img.attachment-full.size-full.wp-post-image { display: none !important; }
وتار

چیرۆکی مامە ئاگۆپ پشتیوانی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە ئەرجەنتین

نوسینی: تاڵیب ئاستاریئۆغڵو

ساڵی ٢٠٠٧ بوو. یەکێک لە برا گەورەکانمان بەنیازی گەشتێکی درێژ بوو بە مەبەستی لە نزیکەوە چاودێری کردنی خزمەتەکان لە کیشوەری ئەمریکای لاتین. پێویستی بە کەسێک بوو کە لە گەشتەکەیدا یاوەری بکات و بە هۆی ئەوەی ڕێکەوتننامەیەک لە نێوان ڕێکخراوێک لە بۆینس ئایرس و ئەو شوێنەی من کارم تێدا دەکرد هەبوو، تکایان لە من کرد کە یاوەری ئەو برا گەورەیەمان بکەم و بەو شێوەیە یەکەم گەشتم بۆ ئەرجەنتین ئەنجامدا.

من تەنها لە بەشی بۆینس ئایرسی ئەو گەشتەدا بەشدار دەبووم و ماوەی ٣ یاخود ٤ ڕۆژ دەمامەوە. چەند هاوڕێیەک کە ژیانی خۆیان بە تاجی هیجرەت ڕازاندبووەوە پێشوازییان لێکردین. خوێندنگەیەک و ڕێکخراوێکمان لەپاڵ یەکدا لەوێ هەبوو. ئێوارە خوانێک لە ڕێکخراوەکە سازکرابوو، وە پێیان وتین لە خوانەکەدا چەند میوانێک ئامادە دەبن و ئەو ئێوارەیە سوپرایزێکی گەورە و دۆستایەتییەکی زۆر بەنرخ چاوەڕوانی ئێمەی دەکرد.

ئەو ئێوارەیە کاکە ئاگۆپم ناسی. هاوڕێیەکی دیکەش لەگەڵدا بوو. ئەوان چووبوونە تەمەنەوە بەڵام وەک بڵێی تەحەدای تەمەن دەکەن ڕێک ڕاوەستابوون. ناسینی دوو هاوڵاتی ئەرجەنتینی کە بە ڕەگەز ئەرمەنی بوون و عاشقی ناوچەی ئەنادۆڵ بوون و پێشتر لە تورکیادا ژیابوون بەڵام ساڵانێکی زۆر بەر لە ئێستا ناچاربوون تورکیا بەجێبهێڵن، ئەزموونێکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو. بە زمانێکی تورکی زۆر باش قسەیان دەکرد. ڕێک بۆنی خەڵکی ئەنادۆڵویان لێدەهات. کاکە ئاگۆپ لە کۆتایی ساڵانی چلەکاندا بە بێ خواستی خۆی ناچاربوو تورکیا بەجێبهێڵیت. بەڵام کاتێک دواتر ڕووداوەکانی ٦-٧ ی ئەیلول ڕوویاندا دەرکەوت کە ئەو جیابوونەوەیە بێ واتا نەبووە.

ئەو تووڕە بوو. هەر کە باسی ئەو ڕۆژگارە دەکرا هەر لە شێوازی دەموچاو و تۆنی دەنگییەوە هەست بە تووڕەییەکەی دەکرا. بەڵام هێندە کەسێکی بە ویژدان و ڕۆشنبیربوو کە دۆ و دۆشاو تێکەڵ نەکات. ئەگەر بەو شێوەیە نەبووایە، چۆن دەیتوانی سەرەڕای هەموو ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکانی ڕەوەندی ئەرمەنی لە ئەرجەنتین هاوکاری ئەو هاوڕێیانەی بکردایە بە مەبەستی خزمەتکردن بەرەو ئەرجەنتین هیجرەتیان کردبوو، وە ڕۆڵی “ئەنصار” ببینێت بۆ ئەو هاوڕێیانەمان کە هیجرەتیان کردبوو؟

لەنێو گفتوگۆکاندا بابەتی ڕووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ کرایەوە. چیرۆکی ئەو دوژمنایەتییە پڕ لە تراژیدییەی کە وەک بۆمبێکی ئەتۆمی کاریگەری لەسەر ساڵانی دوای بەجێدەهێشت. لەبیرمە کە کاکە ئاگۆپم وت “لە تورکیادا زۆر کەم نەتەوە هەن لە لایەن دەوڵەتەوە ستەمیان لێنەکرابێت، تەنانەت ئەندامە خانەدانەکانیش ساڵانێکی زۆر گەڕانەوە بۆ تورکیایان لێ قەدەغە کرابوو”.

ئەم وتانەی کەسێک کە لەو ڕۆژگارەدا خۆی بە بەشێکی سەرەکی لە وڵاتەکەی دەزانی، بە دڵنیاییەوە نەبووە مەرهەمێک بۆ سینەی سووتاوی کاکە ئاگۆپ. لەو ڕۆژگارە هیجرەت بۆ ئێمە کارێکی ئیرادی و بە خواستی خۆت بوو. دوای ساڵانێکی زۆر تێگەیشتین کە ناچاربوون بە هیجرەت کردن بە واتای چی دێت.

ئەو ڕۆژەی بڕیار بوو بگەڕێمەوە، خەزوری بەیتوڵا ئەفەندی میواندارییەکی زۆر ناوازەی بۆ ڕێکخستین و لە ڕێگەی دوورودرێژی گەڕانەوەمدا پلانم دادەنا بۆ ئەوەی زۆرترین کەس ببەین بۆ ئەو وڵاتە جوانە. پێویست بوو هەمووان مامە ئاگۆپ بناسن. جگە لەوە ئەرجەنتین خۆی لە خۆیدا شوێنێکی زۆر ناوازە بوو بۆ گەشتکردن، بەڵام پێویستبوو قەناعەت بە خەڵکی بکەم بۆ ئەو گەشتە دوور و گرانە.

لە کاتێکدا کە وەرزەکە لەباربوو گەشتێکمان بۆ ئەرجەنتین ڕێکخست و توانیمان قەناعەت بە ٢٠ کەس بکەین بێن لەگەڵمان. گەشتێکی پڕ زەحمەت و فڕینەکانی زۆر و دوورودرێژ بوو. بڕیار وابوو سەردانی تاڤگەی ئیگوازو پەتیت مۆرینۆ بکەین کە دووەم گەورەترین بەستەڵەکە لە جیهاندا.

ئەو شوێنەی بەستەڵەکەکەی لێبوو بە “ئێل فین دێل موندۆ” (کۆتایی دونیا) ناسراوبوو، وە کۆتای شوێنی سەر زەوی بوو کە مرۆڤ تێیدا دەژی. کاتێک تاڤگەی ئیگوازمان بینی یەکێک لەو هاوڕێیانەمان کە تاڤگەکانی نیاگارای بینیبوو دەیوت “نیگارا لەپاڵ ئەمەدا وەک بەلوعەیەک وایە”.

بەڵام من مامە ئاگۆپم لە چەقی ئەو گەشتەدا دانابوو، وە بەو شێوەیە ڕێکخستنەکانم کردبوو و ٢ ڕۆژمان بۆ بۆینس ئایرس تەرخان کردبوو. دوای میواندارییەکی زۆر ناوازە، مامە ئاگۆپ و هاوڕێکانی بە هەڵسوکەوتە ڕاستگۆ و دڵسۆزانەکانیان میوانەکانیان مەست کردبوو. هەموو شتێک وەک خەیاڵ بوو، هەمووان زۆر دڵخۆش بوون.

دواتر لەگەڵ هاوڕێیانمان مامە ئاگۆپ و هاوسەرەکەیمان بانگهێشت کرد بۆ تورکیا و ئەویش داواکەی پەسەندکردین و بڕیاریدا سەردانی تورکیا بکات. بە شێوەیەکی زۆر شاهانە پێشوازیمان لە مامە ئاگۆپ و هاوسەرەکەی کرد و بەرنامەمان بۆ یەک بە یەکی کاتژمێرەکانی گەشتەکەی دانا. هەمووان هەوڵیان دەدا بە جوانترین شێوە پێشوازی لێبکەن. لە ناوچەی کورتولوش ئوتێلمان بۆ دابین کرد کە زۆربەی خزمەکانی لەو ناوچەیە بوون.

ڕۆژی دواتر کاکە ئاگۆپ ویستی سەردانی ناوچەی ئەیوب بکەین لە ئەستەمبوڵ. کڵێسایەک لەوێ هەبوو کە خانەوادەکەی پابەندبوون پێیەوە. نازانم چۆن پێناسەی ئەو جۆش و خرۆشەی بکەم کە هەوڵی دەدا باسی بزاڤی خزمەت بۆ هەر کەسێک بکات کە دەیبینی. کاتێک چووە لای قەشەکانی کڵێساکە ئاماژەی بۆ ئێمە کرد و وتی “ئەمانە مرۆڤگەلێکی ناو بزاڤی خزمەتن. ئەگەر کێشە و شەڕێک لە ئارادا هەبێت ئەمانە چارەسەری دەکەن”. دواتر سەردانی مزگەوتی ئەیوب سوڵتانمان کرد. لە ڕێگەی گەڕانەوەدا بە گاڵتەوە وتی “با ئەوانەی ئێمە نەیبیستنەوە، خۆ هەر بە ڕاستی وەک موسوڵمانمان لێهاتووە”. سەردانی هەموو کەسوکارەکەی لە ئەستەمبوڵ کرد و یەک بە یەک منی بە هەموویان ناساند.

سەردانەکەی مامە ئاگۆپ بۆ ئەستەمبوڵ هاوکات بوو لەگەڵ ئەنجامدانی ئۆڵۆمپیاتەکانی زمانی تورکیا کە ساڵانە بە بەشداری سەدان خوێندکار لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهانەوە ڕێکدەخرا. لە دوای هەموو چالاکییەکانی ئۆڵمپیاتەکان مامە ئاگۆپم بانگهێشت کرد بۆ پێشکەشکردنی وتارێک. لە ڕاستیدا ئەو هەتا ئەو ڕۆژە تەنها خزمەتەکانی ئەرجەنتینی بینیبوو. ئەو شتانەی لەوێ دەیبینی هەمووی بۆ ئەو نوێ بوو. لە وتارەکەیدا وتی “من یەکێکم لەو کەسانەی ناوتان کە لە هەمووان زیاتر مامۆستا فەتحوڵا گولەنیان خۆش دەوێت. زۆر بە دەگمەن ئەو کاتژمێرە لە دەستم دەردەکەم کە ئەو بە دیاری بۆی ناردووم. بەڵام ئێستا شتێک دەڵێم با ئەو پێی ناخۆش نەبێت. ئەی مامۆستا فەتحوڵا ناکرێت تۆ هەموو ئەم کارانەت کردبێت، ئامانە شتانێکی زۆر گەورەن و تەنها خودا خۆی دەتوانێت ئەم کارانە بکات”.

مامە ئاگۆپ پێشتر داوەری یاری فوتبۆڵ بووە و دەتوانم شاهێدی ئەوە بدەم کە کۆتا حوکمی خۆی بۆ لایەنی حەقیقەت داوە. وە دەتوانم شاهێدی ئەوەی بۆ بدەم کە یەکێک بوو لە گرنگترین پشتیوانەکان لە مێژووی بزاڤی خزمەتدا. گۆڕەکەت پڕ بێت لە نور…

https://hizmetten.com/hizmet-gonullulerinin-arjantindeki-ensari-agop-amcanin-hikayesi/

Show More
Back to top button