڤەکە لەسەر پرسە سەرەکییەکان:
دەوڵەت
بەپێی تێڕوانینی هاوسۆزانی بزاڤەکە، دەوڵەت زامنی سەرەکیی سیستەمی کۆمەڵگە، مافی تاک، مافی مرۆڤ و دادپەروەرییە.
دیموکراسی
فەتحوڵڵا گولەن چەندینجار ئەوەی دوپاتکردووەتەوە کە بەهیچ جۆرێک پاشەکشە لە دیموکراسی نییە. لە چاوپێکەوتنیدا لە گەڵ مێهمێت گوندێم لە ساڵی 2005 گولەن دەڵێت: “کەسێکی بێباوەڕ پێویستە بێ دودڵی بەوشێوەیە بژی کە دەیەوێت، و کەسێکی باوەڕداریش دەبێت بتوانێت سروتە ئاینییەکانی خۆی بەتەواوی بەرجەستە بکات.” گولەن ئاماژە بەوەدەکات کە دیموکراسی باشترین شێوازی حوکمڕانییە کە تا ئێستا مرۆڤ دایهێنابێت.
ڕۆڵی ئافرەت:
گولەن لە چەندین بۆنەدا ڕایگەیاندووە کە; “ئافرەت دەتوانێت هەر پۆستێک لە کۆمەڵگادا وەربگرێت، دەتوانێت ببێتە دادوەر، وەزیر، سەرۆک وەزیران، سەرۆک. هیچ پیشەیەک لەدەرەوەی سنووری تواناکانی ئافرەتدا نییە. هەرچەند هەندێک لە پیشەکان زۆر گونجاو نییە بۆ ئافرەت وەک کارکردن وەک سەرباز لە بەرەکانی جەنگدا.”
ژنان زۆر چالاکانە لە سەرجەم دامەزراوەکانی خزمەتدا کاردەکەن، وەک مامۆستا و بەڕێوبەر لە خوێندنگاکاندا، وەک نوسەر و بەرهەمێن و دەرهێنەر لە میدیاکاندا و وەک پزیشک لە نەخۆشخانەکاندا.
دۆزی کورد:
دەتوانین تێڕوانینی گولەن سەبارەت بە دۆزی کورد، لە پێنج خاڵدا کورتبکەینەوە:
- گوێڕاگرتن بۆ سکاڵای دانیشتوان
- جەختکردنەوە لە خاڵە کەلتورییە هاوبەشەکان
- گرنگیدان بە پەروەردە و گەشەی ئابووری
- ڕاوێژکردن و وەرگرتنی بیروڕای سەرکردەکان
- ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دیپلۆماسیەت و بەکارهێنانی هێز
کەمایەتییە ئاینییەکان و دیالۆگی ئاینەکان
گولەن بە ڕابەری دیالۆگی نێوان ئاینەکان لە تورکیا دادەنرێت. ئەوە بزانە کە تورکیا دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی و دوابەدوای شەڕی ئەو وڵاتە بەرانبەر نەتەوە ناموسوڵمانەکان سەربەخۆیی لە هێزە داگیرکەرەکان وەرگرت. لەساڵانی نەوەدەکان و چەند ساڵێک پێش ڕووداوەکانی 11ی سێپتێمبەر، گولەن بانگەشەی بۆ دیالۆگی نێوان ئاینەکان دەکرد، و دەیوت کە؛ پێویستە لەسەر ڕابەری کۆمەڵە ئاینییەکان ئەوە نیشانبدەن کە ئاین نابێتە هۆکاری بەگژ یەکدا چوون. گولەن لەو ماوەیەدا لە گەڵ سەرکردەی ئۆرثۆدۆکسی یۆنانییەکان، ئۆرثۆدۆکسی ئەرمەنەکان، جووەکان و، کۆمەڵە ئاینییەکانی تری تورکیا کۆبووەوە، تەنانەت تا ئێستاش گولەن وەک هاوڕێیەکی نزیک لەگەڵیاندا بەردەوامە.
هەوڵەکانی گولەن بووە هۆی هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لە گومانەوە بۆ هاوکاریکردن لە نێوان ئاینە جیاوازەکانی تورکیادا. بەهۆی کاریگەری دەستپێشخەرییەکەی گولەنەوە پاپا جۆن پاوڵ ی دووەم، داوای بینینی تایبەتی لە گولەن کرد. ئەم جووڵە ئازایانەی گولەن بەدڵنیاییەوە بێ باج نەبوون، چونکە گولەن لەلایەن کۆمەڵە ڕادیکاڵەکانەوە تۆمەتی ئەوەی دەدرایە پاڵ کە “بە نهێنی مەسیحییە” یان “کاردیناڵی نهێنی ڕۆمەکانە”.
ناتوندوتیژی:
هەڵوێستی گولەن دژ بە توندوتیژی لە ساڵانی حەفتاکانەوە بە نەگۆڕی ماوەتەوە. لەماوەی ساڵانی کێشمەکێشی سیاسیدا گولەن بەبەردەوامی نیگەرانیی بەرانبەر توندوتیژی و کێشمەکێش و ڕووبەڕووبوونەوە دەربڕیوە، هەروەها تکای لە هاوسۆزانی کردووە کە بەهیچ شێوەیەک وەڵامی توندوتیژییەکان نەدەنەوە. لە ساڵی 1990 و لە مزگەوتەکەیەوە گولەن بە توندی دژ بە کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە وەستایەوە و سەدام حوسەینی سەرۆکی ئەوکاتی عێراقی بە فیرعەنەکەی عێراق ناوبرد و ئەوکاتە باسی خەباتی پێشمەرگە دەکات لە دژی زوڵم و ستەم. لە ماوەی جەنگی یەکەمی کەنداودا، گولەن لە مزگەوتەکەیەوە و لە بەردەم هەزاران مسوڵماندا ڕەخنەی لە سەدام حوسەین گرت کە چەند موشەکێکی ئاراستەی خەڵکانی سڤیلی ئیسرائیل کردبوو. دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر گولەن لە نوسینێکدا کە لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوکراوەتەوە، سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد. جگە لەوەش بن لادن و هاوبەشەکانی بە دڕندە ناوبرد. هەروەها کارەکانی بن لادنی لە دژی مرۆڤایەتی و ئاینەکان سەرکۆنە کرد.
زانست و هونەر
گولەن لە چەندین جێی جیاوازدا بانگەشەی بۆ برەودان بە زانست و هونەر کردووە. لە کتێبی ” کاتێک پەیکەری ڕۆحمان بنیاد دەنێین”، ئاسۆیەکی نوێی زانست و هونەر، بە کەشێکی نمونەیی بۆ نەوەی نوێ وەسف دەکات.