img.attachment-full.size-full.wp-post-image { display: none !important; }
بیروڕاهەواڵ

هاوسەنگی نێوان فیکر و کردار

سکتۆر یوکسەل چایرئۆغڵو، نوسەر لە سایتی samanyoluhaber دەربارەی کتێبە نوێکەی بە ناوی "فەتحوڵا گولەن وەک مرۆڤێکی فکر و کردار".

 

 

“.. فەتحوڵا گولەن بە تەواوی واتای وشەکە زانایەکی ئیسلامە. بیرمەندێکی ڕاستەقینە و ڕۆشنبیرێکی تەواوە. چونکە ئەو لەگەڵ ئەوەی کە لەسەر بنەمای زانستە ئایینییەکان بیرۆکەی نوێی و رەسەنی پەرەپێداوە کە لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا بگونجێت، لە هەمان کاتیشدا بێ ئاگا نەبووە بەرامبەر بیرمەندەکانی سەردەم و کێشە هاوچەرخەکان و ڕاو بۆچوونی خۆی دەربارەی زۆر بابەت دەڕبڕیوە. بەڵام ئەو تەنها بیرمەند و فەیلوسوفێک نییە کە کارەکانی لە چواچێوەی تیۆریدا بمێنێتەوە، بەڵکو لە هەمانکاتدا بەردەوام لە هەوڵداندا بووە بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیاندا بکات بە واقع و کەسێکی کارایە کە بە بەردەوامی پرۆژەی نوێی بەرهەمدەهێنێت و ئاوێتەی ژیان بووە. چونکە هەروەک چۆن لە ژیانی ئەودا فیکر و کردار هەرگیز ئاڵتەرناتیڤی یەک نەبوون، ئەوا هەڵبژاردنی یەکێکیان و وازهێنان لەوی دی هەرگیز مومکین نەبووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە وشەکانی (فیکر) و (کردار) گونجاوترین دوو وشەن کە پوختەی ژیانی ئەومان تێدەگەیەنێت. لە ڕاستیدا ئەم تایبەتمەندییانەی سەرنجی زۆر لەو زانایانەی ڕاکێشاوە کە توێژینەوەیان دەبارەی ژیانی گولەن کردووە. وە ئەو سەرکەوتنەی لە لایەنی گواستنەوەی زانیاری تیۆری بۆ پراکتیکی بەدەستیهێناوە، بە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەوی دادەنێن”.

عەلی ڕەزا بۆزکورت، کە یەکێک بووە لە ڕاوێژکارانی جۆرج بۆشی باوک، لە پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٢ دا سەردانی بیرە نەوتییەکانی کازاخستان و ئازەربایجان دەکات، لەوێ قوتابخانە و زانکۆکانی بزاڤی خزمەت دەبینێت و لە ساتی گەڕانەوەیدا لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ بە میدیاکاران دەڵێت “من لە مێژووی تورکیادا ٣ شۆڕش دەبینم. یەکەم شۆڕشی سوڵتان محەمەدی فاتحە، دووەم ئەتاتورکە و سێیەم شۆڕشی مامۆستا فەتحوڵایە.”

لە بۆنەیەکدا پرۆفیسۆر دکتۆر عوسمان ئۆزسۆی ئەوی بۆ تەلەفیزیۆنی سامانیۆڵو بانگهێشت کرد. دواتر لە ماڵەکەی لە ئیستانبوڵ یەکتریمان بینی. سێ کتێب لە زنجیرەکانی “مرواری” مامۆستا فەتحوڵامان بۆ برد و دیاریمان کرد. بەڕێز عەلی ڕەزا وتی “من تەکنیکی خوێندنەوەی خێرا دەزانم. دوای جەند کاتژمێرێک سوار ئوتومبێلەکە دەبین و لە ڕێگەی ئەنقەرە پێش ئەوەی بگەینە گەبزە ئەم سێ کتێبە تەواو دەکەم”. ئەم جارەیان لە جیاتی ٣ کتێب، ٣٠ کتێبمان دیاری کرد. دوای ١٥ ڕۆژ کە گەڕایەوە بۆ ئیستانبوڵ، لێمان پرسی “کاک عەلی ڕەزا، توانیتان ٣٠ کتێبەکە تەواو بکەن؟”. وتی “لە کوێ؟،، تەنانەت نەمتوانی دانەیەکیشی تەواو بکەم”. وتمان “ئەی ئەوە نەبوو تەکنیکی خێرا خوێندنەوەت دەزانی؟ ئەی چی لێهات؟” وتی “بەڵێ، وایە. بەڵام ئەم کتێبانە لەو جۆرە نین کە ئاوەها بە خێرایی بخوێندرێنەوە. پێویستە بۆ هەر ڕستەیەکی راوەستیت و بیر لە مانا قوڵەکەی بکەیتەوە. وا تێگەیشتووم کە کەسانی وەک مامۆستا فەتحوڵا و ئەحمەد یەسەڤی و مەولانا جەلالەدینی ڕومی و هونکار حاجی بەکتاشی وەلی، قسەیەکی زۆر مانادار و قوڵیان کردووە. بەڵام ئەمەش زیاتری هەیە: چونکە تەنها بە قسەکردن نەوەستاوە و بیروبۆچوونەکانی خستووەتە مەیدانەوە و ژیانی بەبەردا کردوون. بە دڵنیاییەوە پیویستە چاوم پیی بکەوێت. کاتێکی چاوپێکەوتنم لەگەڵیدا بۆ ڕێکبخەن”. لە ناوچەی ئاڵتونیزادە لە ئیستانبوڵ چاویان بەیەک کەوت و هەموو ئەم قسانەی بە مامۆستا فەتحوڵا وت.

دکتۆر یوکسەل چایرئۆغڵو دەڵێت ” بە گوێرەی گولەن، ئەوانەی بەبێ بیرکردنەوە دەژین، مەحکومن بە بوون بە شوێنکەوتەی لە فەلسەفەی ژیانی کەسانی تر. ئەمانە بە بەردەوامی لە نەخشەڕێگایەکە و بۆ نەخشەڕێگایەکی تر ڕادەکەن، بە بێ وەستان دڵیا دەگۆڕێت، بە درێژایی ژیانیان دووجاری داڕمانی هەست و فیکر و کەسایەتی دەبن و هیچ کاتێک ناتوانن خۆیان ببن. جا لەبەر ئەوەی ئەم مرۆڤانەی لە رووی ژیانەوە هیچ مانایەک نابەخشن، هەمیشە وەک گۆمێکی وەستاو و بێ بەرهەم و بێبەرەکەتن. بەلام بە تەنها خاوەن فکر بوون بەس نییە. چونکە ئەگەر هەر فیکر و ئیدیالێک بە هەوڵ و کردار پشتگیری لێنەکرێت و بە پێی توانا هەوڵ بۆ بەدیهێنانیان نەکرێت، ئەوا فیکرەکان بە ئاسمانی شینی خەونەکان سنوردار دەبن و خاوەنی ئەم فیکرانەی لەسەر ئەرزی واقع ژێر پێ دەکەون. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە ئەو مرۆڤانەی کە دەیانەوێت دەولەمەندی کلتوری و شارستانی گشتگیر دروست بکەن و گەورەی بکەن، پیویستە لە لایەکەوە ژیانیان بکەن بە میمبەرێک بۆ فیکر و لە لایەکی ترەوە وەک مرۆڤێکی خاوەن پرۆژە و خاوەن ستراتیژییەکی کارامە مامەڵە بکەن بۆ بەدیهێنانی ئەم فیکرانە لە ژیانی واقعدا.”

مامۆستا فەتحوڵا گولەن بەم وتانەی بە شێوەیەکی تایبەت تەفسیری ئایەتی “سزای (توند و ڕیسواکه‌ر) ده‌خاته سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که عه‌قڵ و ژیری به‌کار ناهێنن.” (سورەتی یونس، ئایەتی ١٠٠). لە قورئاندا وشەی “العقل” وەک ناوێک بوونی نییە. هەردەم وەک کردارێک بەکارهێنراوە. یانی کارکردن بە عەقل و بیرکردنەوە بناغەیە. ئەوەی ئەمە ناکات، ئەوا مەحکومە بە سزای رسوابوون و پەرێشانیی.

Show More
Back to top button