img.attachment-full.size-full.wp-post-image { display: none !important; }
بیروڕاهەواڵ

بەرفراوانی بازنەی خزمەت

 
ڕەمەزانێکی ترمان بەڕێکرد, ڕەمەزان بە بەرەکەتی خۆیەوە دێت و بە دابارەکانییەوە بەڕێ دەکرێت. لە ڕوانگەی داهاتوومانەوە ڕۆژەکانی ئەم ڕەمەزانە شاباڵی زیاتری بە هیواکانمان گرت. هەوڵم دەدا هەموو ڕۆژێک سەیری پڕۆگرامی “کاتی بەربانگ” بکەم کەوا لەلایەن رەها یەپرەمەوە پێشکەش دەکرا. لەپاڵ دەوڵەمەندی و تێروتەسەلی بابەتەکانی ناو پڕۆگرامەکە، چالاکییەکانی دڵخوازانی خزمەت لە هەموو گۆشەیەکی ئەم دونیایە دەخرانە ڕوو. هەم هەیەجانمان ڕووی لە زیادبوون دەکرد، هەم چاومان بەو زیندوویی و بووژانەوەیە دەکەوت کەوا لەو شوێنانە هاتۆتە مەیدان.
لە ڕاستیدا دەتوانین لە هەموو بوارەکاندا چاومان بەم بووژانەوەیە بکەوێت. پشتیوان بە خودا لە عەرەفەی زیندووبوونەوەیەکی نوێداین. بە دەربڕینەکەی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن: سەرلەنوێ لە هەورازی جۆشسەندنەوەی ئیلهامەکانمانداین. سەرلەنوێ لە تافی خۆکۆکردنەوە و هەستانەوەداین، سەرلەنوێ لە هەموو کایەکاندا لە تافی یادکردنەوەی ئەو هەوڵ و کۆششە ئاوارتانەداین کەوا پێیان دەڵێین” وای بۆ ڕۆژانی ڕابردووی خزمەت”…
سەرلەبەیانی ڕۆژی جەژن، لەگەڵ مرۆڤێکی زۆر قەدرگران کەوا تەواوی تەمەنی لە ڕاکەڕاکی خزمەتدا بەسەربردووە، بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژن ڕوومان لە شوێنی مانەوەی مامۆستا کرد. ماوەیەکی دوورودرێژە لەگەڵ ستافێکی بەرفراوان کار لەسەر پڕۆژەیەکی زۆر جوان دەکەن. دوای بەشدارییەکی زۆر بەرفراوان و پەنابردن بۆ وەرگرتنی بیروڕای هەرکەسێک کەوا لەو بابەتەدا قسە و فکری هەیە، چوارچێوەی پڕۆژەکەیان دیاریکردووە. ئێستا هەڵسوڕێنەرە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە لە هەوڵی تەواوکردنی پڕۆژەکەدان. لەم بابەتەدا هەستم بە شتێک کرد، ئەگەرچی تواناکانمان بە گوێرەی ڕابردوو ڕووی لە کەمی کردووە و هەندێک جاریش ژمارەی ئەو کەسانەشی شان دەدەنە بەر پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە وەک جاران نییە، بەڵام کاتێک بە ورەیەکی بەرزەوە دەست بە کارێک دەکەیت، بە پشتیوانی خودا دەتوانیت ڕێگە ببڕیت.
دوای تەواوبوونی نوێژی جەژن و وتارەکەی، یەکێک لە خوێندکارەکانی مامۆستا نزایەکی زۆر گشتگیری بە فرمێسکی چاوەکانییەوە دەخوێند و جەماعەتیش لە دڵەوە ئامینیان بۆ دەسەندەوە.
لە دوای تەواوبوونی نزاکانمان، مامۆستا وەک ئاماژە بە گرنگی ئەو جۆرە نزایانە گووتی”کارێکی پێویست بوو کە دەبوو ئەنجامی بدەین”، جەختی لەسەر بەردەوامی ئەو جۆرە نزاکردنانە کردەوە.
پاش ماوەیەک ڕوومان لەو ساڵۆنە کرد کەوا مامۆستا تێیدا پێشوازی لە میوانەکانی دەکات. مامۆستا سەیری میوانەکانی دەکرد و ناوی دەهێنان: “مامۆستا ئیسماعیل(بیوک چەلەبی)، مامۆستا ئەحمەد(کوروجان)، مامۆستا نوعمان(یگیت)، مامۆستا عەدنان(پڕۆفیسۆر عەدنان ئاسڵان)…”
کاتێک مامۆستا ناوی دەهێنان خۆشحاڵی سەر ڕوخساری مامۆستا سەرنجی ڕاکێشام. ناوهێنانی ئەم مرۆڤە قەدرگرانانە کەوا بە نوێنەرایەتی ئامادەبووانی ساڵۆنەکە لەوێ ئامادە بوون؛ پێم وایە هەڵە نابم گەر بەم شێوەیە واتای ناوهێنانەکەیان لێکبدەینەوە:” هەمووتان لە پێناو خزمەت لێرە ئامادەن و بۆ ئەنجامدانی ئەرکی سەرشانتان لە هەوڵ و کۆششی خۆتان بەردەوامن”.
هەربۆیە مامۆستا لە وتارە کورتەکەیدا لوتفەکانی خودای بە بیرهێنایەوە کە وێڕای تەواوی هەلومەرجە نەرێنیەکان ڕوویان تێکردووین و وەک هۆکارێکی شکۆفایی بە “هەوڵ و کۆششی موبارەک، پێکهاتەی موبارەک” ناوی بردن.
سێهەم ڕۆژی جەژن، لەگەڵ گروپێک هاوڕێی ڕۆژنامەنوس چووینە سەردانی مامۆستا. ئەو پزیشکانەش کەوا لە نزیکەوە چاودێری تەندروستی مامۆستا دەکەن، لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانیان هاتبوونە سەردانی مامۆستا. لەگەڵ ئەواندا ڕوومان لەو ساڵۆنە کرد کەوا مامۆستا پێشوازی لە میوانەکانی دەکات. هەندێک لە هاوڕێ ڕۆژنامەنوسەکانیشمان لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانیان هاتبوون.
مامۆستا ئاوڕێکی لەوان دایەوە و گووتی:” هاوڕێ دێرینەکانمان کەوا هەرگیز کۆن نابن… ئەرکی سەرشانیان ئەنجام دەدەن. جەنابی حەق خۆڕاگری لەسەر ڕێگەڕاستەکەی بە ئێمەش ببەخشێت…”
مامۆستا لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە سەرەڕای هەلومەرجە نەرێنیەکان، جەنابی حەق هەردەم “ڕێگەی نوێ و شێوازی نوێ” بە بەندەکانی خۆی لوتف دەکات. جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەوا بەردەوامی لەسەر خزمەت لە هەلومەرج و بارودۆخە سەختەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی هەلی کاری نوێ لەبەردەم مرۆڤەکاندا بکرێتەوە و دەڵێت:” هەرچییەکمان پێبکرێت دەبێت بیکەین، گەرچی توشی دڵشکانێکی گەورە بووین، بەڵام پشتیوان بە خودا قەرەبووی ئەو دڵشکانەشمان بە گوێرەی گەورەییەکەی دەبێت. ڕۆژانێک هەبوو بە هیواوە دەژیاین، بەڵام دەسکەنەی هیواکانیان کردین. ئێستاش لە نێو هیوایەکی نوێدا دەژین. هەردەم تاریکی لەم شێوە داهاتووە، شەو فشاری هێناوە، دواتر تاریکییەکان ڕەویونەتەوە و خزمەتەکان بەردەوام بوون. سەرەتا کە هاتینە ئێرە یەک دوو کەس بووین. پاشان چووینە کالیفۆرنیا. دووان لە هاوڕێ خوێندکارەکانمان لە ماڵێکدا دەمانەوە. سەردانی ٢٠ ویلایەتی ئێرەمان کرد چاومان بە کەس نەکەوت. سوپاس بۆ خودا ئێستا لە هموو لایەک هێندەی لێیە کە ساڵۆنەکان پڕ دەکەنەوە. جەنابی حەق لوتفی خۆی پێشانداین و پشتیوان بە خودا بەرەکەتی زیاتریشی تێدەکەوێت…”
یەکێک لە هاوڕێ ڕۆژنامەنوسەکانمان کاتێک باسی لە دوو مرۆڤی زۆر قەدرگران کرد کەوا ماوەیەکی دوورودرێژ لە زیندان مابوونەوە، مامۆستا لە وەڵامدا گووتی:” ئەوان وەفادارانە هەڵوێستیان نواند”، بەم شێوەیە مژدەی بەو مرۆڤە ئاوارتانەش دا.
بازنەی خزمەت بە گوێرەی بەرفراوانییەکەی دەبێتە دوێنراوی بەهرە و دابارەکان. هەندێک جار بیر لە سەرەتای ڕۆژگار دەکەمەوە کەوا هێشتا خزمەتم نەناسیوە و دەڵێم:” باشە لەو کاتەدا چ شتێک زیاتر لە شتەکانی تر سەرنجی منی ڕاکێشا؟”. وەڵامەکەم هەردەم بەم شێوەیەیە: بەرفراوانی ئەم بازنەیە کەوا هەردەم شکۆفایی بە دڵی مرۆڤ دەدات…
لە کاتی ئاساییدا شوێنە تەسکەکان مرۆڤەکان بێتاقەت دەکەن و وەهای لێدەکەن کە ساتێک زووتر خۆی فڕێبداتە دەرەوە و هەوایەک هەڵبمژێت. بەڵام شوێنە بەرتەسکەکان بەو شێوەیە مرۆڤ بێتاقەت ناکەن، دڵ و ڕۆحی تەنگ ناکەن.
ئەو بزاڤ و جەماعەت و دەستە کۆمەڵایەتییەی مرۆڤەکانیش تێیدا خۆیان دەبیننەوە، بە هەمان شێوە کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان دادەنێن. ئەو گروپانەشی بە شێوەیەکی بەرتەسک مامەڵە دەکەن و وەڵامی پێداویستییەکان و ڕۆحی زەمان نادەنەوە، لە پاش ماوەیەک مرۆڤەکان بێزار دەکات. ئەمەش هاوشێوەی کاریگەری ئەو بێهەوایییەیە کەوا لە ژوورە تەسکەکاندا توشی مرۆڤ دەبێت.
هەموو کاتێک لە شوێنی مانەوەی مامۆستا چاوم بە زۆر مرۆڤی زۆر جیاواز لە یەکتر دەکەوێت. وەک دەرکەوتی ئەو بنەمایەی کە دەفەرموێت:” ئاسانکاری بناغەی دینە”، دەرگاکان هەردەم ئاوەڵایە هەتا مرۆڤەکان لە نێو ئەم بازنەیەدا هەست بە خۆیان بکەن و دڵیان لە خەم بڕەخسێت.
چەشنی ئەو تایبەتمەندیەی لە بازنەی پەیامەکانی نور و ئوستاد بەدیعوزەماندا هەبوو… ئوستاد بە زۆرێک لەو مرۆڤانەی تەنیا یەک جار لە ژیانیدا بینیبوونی دەفەرموو:” تۆم وەک خوێندکاری خۆم قبوڵە”. بەم وتە کاریگەرەی هانیداون کەوا فەرزەکانیان بکەن و لە کاری خێردا بەشدار ببن. لەو سەردەمەدا ئەنجامدانی فەرزەکانی خوێندنەوەی پەیامەکان تایبەتمەندییەکی زۆر گرنگ بوو.
لە ڕاستیدا هەلومەرجەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان هەر بە هەمان شێوەیە… جەنابی مامۆستاش هاوشێوەی بەدیعوزەمان هەردەم بازنەی ئەم خزمەتی بە بەرفراوانی هێشتۆتەوە. هەر بەم هۆیەشەوە بووە مرۆڤی سەر بە زۆر ڕێچکەی جیاواز خۆیان لە نێو بازنەی ئەم خزمەتەدا بینیوەتەوە، زۆرێک لەوانیش بۆ پێگەی “دۆستانی خزمەت” بەرزبوونەتەوە، ئەم سنگفراوانییەش بووەتە هۆی ئەوەی هەستی دوژمنایەتی ناو دڵی زۆر کەس دەسکەنە بکات.
من هەر کاتێک سەیری مرۆڤەکانی ناو ساڵۆنەکەی مامۆستا دەکەم، ئەم تایبەتمەندییەم بە خەیاڵدا دێت: ئەم بازنەیە زۆر بەرفراوانە، بە پشتیوانی خودا جێگەی زۆر کەسی تریش دەبێتەوە، لە نێو ئەم دونیای دڵانەدا کورسییەک بۆ هەریەک لە مرۆڤەکان دانراوە.
لەم ڕەمەزان و جەژنەدا جارێکی تر ئەم تایبەتمەندییەم بە چاوی خۆم بینییەوە نزا و ئاوات و نیازم لە پەروەردگارم ئەوەیە لەگەڵ ستەمدیدە و زوڵملێکراواندا جەژنگەلێکی ڕاستەقینە ببینین…
Show More
Back to top button