img.attachment-full.size-full.wp-post-image { display: none !important; }
هەواڵ

مامۆستایەک بەسەرهاتی ئەشکەنجەدانی لە زیندان دەگێڕێتەوە

 

مامۆستا موحەمەد ئێرەن یەکێکە لەو هەزاران مامۆستایەی لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزەوە بە هۆی هاوسۆزییانەوە بۆ بزاڤی خزمەت لە کارەکانییان دوورخرانەوە و ئەشکەنجە دران و ڕەوانەی گرتووخانەکان کران، وە لە ئێستادا دوای ئازادبوونی لە زیندان بەسەرهاتی ئەشکەنجەدانی لە بنکەی پۆلیسی ئافیۆن دەگێڕێتەوە.

مامۆستا موحەمەد ئێرەن مامۆستای زمانی تورکییە و تەمەنی ٣٧ ساڵە. تەنها بە هۆی ئەوەی لە بەشە ناوخۆییەکی بزاڤی خزمەتدا کاری کردووە لە بەرواری ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ دەستگیرکرا و بە درێژایی ٩ ڕۆژ لە بنکەی پۆلیسی ئافیۆن ئەشکەنجەدرا. بە پێی زانیارییەکانی ئێرەن تیمێکی تایبەتی پۆلیس بۆ ئەشکەنجەدان پێکهێنرابوو، وە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ئەشکەنجەدان بەڕێوە دەچێت.

ئێرەن باس لەوە دەکات کە ئەو کەسانەی ئەشکەنجەیان داوە هەمان بیروباوەڕی داعشیان هەبووە و دەڵێت “وەک ئەوەی عیبادەت بکەن ئەشکەنجەیان منیان دەدا. ئەوەش لە هەموو شتێک زیاتر منی دەترساند”.

ئێرەن بەم شێوەیە بەسەرهاتی ئەشکەنجەدانی لە بنکەی پۆلیس دەگێڕێتەوە:

دوای ئەوەی دەستگیرکرام لە بنکەی پۆلیس لە زیندانێکی تاکەکەسیدا دەستبەسەرکرام. لە ڕۆژی پێنجەمدا، کاتژمێر ٩:٣٠ ی بەیانی ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەم برام بۆ بەشی دژەتیرۆر لەناو بنکەی پۆلیس. برام بۆ بەردەم ژووری پۆلیسێک بە ناوی تیۆمان یامان و پێیان وتم کە ڕووم وەرگێڕم بۆ لای دیوارەکە و سەرم بنێم بە دیوارەکەوە. تیۆمان یامان چەند جارێک منی بانگ کردە ژوورەوە و پێی وتم هەموو ئەو شتانەی دەیزانم پێویستە باسی بکەم یاخود ئەو شتانەی ئەوان دەیڵێم قبوڵی بکەم. کاتێک وتم من بێتاوانم بە هەمان شێوەی پێشوو منیان ڕاگرتەوە. لە یادم نییە کە چەند کاتژمێر بەو شێوەیە مامەوە. لەو کاتەدا کە وەستابووم گوێم لە هاوار و ناڵەی ئەو کەسانە بوو کە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرا، کەشێکی زۆر ترسێنەری هەبوو. تیۆمان یامان کاتێک بۆ دوایین جار بانگی کردمە ژوورەوە هەڕەشەی لێکردم و وتی ‘ناتوانیت لێرە بە ساغی بچیتە دەرەوە، ئەگەر قسە نەکەیت ئەوا تیمی ئەشكەنجەدانی دەزگای هەواڵگری میت دەهێنم.

پۆلیسێکی گەنج بەردەوام هاواری بەسەرمدا دەکرد، تەنانەت تێنەدەگەیشتم چی دەوت. دواتر منیان بردەوە ژوورەوە. تیۆمان یامان ئەمجارەیان پێی وتم ‘ئێمە کارگەیەکی مەڕمەڕی بەتاڵمان بەکرێ گرتووە لە ئیسجەهیسار (شارۆچکەیەکی سەر بە ئافیۆنە)، تەنها بۆ ئەشکەنجەدان. ئەگەر قسە نەکەیت تۆ ئەبەین بۆ ئەوێ، لەوێ ڕووتت دەکەینەوە دەستدرێژیت دەکەینە سەر. هەمان ئەو شتانە بەرامبەر بە هاوسەرەکەشت ئەنجام دەدەین. ئێستا دوو کارمەندی دەزگای میت یەن بۆ ئێرە بۆ ئەشكەنجەدان، ئەوانە بە تەواوی ئاژەڵن، ناتوانم هاوسەرەکەت لە ژێر دەستی ئەوان دەربهێنم’. دواتر منیان ناردە دەرەوە بۆ بیرکردنەوە. دیسان چەند کاتژمێرێک بەو شێوەیە وەستام. کاتێک بە هاوسەرەکەم هەڕەشەیان لە من کرد زۆر ترسام.

دواتر بانگ کرامەوە ژوورەوە و تیۆمان یامان تەلەفۆنەکەی گرت بە دەستییەوە و وتی تیمی ئەشكەنجەدانی میت بانگ دەکەم. دوای ماوەیەکی کەم دوو کەس هاتنە ژوورەوە. یەکێکیان ئەسمەر بوو باڵای نزیکەی ١،٧٥ مەتر دەبوو، ئەوی دیکەشیان کەسێکی ڕیشن بوو باڵای ١،٨٠ مەتر دەبوو. ئەسمەرەکەیان لێی پرسیم چ کارێک دەکەم. وتم مامۆستام. کاتێک ئەوەم وت بە جنێودانەوە شەقازلەیەکی توندی لێدام. دواتر بە بۆکس دەستی کرد بە لێدانم. بە دەم لێدانەوە پێی دەوتم ‘هاوسەرەکەشت دەهێنین بۆ ئێرە و هەمان شت لەویش دەکەین. منداڵەکەشتان دەدەین بە خانەی بێسەرپەرشتان بۆ ئەوەی وەک تۆ تیرۆریست دەرنەچێت’. دواتر پۆلیسێکی دیکە هات کە ناوی بارش بوو، باڵای ١،٨٠ مەتر دەبوو. هەر کە هات وتی ‘ئەگەر قسە ناکات با من دەستدرێژی سێکسی بکەمە سەر ئەوکات قسە دەکات’. دواتر بە خێرایی توورەکەیەکیان کرد بە سەرمدا. هەوڵم دەدا خۆم ڕزگار بکەم بەڵام بە دەستەکانی هێندە توند قوڕگی گرتبووم خەریک بوو دەخنکام. کاتێک دەموت ناتوانم هەناسە بدەم قاقایان لێدەدا. لەو کاتەدا لێیانیش هەر بەردەوام بوو. دواتر هەڵیانسانم و ماوەیەک ڕێگەیاندا هەناسە بدەم. دواتر دیسان توورەکەیان کرد. هێندە توند بەستیان کە نەمدەتوانی هەناسە بدەم. دواتر یەکێکیان وتی دەمرێت دەمی بکەنەوە. بەریاندام و کەوتمە سەر زەوی. دیسان دەرگای ژوورەکە کرایەوە. من لەسەر زەوییەکە کەوتبووم و توورەکەیەک لە سەرمدا بوو، هەستم بە ئازارێک لە قاچمدا کرد. وامزانی چەقۆیان لێدام، بەڵام کاتێک دووبارەیان کردەوە بۆم دەرکەوت کە کارەبایان لێداوم. لەو کاتەدا دووعام دەکرد کە خودا گیانی ژن و منداڵەکەم بکێشێت پێش ئەوەی بکەونە دەست ئەم ستەمکارانە. دواتر کارەبایاندا لە گورچیلەکانم. دواتر بە دەم پێکەنینەوە یەکێکیان وتی با ئەمە بخەسێنین. دەستیان لە دواوە بەستمەوە و کارەبایاندا لە ئەندامی زاوزێم و گونەکانم. ماوەیەک لەسەر زەوییەکە کەوتبووم. دواتر تیۆمان یامان جارێکی تر پێی وتم ‘من پێم وتی کە دوای ئەشکەنجەکان دەڵێیت تەنانەت کودەتاکەش من کردوومە’.

دواتر دیسان ئەو پۆلیسەی کە ناوی بارش بوو وتی ‘با من دەستدرێژی بکەمە سەر ئەمە ڕەنگە ئەوکات قسە بکات’. هەڵیانسانم و دەستمیان بە دیوارەکەوە دانا. توورەکەیەکیان کرد بە سەرمدا. بارش هەوڵی دەدا لە دواوە پانتۆڵەکەم دابکەنێت. دەستێکم بە دیوارەکەوە بوو، بە دەستێکیش پانتۆڵەکەم گرتبوو. چونکە لەیادمە  قاچەکانم دەلەرزین و هەموو گیانم دەلەرزی و هاوارم دەکرد لەبەر خاتری خودا وا مەکەن. لەبەر ئەوەی پانتۆڵەکە گرتبوو جنێویان دەدا. دواتر کارەبایاندا لە دەستی چەپم. لە ژوورەکەدا تەنها هاوار و ناڵەی من و پێکەنین و قاقای ئەوان هەبوو. چیتر نەمدەتوانی لەسەر پێیەکانم بووەستم و کەوتمە سەر زەوی.

دواتر کاتێک وتم من دەمەوێت نوێژ بکەم، یەکێک لە پۆلیسەکان وتی ‘بۆ وا دەزانی ئێمە نوێژ ناکەین بێ شەرەف’. من نوێژم کرد و ئەوانیش لە دواوە نوێژیان کرد. ئەوان ئەشکەنجەیان وەک عیبادەت تەماشا دەکرد. هاوشێوەی بیروباوەڕی داعش. ئەوەش لە هەموو شت زیاتر منی دەترساند.

ئەشکەنجەکان کاتژمێر ٩:٣٠ ی بەیانی دەستیپێکرد و نزیکی ٩:٠٠ ی شەو تەواو بوو. پارێزەرێک هات لە سەندیکاوە. ئەو کەسەی کە دەیانوت لە میتەوە هاتووە وتی ‘ئەبێت ئەم ئیفادەیە پەسەند بکەیت’. تیۆمان یامان بە دەم پێکەنینێکی هەڕەشە ئامێزەوە وتی ‘هەموو شتێک بە ئیرادەی خۆت ڕوویداوە وا نییە’. دواتر پارێزەرەکە وەک ئەوەی لە کاتی ئیفادە لێوەرگرتندا لە لامەوە بووبێت واژۆی لەسەر کرد و وتی ‘من کارم هەیە دەڕۆم’. کاتژمێر نزیکی ٢١:٣٠ منیان بردەوە بۆ زیندانی ناو بنکەی پۆلیس. پۆلیسەکەی ئەوێش کاتێک ئەو بارودۆخەی منی بینی، نیگەران بوو پرسیاری بارودۆخی لێکردم. من تەنها خەیاڵم لای هاوسەرەکەم بوو دەترسام شتێکی لێبکەن. نوێژی خەوتنانم کرد و دواتر نازانم تا بەیانی چەند گریاوم. دوای سێ چوار ڕۆژ دیسان منیان بردەوە بۆ بەشی دژەتیرۆر. بردیانم بۆ ژووری ئەفسەرێک بە ناوی تالات ئێریڵماز. لەوێ چاوم بە هاوسەرەکەم و کچەکەم کەوت’. من یەکسەر وتم ‘ئێوە چی دەکەن لێرە، خێرا بڕۆن لێرە’. پێیان وتم کە ئیفادەی هاوسەرەکەم وەردەگرن. کچەکەم دەگریا و دەیوت ‘باوکە با بڕۆین من ببە بۆ پارک’. هاوسەرەکەمیان بە تەنها برد بۆ ئەو ژوورەی کە منیان تێدا ئەشکەنجەدا. مێشکم هەر لەوێ بوو. دواتر پارێزەرەکە هات بێ ئەوەی هیچ شتێک لە ئێمە بپرسێت یەکەم ڕستەی ئەوە بوو کە وتی ‘ئەمە قبوڵ بکەن’. پارێزەرەکەش چوو بۆ لای هاوسەرەکەم. دواتر ئەو پۆلیسەی کە ئەشکەنجەی منی دەدا وتی ‘ها کچەکەت گەورە بوو موحەمەد’. وتی ‘گەردنم ئازاد بکەم ناچارم بەم شێوەیە مامەڵە بکەم’. تەنها تەماشام کرد…

٤ ڕۆژ دواتر منیان برد بۆ لای داواکاری گشتی بە ناوی (عوسمان چابوک) نەمدەزانی ئەوەی کە بەسەرمدا هات باس بکەم یاخود نا، بەڵام دڵنیابووم لەوەی کە ئاگای لە هەموو شتێک هەیە.

ئێمە لە ئافیۆن دەژیاین بەڵام مرۆڤ تا کاتێک شتەکان بەسەر خۆیدا نەیەن نازانێت. دەمانزانی کە ئەوان دەستگیرکراوەکانیان دەبرد بۆ گردی هدرلک و لەوێ لێیان دەدان، لە کاتێکدا ئوتومبێلەکان لە ڕۆشتندا بوو هەڵیان دەدانە خوارەوە، بە زۆر مەییان دەرخوارد دەدان، بە چەرخ گونەکانیان دەسووتاندن، کارەبایان لێدەدان، هاوسەرەکانیان دەهێنان و بەوە هەڕەشەیان لێدەکردن، ژنەکانیش ڕووبەڕووی کێشەی دیکەش دەبوونەوە. تیۆمانیش دەیوت ‘تیمی ئەشکەنجەدانی میت شارەزان و هیچ ئاسەوارێک بەجێناهێڵن’. نەتدەتوانی لە هیچ شوێنێک سکاڵا بکەیت پۆلیس و داواکاری گشتی و پارێزەر و فەرماندە و هەمووان لەناو کارەکەدا بوون.

مەهمەت ئێرەن دوای ئەوەی بە کەفالەت ئازاد کرا بۆ ماوەی ٢،٥ ساڵ لە ناو تورکیادا خۆی حەشاردا. لەو ماوەیەدا هەموو ئەو ئەشکەنجانەی بەسەریدا هاتبوون هەم بە شێوەی نووسراو و هەم بە تۆماری ڤیدیۆیی تۆمار کرد و ڕەوانەی دادگای کرد بەڵام دادوەر بە بیانووی ئەوەی ڤیدیۆکە دەنگی نزمە و بڵندگۆ لە نێو دادگادا نییە هەموو ئەو بەڵگەنامانەی پشتوگوێ خست.

لە ئێستادا موحەمەد ئێرەن لەگەڵ هاوسەرەکەی و کچەکەی پێکەوە وەک پەنابەر لە ئەڵمانیا دەژین. ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لەو ئەشکەنجانە بکرێت و داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکات ئەشکەنجە دراون دەنگ هەڵبڕن بۆ ئەوەی چیتر ئەو بابەتە دووبارە نەبێتەوە.

 

http://www.samanyoluhaber.com/turkce-ogretmeni-mehmet-eren-iskencecilerini-anlatti-haberi/1356150/

Show More
Back to top button