بیروڕا

250 قوربانی لە پێناو دەسەڵاتدا – بەشی دووەم

نوسینی: مێهمێت یڵدز

لە نوسینی پێشوودا باسمان لەوە کرد کە هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموز شانۆییەک بووە سیناریۆکەی لە لایەن ئێردۆغان و هاکان فیدان و هولوسی ئاکارەوە ئامادەکرابوو. وە بۆ ئەوەی دەوڵەتەکەی ئێردۆغان لە لایەن کۆمەڵگاوە پەسەند بکرێت پێویست بوو ٢٥٠ هاوڵاتی ببنە قوربانی.

ئەو سێکوچکەیە لە پێناو ئەو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە پیسەی کە هەیانبوو، نەک ٢٥٠ هاوڵاتی بێتاوان بەڵکو هێندە بەرچاویان ڕەش ببوو کە ئامادەبوون گیانی هەزاران هاوڵاتی بێتاوان بکەنە قوربانی. ئەو بابەتەمان پێشتر لەگەڵ هاوڕێی نوسەرم ئەحمەد دۆنمەز لە چەند نوسینێکدا تاووتوێ کردووە. بەشێکی زۆر گرنگی ئەو نووسینەتان بیردەهێنمەوە، ئەحمەد دۆنمەز لە نوسینەکەدا ئەم پرسیارە لە هاوڵاتیان و ڕای گشتی دەکات: “ئەگەر ٢٥٠ گیان نەکرایەتە قوربانی، ئایا چەند کەس باوەڕی بەوە دەکرد کە ئەو ڕووداوانەی ئەو شەوە ڕوویاندا هەوڵی کودەتایەکی ڕاستەقینە بوو؟”

ئێستا با بێینە سەر باسی لێدوانی بەرپرسان لەو ئەنجومەنی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە دروستی کردبوو. تەنها لێدوانی ئەو بەرپرسانە بە شێوەیەکی ڕوون ئەو ڕاستییە دەردەخات کە تەنها لە پێناو زیاتر کردنە قوربانی هاوڵاتییان مەدەنی ڕژێندرانە سەر شەقامەکان.

سەرەتا بە لە لێدوانەکانی نەجاتی چێڤیک بەڕێوەبەری بەشی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنقەرەوە دەستپێبکەین. لێدوانەکانی ناجاتی چێڤیک بەم شێوەیە بوو:

“کاتژمێر نزیکی ٦ بۆ ٧ی ئێوارە بۆ پێویستییەکی خۆم چوومە دەرەوە. لەو کاتەدا لە ڕێگەی بێتەلەکانمانەوە هەواڵمان پێدرا کە ڕووداوێک لە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان هاتووەتە ئاراوە. هاتمە دووڕیانی فەرماندەیی گشتی. مەحمود کارائاسلان بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ئەنقەرە و یامان ئاغرلار جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەستەمبوڵ و تۆڵگا عەلی بەڕێوەبەری قەزای چانکایا لەوێ ئامادە بوون. ئەو هاوڕێیانە هۆشداری ئەوەیان پێداین کە هێلەکی گولەنەبڕ لەبەربکەین و چەکی دوور مەودا لەگەڵ خۆمان هەڵگرین. بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیس پێی وتم ‘نەجاتی بڕۆ بۆ دووڕیانی فەرماندەیی گشتی و پەرلەمان، وە ئەو ئەفسەرانەی ئەوێ ئاگادار بکەرەوە. وە هەروەها بە تۆڵگا عەلی وت بڕۆ بۆ شەقامی مودافای نیشتیمانی کە دەکەوێتە پشت فەرماندەیی گشتییەوە و لەوێ هێزەکان ڕێکبخە. دووڕیانی پەرلەمانم لە ڕێگای ئەفسەرانی هاتوچۆوە داخست، تەنها ڕێگەمان بە ئوتومبێلی فریاکەوتن دەدا تێپەڕ ببێت، وە لە تەواوی ئەو ناوچەیەدا ئەفسەرمان بە جلوبەرگی فەرمییەوە بڵاوکردەوە. ئێمە تەنها ئەوەندەمان دەزانی کە لە ناو فەرماندەیی گشتیدا جموجوڵی سەربازی هەیە، دەمانزانی شتێک لە ناوەوە ڕوو دەدات، بەڵام هیچ زانیارییەکمان لەسەر ناوەرۆکی ڕووداوەکە نەبوو.”

داخستنی ڕێگاکانی دەوروبەری و گەمارۆدانی فەرماندەیی گشتی کە جموجوڵێکی سەربازی زۆری تێدا بوو، تەنها بابەتێکی کۆمیدی نییە، بەڵکو لاوازی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکان دەردەخات بۆ پێشگرتن لە ئەگەری ڕووداوی گەورەتر. ئەم لێدوانانەی چێڤیک ئەو ڕاستییە دەردەخات کە سێ بۆ چوار کاتژمێر پێش دەستپێکردنی کودەتاکە، هولوسی ئاکار سەرۆک ئەرکانی ئەوکاتی سوپا و هاکان فیدان ڕاوێژکاری دەزگای هەواڵگری میت پێکەوە لە فەرماندەیی گشتی بوون پێکەوە کاریان کردووە. ئەو لێدوانانەی چێڤیک کە دەڵێت لە نێوان ٦ بۆ ٧ ی ئێوارە ئێمە دەستمان بە ئەرکەکانمان کرد بۆ ڕێگری کردن لە کودەتاکە، قسەکانی ئێردۆغان بە درۆ دەخاتەوە کە درەنگانی شەو وتی “ئێمە پێش ئێستا هەواڵمان دەربارەی کودەتاکە نەبوو”.

هەر لەو بارەیەوە ئەم لێدوانانەی چێڤیک هەموو ئەو قسانە بە درۆ دەخاتەوە کە دەڵێن “بڕیار وابوو کودەتاکە کاتژمێر سێی شەو ئەنجام بدرێت بەڵام بە هۆی ئاشکرابوونیەوە پێشخرا”. چونکە وەک دەبینین پۆلیسی ئەنقەرە لە نێوان کاتژمێر ٦ بۆ ٧ ی ئێوارە ڕێکارەکانی خۆی دەستپێکردبوو، وە زانیاری ئەوەیان هەبوو کە کودەتاکە زوو ئەنجام دەدرێت.

مەحمود کارائاسلان بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەنقەرە لە لێدوانەکانی لەبەردەم ئەنجومەنەکەدا بەم شێوەیە باسی لە پلانەکانی ئەو شەوە کرد بۆ ڕێگری کردن لە ئەنجامدانی کودەتاکە:

“جێگرەکەم زانیاری ئەوەی پێدام کە دەنگی تەقە لە دووڕیانی فەرماندەیی گشتییەوە دێت. کاتژمێر نزیکی ٩:٣٠ ی شەو بوو کاتێک گەیشتمە فەرماندەیی گشتی. بە پارێزگارم وت لە فەرماندەیی گشتی شتێکی نائاسایی ڕوو دەدات بەڵام هەتا ئەوکات نەمدەتوانی ناوی کودەتای لێبنێم. هەموو تیمەکانی پۆلیس و هەموو تیمە تایبەتییەکانم بانگ کرد و ڕێنمایی ئەوەم پێدان کە هەموو ڕێگاکانی چوونە ژورەوە و هاتنە دەرەوەی فەرماندەیی گشتی بگرن.”

ئایا ئەو شتێکی گاڵتەجاڕی نییە بە ڕای ئێوە، کە هێشتا نەیتوانیوە ناوی کودەتای لێبنێ، بەڵام هەموو تیمەکانی بانگ کردووە، هەموو چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوەکانی فەرماندەیی گشتی گرتووە، هەموو دووڕیانەکانی ئەو ناوچەیەی گرتووە و تەنانەت هەموو هێزە تایبەتیەکانیشی بانگ کردووە؟

ئەو شەوە هەر لە زووەوە لە ڕێگەی نامەی مۆبایلەوە پەیامی “سەرۆک کۆمار بانگتان دەکات بۆ سەر شەقامەکان” بە ناو هاوڵاتیاندا بڵاو دەکرایەوە و بەو هۆیەوە لە نیوان کاتژمێر ٩:٣٠ بۆ ١٠ی شەو قەرەباڵخییەکی زۆر لە بەردەم فەرماندەیی گشتیدا کۆکرایەوە. عەبدولموحسین تورکمەن کە یەکێکە لە ئامادەبووانی ناو قەرەباڵخییەکە وتی “گروپێکی نزیکی ١٥٠ کەسی بە دروشمی ‘نەخێر بۆ کودەتا’ ، ‘هولوسی ئاکارمان دەوێت’ ، ‘سوپا گەمارۆ بدەن’ بەرەو فەرماندەیی گشتی بەڕێکەوتن. ئەو گروپە ١٥٠ کەسییە لە ساتێکدا بوو بە زیاتر لە ٥ هەزار کەس و چوونە بەردەم فەرماندەیی گشتی، بەڵام نیشانە پێکەکانی ناو فەرماندەیی گشتی تەقەیان لە هاوڵاتیان دەکرد. ئەم وتانە ئەوە دەردەخات کە هاوشێوەی ئەوەی لە ئەستەمبوڵ ڕوویدا بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سەربازەکان هان بدەن نیشانە پێکیان بەکاردەهێنا.

بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ئەنقەرە لە لێدوانەکانی بۆ ئەنجومەنەکە بەم شێوەیە باسی لەوە کرد کە چۆن هاوڵاتیانی مەدەنییان هانداوە بۆ ئەوەی دەرگا و پەنجەرەی فەرماندەیی گشتی بشکێنن و بچنە ژورەوە:

“کاتژمێر نزیکی ١:٣٠ بۆ ٢ی شەو بوو، پەیوەندیم بە هاوڕێیانی بەردەم فەرماندەیی گشتییەوە کرد و پرسیاری دۆخی قەرەباڵخییەکەم لێپرسین. وتیان نزیکەی ٢٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠ کەس دەبێت. منیش وتم مادەم وایە پێشیان بکەون و بچنە ناو فەرماندەیی گشتییەوە، دەرگا و پەنجەرەکان بشکێنن و بچنە ژورەوە. هەندێک لەو خەڵکە توانیان بچنە ناو فەرماندەیی گشتییەوە، بەڵام بە هۆی چڕی هێرشی هێزە ئاسمانییەکانەوە، ئەو خەڵکە ناچاربوون لە بیناکە بچنە دەرەوە. ئێمە نەمانتوانی بە تەواوی بچینە ناو فەرماندەیی گشتییەوە.”

لە کاتێکدا دەیان هەزار پۆلیس و ئەفسەر هەبوون، بە هیچ شێوەیەک ناگونجێت بە نیەتێکی باش خەڵکی پێش خۆت بدەیت بەرەو مردن. ئەو کارە تەنها مەبەستێکی پیسی لە پشتەوە بوو، ئەویش ئەوە بوو ئەو چەند سەد سەربازەی خرابوونە تەڵەکەوە و هیچ چانسێکیان نەبوو جگە لە تەسلیم بوون ئەشکەنجە بدرێن و بکوژرێن. وا دەردەکەوێت ئەو قەرەباڵخییە تەنها بۆ ئەوە درووست کرابێت کە ئەو سەربازانە لە کاتی بەرگری لەخۆ کردندا زۆرترین هاوڵاتی مەدەنی بکوژن. ئەم گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەو شەوەدا گیراون بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە ئەو قەرەباڵخییە لە لایەن پۆلیسەوە هان دەدرێن و ئاراستە دەکرێن بۆ ئەوەی بچنە ناو فەرماندەیی گشتییەوە.

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/ankara-emniyetinin-organize-isleri-iktidar-ugruna-250-kurban-2/

Show More
Back to top button