img.attachment-full.size-full.wp-post-image { display: none !important; }
جیهانی

ژیانی بە خۆحەشاردراوی و کۆستەکان

نووسینێکی بە خامەی مامۆستا ئەرتوغرول ئینجەکول

مرۆڤە نەخۆشەکان بەرهەمی کەلتورێکی نەخۆشن. مرۆڤی تەندرووستیش تەنها لە کەلتورێکی تەندرووستدا پێدەگەن. (ئابراهام ماسلۆو)

 

ژیان بە شێوەیەک کە خۆت حەشار بدەیت کۆستێکی زۆر گەورەیە. ئەو منداڵانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە یاخود ئەو گرووپانەی ڕووبەڕووی فشار و توندوتیژی و سەرکەوتکردن دەبنەوە ناکرێت تووشەی صەدمە و کۆستێکی گەورە نەبن. دەمەوێت لایەنی دەروونی بابەتەکە ئاراستەی پسپۆڕانی دەروونی بکەم و هەندێک تێبینی سەبارەت بە لایەنە کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسییەکانی ئەو بابەتە بدەم.

ئەوەی لە سەردەمانی پێشوودا لە تورکیادا بەرامبەر بە کوردەکان، ئەرمەنییەکان، عەلەوییەکان و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی دیکە کراوە و لە ئەمڕۆدا بەرامبەر بە بزاڤی خزمەت دەکرێت نموونەگەلێکن لە کۆستە گشتییەکان. ئەوەی لە جیهانیشدا بەرامبەر بە ڕەشپێست و گولەکان و جولەکەکان کراوە لەو نموونانەدا جێیان دەبێتەوە. لە ڕێگەی ناوزڕاندن و شێواندنی بیرکردنەوەی کۆمەڵگاوە ئەو پێکهاتانە وەک شەیتان دەناسێندرێن. هەوڵ دەدرێت وەک بوونەوەرێکی جیاواز لە مرۆڤ پیشان بدرێن کە پێی دەوترێت (Dehumanizing) و هەوڵ دەدرێت بێ ئەرزشیان بکەن. وەک دوژمنی سەرەکی کۆمەڵگە و بکەرەی سەرجەم خراپە و تاوانەکان پیشان دەدرێن. وەک دەزانن لە سەردەمی هۆڵۆکۆستیشدا بە ڕابەرایەتی فیکری “گۆیبڵ” بەو شێوەیە سەر لە کۆمەڵگە شێوێندرا و بە تێپەڕبوونی کات ئەو درۆ و چەواشەکارییە بۆ سیاسەتەی حوکمڕانی دەسەڵات.

ئەو پرسیارەی لە بنەڕەتدا پێویستە لێکۆڵینەوەی لێبکرێت بریتییە لە: ئەم ڕووداوە کۆمەڵکوژی و پەراوێزخستنی کۆمەڵێک و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی دەستەیەک هەر لە مێژەوە هەبووە، مێژووی مرۆڤایەتی چەندین ستەمکار و خوێنڕێژ و سەرکردەی دیکتاتۆری بەخۆوە بینیوە کە خوێن بەرچاوی گرتوون. بەڵام لە کاتێکدا ئەو ڕووداوانە ڕوودەدەن ئێمە ستەملێکراوان پێویستە چ هەڵوێستێکمان هەبێت بەرامبەر ئەو بێویژدانییەی ڕوودەدەن؟ ئایا ئەمە لەدەستی ئێمەدایە؟

ژیان بریتییە لە کۆمەڵەیەک لە بژاردەکان. تێڕوانین بۆ ژیان و دید و بۆچوونمان ڕەنگ و تۆنی ژیان دیاری دەکەن. هەندێک جار مرۆڤ لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ژیاندا هیچ چارەسەرێکی پێنامێنێت، لێدەگەڕێت چۆن دەبێت با ببێت، دەڵێت ئیتر من ماندوو بووم. بەڵام پەروەردگار ئێمە بۆ خۆمان بەجێناهێڵێت. هەمیشە ئاماژەمان پێدەگات کە ڕۆژی ڕووناک و بەهار لە ڕێگەن. ئاسودەییەک دەگات بە دڵەکانمان کە پێمان دەڵێت سەرلەنوێ دەست بە هەموو شتەکان بکەنەوە و سەرلەنوێ دەست بە ژیان بکەنەوە. وە لەو کاتەشدا ئەرکی سەرشانی ئێمە بریتیی دەبێت لە وەرگرتنی ئەو پەیامە و سەرلەنوێ دەست کردنەوە بە ژیان بە شوێنپێهەڵگرتنی باشییەکان و ویژدانمان. بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ژیانمان لێ تاڵ بکەن و ڕووکردنە ئەو کەسەی ژیانی پێ بەخشیوین هەوڵێکی زۆری دەوێت. ئێمە بژاردەمان خراوەتە بەردەم کە ئایا لەگەڵ باشەکان دەبین یاخود لەگەڵ خراپەکان. مرۆڤ ئەگەر هەستی بەزەیی و ئازار لەدەست بدات ئەوا هیچ شتێکی مرۆڤایەتی تێدا نامێنێت.

ترس و فشاری توند کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ بەرهەم دەهێنێت. چەندین نموونەی وەک فشاری حکومەت، فشاری کۆمەڵایەتی و فشاری خێزانی هەن. هەرچەندە فشاری کۆمەڵایەتی لە ئێستادا کاریگەری کەمترە بەڵام هێشتا بێدەنگی بژاردەیەکە و خەڵکی لەم سەردەمی ترس و تۆقاندنەدا ڕەنگە پیتی یەکەمی ناوەکانیان یاخود هێمایەک لەبری ناوەکانیان بەکار بهێنن. ژیان بە خۆحەشاردان و هەڵهاتن لە خەڵکی ڕەنگە ببێتە هۆی دژبوون لەگەڵ ڕابردوو، نەگونجان لەگەڵ کۆمەڵگە، هەست کردن بەوەی کەسێکی پلیشاوەیت، هەست بە کەم کردن لە بەرامبەر چواردەوردا. بەشداری نەکردن لەو کۆڕ و کۆبوونەوانەی پێشتر بەشدار بوویت تێێدا، ناچاربوون بە شاردنەوەی ناسنامە و بیروبۆچوون، نەبوونی توانای دەربڕینی باوەڕ و بۆچوونەکان ئەنجامی نەرێنی و کارەساتباری دەبێت هەم بۆ خودی کەسەکە و هەم بۆ ئەندامانی خێزانەکەی. لە ئێستای تورکیادا ملیۆنان کەس خراونەتە ئەو بارودۆخەوە و ڕژێمێکی وەها تۆقێنەر و سەرکوتکەر درووستکراوە کە ناکرێت ئەو کەسانەی خراونەتە ئەو بارودۆخەوە تووشی صەدمە و کۆستی گەورە نەبن. تاوان و بەرپرسیارێتی ئەو ڕژێمەی وای لەو کەسانە کردووە زۆر گەورەیە. بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، وەک گوایدۆ لە فیلمی “ژیان جوانە” کە هەوڵی دەدا جەنگ و بەدیلگیرانیان و بەندکرانیان لە کەمپەکاندا وەک یارییەک پیشانی منداڵەکەی بدات و پێی دەوت کە ئەگەر منداڵێکی باش بێت ئەوا ئەو یارییەی حەزی لێیەتی بۆی دەکڕێت و بەوەش هەوڵی دەدا ئازارە ڕاستەقینەکانیان کەم بکاتەوە. بەو شێوەیە دەتوانرێت هەموو ئازار و ئاستەنگەکان تێبپەڕێندرێت. ئەو ئیکسیری ئیرادەیەی پەروەردگار بە مرۆڤی بەخشیوە زۆر لەوە زیاترە کە پێشبینی دەکرێت و دەتوانێت بەسەر هەموو ئازار و ئاستەنگەکاندا زاڵ ببێت، تەنها ئەوەندە بەسە کە بەفیڕۆ نەدرێت، ئیرادە لە شوێنی بێسوودا بەفیڕۆ نەدرێت و مرۆڤ تووشی نائومێدی نەبێت.

بزاڤی خزمەت لە چەندین بواری جیاوازدا کار و چالاکی لە تورکیادا ئەنجامدا و سوودێکی زۆری گەیاند. لە ڕێگەی هەزاران خوێندنگە، هەزاران بەشە ناوخۆیی، هەزاران پەیمانگا، دەیان زانکۆ، دەیان نەخۆشخانە، ڕۆژنامە و تەلەڤیزیۆن و گۆڤارەکانەوە، لە ڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە خزمەتێکی زۆر بە بواری هۆشیار کردنەوەی خەڵک، ئابووری کەلتوری، پەروەردەیی و تەندرووستی لە تورکیادا کردووە. لە سەردەمی خۆیدا کەسانی ڕۆشنبیر لە هەموو چین و توێژە جیاوازەکاندا بە ستایشەوە باسیان لەو کار و چالاکیانە کردووە هەرچەندە ئێستا لە ترسا ناوێرن هیچ بڵێن.

بزاڤی خزمەت لە ١٧٠ وڵاتی جیهاندا لە بوارەکانی پەروەردە و کەلتوردا کار و چالاکی هەبووە و سوودێکی ئێجگار گەورەی بەو وڵاتانە گەیاندووە کە کاری تێدا کردووە و هەتا ئێستاش لە کار و چالاکییەکانی بەردەوامە. ئەو هاوسۆزانەی بزاڤی خزمەتیش کە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و بە تایبەت ئەوانەی وەک پەنابەر ڕوویان لە وڵاتانی دیموکراسی وەک ئەمریکا و کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپا کردووە، چەندین تاقیکردنەوەی تەواو جیاواز دێنە ڕێیان وەک: زمانێکی نوێ، کەلتورێکی نوێ، ژینگەیەکی جیاواز، هەوڵدان بۆ مانەوە لە ژیان، شێوازی ژیان و چەندین تاقیکردنەوەی تر. بە تایبەت لە دوای ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ وە و لە ماوەی ئەم ٦ ساڵەدا سەرەڕای هەموو ئەو ڕووداوە ناخهەژێنانە پێم وایە چەندین هەنگاوی زۆر گرنگ نراوە بۆ مانەوە لە ژیان و سەرلەنوێ دەستکردنەوە بە ژیان و هەوڵدان بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەی کۆچی بۆ کراوە. باوەڕم وایە کە لە ماوەی داهاتوودا چەندین هەواڵی زۆر خۆش لەو چوارچێوەیەدا دەبیستین.

ئێستا با دیسان ئەو پرسیارە بکەمەوە کە لە سەرەتادا کردم؛ چۆن هەڵوێستێک دەنوێنین لە بەرامبەر ئەو مرۆڤە بێبەزەیی و بێویژدانانەی تەنها لە پێناو بەرژوەندییەکانی خۆیاندا ژیانمانیان ژێراوژوور کرد؟ ئایا هیچ گۆڕانکارییەک دەکەین لە ڕێگە و ئامانج و بەها باڵاکانمان کە چەندین قورمانیمان لە پێناویدا داوە و هیچ گومانێکمان لە ڕاستی و درووستیدا نییە؟ بە شێوەیەکی بێوەفایانە ڕابردوومان دەسڕینەوە؟ یاخود گوێ لە ویژدانمان دەگرین و ئەقڵی دەستەجەمعیمان دەخەینەکار و پێکەوە کار دەکەین بۆ بەرزڕاگرتنی بیروباوەڕ و بەها باڵاکانمان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ستەمکارانەی بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن ئێمە بسڕنەوە؟

 

http://www.samanyoluhaber.com/m-ertugrul-incekul-kendini-gizleyerek-yasamak-ve-travmalar-haberi/1389015/

Show More
Back to top button