img.attachment-full.size-full.wp-post-image { display: none !important; }
گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

پەیامی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە

 

جەژنی قوربان، لە سەردەمی حەزرەتی ئیبراهیم و ئیسماعیلەوە هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، هەردەم وەک سیمبوڵی قارەمانێتی، فیداکاری، لەخۆبوردوویی و خۆڕادەستکردن بە خودای لێهاتووە. جەژنی قوربان بە دەنگی زوڵاڵی تەکبیرەوە دێت و دەبێتە وەلوەلەیەکی ئاسمانی و لە هەموو لایەکەوە سەدا دەداتەوە.

لە جەژنی قورباندا ماڵەکان، کۆڵانەکان، مزگەوتەکان، شاخەکان و داروبەرد دێنە لەرزین و ناڵەیان لێ بەرز دەبێتەوە. لە تافی ئەم کاتە پیرۆزانەدا، هەموو کەس و شت و شوێنێکان دێنە گۆ و قسە دەکەن. عەرەفات چەشنی مەیدانی مەحشەر دەکوڵێت و قوڵپە دەدات، چەشنی مەیدانی لێپرسینەوە هەناسەی ترس و هیوای لێ بەرز دەبێتەوە. موزدەلیفە و میناش، بە پەلەپەل و هەوڵی خۆ گەیاندنە جێی حاجییان لورەی دێت. کەعبەش وەک دڵی ئەو کەسانە لێدەدات کەوا بە حەسرەتەوە سووتاون و تینووی لێخۆشبوونی جەنابی حەق دەکەن. ئەو شەیتانانەش کەوا کەڕەنای فیتنە و فەساد و دووبەرەکین، بە ئیستیعازەوە بەردەباران دەکرێن و ڕاودەنرێن. تەواوی ئەم دەنگ و هەناسانەش چەشنی ناڵەی بەڕێزترینی بەندەکانی جەنابی حەق کەوا لە بەردەمیدا دەست لەسەر سنگ وەستاون بەرز دەبنەوە و خۆیان دەگەیەننە دەرگانە مەزنەکەی ئەو.

لە ئێستادا جەژن وەک ئەو ڕۆژانە نەماون کەوا تێیدا شاد دەبووین و دڵمان خۆش دەبوو، بەڵکو بوونەتە ڕۆژانێک کەوا بە تەواوی دڵمان تێیدا ناسک دەبنەوە. لەگەڵ بیستنی ناڵەی هەریەک لە ستەملێکراواندا خۆمان وەها دەدەین بە دەم گریانەوە، لە تەپڵی سەرمانەوە تا نوکی پێمان دەخوسێین. لە ئێستادا جەژن وەک گرنگترین هۆکاری دوعا، ڕووکردنە جەنابی حەق، هاریکاری ئەو برایانەی لە نێو ئاتاجیدا دەتلێنەوە، وەفا بەرانبەر ئەو هاوڕێیانەی بە ناحەق خراونەتە ناو زیندانەکانەوە، درێژکردنی دەستی یارمەتی بۆ ئەو برایانەی چاوەڕێی سڵاوێکی ئێمەن، لێهاتووە.

وێڕای تەواوی ئەمانە، لە کاتێکدا لە ناخی دڵمانەوە هەست بە دڵشکاوی بەرانبەر تەواوی ئەو زوڵم و ستەمە دەکەین کە ئەنجام دەدرێن، لە هەمان کاتدا بە خولیای گەشتن بەو ڕۆژە جوانانەی باوەڕمان پێیەتی، دڵنەوایی خۆمان دەکەین. لە ساتێکدا کەوا چاوەکانمان چەشنی هەوری بەهار ئەشکیان لێ دەبارێن، لە هەمان کاتدا چرۆکانی هیوا لە ناخمانەوە شکۆفە دەکەن و دەکرێنەوە. گەر لە زەمهەریریشدا بین، ئیمانمان بە لوتف و قودرەتی بێکۆتای ئەو وەهامان لێدەکات خۆمان بدەین بە دەم هیواکانی هاتنی بەهارەوە.

من لە سایەی متمانەم بە الله و دینەکەی، لەو باوەڕەدام کەوا زوڵمەکان کۆتاییان دێت، ستەملێکراو و غەدرلێکراوەکان سەرلەنوێ بە خۆشی و شادیی جەژنەوە سەرلەنوێ دەستلەملانی یەکتر دەبنەوە.

داوا لە جەنابی حەق دەکەم کەوا هەرچی زووە بەو جەژنە ڕاستەقینانەمان بگەیەنێت کەوا ئەم جوانییانەیان تێدا دەبینین، چیدی ئەو دڵە خەمبارانە لە چاوەڕوانیدا نەهێڵێتەوە کەوا چاویان لە ئاسمان بڕیوە و چاوەڕێی هاتنی یارمەتی و سەرکەوتنی ئەو دەکەن.

 

م.فەتحوڵڵا گولەن

Show More
Back to top button