img.attachment-full.size-full.wp-post-image { display: none !important; }
بیروڕاهەواڵ

شکۆڤە کردنی بزاڤی خزمەت

نووسینی: مامۆستا عبدالله ئایماز

لە ماوەی ئەم ٦٠ ساڵەدا کە مامۆستا فەتحوڵا گولەنم ناسیوە، هەمیشە ڕێگەی خاکەڕایی و خۆبەکەمزانی گرتووە، هیچ کاتێک قبوڵی نەبووە کە سەرکەوتنەکانی بزاڤی خزمەت بدرێنە پاڵ خۆی یاخود کەسانێکی دیاری ناو بزاڤەکە. هەمیشە دەڵێت: “ئەم خزمەتە گەورانە کە بەرهەمی کۆششی میلەتێکی گەورەیە ئەگەر بدرێنە پاڵ چەند کەسێک شیرک و ستەمێکی گەورەیە”. جگە لەوە هەمیشە یادی خزمەتەکانی کەسانی پێش خۆی وەک مامۆستا سەعید نوورسی و تەلەبەکانی دەکات. ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا لە کۆلێژی یامانلار لە شاری ئیزمیر گرووپێک بانگهێشت کرابوون و پوختەیەکی مێژووی بزاڤی خزمەتیان بۆ باس دەکرا. کاتێک هاوڕێیەکمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بزاڤی خزمەت لە ساڵی ١٩٦٦ وە درووست بووە، مامۆستا فەتحوڵا هەستایە سەرپێ و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پێویستە دەستپێکردنی ئەم خزمەتە لە فیداکارییەکانی مامۆستا سەعید نوورسی و تەلەبەکانییەوە باس بکرێت.
ئەحمەد کوروجان لە کتێبێکیدا ئەم قسانەی مامۆستا فەتحوڵا دەگێڕێتەوە: “ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێت بەرهەمی ئەو کارانەی کە دوێنێ و ڕۆژانی پێشتر ئەنجام دراون. کەسانێک هاتوون کارێکی جدییان کردووە، کارەکەیان هەتا شوێنێک گەیاندووە و ئەزموون و پێشنیارەکانیان وەک چرایەک پێشکەش بە ئێوە کردووە و پێیان وتوون ئێستا نۆرەی ئێوەیە. واتە تۆوەکەیان لە زەویدا ناشتووە و ئاویان داوە و خزمەتیان کردووە هەتا ئەو کاتەی گەیشتووەتە میوەدان. نەبینینی ئەو ڕاستییە نمەکنەشناسییە”.
ئەو کەسانەی دەسەڵاتی وڵاتیان لەژێر دەستدابوو، هەر زوو زوو گەنجەکانیان دەدا بە یەکدا و زەمینەسازییان بۆ کودەتا دەکرد. کاکە یوسف پێکمەزجیمان دەیوت:
“تازە لە خزمەتی سەربازی گەڕابوومەوە. مامۆستا فەتحوڵاش تازە هاتبووە کەستانەپازاری. سەرسام بووم بە خۆی و وتارەکانی. بەڵام دوای سەربازی فەرماندەیەکی خانەنشین ئێمەی بانگکرد. ئەو پێی وتین ‘تەماشاکەن وڵاتەکەمان لە ژێر هەڕەشەدایە، چەپەکان بە تەواوی هاربوون و وڵاتەکەمان ڕادەستی کۆمۆنیستەکان دەکەن. ئێوەش وەک گەنجانی نیشتیمان پەروەر ئەم هەڕەشانە لەناودەبەن’، بەو شێوەیە قەناعەتی پێکردین و ڕاهێنانی بە تیمێکی ٤٠ کەسی کرد و منی کرد بە فەرماندەیان.
ڕۆژێکیان لە میدانی کۆردۆن لە ئیزمیر گردبوونەوەیەکی چەپەکان هەبوو. ئێمەش تێڵامان هەڵگرت و لەگەڵ ٤٠ هاوڕێمان چووین بۆیان. ئەوانەی ئێمە چاوەڕوانی ئاماژەی من بوون. لەناکاو تەماشام کرد مامۆستا فەتحوڵا گولەن بەرەو لای من دێت. هاتە لامەوە و پێی وتم ‘ئەوە چی دەکەیت لێرە؟’. وتم هاتووین بۆ شەڕ. پێی وتم ئێوە شەڕ ناکەن بەڵکو شەڕتان پێدەکەن. منیش وتم نەخێر ئێمە خۆمان شەڕ دەکەین. وتی ‘باشە تۆ ئەمانە دەناسیت؟ هیچ دانیشتوون و قسە بکەن؟ جگە لەوە خۆ تۆ پۆلیس و هێزی ئەمنی حکومەت نیت؟ ئایا ئەم دەوڵەتە پۆلیس و سوپای خۆی نییە؟ بەم شێوەیە بە ڕێگەیەکی نایاسایی لەگەڵ کەسانێک کە هیچ نایانناسن دەکەونە شەڕەوە. زۆر ڕوون دیارە کە کەسانێک ئێوە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی گۆمەکە بشڵەقێنێت. دواتر دەڵێن کەشی کودەتا ئامادەیە و خۆیان دەسەپێنن بەسەر ئەم میللەتەدا. خێرا ئێرە بەجێبهێڵە. پیاوەکانیشت کۆبکەرەوە و لێرە بڕۆن’. منیش لێم پرسی: ئەی باشە ئێوە بۆچی هاتوون؟، ئەویش لە وەڵامدا وتی ‘مەراقم کردبوو، بەڵام بە هەڵە هاتووم و ئەوە منیش دەڕۆم’. لە بەرامبەر ئەم ئاسۆ فراوانەی مامۆستا فەتحوڵا لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا سەرسام بووم”.
مامۆستا فەتحوڵا هەمیشە ئاشتی و ئارامی و سوڵحی دەویست. لەو بوارەدا هەر کارێکی لەدەست بهاتایە دەیکرد. بە دڵنیاییەوە لە بەرەوپێشچوون و شکۆڤە کردنی بزاڤی خزمەتدا هەوڵ و ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە. بەڵام هیچ کات خۆی نەدەکرد بە خاوەنی دەستکەوتەکان. دکتۆر یوکسەل چایرئۆغڵو زۆر بە جوانی دەربارەی ئەو تایبەتمەندییانە نووسیویەتی. جگە لەوە لە زمانی مامۆستا فەتحوڵا گولەنەوە سەبارەت بەو هەوڵە گەورانە بەم شێوەیە بۆمان دەدوێت:
“لە لایەک لەناو ئیزمیردا لە دوو سێ شوێن وتاری دەدا. جگە لەوە هەوڵی دەدا بەشداری لە هەموو وانەیەکی خێر و صوحبەتێکدا بکات. خۆی لە خۆیدا هەموو ڕۆژانێکی هەینی لە مزگەوتی کەستانەپازاری وتارم دەدا. هەوڵم دەدا وتارەکانی دەرەوەی ئەو لە شەممە و یەکشەمماندا جێگە بکەمەوە. بۆ نموونە شەممان دەچووم بۆ شارێک وتارم دەدا. شەوەکەم لە ڕێگە بەسەر دەبرد و ڕۆژی دواتریش لە شارێکی دیکە وتارم دەدا و بێ پشوودان ئەو شەوەشم لە ڕێگە بەسەر دەبرد. ڕۆژی دواتریش وانەم بە تەلەبەکان دەوتەوە.”
حاجی کەمال ئەریمەز کە یەکێک بوو لە هاوڕێ نزیکەکانی مامۆستا فەتحوڵا لەم یادەوەرییەدا پیشانمان دەدات کە مامۆستا فەتحوڵا چۆن ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات بۆ خزمەتکردن:
لە ساڵانی هەشتاکاندا مامۆستا فەتحوڵا و حاجی کەمال و چەند هاوڕێیەک سەردانی ئەرزڕومیان کرد. هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە ناوەندی شاری ئەرزڕوم و قەزا و شارۆچکەکانی دەوروبەری پرۆگرامێکی ١٥ ڕۆژی چڕوپڕیان بۆ مامۆستا فەتحوڵا ئامادە کردبوو. بە درێژایی ڕۆژەکان سەردانی شوێنەکان دەکرا و لە شەوەکانیشدا لە شوێنی جیاجیا وتار و صوحبەتی پێشکەش دەکرد. یەکێک لە هاوڕێیانمان دەبینێت حاجی کەمال زۆر ماندووە و لە ئەحواڵی دەپرسێت، ئەویش لە وەڵامدا بە شێوازێکی تێکەڵ لە گاڵتە و گازندە کردن دەڵێت:
“١٠ ڕۆژە لێرەین بەڵام شەوێک نەمانتوانیوە بخەوین. هەموو شەوێک جێگەمان بۆ ڕادەخرێت و مامۆستا فەتحوڵا دەڵێت: ئەمڕۆ زۆر ماندوو بوون بخەون و کەمێک پشوو بدەن. دواتر لە قەراخی جێگەکە دادەنیشێت و دەڵێت؛ حاجی کەمال بەڵکو پەیوەندییەک بە بەشە ناوخۆییەکەی فڵان شار بکەین بزانە قەرەوێڵەکان دانراون؟ بەڵکو تەلەفۆنێک بۆ فڵان کەس بکەین بزانە توانیویەتی شیشەکان بۆ درووستکردنی قوتابخانەکە دابین بکات؟ ئەوەندە تەلەفۆن بۆ ئەملاولا دەکەین دەکەوینە بەیانی. ئەو جێگایانەی ڕاخرابوون بێ ئەوەی کەسی تێدا بخەوێت کۆدەکرێنەوە. ماوەی ١٠ ڕۆژە نە خۆی خەوتووە و نە دەهێڵێ ئێمەش بخەوین”.
بەڵێ، لەم وتە پڕ لە هەستانەوە تێدەگەین کە مامۆستا فەتحوڵا گولەن و هاوڕێکانی هەوڵێکی زۆریان دەدا بۆ ئەوەی ببنە دەرکەوتەی ئەم فەرموودە پیرۆزەی سەردارمان کە دەفەرموێت: ‘باشترینی مرۆڤەکان باشترینیانە بۆ کەسانی تر’.
Show More
Back to top button