
ڕۆژی هەینی کاتێک سەردانی مامۆستا فەتحوڵا گولەنم کرد گروپێک میوانی زۆر بە نرخی لێبوو. منیش بەشداربووم لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ مامۆستا فەتحوڵادا. دەمەوێت سێ پەیامی زۆر گرنگی مامۆستا فەتحوڵا بۆ ئێوە بگێڕمەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی کرد.
لە سەرەتادا مامۆستا فەتحوڵا باسی “ئاوێتە بوون”ی کرد. لەم ماوەیەدا پێویستە کە مرۆڤانی خزمەت و هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت ئاوێتەی کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە بن کە تێیدا دەژین. واتای ئەمەش ئەوەیە: پێویستە ببین بە پارچەیەک لە کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەی کە تێیداین، لە ناو ئەواندا ژیان بەسەرببەین و ئاڵوگۆڕی بەهاکان بکەین لەگەڵیاندا.
دووەم، مامۆستا فەتحوڵا لەسەر ئەوە دەوەستێت کە هاوسۆزانی خزمەت مرۆڤانێکی ئاسایش پارێزن و دەڵێت: هەرکاتێک مرۆڤەکان تەماشای نەبز و هەڵوێستمان دەکەن، دەبینن هەمیشە لە هەمان شوێنداین و تێدەگەن کە هیچ نەگۆڕاوین. بەڵێ، ناخمان چی تێدابێت ڕواڵەتیشمان ئەوە دەبێت و بە ویستی خوداش هەمیشە سەرقاڵی بەستە و سەروای هەمان هۆنراوەش دەبین. “مرۆڤی ئاسایش پارێز” هەر لە سەرەتاوە تایبەتترین سیفاتی مرۆڤی خزمەت بووە. لە هەموو شوێنێ مرۆڤەکان ڕوانییانە ئەم سەر و سیما پاکانە و دڵەکانیان بۆیان کردەوە. بە کردنەوەی ئەو دەرگای دڵانە چڵەکانی درەختی خزمەت بە هەموو لایەکدا گەشەیاندکرد و ئەم ڕۆژانەیان بەرهەم هێنا.
هەر بەم هۆکارە دەمەوێت ئەو قسەیە دووبارە بکەمەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا باڵیۆزی وڵاتێکی ڕۆژئاوا دەربارەی هاوسۆزانی خزمەت کردووەیەتی: “ئەم مرۆڤانە ٢٠ ساڵە لە وڵاتەکەماندان، خۆیان تەنانەت لە سزای هاتووچۆش پاراستووە…”، ئای چەند ئاسوودە و دڵخۆشن ئەو مرۆڤانەی کە ئەم متمانە و ئەم ڕووکەشە جوانەیان بە خزمەت بەخشیوە. ئەو خزمەتەی مامۆستا فەتحوڵا باسی دەکات ئەمانەتی ئێمەیە، وە ئەرکی سەر شانیشمانە کە بە سەلامەتی ڕادەستی نەوەی داهاتووی بکەین. بابەتی سێیەم کە مامۆستا فەتحوڵا باسی کرد بۆ میوانەکانی دەربارەی غایە و ئامانجی سەرەکی خزمەت بوو. مامۆستا دەڵێت “هیچ ئامانجێکی دونیاییمان نەبووە و نابێت”. لە خاکی ئەنادۆڵەوە ئەم خزمەتە دەستی پێکرد و پاشان بە جیهاندا بڵاوبوویەوە و گەیشتە ناوەڕاستی ئاسیا و وڵاتانی باڵقان و ئەوروپا و ئەفریقیا و ئوستورالیا و ئەمریکا و کەنەدا.
لە هەموو جوگرافیایەکدا، مرۆی خزمەت بە هەمان هەست و بیر و هۆشەوە جوڵاونەتەوە. هەر وەک چۆن مامۆستا لە کتێبەکانیدا بە بەردەوامی باسی دەکات، مرۆڤی خزمەت هەردەم لە هەوڵدایە بۆ گەیشتن بە مەقامی ڕەزامەندی خودا. یانی بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودای گەورە لەم ڕێگایەدان. ئیمامی ڕەبانی و ئیمامی غەزالی و بەدیعوزەممان ئەم مەقامەیان بە باڵاترین داناوە. لەڕۆژی ئەمرۆماندا مامۆستا فەتحوڵاش هاوشێوەی ئەو زاتە گەورانە هەمان قسە دەکاتەوە. هەر لەبەر ئەمە دەمەوێت کورتەیەک لە کتێبی “ژیانێک لە ڕێی خودادا”تان بۆ بگوازمەوە. دکتۆر مارتن مارتی وانەبێژ لە زانکۆی شیکاگۆ بەم شێوەیە باسی سەردانیکردنی مامۆستا فەتحوڵا دەکات و دەڵێت: “لە چاوپێکەوتنمدا لەگەڵ گولەن، هەستم بە ئارامییەکی زۆر کرد. زۆر موتەوازیع بوو. سەڕەڕای ئەوەی لە باکگراوند و نەریتێکی سۆفیگەرییەوە هاتووە، بەلڵام وەک پرۆفیسۆرێکی لۆجیک دەدوێت. لە چاوپێکەوتنەکەمدا بینیم کە ئەویش لەگەڵماندایە و گرینگی بە بابەتەکانمان دەدات. چاوپێکەوتنەکە تاک لایەنە نەبوو… دەکرێت مرۆڤەکان بانگەشەیەک رەت بکەنەوە، بەڵام کەس پاکی و نەزاکەت ناتوانێت رەت بکاتەوە. گولەن خاوێنی ڕۆحێکی بەخشندەیە. هەردەم خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی کەسانی تر سوودی لێ وەربگرن. بە لووتبەرزی تەماشای کەس ناکات. دەتوانن ئەمە لە وانەکانیدا ببینن. وانە و ئامۆژگاری بە گشتی تاک لایەنن. بەڵام گولەن وەک ئەوەی گوێ لە بەرامبەرەکەی بگرێت، بەو شێوەیە قسە دەکات. خۆزگە زمانی تورکیم دەزانی. کە تەواو دەبم لە خوێندنەوەی زۆر کتێب. کتێبەکە دادەخەم و جێیدەهێڵم. دەڵێم تەواوم کرد. بەلام لەگەڵ کتێبەکانی گولەندا گفتوگۆیەکی دوو لایەنەمان هەیە. وەک ئەوەی پێمان بڵێت ئادەی با دەستبکەین بە ئاخاوتن لەگەڵ یەکدی”. (لاپەڕە 368).
ئەگەر سەرنج بدەن، دەبینن کە هەر سێ پەیامەکەی مامۆستا فەتحوڵا لەم پەیامەدا بوونی هەیە.
” هەردەم خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی کەسانی تر سوودی لێ وەربگرن” چ تایبەتمەندییەکی جوانە! هەستکردنی مرۆڤەکان بە ئارامی لە ساتی یەکتربینینماندا، یانی لوتکەی متمانە و ئارامی.. هەروەها گرتنەبەری ڕێگەی سۆفییەکان کە گەیشتنە بە مەقامی رەزامەندی خودا…. مامۆستا فەتحوڵا کە باسی ڕێبازی سۆفییەکان دەکات دەڵێت “تەسەوف رۆحی ئیسلامە”… کە ئەم رۆح و غایە و ئامانجە دەبن بە بنەما، مومکین نییە کە هیچ چاوەڕوانییەکی دونیایی مێشکی مرۆڤانی خزمەت تێبدات وسەریان لێبشێوێنێت.
دەمەوێت باسی شتێکی ترتان بۆ بکەم لە چاوپێکەوتنی ڕۆژی هەینی مامۆستا فەتحوڵا لەگەڵ میوانە زۆر بەڕێزەکانیدا. بینیم کە مامۆستا دڵی زۆر کرایەوە بە بینینی ئەم میوانانە. ئەم دڵ کرانەوەیەشی لە ڕووخساریدا دەردەکەوت و میوانەکان دەیانبینی. ئەمم پێشتر چەندین جار بینیوە. با بڵێین لە شوێنێکدا سێ چوار مرۆڤێک هەن، ئەم مرۆڤانە لە هیممەتدان بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی باڵا. سەرەڕای هەلومەرجەکانی ئەمڕۆ، ئەم کەسانە دەبن بە هۆکاری گەلێک خزمەتی جۆراوجۆر. هەر کە مامۆستا ئەم کەسانە دەبینێت، دەستبەجێ ئەم هەستانەی دەردەبڕێت بەرامبەر میوانەکانی. وە لە مەقامی سوپاسگوزاریدا سوپاسی خودا دەکات و دەڵێت “الحمدلله”. ئەمە وەک وەسیلەیەکی گەورەی کرانەوەی دڵی دەبینێت و چەندەها جار سوپاسی خودای لەسەر دەکات.
کە تەماشای تێبینییەکانی سەردانەکانم دەکەم، هەموو جارێک دەبینم کە مامۆستا فەتحوڵا لەم خاڵەدایە. هەردەم دەڵێت کە ئەو هەنگاوانەی کە ئەمڕۆ بچوک دەبینرێن، لە داهاتوودا بە ئیزنی خودا بەرهەم و میوەی گەورە دەدەن. خۆزگە ئێمەش هەموو کات دەمانتوانی لەم حاڵەتە رۆحییەدا بین…. هەرگیز بێ ئومێد نەبین و هەردەم ببین بە سەرچاوەی ئومێد بۆ دەوروبەرمان.
پێش نزیکەی دوو مانگ لە وەفاتی مامۆستا سەعیدی نورسی، یەکێک لە ڕۆژنامەکان وتارێک بڵاودەکاتەوە بە ناونیشانی “بەدیعوزەمان بێ ئومێد بووە”. بەکر بەرقی پارێزەری مامۆستا سەعید نامەیەکی بە درۆخستنەوەی هەواڵ بۆ ڕۆژنامەکە دەنێرێت و تێیدا باسی چەندین نمونەی ژیانی مامۆستا سەعید دەکات کە سەڕەڕای نارەحەتییەکان هەرگیز بێ ئومێد نەبووە تێیدا، لە نامەکەدا بەکر بەرق دەڵێت “هەڵەیەکی گەورەیە کە وا بزانین زاتێکی وا گەورە بێ ئومێد دەبێت” و داوا لە ڕۆژنامەکە دەکات نووسینەکەی بڵاوبکەنەوە. کە ئەم نوسینە بڵاو دەبێتەوە، مامۆستا سەعید لە ڕێگەی موستەفا سونگوری قوتابییەوە پەیوەندی دەکات بە بەکر بەرق و دەڵێت “کاک بەکر، لە خزمەتی مامۆستاداین و ناوچەوانت ماچ دەکات…”
مامۆستا فەتحوڵاش هاوشێوەی بەدیعوزەمان بە درێژایی ژیانی هەردەم ئومێدی هەبووە و کانگای ئومێدی چواردەورەکەی بووە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەم سیفەتەی لە ناڕەحەتترین کاتەکانی ژیانیدا دەرخستووە. هەر وەک چۆن پرۆفیسۆر جۆن پاڵ لە کتێبی “فەتحوڵا گولەن: ژیانێکی خزمەت” دەڵێت، “بزوتنەوەی خزمەت لە کاتی موسیبەتی هاوشێوەدا هەردەم بە بەهێزتر گەڕاوەتەوە و بەردەوام بووە”. ئەوەندەمان لەسەرە کە ئێمە وەک تاک ئەرکی خۆمان بەجێبگەیەنین و شانبخەینە ژێریان و ببین بە کانگای ئومێد بۆ دەوروبەرەکەمان.