بیروڕا

یادگارییەکی ناو گرتووخانە

قاوشی دزەکان!

 

سەعید کاراجا کە ماوەی ١٥ مانگ لە زینداندا ماوەتەوە، ئەو ڕووداوانەی کە لە زینداندا بە سەریدا هاتووە لە نوسینێکدا بە ناونیشانی “یادگارییەکی ناو گرتووخانە” لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە. کاراجا لە نوسینەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەرپرسانی گرتووخانەکە بەردەوام بۆ ئەوەی ناڕەحەتمان بکەن قاوشەکانیان دەگۆڕین  و لەگەڵ دز و پیاوکوژ و تلیاکخۆرەکاندا دایان دەناین، بەڵام بەردەوام خودای گەورە ئەو دۆخەی بە ڕەحمەت بۆ دەگۆڕین و دەبووە مایەی خێر بۆمان. ئەمەش دەقی نوسینەکەی سەعید کاراجایە:

ئەو ڕۆژانەی لە ناو زینداندا بووین تەنها بۆ ئەوەی ستەممان لێ بکات، بەڕێوەبەری گرتووخانە قاوشەکانی بڵاوکردبووەوە. خۆی لە خۆیدا ئێمە ڕاهاتبووین بە گۆڕانکاری لە قاوشەکاندا چونکە مانگی جارێک دەگۆڕدرا، بەڵام ئەم جارەیان جیاواز بوو. چونکە لە هەموو گۆڕانکارییەکدا دەخراینە قاوشێکەوە کە چەند هاوڕێیەکی خۆمانی تێدا بوو، واتە ئەوانەی بە تۆمەتی (تیرۆر ! ) دەستگیر کرابوون.

ئەم جارەیان لەگەڵ گروپێکی شەش کەسیدا خراینە قاوشێکەوە. بە خێرایی کەلوپەلەکانمان وەکو پۆشاک و کتێب و بەرماڵ و تەسبیح و شتەکانی دیکە کە خستبومان ناو زەرفی خۆڵە شینەکانەوە، لەگەڵ خۆمان هێنان چووینە ناو قاوشەکە. پێشوازییان لێکردین، سڵاومان لێکردن و کەلوپەلەکانمان لە نزیک چوونە ژوورەوە دانا.

ئەو کەسانەی بینیویانە دەزانن، کاتێک کەسێکی نوێ دەچێتە ناو قاوشێکەوە هەمووان کۆدەبنەوە و مەراسیمی یەکتر ناسین دەستپێ دەکات. ئێمەش کۆبووینەوە و هەمووان دەستیان کرد بە باسکردنی خۆیان هۆکاری خرانە زیندانیان. جگە لە ئێمە ئەو ١٨ کەسەی تر لەسەر تاوانی پیاو کوشتن و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و دزی و تاوانی هاوشێوەی ئەوانەوە خرابوونە زیندانەوە. سەرە گەشتە سەر ئێمە و هاوڕێیانمان دەستیان کرد بە باسکردنی هۆکاری خرانە زیندانیانەوە. یەکێک لە هاوڕێیان کە پزیشکی نەشتەرگەری مێشک بوو وتی من بە هۆی ئەوەی لە نەخۆشخانەدا کارم دەکرد خراومەتە زیندانەوە. هاوڕێیەکی دیکە وتی من بە هۆی ئەوەی ئەندامی ڕێکخراوێکی خێرخوازی بووم لە زینداندام. یەکێکی دیکە وتی بە هۆی ئەوەی پارەم لە بانکێکدا خەواندووە لە زینداندام. کاتێک سەرە گەیشتە سەر من وتم منیش دەرچووی بەشی سینەما و تەلەفیزیۆنم.

هەموومان سەرمان سوڕما بوو ئاخۆ شتێکی نامۆ ڕوو دەدات یاخود نا. یەکێک لە زیندانییەکان کە لەسەر بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیر کرابوو هات و وتی یەکێک لە خۆتان وەک نوێنەر دیاری بکەن، لەگەڵ ئەودا گفتوگۆ لەسەر بابەتەکان دەکەین. بە تەمەنترینمان بوو بە نوێنەرمان. دانیشتن کرا و گفتوگۆ دەربارەی هەموو بابەتەکان کرا. ڕێکخستنی تەوالێت، پاککردنەوە، جل شۆردن، بەکارهێنانی ئاو، ڕێکخستنی چێشتخانە، کاتەکانی خەوتن و کاتەکانی بێدەنگی و خەرجییەکانی چێشتخانە و چەندین بابەتی دیکە.

ئەوەی کە بینیویەتی دەیزانێ… لە شوێنی بچوکدا کێشە زۆرە و هەموو شتێک بە پێی یاسای خۆی یاری لەگەڵدا دەکرێت. هەرچۆنێک بێت هەفتەی یەکەم هەمووان بە شێوەیەکی باش مامەڵەیان کرد. بە درێژایی هەفتەی یەکەم هەر کەسە و بۆ خۆی نوێژی دەکرد. دوای هەفتەیەک بڕیارمان بۆ نوێژی نیوەڕۆ بەتانییەک دابخەین و نوێژی نیوەڕۆ بە کۆمەڵ ئەنجام بدەین. لەو کاتەدا ئێمە نوێژمان بە کۆمەڵ دەکرد هەمووان لە چوار دەورمان کۆبوونەوە و بەدەم چا خواردنەوە تەماشای ئێمەیان دەکرد.

لە دوای تەواو بوونی نوێژ هاوڕێیەک کتێبێکی لە پەیامەکانی نوور پێدام و منیش ناوی خوام هێنا و دەستم کرد بە خوێندنەوە و باسکردنی بابەتێک دەربارەی ئارام گرتن. نزیکی ٢٥ خولەک باسی ئەو بابەتەمان کرد و دواتر سورەتی فاتیحەمان خوێند و ئەو ناوەمان کۆکردەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هەموو شتەکانمان ڕێکخست و نوێژەکانمان بە کۆمەڵ دەکرد، وە لە پاش نوێژی نیوەڕۆ پەیامەکانی نوور، وە لە دوای نوێژی عەسر قورئانی پیرۆز، وە لە دوای نوێژی خەتنانیش فەرموودەکانی پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) دەخوێند. لەگەڵ ئەوانەشدا چەند جوزئێکی قورئانی پیرۆزمان دابەش کردبوو ڕۆژانە دەمانخوێند.

لە دوای ئەو کاتەوە چەند شتێکی سەیر و سەمەرە ڕوویاندا. سەرەتا لە نوێژی نیوەڕواندا ئەو هاوڕێیەی لەسەر دزی دەستگیر کرابوو بەشداری دەکرد. بەڵام لەوەش سەیرتر ئەوە بوو کە ئەو هاوڕێیانەش کە نوێژیان لەگەڵدا نەدەکردین دوای نوێژ لەگەڵمان دادەنیشتن و گوێیان لە پەیامەکانی نوور دەگرت.

ئێمە لە نێوان خۆماندا ڕاوێژمان کرد و بڕیارماندا زۆر لە هیچ کەسێک نەکەین و کەس بۆ نوێژ و خوێندنەوەکانی دیکە بانگ نەکەین. بە تێپەڕبوونی کات، بە تایبەت کاتێک باسی ئەو نەهامەتییانەمان دەکرد کە لە زینداندا تووشی مامۆستا سەعیدی نورسی ببوو، ژمارەی بەشداربووانمان لە هەموو کارەکاندا زیادی دەکرد.

پاش ماوەیەک بڕیارماندا لەگەڵ خوێندنەوەی پەیامەکانی نوور و باسکردنیدا چایەک بخۆینەوە. ڕۆژێک یەکێک لە زیندانییان کە ماوەی شەش ساڵ بوو بە هۆی بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر کرابوو وتی ئێمە پرسیارتان لێدەکەین و ئێوەش وڵاممان بدەنەوە و ئێمە گوێ دەگرین. منیش وتم نەخێر ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە، پێویستە هەر کەسە و خۆی یەک یەک بیروبۆچوونی خۆی بخاتەڕوو.

ڕۆژی دواتر چا و پسکیت ئامادە کرا و زۆرێکمان دەستنوێژمان گرت و نوێژی نیوەڕۆمان کرد. هەندێک تەنها نوێژە فەرزەکانیان ئەنجام دەدا. هەندێک کەس تەنها تەسبیحاتیان دەکرد و هەندێکی دیکە تەنها لە کاتی نزا کردندا دەستی بەرز دەکردەوە.

لە دوای تەواو بوونی نوێژ بە ناوی خودای گەورە دەستمان کرد بە پەیامی ئایەتولکوبرا لە پەیامەکانی نوور. لەگەڵ خوێندنەوەدا یەک یەک بیروبۆچوونی هەمووانمان وەردەگرت. لە یەکێک لەو هاوڕێیانەی کە لەسەر دزینی تەلەفیزیۆن کەوتبووە زیندانەوە پرسیم: بە ڕای تۆ هەبوونی خودا چییە و تاقیکردنەوە چییە؟

ئەو هاوڕێیە لە وەڵامدا وتی: تەماشام بکە مامۆستا، پرسیاری تاقیکردنەوەت کرد وا نییە؟ لە سەرەتادا کاتێک ئێوە یەکەم جار هاتنە ئەم قاوشەوە حاڵتان چۆن بوو، ئێستا چۆنە، ئێمە ئەوکات چۆن بووین و ئێستا چۆنین… ئەو کەسەی لە گرتووخانەدا دەمێنێتەوە، دەتوانێت ئەم قاوشە بکاتە زیندان و دەتوانێت بیکاتە کۆشکێکی گەورە. ئەگەر بێینە سەر باسی خودای گەورە من باوەڕی تەواوم پێیەتی.

ئەو ڕۆژە هەمووان وەک خۆیان بۆ تاقیکردنەوە ئامادە کردبێت کۆششێکی باشیان کردبوو، وە هەموویان بە باشی خۆیان ئامادە کردبوو بۆ پرسیارەکان. پاش ئەوەی وانەی ئەو ڕۆژەمان تەواو بوو، یەکێک لە برایانمان وتی هەمووتان هەستن و باوەش بە یەکدا بکەن.

هەستاینە سەر پێ و وەک ڕۆژی جەژن باوەشمان بە یەکدا دەکرد و هەندێکمان دەستمان کرد بە گریان. بەڵام هێشتا هەندێک شت بە تەواوی چاک نەبووبوو وەک ئادابی تەوالێت، وە هەندێک جاریش گوێمان لە جنێو دەبوو.

وەک هەموو بابەتەکانی دیکە بە هیچ شێوەیەک باسمان نەکرد و بڕیارماندا بە کردار پیشانیان بدەین بەڵکو باشتر بێت. کاتێک دەچووینە تەوالێت قاچمان هەڵدەکرد و دواتر بە جوانی تەوالێتەکەمان پاک دەکردەوە. چامان پێشکەش بە یەکتر دەکرد و لەو کاتەشدا دەمانوت ‘زۆر سوپاست دەکەم’. هەندێک جار جلی پیسی ئەوانی ترمان دەشۆرد و دواتر قەدمان دەکرد و دەمانخستە ناو دۆڵابەکەوە بە بێ ئەوەی باسی بکەین و بڵێین ئێمە کردوومانە.

وە لە ئەنجامدا… سوپاس بۆ خوا کە کۆمەڵێک دۆستی باشمان بەدەستهێنا. هەندێک لە هاوڕێیان دەستیان بە نوێژ کرد و هەندێک لە هاوڕێیان فێری قورئانی پیرۆز بوون.

دوای نزیکەی دوو مانگ و نیو دووبارە دەرگاکە کرایەوە و پاسەوان هاتە ژوورەوە و وتی کە ئەو شەش کەسە قاوشەکانیان دەگۆڕدرێت. ئەو هاوڕێیانەی لەو قاوشەدا لەگەڵماندا بوون هێندە گریان ئەگەر کەسێک لەوێ بوایە دەیپرسی ئایا ئێوە بران؟

کاتی خواحافیزی هات. پیاوێکی بەتەمەن هاتە لام کە ماوەی ١١ ساڵ بوو لە زینداندا بوو. تەماشای کردم و پێی وتم: مامۆستا … ئێستا دەڕۆن، شتێکت پێ دەڵێم. من کۆتا جار کاتێک دایکم مرد نوێژم کرد، بەڵام ئێستا هیچ نوێژێک نافەوتێنم تێگەیشتیت…

لە دوای ئەو وتەیەی پیاوە پیرەکە زۆر گریاین. بەڕێوەبەری گرتووخانەکە بۆ ئەوەی ستەممان لێبکات قاوشەکەمانی دەگۆڕی بەڵام خودای گەورە بۆی گۆڕین بە ڕەحمەت و بوو بە مایەی خێر.

خوای گەورە لە هەموو لایەک ڕازی بێت.

 


 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/bir-cezaevi-anisi-hirsizlar-kogusu/

Show More
Back to top button