“میراتگرانی زەوی” لە شتوتگارد چوونە سەر شانۆ

گروپی “ئاوازەکانی هیوا” لە میانەی چالاکی “میراتگرانی زەوی” سەردانی ئەڵمانیایان کرد و لە شاری شتوتگارد چالاکییەکانی خۆیان پێشکەش کرد.
“ئاوازەکانی هیوا” ناوی کەناڵێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوبە و بە چالاکییەکانی هەوڵی خستنە ڕووی ئەو خەم و ئازارانە دەدات کەوا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەرۆکی هاوسۆزانی خزمەتی گرتووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵێک هونەرمەندی گەنج لە نێکار فۆرمی شاری شتوتگارد چوونە سەر تەختەی شانۆ، بە پێشکەشکردنی چەند پارچە میوزیک و شیعر و چیرۆکێکی ڕاستەقینە، سەرنجی ئامادەبووانیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشا. پڕۆگرامەکە لەلایەن پێشکەشکاری بەناوبانگ ڕەها یەپرەمەوە پێشکەش دەکرا و بە یادکردنەوەی قوربانیەکانی بومەلەرزەکەی مانگی شوباتی ئەمساڵی تورکیا دەستیپێکرد.
نەدیم هەزار یەکێک لە نوسەرە دیارەکانی خزمەت لە بەشێکی پڕۆگرامەکەدا چەند چیرۆکێکی ڕاستەقینەی خوێندەوە کە تێیدا باسی لە ئازار و سەرکەوتنەکانی ئەو مرۆڤە بێتاوانانە دەکرد کە لە تورکیادا بە زوڵم خراونەتە ناو زیندانەکان و بە ناچاری وڵاتی خۆیان بەجێهێشتووە.
نەدیم هەزار لە دوای تەواوبوونی پڕۆگرامەکە گوزارشتی لە بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ڕێکخستنی ئەو جۆرە جۆرە چالاکییانە کرد و گوتی:” لێرەدا کەمێک لەو شتانەمان خستە ڕوو کە چەندین ساڵە کۆمان کردوونەتەوە. بەڵام کاریگەری و هاوسۆزییەکی زۆریشی لەلای بینەران بەجێهێشت. دەبێت ئەم جۆرە چیرۆکانە زیاتر بگێڕدرێنەوە. پێم وایە نەوەی نوێی دوای ئێمە دەتوانن کاری جوانتریش پێشکەش بکەن”.
ڕێکخەرانی چالاکییەکە سەردانی شوێنە مێژوویی و کەلتوریەکانی ئەڵمانیا دەکەن و لە ٦،٧ ی ئایاری ئەم مانگە ڕوو لە شارەکانی گێسەکە و فرانکفورت دەکەن.
هەروەها لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵیش چالاکییەکانیان دەبەنە هەریەک لە وڵاتەکانی فەڕەنسا، بەلجیکا، هۆڵاندا،دانیمارک و سویسرا.