
کاتێک چاوم بە ڕێکەوتی نێوان سەردانەکانی ڕابردوومدا خشاندەوە، ئەمجارەیان بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو، کاتێک زۆر بەسەر دوا چاوپێکەوتنمدا تێپەڕیبوو. سەرباری نەخۆشییە بەردوامەکانی و ئەو ناڕەحەتییە جەستەییانەی بە هۆی زۆری تەمەنەکەیەوە هەیەتی، دەتوانم بڵێم جەنابی مامۆستا هەتا بڵێی تەندروستیەکی باشی هەبوو. مامۆستا کەوا ژیانی خۆیی بۆ خزمەتی دین، نیشتیمان و مرۆڤایەتی تەرخان کردووە، وەک هەمیشە بە هەواڵە خۆشەکان دڵخۆش دەبێت و خەمیش بە هەواڵە ناخۆشەکان دەخوات. لە ڕاستیشدا ئەو ئێوارەیە چاوم بە ڕووداوێک کەوت کە جارێکی تر ئەم ڕاستیەی بۆ دووپات کردمەوە. پێکەوە سەیری هەواڵەکانی کەناڵی “MC TV” مان کرد کەوا کەمال گولەن پێشکەشی دەکرد. کاتێک گوێی لە هەواڵەکانی حاڵی پەرێشانی تورکیا بوو، حەزم دەکرد بە چاوی خۆتان دەربڕینەکانی سەر دەموچاوی ببینن.
من وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٥ ئاگاداری حاڵی ئەوم، ئەو چرچانەی خەمەکانی وەک هێلانە لەسەر دەموچاوی دروست کردووە، لە ئێستادا وەک هێڵی ئەستوورتر و ئاشکراتریان لێهاتووە. وەک ئەوەی لە نێو خەڵکدا دەڵێن” گەر پەنجەت بەری بکەوێت دەست بە گریان دەکات”، ئەویش ڕێک لە بەرانبەر ئەو هەواڵانەی مرۆڤ لە خەمدا نوقم دەکەن، گەر یەک تۆز بیجوڵێنیت دەست بە گریان دەکات. هەربۆیە زۆریش بەرگەی نەگرت، دوای ئەوەی هەواڵی کوشتنی هونەرمەندێکی بە ناوی ئۆنور شەنەری گوێلێبوو کەوا لەسەر نەزانینی گۆرانییەکی داواکراو لە دوای ئاهەنگەکە کوژراوە و دادوەرێکیش بە ناوی سەرکان توزون خۆی کوشتووە، لەبەر خۆیەوە گوتی ئیتر بەسە و تەلەڤیزیۆنەکەی پێکوژاندینەوە.
بێدەنگی باڵی بەسەر هەموو لایەکدا کێشابوو. با هەڵە تێنەگەن، ئەمە بێدەنگییەک نەبوو کەوا لە هێوربوونەوەی بارودۆخەکەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو بە هۆی زۆری تەنگژەکانەوە بێدەنگی باڵادەست بوو. لەم جۆرە کاتانەشدا سەلامەتترین شت ئەوەیە کە خۆی دەست بە قسەکردن بکات. ئەو ٥-٦ کەسەشی کەوا لەوێ بوون، کەسانێک بوون ئاگاداری ئەم حاڵەی بوون. هەر لەبەر ئەمەش بوو چەقۆش دەمی کەسیانی نەدەکردەوە. هەموویان سەیری دەمی ئەویان دەکرد، چاوەڕێی ئەوە بوون شتێک سەبارەت بە هەواڵەکان بڵێت، یان هەستێت و بچێتەوە ژوورەکەی خۆی. هیچ کامیانی نەکرد. چەند خولەکێک بە تێڕوانینەکانی چاوی بەسەر هەموو کەسێکی ناو ساڵۆنەکەدا گێڕا. ڕێک لەو کاتەدا پزیشکێکی شارەزا، سەبارەت بە دەرمانێکی دیاریکراو پرسیاری کرد.
کاتێک گفتوگۆکە بەو ئاقارەدا ڕۆشت، هەموو کەسێک لای خۆیەوە هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا. خۆیشی کەمێک هێور بووبوویەوە و دەستی بە قسەکردن کرد. باسی لە ناڕەحەتیەکانی خۆی کرد. باسی لەوە کرد کە بە هۆی ئەو ناڕەحەتیانەوە شەو و ڕۆژی نەماوە، بە “بە کەڵکی هیچ نایەم” قسەکانی تەواو کرد. جگە لە کۆتا ڕستەی، هەتا ئاستێکی دیاریکراو دەمتوانی خۆم بخەمە شوێنی ئەو و لە قسەکانی تری و حاڵەتە ڕۆحییەکەی ئەو تێبگەم. مرۆڤێک کەوا هەموو خولەکەکان تەنانەت چرکەکانی ژیانی بە پڕی بەسەر بردبێت، ئاسایی بوو کەوا بەو شێوەیە بیربکاتەوە. شتێکی تری ئاساییش هەبوو، ڕێڕەوی سروشتی ژیان، ئەو یاسایانەی کەوا خودا لە گەردووندا دایناوە، گەر بە زاراوە دینیەکەی گوزارشتی لێبکەم بریتیە لە فەرمانە تەکوینیەکان. ئەو یاسایانەی بەسەر تەواوی مرۆڤەکان و تەنانەت پێغەمبەرانیشدا جێبەجێ بوون.
بەڵام ڕستەی” بە کەڵکی هیچ نایەم” هەتا چەندە ڕستەیەکی دروستە؟
هەربۆیە کەسێک کەوا لەسەر قەنەفەیەکی ناو ساڵۆنەکەدا دانیشتبوو، لە شوێنی خۆی ڕاست بوویەوە و لە مامۆستا نزیک بوویەوە هەتا ئەوەی پێبڵێت کە ئەمە قسەیەکی دروست نیە. کە لە مامۆستا نزیک بوویەوە گوتی:” من نازانم سنوری خۆمم بەزاندووە یاخود نا، بەڵام خۆم پێناگیرێت کەوا ئەم قسەیەشتان پێنەڵێم”. لە دوای ئەم قسەیەی شەخسەکەوە هەموو کەسێک گوێقوڵاخی قسەکانی بوون. دەبوو چی قسەیەک زیاتر لەمە بکات؟ گەر ئەمە بەزاندنی سنوری خۆیەتی، لەبەرچی قسەیەکی لەو شێوەیەی کرد؟
دواتر بەم شێوەیە لە قسەکانی بەردەوام بوو:”چەندین جار ئەم حەدیسەمان لە ئێوەوە بیستووە. هەرکەسێک نەریتێکی چاکە دابهێنێت، ئەوا هەم پاداشتی ئەو نەریتە چاکە، هەم پاداشتی کاری ئەو کەسانەشی دەستدەکەوێت کەوا لەگەڵ ئەودا هەمان کار دەکەن. ڕەنگە ئێوە وەها بیربکەنەوە کە هیچ ناکەن و بە کەڵکی هیچ نایەن، بەڵام ئەی چی دەڵێن بەو سەدان خوێندکارەی کەوا خودی خۆت پێتگەیاندوون، ئەو هەموو کتێبەی نوسیوتانە، ئەو هەموو وتارەی پێشکەشتان کردووە، یان ئەو ئەو پڕۆژانەی کەوا لە سەدان وڵاتی دونیا لە بواری پەروەردە، دیالۆگ، یارمەتی مرۆیی هێنراونەتە کایەوە و هەزاران مرۆڤ کاری تێدا دەکەن. هەربۆیە دروست نیە کەوا بەم شێوەیە بیربکەنەوە”.
لە ڕاستیدا ئەم قسانە کەوا گوزارشت لە حەقیقەت دەکەن، لە ڕوانگەی مامۆستاوە وەک بە پیاهەڵدان بە شانوباڵیدا وێنا دەکرێن و هەر هێندەی دەستی بەم قسانە کرد لە وەڵامدا گوتی” ئەمانە گومانی باشی ئێوەن، سوپاستان دەکەم، من خۆم بەو شێوەیە نابینم”، ویستی بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی بهێنێت. بەڵام خاوەنی ئەم قسانە بێدەنگی لێنەکرد و ڕستەیەکی تری بۆ قسەکانی زیادکرد:” ئێوە ناحەقی بەرانبەر خۆتان دەکەن، ئێوە تەمەنی دەیان مرۆڤتان لەم تەمەنەی ئێستاتاندا کۆکردۆتەوە”.
لە دوای ئەم ڕستەیە، بێدەنگی بۆ ماوەیەکی کورت باڵیکێشا بەسەر ساڵۆنەکەدا. مامۆستا لە وەڵامدا گوتی:” استغفرالله. من خۆم بەو شێوەیە نابینم، سوپاسی گومانە باشەکەتان دەکەم”، یەکسەر دوای ئەوە دەستی بە خوێندنەوەی یەکێک لە هۆنراوەکانی ئیمامی ئاڵڤارلی کرد. دوو جار لەسەر یەک ئەم چوارینەیەی دووبارە کردەوە، ئەوەی من لەو کاتەدا هەستم پێکرد ئەوە بوو کە تەواوی وشەکانی ئەو شیعرە لە ناخیەوە دەهاتنە دەرەوە، چەشنی یەکەم فیشقەی ئاو کەوا لە کاتی بیرهەڵکەندندا دەردەپەڕێت، وشەکان لە قوڵایی ناخیەوە دەهاتنە دەرێ. لە ڕاستیشدا مامۆستا سەدان شیعر و هۆنراوەی لەبەرە و هەڵبژاردنی ئەم پارچەیەش کاری ڕێکەوت نەبوو. لە بەرانبەر وتەی دوێنراوەکەی کە گوتی:” ئێوە تەمەنی ١٠ مرۆڤتان لە ژیانتاندا کۆکردۆتەوە”، وانەی ئەوەی پێدەدا کە ئامانجی ڕاستەقینەی چی بووە و دەبوو ئێستا چی ببوایە”.
هۆنراوەکەش بەم شێوەیەیە:
هونەر ئەوەیە بەندەی حەق بیت
هونەر دۆزینەوەی عیرفانە
هونەر وەرگرتنی پەندە
کەچی ئەم غەفڵەتە دونیای تەنیوە
هەم پەیامەکەی وەرگیرا و هەم پەیامی خۆی بەخشی. درێژکردنەوەی مەجلیسەکەش لەوە زیاتر واتای نەبوو. داوای مۆڵەتی کرد و چوویەوە ژوورەکەی خۆی.
با من تەواوی ئەم شیعرەی ئیمامی ئاڵڤاریتان پێشکەش بکەم. دواتر لینکی یوتیوبی هەریەک لە لەتیف ئەفە و بەکیر سالیم ئاغابەگتان بۆ دادەنێم کەوا لەسەر فۆرماتی غەزەل و سرودی عیرفانی خوێندوویانە و زۆر بە گەرمی پێشنیاری ئەوە دەکەم کە گوێ لە هەردووکیان بگرن.
لەم مەیخانەی خەمەدا کێت دیوە شادومان بووبێت
لەم خەمخانەی میحنەتەدا کێت دیوە کەوا لە بەڵا ئەمانی بووبێت!
ئەمە دەورانێکی غەددارە چاوی هەرکێی دی خواردی
نە شا و نە گەدا نە هیچ کەس تێیدا بووە پایەدار
هونەر ئەوەیە بەندەی حەق بیت
هونەر دۆزینەوەی عیرفانە
هونەر وەرگرتنی پەندە
کەچی ئەم غەفڵەتە دونیای تەنیوە
ئەی خالقی عالەم لوتفێ بە محمد لوتفی بکە
گەورەترین بەڵا ئەوەیە ڕۆحت بخەیتە ناو غەفڵەت!