img.attachment-full.size-full.wp-post-image { display: none !important; }
هەواڵوتار

فیتنەی کودەتاکەی ١٥ی تەموز!

 

بابەتی هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموز لە ڕوانگەی سەرەنجامییەوە بە تەواوی بووە فیتنەیەک لە نێوان موسوڵماناندا. هەروەک چۆن لە خەڵکی تورکیا بە تایبەت جەماعەت و تەریقەتەکان لە دوای ئەم ڕووداوە بەربوونە گیانی یەک، بکەرە ڕاستەقینەکانی کودەتاکە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی دەوڵەتەوە وڵاتە موسوڵمانەکانیان چەواشە کرد و سەریان لێشێواندان سەبارەت بە بزاڤی خزمەت و هاوسۆزانی.

هۆکاری ئەوەی کە ئەم ڕووداوە بە “فیتنە” ناو دەبەین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم بابەتە بە تەواوی بووە تاقیکردنەوەیەک بۆ خەڵکی تورکیا و موسوڵمانان بە شێوەیەکی گشتی. کێ ئەم ڕووداوەی هێنایە ئاراوە؟ کێ ئەنجامیدا؟ خەڵکی باوەڕ بە کێ دەکەن؟ کام لایەن ڕاست دەکات؟ وە چەندین پرسیاری هاوشێوەی ئەمانە خەڵکییان کرد بە دوو بەشەوە و ئاژاوەیەکی گەورە هاتە ئاراوە. پەیوەندی خزمایەتی پچڕا و خانەوادەکان لێکترازان، منداڵەکان بێ دایک و بێ باوک مانەوە. چەندین کەسایەتی قەدرگران ناچاربوون لە زێدی خۆیان هیجرەت بکەن. چەندین کەسی ڕۆشنبیر و پێگەیشتوو و پسپۆڕ لە کارەکانیان دوورخرانەوە و لە زیندانەکاندا بەندکران. زیندانییەکان ئەوەندە زیادی کرد کە لە گرتووخانەکاندا جێگە نەما و گرتووخانەی نوێ درووستکرا و تەنانەت هەتا ئێستاش درووست دەکرێت. هەموو ئەو کەسانەی پشتگیرییان لە ئاکەپە نەکرد بە ‘تیرۆیست’ ناوزەند کران. برایەتی و خۆشەویستی و متمانە لەناو خەڵکیدا بە تەواوی لەناوبرا. باوەڕ بە بەها مەعنەوییەکان ڕووخێندرا. ئەو کەسانەی ئامانجیان ئەوە بوو لە ڕێگەی ئەم کودەتایەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن دەرگایان بە ڕووی چەندین فیتنەی تاکەکەسی و خێزانی و کۆمەڵایەتیدا کردەوە. ڕاستییەکانی ئەو ئایەتە پیرۆزەی دەفەرموێت: “فیتنە لە کوشتن خراپترە” (البقرة – ١٩١) جارێکی تر بە ڕوونی دەرکەوت.

هەرچەندە ئاشکرا کردنی ئەوەی کێ لە بنەڕەتدا هۆکار بووە بۆ ڕوودانی هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموز ئەرکی دادگایەکی “دادپەروەر و بێلایەن”ە، بەڵام پێویستە لە چەند ڕوویەکەوە ئەم بابەتە ئاراستەی ئەو کەسانە بکەین کە دەیانەوێت ئەم بابەتە بدەن بەسەر بزاڤی خزمەتدا.

 

لە ڕوانگەی ئامانجی بزاڤی خزمەتەوە

  1. ئامانج لە ئەنجامدانی کودەتا بریتییە لە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی حکومەت و ئیدارەی وڵات لە ڕێگەیەک کەوا نە دیموکراسییە و نە یاساییە. واتە بەدەستهێنانی دەسەڵاتە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە ئامانجە سەرەکییەکانی بزاڤی خزمەتدا نە گرتنە دەستی دەسەڵات بە شێوەی یاسایی و ڕەوا و دیموکراسییانە، وە نە بە شێوەی نایاسایی و کودەتا و ناڕەوایانە بوونی نەبووە و نییە. خودی مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە چەندین شوێنی جیاوازدا جەختی لەسەر ئەم بابەتە کردووەتەوە و بووە بە بنچینە لە لای هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت.

    کاتێک دەپرسرا بۆچی مامۆستا فەتحوڵا گولەن خۆی بە دوور دەگرێت لە سیاسەت: دەیوت “لە ڕاستیدا سیاسەت بریتییە لە هونەری ئیدارەدان بە شێوەیەک کە ئەمڕۆ لەگەڵ سبەی و سبەی لەگەڵ ڕۆژی دواتر پێکەوە بیرلێبکەیتەوە و بە شێوەیەک کاربکەیت کە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی دابین بکەیت و ڕەزامەندی پەروەردگاریش بەدەست بهێنیت؛ بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا سیاسەت بریتییە لە درووستکردنی پارتی سیاسی، پڕوپاگەندە، هەڵبژاردن و ململانێ بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات. ئەو دەسەڵاتەی لە ڕێگەی سەروەت و ناوبانگ و هێزەوە بەدەست دەهێندرێت دێت و دەڕوات؛ ئەوەی دەمێنێتەوە بریتییە لە دەسەڵاتی حەق و دادپەروەری. هەر لەبەر ئەوەیە کە گەورەترین سیاسەت لە گەڕان بە دوای حەق و دادپەروەریدا. هەیهات؛ کاتێک تەماشای بارودۆخی زۆربەی وڵاتانی جیهان دەکەین ناتوانین بەم شێوەیە بیر نەکەینەوە: ئەو سیاسەتە لە کوێ کە لەگەڵ حەق و دادپەروەریدا یەکانگیربووە لەکوێ و ئەو ساختەچێتییەی کە زۆربەی بریتییە لە درۆ و تەزویر کردن لە کوێ! بەداخەوە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەشی زۆری خەڵکی بە یارییە سیاسییەکان و فریودانەکانو ململانێ کردن بۆ دەسەڵات و بەکارهێنانی هەموو ڕێگەیەکی ڕەوا و ناڕەوا بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات بە سیاسەت ناو دەبەن. هەر لەبەر ئەو لێکدانەوە و شیکارە هەڵەیە بۆ سیاسەت، لە پێناو ژیانی دڵم و پەیوەندییەکانم لەگەڵ حەق لە هەموو جۆرە سیاسەتێک خۆم بەدوور دەگرم و بە پێویستی دەزانم کە لەمەودواش خۆم بەدوور بگرم”. مامۆستا فەتحوڵا ئەم دەربڕینە و چەندین دەربڕینی هاوشێوەی ئەمەی وتووە و بڵاوکراوەتەوە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم نموونانەدا بە باشی دەزانم ئەم چەند شتە بڵێم:

    أ. کەسێک کە بە درێژایی چەندین ساڵ بە خۆشەویستانی چواردەوری وتبێت “هیچ ئامانجێکی وەک هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و سیاسەتمان نییە” و هەمووان لەو ڕوانگەیەوە خۆشیان ویستبێت و بە باشیان زانیبێت، بە هیچ شێوەیەک ناکرێت دابەزێت بۆ ئاستێک کە (حاشا) بنەڕەتیترین بنەمای خۆی بەدرۆ بخاتەوە.

    ب. خودی مامۆستا فەتحوڵا گولەن و بزاڤی خزمەت گەورەترین قوربانی ئەو کودەتایانەن کە “زیهنییەتی بکەری ١٥ی تەموز” لە ساتی درووستبوونی کۆماری تورکیاوە هەتا ئەمڕۆ ئەنجامیان داوە. هەر لەبەر ئەوەش کە هەم مامۆستا فەتحوڵا گولەن و کەسایەتییە ڕۆشنبیرەکانی ناو بزاڤی خزمەت لە هەموو بۆنەیەکدا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەنجامدانی کودەتان هەر کەسێک بیکات و بەردەوام پشتیوانییان لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کردووە. کەواتە هەڵبەستی درۆی ئەوەی کە مامۆستا فەتحوڵا گولەن و هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت هەوڵیانداوە کودەتا ئەنجام بدەن جگە لە خۆسەرقاڵ کردن بە گاڵتەجاڕییەکەوە هیچ شتێکی دیکە نییە.

    ج. لە کاتێکدا بزاڤی خزمەت لە 175 وڵاتی جیهاندا چالاکی فێرکردن و پەروەردەیی ئەنجام دەدات و خوێندنگەی هەیە، بە فەرزی مەحاڵیش دایبنێین، ئەنجامدانی کودەتا لە تورکیا ستراتیژییەکی گونجاوی مێشکی مرۆڤێکی سادەش نییە. چونکە بە ڕوونی دیارە کە ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی ئەو ئامانجانەیە کە لەو وڵاتانە بزاڤی خزمەت کاری پێدەکات. لەبەر ئەوەی ئەم شتە لەبری قازانج زیان بۆ بزاڤی خزمەت دەهێنێت. خۆی لە خۆیدا ئاکەپە و ئەو کەسانەی پلانی ئەم کودەتایەیان داڕشتووە بە باشی ئەم ڕاستییە دەزانن و هەوڵیاندا لە ڕێگەی چەند بەڵگەنامەیەکی ساختەوە بزاڤی خزمەت لە وڵاتانی جیهاندا کۆتایی پێبێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. جگە لە چەند کەسێک کە توانییان بە پارەی میللەت بیانکڕن، نەیانتوانی لە هیچ وڵاتێکی دیموکراسیدا بانگەشەکانیان بسەلمێنن.

    لە ڕوانگەی بیروبۆچوونی سەرەکی بزاڤی خزمەتەوە

  2. خاڵی دووەم ئەوەیە کە فەلسەفە و بیروبۆچوونی خزمەت لەگەڵ فەلسەفەی کودەتادا هەرگیز یەکناگرێتەوە. چونکە سەرەکیترین دەستووری خزمەت بەزەیی و میهرەبانییە. (وتەکان: وتەی 26). بنەماکانی وەک ئەوەی مامۆستا سەعیدی نورسی لە “خطبة الشامیة” وتی: “ئێمە فیداییەکانی موحەبەتین، هیچ کاتێکمان نییە بۆ دوژمنایەتی”، لە دەستوورە سەرەکییەکانی بزاڤی خزمەتن. مامۆستا سەعیدی خاوەنی ئەو وتانە سەرەڕای ئەوەی خاوەنی ملیۆنان خۆشەویست و شوێنکەوتوو بوو، بەلام هیچ کاتێک پەنای بۆ توندوتیژی نەبرد کاتێک ڕووبەڕووی ستەملێکران و ناحەقی دەبووەوە.

    بە هەمان شێوە مامۆستا فەتحوڵا گولەنیش لە وتار و نووسینەکانیدا هەمیشە جەختی لەسەر خۆشەویستی و لێبوردەیی و سۆز و بەزەیی کردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە خۆشەویستی گرنگترین تایبەتمەندی کەسی باوەڕدارە. مامۆستا فەتحوڵا لە کتێبێکیدا دەڵێت: “دیارترین و ناوازەترین تایبەتمەندی دڵێک کە بە ئیمان خرۆشابێت، بریتییە لە خۆشویستی خۆشەویستی و دوژمنایەتی کردنی دوژمنایەتی. ئەو کەسەی ڕقی لە هەمووانە یان دڵی بە شەیتان بەخشیوە یاخود دیلی شێتییەک بووە. تۆ مرۆڤت خۆش بوێت؛ دیلی مرۆڤایەتی بە!”. جگە لەوە لە وتەیەکی ناوازەی دیکەیدا دەڵێت: “مرۆڤ هێندەی بەزەیی هاتنەوەی بە بوونەوەراندا بەشی خۆی لە ئیمان وەرگرتووە”. ئەگەر وتە و نووسینەکانی مامۆستا سەبارەت بەو بابەتە کۆبکرێتەوە ئەوا لە چەندین کتێبدا جێی نابێتەوە. مامۆستا فەتحولا هێندە خاوەن شەفەقەت و بەزەییە کە لەو کاتەی هەنگێک لە ژوورەکەیدا مردبوو بۆی دەگریا و هەرگیز بە ئاگاییەوە پێی بە مێروویەکدا نەناوە، بەڵام تۆمەتبارکردنی زانایەکی ئایینی و بیرمەندێکی وەها بە ئەنجامدانی کودەتا بوختانێکی زۆر نابەجێ و ناشرینە. باسکردنی چەند تایبەتمەندییەک سەبارەت بەم بابەتە و ١٥ی تەموز سوودی هەیە.

    أ. هاوسۆزانی ئەم بزاڤە لە ڕووی بیروباوەڕ و فیکرەوە چەندین ساڵە هەموو هەوڵێکی خۆیان خستووەتەگەڕ بۆ خۆشویستنی مرۆڤ و بوونەوەران و پێیان وایە کە خزمەتکردن بەوان گرنگترین هۆکارە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی الله، وە تۆمەتبارکردنییان بە هەوڵدان بۆ توندتیژی و پەنابردن بۆ کاری ناڕەوا و نایاسایی تۆمەتێکی هێندە پڕوپوچە کە هیچ کەسێکی ژیر لە جیهاندا باوەڕی پێ ناکات.

    ب. گرووپێک، ڕێکخراوێک، جەماعەتێک کە بە درێژایی چەندین ساڵ ملیۆنان شوێنکەوتووی لەسەر سۆز و بەزەیی و خۆشویستنی مرۆڤ و بیروباوەڕی پیرۆز گۆش کردبێت، لەناکاو گۆڕانی بە ئاراستەی ئەنجامدانی کودەتا کە تەواوی پێچەوانەی فەلسەفە سەرەکییەکانییەتی بە کارێکی مەحاڵ دادەنرێت. بزاڤێکی وەک بزاڤی خزمەت کە زۆربەی ئەندامان و هاوسۆزانی کەسانی خوێندەوار و ڕۆشنبیرن ناکرێت بە ئەنجامدانی کودەتا تۆمەتبار بکرێن کە پێچەوانەی هەموو بنەما و فەلسەفەکانیانە.

    ج. مامۆستا فەتحولا گولەن و بزاڤی خزمەت هیچ کاتێک پێویستیان بە ڕێگەیەکی نەخوازراوی وەک ئەنجامدانی کودەتا نابێت. گەورەترین چەکی ئەوان بریتییە لە خۆشەویستی و لێبوردەیی و میهرەبانی و ڕێزگرتن لە مرۆڤ. بزاڤی خزمەت هەم لە تورکیادا و هەم لە تەواوی جیهاندا لەم ڕێگەیەوە لە دڵی مرۆڤەکاندا جێگەی خۆیان کردووەتەوە. لە کاتێکدا ئەم ڕێگەیە کاریگەرتر و بەهێزترە، بۆچی پێویستیان بە ڕێگەیەکی دیکە هەبێت کە نەخوازراو و نایاسایی و نادیموکراسی بێت.

    ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو کەسانەی بە ڕاستی کودەتاکەیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا دەستە پیسەکانی خۆیان لە کودەتاکەدا بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن و بزاڤی خزمەت بسڕن، زۆر پێویستیان بەم کودەتا ساختەیە هەبوو بۆ باشترکردنی هەلومەرجی سیاسی خۆیان. هەر لەبەر ئەوەشە کە ئێردۆغان ئەم هەوڵی کودەتایەی بە ‘لوتفی خودا’ ناوبرد. ڕۆژنامەنووسێکی بوێریش لەو بارەیەوە وتی “کودەتاکە زۆرترین سوودی بۆ کێ هەبووبێت ئەوە کردوویەتی”.

    لە ڕوانگەی گەواهی دانی ملیۆنان کەسەوە

  3. ئەنجامدانی کودەتا – هێندەی ئەوەی لە کودەتاکانی پێشترەوە تێگەیشتووین – ڕووداوێکی زۆر نهێنی و هەستیارە و بە هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی ئەنجام دەدرێت و زۆر زۆر مەترسی هەیە. لە ڕاستیدا شاهێدی و گەواهی دانەکانی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت زۆر بە نرخ و گرنگن. ڕووداوێکی گرنگی وەک کودەتا کە پێویستی بە ئامادەکارییەکی زۆر هەیە، هەروەک چۆن ناکرێت بێ ئاگاداری ئەوەندە مرۆڤ ئەنجام بدرێت بە هەمان شێوە ناکرێت بیر لەوە بکرێتەوە کە حکومەت لەو بابەتە ئاگادار نەبووە.

    بزاڤی خزمەت بزاڤێکە کە لە ساڵی ١٩٦٥ وە هەتا ئێستا بە مەبەستی ڕزگارکردنی ئیمانی ئەم نەوەیە کەوتووەڕێ و تەنها لە تورکیادا ملیۆنان کەس دڵوابەستەی ئەم خزمەتە بوون. واتە لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگە و دامەزراوە فەرمییەکاندا بوونی هەبووە. ملیۆنان کەس بەو کەسانەوە کەوا خزمەت دەکەن، ئەوانەی پشتیوانی دەکەن، ئەوانەی خزمەتیان خۆش دەوێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم خزمەتەدا بوون. هەندێک لەو کەسانە بە درێژایی چەندین ساڵ بەشدارییان لە وانە و وتارەکاندا کردووە، هەندێکیان لە خوێندنگە و بەشە ناوخۆییەکاندا بوون، هەندێکیان لە دامەزراوەکانی دیکەدا کاریان کردووە.

    ئێستا ئەگەر بێ هیچ زۆرلێکردنێک، هەڕەشەیەک، ئەشکەنجەدانێک ئەم پرسیارانەیان لێبکرێت:

    أ. “ئێوە چەندین ساڵە بە شێوەیەک لە شێوەکان لەناو ئەم بزاڤی خزمەتەدان، بەشداریتان لە وانە و وتارەکانی مامۆستا فەتحولا گولەندا کردووە، بەشداریتان لە وانە و کۆبوونەوەکانی بزاڤی خزمەتدا کردووە، ئایا هیچ کاتێک بیستووتانە کە باس لە توندوتیژی و وێرانکاری و پلانڕێژی بکرێت؟” بە دڵنیاییەوە وەڵامەکەیان “نەخێر” دەبێت.

    ب. بزاڤێکی وەک بزاڤی خزمەت کە زۆر بە توندی لە لایەن حکومەتەوە لەژێر چاودێریدا بوو، ئەگەر ئاگادارییەکی لەو شێوەیەی کردبێت بۆ ئەنجامدانی کودەتا، ئایا ئەوە بە نهێنی دەمایەوە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر. بە هیچ شێوەیەک بزاڤی خزمەت سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ کودەتا نەبوو، وە بە وتەی ئێردۆغانی خۆی بزاڤی خزمەت ‘کەوتە داوەکەوە’. خۆ ئەگەر هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە هەوڵی کودەتاکە ئاگاداربوونایە دەبوو شەوی کودەتاکە بڕژانایەتە سەر شەقامەکان و پشتیوانییان لە سوپا بکردبایە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئاگایان لە هیچ نەبوو، بە سەرسوڕمانەوە لە تەلەڤیزیۆنەوە تەماشای بارودۆخەکەیان دەکرد. هەروەک چۆن ئەو کەسانەی پلانڕێژییان بۆ ئەنجامدانی کودەتاکەیەکی دەستکرد کردبوو تەواوی ڕێکخراوەکانی خۆیان خستبووە ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەی بڕژێنە سەر شەقامەکان و هەڵبکوتنە سەر دامەزراوەکانی بزاڤی خزمەت.

    ج. درۆیەکی هەڵبەستراوی دیکە کە دەڵێن “بزاڤی خزمەت نا بەڵکو باڵی سەربازی بزاڤەکە ئەم کودەتایەی ئەنجامداوە” تەنها درۆیەکە کە هەرگیز نەتوانراوە بسەلمێندرێت و تەنها بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی بڵاوکراوەتەوە. بزاڤی خزمەت لە هەموو چین و توێژە جیاوازەکاندا کەسانێکی باش و نیشتیمانپەروەر و سوودبەخش بە کۆمەڵگەی پێگەیاندووە و ئەو کەسانەش لە هەموو پێگەیەکی ناو کۆمەڵگەدا کاریان کردووە. تۆمەتبارکردنی فەرمانبەران و کارمەندانی وڵات کە پابەندبوون بە دەستوور و یاساکان و نیشتیمان و میللەتی خۆیان خۆشویستووە، بە کارێک کە پێچەوانەی هەموو بنەماکانیانە، ستەمێکی ئێجگار گەورەیە. ئەگەر ئەو شتانەی بوختانچییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن ڕاست بووایە ئەوا ڕێگەیان دەدا یاسا بە بێلایەنانە کاری خۆی بکات و ڕاستییەکان ئاشکرا بکات.

    بەڵام ئەنجامدەرە ڕاستەقینەکانی ١٥ی تەموز ئەمڕۆ بە ڕوونی دەرکەوتووە کە ئاکەپە و هاوئامانجەکانی بوون و هەوڵ دەدەن بە هەموو شێوەیەک ڕای گشتی چەواشە بکەن و نایەنەوێت ڕاستییەکان ئاشکرا ببێت.

سەرەنجام دەتوانین بڵێین کە مامۆستا فەتحوڵا گولەن و بزاڤی خزمەت نە لە سەرەتا و نە لە کۆتاییشدا هیچ ئامانجێکی وەک گەیشتن بە دەسەڵاتیان نەبووە. بەڵکو ئامانجی سەرەکییان بریتییە لە خزمەتکردن بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی الله لەو ڕێگەیەوە. بزاڤێک کە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و سۆز و میهرەبانی درووست بووبێت، بە هیچ شێوەیەک ناکرێت پەنا بۆ کردەوەیەکی وەک کودەتا بەرێت کە ڕق و کینە لە نێوان مرۆڤەکاندا درووست دەکات. ملیۆنان کەس بێدەنگ- بێدەنگکراو شاهێدی لەسەر ئەوە دەدەن کە مامۆستا فەتحوڵا گولەن و بزاڤی خزمەت چەندین پرۆژەی مەزنیان بۆ خزمەت کردن بە مرۆڤایەتی و سوود گەیاندن بە کۆمەڵگەکان ئەنجامداوە و بە هەموو شێوەیەک بەرین لەو فیتنەیەی ١٥ی تەموز کە درووستکراوە. ئەو کەسانەی بوونەتە هۆی درووستبوونی فیتنەیەکی گەورەی وەک ١٥ی تەموز بۆ هەمیشە بە نەفرەتەوە یاد دەکرێنەوە.

 

http://www.samanyoluhaber.com/15-temmuz-darbe-fitnesi-haberi/1395365/

 

Show More
Back to top button