img.attachment-full.size-full.wp-post-image { display: none !important; }
هەواڵ

بەها بنەڕەتییەکانی بزاڤی خزمەت بۆ ڕای گشتی ئاشکراکرا

ڕێکخراوی “هاوپەیمانی بەها هاوبەشەکان” (Alliance for Shared values)، کە بنکەی سەرەکی لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکایە، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکانیدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتییەوە بەها بنەڕەتییەکانی بزاڤی خزمەتی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند.

پێناسەی ڕێکخراوەکان بۆ بزاڤی خزمەت بەم شێوەیەیە: “بزاڤی خزمەت بزاڤێکی کۆمەڵگەی مەدەنییە کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە پێناو پێکەوە ژیان و خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی لە چوارچێوەی خێرخوازی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کار دەکات، وە چالاکییە پەروەردەیی و دیالۆگ و هاوکارییە مرۆییەکانی لە پێشینەی کارەکانی داناوە، و خۆبەخشی بە بنەما وەرگرتووە و ئامێزی بۆ هەموو ئایین و کەلتور و نەتەوە جیاوازەکان کردووەتەوە، و ئیلهامی لە ئایینی ئیسلام و بەها مرۆڤایەتییەکانەوە وەرگرتووە”.

دیدی بزاڤی خزمەت

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە پلانی کۆمەڵایەتیدا دەیانەوێت بگەن بە کۆمەڵگایەک کە تێیدا:

  • مرۆڤەکان بە ڕێزەوە تەماشا دەکرێن و لە پێگەی خۆیاندا قبوڵ دەکرێن،
  • مافەکانی مرۆڤ دەپارێزرێت و هەموو جۆرە جیاوازییەک وەک دەوڵەمەندی تەماشا دەکرێت،
  • بایەخ بە کێشەی مرۆڤەکان دەدرێت،
  • مرۆڤەکان با خاوەنی ئایین و کەلتور و تێڕوانینی جیاواز بن دەکرێت دیالۆگ و گفتوگۆیان لەگەڵ یەک هەبێت،
  • هاوکاری و هاوخەمی زاڵە بەسەریاندا،
  • بە ئاشتی و ئارامی پێکەوە دەژین،

وە لەگەڵ کۆمەڵگایەکی جیاوازدا کە خاوەنی ئەم دیدانە بێت پێکەوە کار دەکات.

 

بەها بنەڕەتییەکانی بزاڤی خزمەت:

ڕێزگرتن لە مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ

لە ڕوانگەی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتەوە، هەموو مرۆڤێک بە هۆی مرۆڤبوونییەوە بەهای تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە ڕێز لە هەموو مرۆڤێک بگیرێت. هەموو مرۆڤەکان لە بەردەم یاسادا و لە ڕوانگەی مرۆڤبوونیانەوە یەکسانن. هیچ مرۆڤێک لە مرۆڤێکی دیکە باڵاتر نییە. هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت ڕێز لە هەموو ئەو ماف و ئازادییانە دەگرن کە لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی بۆ کراوە. دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی دەرفەتەکان داخوازی یەکسانی مرۆڤایەتییە.

ڕێزگرتن لە یاساکان

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت ڕێز لە یاساکان دەگرن و هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە دانانێن، وە کار و چالاکییەکانیان بە گوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین و یاسا و بەها نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدەن و هەمیشە هەستیارن لە پاراستنی شکۆی مرۆڤەکاندا. بە شێوەیەکی شەفافانە کار و چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن بە جۆرێک کە بتوانرێت لە لایەن ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین چاودێری بکرێت.

بزاڤێکی ئەرێنی و ئاشتیخوازە

بزاڤی خزمەت بزاڤێکی ئاشتیخوازە. بە هەموو جۆرێک بەکارهێنانی توندوتیژی وەک ئامرازێکی سیاسی ڕەت دەکاتەوە. هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت هەمیشە ڕێگەی ئەرێنی و ئاشتییانە هەڵدەبژێرن و خۆیان بەدوور دەگرن لە توندوتیژی.

بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی بزاڤی خزمەت بریتییە لە ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان بە شێوەیەک کە بتوانن لە لە هەموو کایەکانی ژیاندا ڕۆڵیان هەبێت.

هەڵسوکەوت لە چوارچێوەی ئەخلاق و بەها مرۆڤایەتیەکاندا

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە کار و چالاکییەکانیاندا هەم بەها مرۆڤایەتیەکان و هەم بەها ئەخلاقییەکان ڕەچاو دەکات. ڕەچاوی ئەخلاقە بنەڕەتیەکانی وەک ڕاستگۆیی، ئەمینی، حەقانیەت دەکەن. باوەڕیان بەوە کە پێویستە ئەو ڕێگایانەی دەگەن بە حەق و ڕەوایەتی خۆیان لە بنەڕەتدا حەق و ڕەوا بن.

ڕێزگرتن لە زۆرینەیی و جیاوازییەکان و پیرۆزییەکان

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت جیاوازی تاکەکان و کۆمەڵگاکان، بە مەرجێک پێشێلکاری مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤی تێدا نەبێت، وەک دەوڵەمەندی قبوڵ دەکات. بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکات بۆ ئەوەی جیاوازی ئایین و کەلتور و نەتەوەکان نەبنە هۆکاری پێکدادانەکان.

خۆبەخشی و فیداکاری

بوونە بە خۆبەخشی بزاڤی خزمەت، بەشداری کردن یاخود دەرچوون لە کار و چالاکییەکان بە تەواوی بڕیارێکی تاکەکەسییە. خۆبەخشانی بزاڤی خزمەت بە گوێرەی توانای خۆیان هاوکاری مادی و مەعنەوی ئەو پرۆژانە دەکەن کە خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکەن و بەها بنەڕەتییەکانیان دەگوازنەوە بۆ ژیان.

ڕاوێژکردن و عەقڵی هاوبەش

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت سوود لە عەقڵی هاوبەش وەردەگرن کە لە ئەنجامی وەرگرتنی بیروڕای کەسانی دیکە و گفتوگۆ کردنەوە پێکهاتووە.

مەدەنێتی و سەربەخۆیی

بزاڤی خزمەت بزاڤێکی مەدەنی و سەربەخۆیە. درێژکراوەی هیچ دەوڵەتێک یاخود پێکهاتەیەکی سیاسی نییە. گرنگی دەدات بەوەی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت گرنگی بدەن بە چالاکبوون و هاوڵاتییەکی بەشدار لە کۆمەڵگە و ڕێز لە کەلتوری دیموکراسی بگرن. وە هەروەها ڕێز لە بیروبۆچوونی سیاسی هاوسۆزانی بزاڤەکە دەگرێت. بە هەموو شێوەیەکی ڕەتی دەکاتەوە ئایین بکرێت بە ئامرازێکی سیاسی و لە پێناو سیاسەتکردندا بەکاربهێندرێت

بوون بە هاوڵاتییەکی چالاک و سوودگەیاندن بە کۆمەڵگە

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت سوودگەیاندن و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین بە ئەرکێکی کۆمەڵایەتی خۆیان دەزانن. خۆیان وەک تاکێکی خانەوادەی مرۆڤایەتی دەبینن و هەستیارن بەرامبەر بە کێشەکانی مرۆڤایەتی و خزمەتکردنی بە مرۆڤایەتییان کردووەتە ئامانج.

پاراستنی ژینگە

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت ئەم دونیایە وەک میراتێک تەماشا دەکات کە پێویستە بە هەموو سیستەمەکانی ناوییەوە بە پاکی ڕادەستی نەوەی دواتر بکرێت و گرنگی بە پاراستنی ژینگە دەدەن.

 

بەهاکانی بزاڤی خزمەت چۆن دەخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە:

پەروەردە: هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی تاکەکان و کۆمەڵگاکان، بەرقەراکردنی ئاشتی لە کۆمەڵگادا، ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی خوێندنگە، زانکۆ، ناوەندەکان کۆششکردن، بەشە ناوخۆییەکان، خولی فێربوون، سیمینار و چەندین چالاکی دیکەی پەروەردەیی ڕێکدەخات. کار و چالاکییە پەروەردەییەکان بە گوێرەی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین ڕێکدەخەن. هانی هەموو کەسێک دەدەن کە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە چالاکییەکاندا بکەن.

گۆشکردنی مەعنەوی و چالاکیەکانی بەرەوپێشچوون: هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە پێناو بەرەوپێشبردنی دونیای مەعنەوی تاکەکان چەندین کار و چالاکی وەک: سیمینار، دیالۆگ، پانێڵ، پرۆگرامە ڕابەرایەتییەکان ڕێکدەخات و پشتیوانی لێدەکات.

دیالۆگ: هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت هەم لە ناوخۆی کۆمەڵگادا و هەم لە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگاکاندا گرنگی بە دیالۆگ دەدەن و کار و چالاکییەکانیان لە پێناو ئەو ئامانجەدا دەخەنەکار. هەوڵ دەدەن دیالۆگ و پەیوەندی لە نێوان ئەو کەسانەدا بنیاد بنێن کە خاوەنی ئایین و کەلتور و ڕەنگ و زمان و دونیابینی جیاوازن.

هاوکاری مرۆیی: هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت، خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی وەک ئەرکێکی کۆمەڵایەتی خۆیان دەبینن. لەو چوارچێوەیەدا هەڵمەتی هاوکاری کردن بۆ ئەو لێقەوماوانەی بە هۆی کارەساتی سرووشتی یان جەنگەکان یاخود هەژارییەوە دەناڵێنن ڕێکدەخەن و بێگوێدانە ناسنامەکانیان هاوکارییەکانیان پێشکەش دەکەن.

کەلتور و هونەر: چالاکییە کەلتور و هونەرییەکان بە زمانێکی هاوبەشی گەردوونی دەبینن و دەیکەنە هۆکارێک بۆ درووستکردنی پەیوەندی و ئاشتی لە ناوخۆی کۆمەڵگە و لە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگاکاندا. لەبەر ئەوە هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت چالاکی و فێستیڤاڵی کەلتوری و هونەری ڕێکدەخەن و پشتیوانی لێدەکەن.

پەخش و میدیا: هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت پەخش و میدیاکان بەکاردەهێنن بۆ هاندان و بڵاوکردنەوەی بەها باڵاکانی وەک ئاشتی کۆمەڵایەتی و یەکانگیربوونی دڵ و عەقڵ و هۆشیاری ژینگەپارێزی و بەها باڵاکانی دیکە.

 

http://m2.samanyoluhaber.com/hizmet-hareketinin-temel-degerleri-kamuoyuna-aciklandi-haberi-1376796.html

 

Show More
Back to top button