img.attachment-full.size-full.wp-post-image { display: none !important; }
بیروڕا

شکارییەکی مۆدێرنێتە و بزاڤی خزمەت

عیسمەت ماجد لە گۆڤاری چاڵەیان

لەگەڵ گۆڕانکاری نێو سەردەمەکاندا، کێشەی مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکانیش جۆراوجۆتر دەبن. سەردەمی مۆدێرنێتە، لەگەڵ ئەوەی تواناکانی زیاتر کردووە و ژیانی ڕۆژانەی ئاسانتر کردووە، لەلایەکی ترەوە چەندین کێشەی تایبەت بە خۆی بەرهەمهێناوە.

ئەگەرچی وشەگەلێکی وەک مۆدێرنبوون، ژیان بە گوێرەی سەردەم، مۆدێرنیزم زۆر خۆش دێنە گوێ، بەڵام سیستەمێکە لەسەر بنەمای فەرامۆشکردنی ڕۆح و مێتافیزیکەکەی دامەزرێنراوە، کۆڵەوارترە لەوەی وەڵامی تەواوی ئاتاجیەکانی مرۆڤ بداتەوە.

 

ئەگەرچی چەمکی مۆدێرنیتە یان مۆدێرنیزم وەک ناوێک بەکاردەهێنرێت بۆ قۆناغێکی مێژوویی و تەوژمێک، بەڵام پێناسە و پێکهاتەکانی ڕوون نین، هەربۆیە چەمکەکە چەشنی ڕەهەندە مۆدێرنەکانی تر پێناسەیەکی یەکلاکەرەوەی وەهای نیە کەوا هیچ کەسێک پەڵپی پێنەگرێت و قبوڵی بکات، ئیدی هەر تاکە بە گوێرەی دونیابینیەکەی خۆی وێنای دەکات. وشەی “مۆدێرن” کەوا لە وشەی لاتینی “مۆدێرنوس”ی لاتینییەوە سەرچاوەی گرتووە، بە گوێرەی هابەرماس ئەم وشەیەک وەک چەمکێک لە مێژوودا بۆ یەکەم جار لە سەدەی پێنجهەمی دوای زاییندا بەکارهێنراوە، ئەویش ئەو کاتەیە کەوا مەسیحیەت باڵادەست بووە، ئیمبراتۆریەتی ڕۆما دەستی لە بتپەرستی هەڵگرتووە.

هەوێنی مۆدێرنێتە کەوا ئاماژەیە بۆ جیابوونەوە لەوەی پێی دەڵێن کەلتور(دابونەریت)، ئەقڵگەرایی یان ڕاسیۆنالیتەیە. ڕاسیۆنالیتە کەوا ڕەگەکانی بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری یۆنان دەگەڕێتەوە، لەگەڵ چەمکەکانی ڕۆنەسانس، ڕیفۆرم، دۆزینەوە زانستیەکان، دۆزینەوە جوگرافیەکان و ڕۆشنگەری بە شێوەیەکی گشتی بە هەند وەرگیراوە و سەرلەنوێ سەردەمێکی نوێ لەسەر ئەم چەمکە دامەزرێنراوە. بابەتی پێشکەوتنی زانست بەم ڕادەیەی ئێستا و دروستکردنی شارستانیەتێک لە سایەوە، واقعێک نیە کەوا بە بچوک تەماشای بکەین. ئەو یاسا و بنەما گشتییانە کەوا خودا بە گەورەیی خۆی لە بووندا دایناون، لە سایەی زانستە مۆدێرنەکان و ئەقڵەوە دۆزراونەتەوە، هەریەک لەم خشتانەش ڕێگەی مەدەنیەتیان ڕەنگڕێژ کردووە. هەربۆیە ئەم سەرکەوتنانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەقڵ پیرۆز بکرێت و، پێشگریمانەی ئەوە بهێنێتە کایەوە کەوا دەتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات.

 

تیۆدۆر ئەدۆرنۆ(١٩٠٣-١٩٦٩) کەوا لە بیرمەندە پێشڕەوەکانی خوێندنگەی فرانکفورتە، یەکێکە لەو کەسانەی بە شێوەیەکی زۆر بنەمادار ڕەخنەی لە مۆدێرنیزمە گرتووە، سەبارەت بەوەی ئەقڵ بەم ڕادەیەی ئێستا بهێنرێتەوە پێشەوە و وەحی و دین وەک نەبوو ئەژمار بکرێن دەڵێت:” ئەگەرچی ڕۆحانیەتی لەشیرازە دەرچووی چاخەکانی ناوەڕاست لە ڕێگەی ئەقڵەوە تێپەڕێندراوە، بەڵام باڵا ڕاگرتنی ئەقڵ بەم ڕادەیە، مرۆڤێکی باربارتری دروستکردووە کەوا لە سروشت و هەستەکانی دابڕێنراوە. لە شیرازە دەرچوونی ئەقڵیش کەپیتالیزمی لە سیستەمی بەرهەمهێنان، فاشیزم لە بەریانی سیاسەت، پۆزتیڤیزم لە بەریانی زانستی، لە بەریانی بەکاربردنیشدا سیستەمێکی وابەستە بە کەلتوری عەوامی بەکارهێناوە کەوا بێباکانە شتەکان بەکاردەهێنێت و خودی خۆیشی لەناو دەبات”.[1]

 

مۆدێرنیتە؛ وەحی، دینەکان و مێتافیزیکی وەک نەبوو ئەژمار کردووە، ئەو زانیاریانەی لە ڕێگەی وەحییەوە بەدەستهێنراوەن و ئەو چاکسازی و پێشهاتانەی لە ژێر کاریگەری دینەکاندا ڕوویداوە، بێ ئەوەی سەیری بنەماکانیان بکات هەموویانی لە بناغەوە ڕەتکردۆتەوە. هەندێک لە ئەقڵگەراکانیش دینیان وەک قەفەسێکی ئاسنین لە قەڵەمداوە کەوا هزری مرۆڤی تێئاخنراوە. لەم ڕوانگەیەشەوە مۆدێرنێتە بوون وەک ئەوەی وەک دابڕان و ئەقڵگەرایی پێناسە کراوە، لە هەمان کاتدا وەک سێکولاریزم و عەلمانیەت(لەییک بوون) بینراوە.

مۆدێرنێتە، لە فەرمانڕەوایی ئەقڵدا نکوڵی لە دڵ و مەعنەویاتی مرۆڤ کردووە، ئەقڵیشی بۆ ئاستی چاو و شتە بینراوەکان دابەزاندووە. مۆدێرنیزم کەوا پۆزتڤیزمیشی-کورتکردنەوەی زانست لە شتە ماددیەکاندا-لەسەر بونیاتنراوە، جەنگی بەرانبەر تەواوی واقیعە دینەیەکان بەرپا کردووە. ئیدی ڕۆشنگەری ئیرادەی لە خودا سەندەوە(!) دایە دەستی ئەقڵی مرۆڤ، بە دەربڕینێکی تر، بابەتە کۆمەڵایەتیەکانی لە شوێنێکی باڵاوە داگرتە ئاستی زەمینی و دونیایی.

لەم ڕوانگەیەشەوە(وەک ئەوەی لە نمونەی تورکیادا دەیبینین) ئەقڵ وەک ناوئاخنی ئەقڵگەرایی زانستی لێکراوە؛ جگە لە ئەقڵگەرایی زانستی تەواوی ئەقڵگەراییەکانی تر بە دژی ئەقڵ ئەژمار کراون، دینیش وەک بەریانی دەرەوەی زانست بە کارێکی ئەقڵی ئەژمار نەکراوە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەوەی وەهای کرد پۆزتڤیزم بەم ڕادەیەی ئێستا دین لە ژیان بکاتە دەرەوە و کاریگەری نەهێڵێت، هەروەها خۆی بەم ڕادەیە گۆڕانکاری پارادیگمی ڕەگئاژوو  بهێنێتە ئاراوە، بریتیە لەو تەوژمە سکۆلاستیەی[2] مەسیحیەت لە چاخەکانی ناوەڕاستدا پەیڕەوی لێ دەکرد. زانست لەو سەردەمەدا زیندانی چەکمەجەکانی کڵێسە کرابوو. کاتێک تۆڕی ئەم دینە لەشیرازە دەرکراوە شکستی خوارد کەوا لەسەر بنەمای “پیرۆزێتی” هەڵچنرابوو، ئەوروپا لە سایەی زانستە مۆدێرنەکانەوە دوورییەکی زۆر جددی بڕی، بە دەربڕینەکەی ئوستاد نەجیب فازڵ، ماددەیان وەک پەمووی بەردەمی هەلاج شیکردەوە، بەڵام شارستانیەتێکیان دامەزراند کەوا لە ڕووی مەعنەوییەوە کەموکورتی هەبوو.

مۆدێرنێتە، پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی وەهای دروستکردووە، کەوا پشتی بە ئازادی بێسنوری تاکەکان بەستووە. ئیدی بە گوێرەی مۆدێرنێتە: دین بریتیە لە سنوردارکردنی ئەقڵ و کۆمەڵە دۆگمایەک کەوا زیندانی بەریانێکی دیاریکراوی دەکەن، ئەقڵیش بۆ شاباڵگرتنی پێش هەموو شتێک پێویستی بە ڕزگاربوون لەم قەفەسە هەیە. باشە، ئایا ئەو سیستەمەی کەوا ئازادی بێسنووری بە مرۆڤ داوە و بە پاساوی “دۆگمابوون” مرۆڤی لە مەعنەویەت دوورخستۆتەوە، مرۆڤەکانی زیاتر دڵخۆشکردووە و ئاسوودەی زیاتری بە کۆمەڵگاکان داوە؟ ئایا مرۆڤایەتی کەوا لە ئێستادا لەگەڵ ڕەگەکانی خۆی پەیوەندی پچڕاوە، دەتوانێت بە هیواوە سەیری داهاتووی بکات؟

مرۆڤ پێکهاتەیەکی دەروونی و ئەقڵی و ئەخلاقییە. ئەو سیستەمە زانیاریەی کەوا دەتوانێت پێشڕەوی مرۆڤ بکات، دەبێت گەمارۆی تەواوی ڕەهەندەکانی بدات، تەنیا بە ئاوەدانکردنەوەی دونیا ماددیەکەی دەستهەڵنەگرن، لە هەمان کاتدا دونیا مەعنەویەکەشی ڕۆشن بکەنەوە. یەکێکی تر لە ڕەهەندەکانی مرۆڤ بریتیە لەوەی کە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. لەم سۆنگەیەشەوە، تاک پێویستی بە کۆمەڵە یاسایەک هەیە کەوا بتوانێت لە ڕێگەیانەوە پەیوەندیەکی تەندروست لەگەڵ تاکەکانی تری کۆمەڵگا دروست بکات. مرۆڤ وەک ئەوەی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، لە هەمان کاتدا بوونەوەرێکی دینی و ئەخلاقیشە؛ هەربۆیە ئەو سیستەمە زانیاریەی کە دەبێت ڕابەرایەتی بکات، دەبێت لە هەمان کاتدا لایەنی ئەخلاقی و مەعنەویەتیشی گەمارۆ دابێت.

ئەگەرچی مۆدێرنێتە زۆر دەستکەوتی بۆ مرۆڤایەتی هێناوە، بەڵام ئەو ئاسوودەییەی بەڵێنی پێدەدا فەراهەمی نەکردووە. گرنگترین هۆکاری ئەمەش بریتیە لەوەی کەشوهەوای ئامێزگرەوانەی دین ڕەد دەکاتەوە، وەها گومان دەبات کەوا ئەقڵ(زانست) دەتوانێت هەموو کێشەکانی مرۆڤ/کۆمەڵگا چارەسەر بکات، مرۆڤ وەک یەک پێکهاتە وەرناگرێت.

لەم خاڵەدا دەتوانین بڵێین هیچ چارەسەرێک سەر ناگرێت کەوا حساب بۆ دین و دابونەریتی مرۆڤایەتی نەکات. لەم حاڵەتدا چارەسەر؛ لە بەریانی مەعریفەناسیدا، بریتیە لەوەی دین و کەلتور بە بنەما وەربگیرێن و مۆدێلی بەرهەمهێنان و پراکتیزەکردنی زانیاری لەگەڵ سەردەمدا گونجاو بێت، شێوازی زانستیانە بۆ ڕاڤەکردنی بابەتەکان بەکاربهێنرێت؛ لە بەریانی کۆمەڵایەتیشدا، پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی نوێ بونیات بنرێت کەوا سەرلەنوێ واقیعی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگرێت و دین بهێنێتە ناو ژیانەوە؛ لە بەریانی دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنیشدا، دامەزراوەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی وەها بونیاد بنرێت کەوا ئیلهامی لە دین و مێژوەوە وەرگرتبێت، فۆرم و ناوەڕۆکەکەی پشت لە پرەنسیپە دینیەکان هەڵنەکەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا سەردەمەکە و دونیای مۆدێرنیش بە دوێنراوی خۆی وەربگرێت.  

 

**

ئەو پردەی لە نێوان مۆدێرنیتە و دابونەریتدایە: بزاڤی خزمەت

دەشێت ئەوە بڵێین کەوا بزاڤی خزمەت لەم کارەیدا سەرکەوتوو بووە، لایەنی کەم مۆدێلێکی خستۆتە ڕوو لە پەیڕەوکردنیشیدا مەودایەکی زۆری بڕیوە. لە بابەتی ئەو ڕەخنانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان و ئەو چارەسەرانەی خزمەت خستوونیەتە ڕوو، گومان لەوەدا نیە کە دەشێت لە زۆر ڕوەوە بەهەند وەربگیرێن و چەندین کتێبیان لەسەر بنوسرێت.

ئەنەس ئەرگەنە لە کتێبی “گەواهی دابونەریت لەسەر سەردەمی مۆدێرنە”، لە بەرانبەر ئەو تێڕوانینانەی کە پێیان وەهایە خزمەت تەنیا بزاڤێکی دینییە، پۆلێنێکی زۆر بەهێز دەخاتە ڕوو:” کاتێک لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و دینیەکەی خزمەت دەڕوانین، ئەوەمان بۆ دەرەکەوێت کەوا لە ڕاستیدا لە پاڵ ناسنامە دینییە زانراوەکەی خزمەت، ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی-کەلتوریشی هەیە شاگوتارێکیشی هەیە. بێگومان بزاڤەکە ناسنامەیەکی دینی هەیە، بەڵام گەر لەو تایبەتمەندیانە بڕوانین کەوا لە جوگرافیا جیاوازەکانی دونیا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدەستیهێناوە، ئەوەی تێدا بەدی دەکەین کەوا خاوەنی ناسنامەیەکی فراوانی کۆمەڵایەتی-کەلتورییە و دیدگای خۆیشی هەیە.

تورکەکان لە دوای گەشتنیان بە ئیسلام، تێڕوانینێکی مرۆییانە و نەرمونیانانەیان لەسەر ئەم خاکانە جێبەجێ کرد. لە ڕاستیشدا سەرچاوەی مێژوویی پڕۆژەی دیالۆگ و لێبوردەیی کەوا لەلایەن خزمەتەوە خراوەتە ڕوو، لەسەر بنەمای سێنتێزی”ڕێز لە مرۆڤ و بەدیهێنراوەکان” هەڵچنراوە کەوا لەلایەن یەکەم بزاڤی موسوڵمانی سۆفیگەری ناوچەی ئەنەدۆڵوەوە خراوەتە ڕوو. بێگومان ڕەوتی سۆفیگەری، هەتا سەردەمە یەکەمینەکانی ئیسلام درێژبوونەوەی هەیە، لە سەردەمە جیاوازەکان و هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتیە جیاوازەکاندا، چەندین دامەزراوەی جیاوازی بەرهەمهێناوە، بزاڤێکی دێرین و فراوانە. بەڵام ئەو ڕاڤەیەی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن لەم بابەتەدا خستوویەتە ڕوو، زیاتر گونجاوە لەگەڵ ئەو قوماشە کۆمەڵایەتیەی کەوا هەزاران ساڵە لەم خاکانەدا ڕەنگڕێژ دەکرێت.

بزاڤی خزمەت؛ بە دینامیکە ناوەکی و مەعنەویەکانیەوە” سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ڕەوتی سۆفیگەرییە بە شێوەیەک کەوا لەگەڵ هەلومەرجی کۆمەڵایەتی سەردەمدا گونجاو بێت”.[3]

 

بزاڤی خزمەت کەوا ورەی خۆی لە دینەوە وەرگرتووە، کاتێک دەبینین بێ چوونە دەرەوەی سیستەمی یاسا و وێڕای ئەو هەموو زوڵمەی لێی دەکرێت لە چالاکیەکانی خۆی بەردەوامە، دەشێت ببێتە مۆدێلێک بۆ جیهانی ئیسلام کەوا لە نێوان کەلتور و مۆدێرنێتەدا گیری خواردووە. تەنانەت دەشێت ببێتە نمونەیەک بۆ دینەکانی تریش کەوا دینیان لە ژیانی کۆمەڵایەتی دابڕیوە و چارەسەرێکیشیان بۆ نادۆزرێتەوە. بزاڤی خزمەت لە ڕوانگەی ئەو سەرچاوانەی هەیەتی بە شێوەیەکی توندوتۆڵ وابەستەی کەلتوری خۆیەتی، بەڵام توانیوێتی بە گوێرەی پێشهاتە مۆدێرنەکانیش هەنگاو هەڵبگرێت، بتوانێت ئەو سەردەمە بخوێنێتەوە کەوا تێیدا گۆش بووە، پاشان لە ڕێگەی چاودێریکردنی پێشکەوتنە زانستیەکانەوە توانیوێتی مۆدێلێکی تایبەت بە خۆی پێشکەش بکات. کاتێک لە خوێندنگەکانی، تێڕوانینی بۆ ڕێنوێنیکردن، کەلتوری دیالۆگ، مێدیاکەیی و پشوودرێژترین دەزگای ڕاگەیاندنی خزمەت کە گۆڤاری سزنتییە(لە ئێستادا ناوی چاغڵەیانە) دەڕوانین، زۆر بە ڕوونی ئەوەیان تێدا بەدی دەکەین کە دین و زانست، کەلتور و مۆدێرنێە وەک دوو ڕووی یەک دراو شانیان بە شانی یەکەوە ناوە. سەرکەوتنەکانی خزمەت لە ئۆڵمپیاتە زانستیەکاندا نمونەیەکی سەرکەوتووی تێهەڵکێشی نێوان کەلتور و مۆدێرنێتە، دین و زانستە.

 

خزمەت کەوا بە “بزاڤی دڵان”یش ناو دەبرێت، کاتێک وەک کوڕی سەردەمەکەی(ابن الزمان) کاریگەریەکانی ڕوویان لە زیادبوون کرد، موسوڵمانگەلێک کەوا سوودیان لە توراس وەردەگرت و نەیاندەتوانی بە گوێرەی سەردەمەکەی خۆیان هەنگاو هەڵبگرن دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن لێی، تاوانباریان کرد بەوەی کە زۆر سێکولارانە مامەڵە دەکات، تەنانەت تۆمەتی دەرچوونیان لە دین بۆ هەڵبەست. هەر هەمان بزاڤی خزمەت بە هۆی ئەوەی زۆر پشت بە سەرچاوە ئیسلامیەکان دەبەستێت، دامەزرێنەرەکەشی ئیمام و پەروەردەکراوێکی حوجرە کلاسیکیەکانەی سەردەمی دێرینە، لەلایەن چینی سێکولارەوە ڕەخنەی” دەیانەوێت شەریعەت بهێننەوە بۆ وڵات”،  وەک دیندارێکی توندڕەو بینویانە. پاشگرەکانی “ئیزم”[4] کەوا چەشنی کراسەکانی بەری شێت لەبەری خەڵکی وڵاتەکەمان کرابوو، هەردەم مرۆڤەکانیان لە نێوان توندڕەوی و کەمتەرخەمیدا پەلکێش دەکرد، بەڵام بزاڤی خزمەت نێوەندەکەیانی گرت کەوا ماقوڵترینیان بوو. هەربۆیە سەرکەوتوو بوو لەوەی چەندین گروپی ڕیزپەڕ پێکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆی پلاتفۆرمی ئەبانت لە چواردەوری خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان کۆبکاتەوە کەوا چەندین ساڵ بە چاوی دوژمنەوە سەیری یەکیان کردبوو، لە ڕوانگەی بونیادنانی داهاتوویەکی گەشەوە وەک هیوای هەموو لایەکی لێهاتبوو. گومان لەوەشدا نیە کەوا بناغەی سەرکەوتنی لەم کارەدا وەک ئەوەی بۆ بە بناغەکردنی سەرچاوە دینیەکان دەگەڕێتەوە، لە هەمان کاتدا بۆ ئەو لێوەشاوەیەتیە دەگەڕێتەوە کەوا لە هەنگاوهەڵگرتن بە گوێرەی داخوازیەکانی سەردەمی مۆدێرن هەیەتی. چونکە خزمەت هەریەک لە زانستە دینیەکان کەوا ڕۆشنکەرەوەی ویژدانن لەگەڵ زانستە مۆدێرنەکان کەوا ڕۆشنکەرەوەی ئەقڵن تێهەڵکێش کردووە، وەک دامەزراوەیەکیشی لێکردوون کە  هەوێنی خۆشەویستی و لێبوردەییان هەیە، بەم هۆیەوە شێوازێکی بێهاوتای هێناوەتە ئاراوە.

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنیش هەردەم سەرنجی بۆ پەیوەندی نزیکی نێوان زانست و دین ڕاکێشاوە و شێوازی گشتی جوڵەی خزمەت و ڕەوتی خزمەتەکەی لە ڕێگەی ئەم چەند پەڕەگرافەوە دیاری کردووە:

 

 لایەکی خۆشەویستی حەقیقەت زانستە و لایەکەی تریشی دین پێکیدەهێنێت. بەڵێ، مرۆڤ لەلایەکەوە لە ڕێگەی ئیدراک و شعوریەوە بە دوای دۆزینەوە و دیاریکردنی حەقیقەتی ئەو پەیوەندی و بایەخەیە کەوا لە نێوان بوونەوەراندا هەیە، لەلایەکی ترەوە پیشاندانی هەڵوێست بەرانبەر ئەم حەقیقەتە جێگەی باسە. یەکەم خاڵی سەرەوە لە ڕێگەی زانستەوە فەراهەم دەبێت کەوا سەرچاوە دینیەکانیشی لەخۆگرتبێت. دووهەم خاڵیش دین دیاری دەکات. هەر زانستێک لە بناغەوە عەشق و تامەزرۆیی بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت و شیکاری و ڕوونکردنەوەی نەبێت، زانستێکی کوێرە و ڕوونکردنەوەکانیشی(تثبیت) لە لێکدژی بەدەر نابێت”.

بەڵێ، لەبەرچی دین و زانست شان بە شانی یەکەوە نەنێن و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سەردەم هەڵنەگرن؟ بزاڤی خزمەت لە ڕێگەی شوێنکەوتنی پێشکەوتنە زانستیەکانی سەردەمەوە توانیوێتی نمونەیەک لە خودی خۆیدا پێشکەش بکات، نەک تەنیا لە ڕووی نەزەرییەوە بەڵکو لە ڕووی پراتیک و پڕۆژە کۆمەڵایەتیەکانیەوە توانیوێتی چارەسەر بۆ ئەو خاڵانە دیاری بکات کەوا ڕەخنەی سەر مۆدێرنێتەن، هەوڵی کۆششی بۆ بونیاتنانی “دونیایەکی نوێ”یە کەوا بەها مرۆییەکانی وەک ناوەندی خۆی وەرگرتبێت.

بە هیوای ئەوەی مرۆڤایەتی یەکێتی نێوان ئەقڵ و دڵ بەدەستبهێنێت و بەم شێوەیە بەرەو ئاسۆکانی ڕۆحی بڕوات…

   

      

  

[1] کتێبی ڕەخنەی فرەلایەنەی مۆدێرنیتە و خوێندنگەی فرانکفورت، سەڤرا فرنجیئۆغلو

سکۆلاستیک بریتی بوو لەو تێڕوانینەی کەنیسەی چاخەکانی ناوەڕاست کە هەوڵی دەدا دونیابینیەکەی ئەڕستۆ تالیس موتوربە بە باوەڕی مەسیحیەت و کەنیسە بکات[2]

[3] ئەنەس ئەرگەنە، گەواهی کەلتور لەسەر سەردەمی مۆدێرنە

[4] پاشگری ئیزم بۆ تەواوی ڕەوتە جیاوازەکانی ناو تورکیا بەکاردێت وەک کۆمۆنیزم، سۆسیالیزم؛ نوسەریش لێرەدا مەبەستی تەواوی ئەو ڕەوتانەی کە دەچنە ژێر هەمان فۆرمەوە

Show More
Back to top button