هەواڵ

“15ی تەمووز کودەتایەکی سەربازی نەبوو؛ کێ سوودی لێوەرگرتبێت، هەر ئەوەش ئەنجامیداوە”

پڕۆفیسۆر د. نورشەن مازیجی، مامۆستا لە زانکۆی مەڕمەڕە دوای 11 ڕۆژ لە کودەتا دەستکردەکەی 15ی تەمووزی 2016، بەشداری بەرنامەیەکی کەناڵی “هەبەر تورک” دەکات و تێیدا ئاماژە بەوەدەکات کە “15ی تەمووز کودەتایەکی سەربازی نەبوو؛ کێ ئەنجامیدا، هەر ئەوەش سوودی لێوەرگرت”. وا بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک دەچێت، وتەی ئەو مامۆستای زانکۆیە بە ڕاستی ماوەتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.

د. نورشەن مازیجی لێکۆڵینەوەیەکی دکتۆرای سەبارەت بە کودەتا سەربازیەکانی جیهان ئامادە کردووە و تێیدا بە ڕوونی ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە “کودەتاکەی تورکیا بە هیچ شێوەیەک لەو کودەتا سەربازیانە ناچێت کە لە جیهاندا ڕوویانداوە”.

مازیجی باس لەوە دەکات کە “ئەوە مەترسیەکی گەورەبوو لەسەر ژیانی هاوڵاتیان کە کاتێک ئێردۆغان هەموویانی بۆ سەر شەقامەکان بانگ کرد. کاتێک بە کەسێک دەڵێیت شەهید، یەکسەر بەرگی دینی بەبەردا دەکرێت، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی مرۆڤایەتیەوە لێی بڕوانین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو شەوە 248 کەس مردن، کە گیانی هیچ کامیان لە گیانی سەرۆک کۆماری ئێردۆغان بێبەهاتر نیە”.

پاش ئەم قسانە، پێشکەشکاری بەرنامەکە داوا لە مازیجی دەکات کە بە قسەکانیدا بچێتەوە و ڕاستیان بکاتەوە، بەڵام مازیجی سووربوو لەو بیروڕایەی خۆی. دوای ئەوەی پێشکەشکاری بەرنامەکە ناوبڕێکی وەرگرت، مازیجی لە بەرنامەکە کرایە دەرەوە. لای خۆیەوە مازیجی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو لە بەرنامەکە دەرنەکراوە، بەڵکو لەبەر ئەو هەموو نامەی هەڕەشانەی کە لێی دەکرا، بۆ پارێزگاری گیانی خۆی، چووەتە دەرەوە.

Show More
Back to top button