هەواڵ

گەورەترین ڕاپۆرت لەسەر ئەشکەنجە و زوڵمی کاربەدەستانی تورکیا بڵاو کرایەوە

دوای هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ هەڵمەتێکی فراوانی ڕەشبگیری و نانبڕاوکردنی هاوڵاتیان دەستی پێکرد. هەتا ئێستا ١٣٥ هەزار فەرمانبەری میری لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و لە مافە سەرەتایەکانیشیان بێ بەش کراون.

لە دوای هەوڵی کودەتا دەستکردەکەوە ٤٨ هەزار هاوڵاتی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە بزاڤی خزمەتدا دەستبەسەر کراون و ١٠٠ هەزار هاوڵاتیش بە هەمان پاساو دەستگیر کراوە.

پلاتفۆرمی حەق و عەدالەت، لە دوای ١٥ ی تەموزەوە فراوانترین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر زوڵم و پێشێلکاری کاربەدەستانی تورکیا بڵاو کردەوە.

ڕاپۆرتەکە لە بەرواری ٢٤ ی ئەیلولی ٢٠١٧ هەتا ١ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت ئامادە کراوە و ٧ هەزار و ٥٤٨ هاوڵاتی بەشداریان تێدا کردووە.

بەڵام ئەو هاوڵاتیانەی تەواوی پرسیارەکانیان وەڵام داوەتەوە ژمارەیان ٢ هەزار و ١٧٣ کەسە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ە ٪٩٢ بەشدار بوانی ئەم ڕاپرسیە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان بوون.

زۆرێک لەو کەسانەی لەم ڕاپۆرتەدا بەشدار بوون، پێش کودەتا دەستکردەکە مانگانە داهاتی ٣ تا ٤ هەزار لیرەیان هەبووە و ئێستا داهاتیان بۆ خوار ٥٠٠ لیرە دابەزیوە.

٪٩٥ ئەو کەسانەی بەشداریان کردووە خۆیان بە موسوڵمانێکی سوننی پارێزگارکەر ناوزەند دەکەن و، پێیان وایە بێدەنگترین چینی کۆمەڵگا بەرامبەر ئەو زوڵمەی لێیان دەکرێت هەر چینی دینداری کۆمەڵگایە.

بەشدار بووان پێیان وایە ئەوانەی لە دژی ئەو زوڵمە دەوەستنەوە کە لێیان کراوە کەسانێکن کە خۆیان بە سۆسیالیست، دیمۆکرات، ئەتەیست، دەیست (باوەڕدار بە خودا، بەڵام بێ دین)، ئەگنۆستیک(لا ادری- نازانم)…

لە راپۆرتەکەدا هەستی ” فەرامۆشکردن و پەراوێزخستن لەلایەن کەسانێکی هاوشێوەی خۆیان لە بیروباوەڕ”، بەسەر کەسانی بەشدار بوو لە ڕاپۆرتەکەدا دەرکەوتووە.

هەندێک لەو کەسانەی لە دوای ١٥ ی تەموزەوە ستەمدیدە بوون بەم شێوەیە باسی خۆیان دەکەن:

” هەتا ئێستا نازانم بە هۆی چ تۆمەتیکەوە دەستگیریان کردم، لەلایەن دەزاگی هەواڵگریەوە ڕاپۆرتیان لەسەرم نووسیبوو بەو هۆیەوە دەستگیر کرام”

 

” خەڵک بە هۆی ترسیانەوە بێدەنگ بوون، هەندێکیشیان حەسوودی ڕابردوویان بە ئاشکرا خستە ڕوو”

” هەتا ئێستاش نازانم بۆ ماوەی ٢٢ مانگ لە زیندان دەستبەسەر بووم “

” هەموو کاتێک بە ترسی ئەوەوە دەژیم کە دەستگیر بکرێم، لە ڕووی دەرونیەوە زۆر دایڕوخاندووم”.

” سەرەڕای ئەوەی هیچ بەڵگەیەکم لەسەر نەبوو، بەڵام دادگا سزای بەسەردا سەپاندم”

” ئەشکەنجە درام، سوکایەتی و جوێنم پێدرا، دواتر ناوی ئەو کەسانەم بیست کە لە دژی من قسەیان کردبوو، لە دادگا هەمووان وتیان کەوا من ناناسن و بە زۆری پۆلیسەکانی گرتووخانە لە دژم قسەیان کردووە، من هیچ بەرگریم لە خۆم نەکرد، چونکە نەمدەزانی چ تاوانێکم ئەنجامداوە و چ تۆمەتێکیان خستۆتە پاڵم”.

هاوڵاتیەک کە لە زانکۆدا کەسێکی ئەکادیمی بووە و بە هۆی دەرکردنی لە کارەکەیە چۆن توشی دڵشکان بووە دەڵێت:

لە زانکۆ بەشی زانستە سەرەکیەکانم دامەزراند و خۆم سەرۆکی بەشەکە بووم. زۆر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی هاتنی خوێندکارەکانم دەکرد، پۆلێکی زۆر ناوازەمان دروست کردبوو، ئامێری تەکنەلۆژی زۆر پێشکەوتوومان بۆ دابین کردبوو، ماوەی ٤ ساڵ ئەو بەشەمان بەڕێوەبردوو من مامۆستای ڕاوێژکاریان بووم، زیاتر لە منداڵەکانی خۆم بایەخم بە خوێندکارەکان دەدا، لە ڕووی ڕەزامەندی خوێندکارەکانەوە، لەسەر ئاستی هەموو زانکۆکان لە پلەی پێنجهەمدا بووین، بەو هۆیەوە خەڵاتمان وەرگرت. سەرئەنجام لە دوورەوە سەیری ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارەکانم کرد. کەسێک بووم هەوڵی پێشخستنی وڵاتەکەمم دەدا، ئێستا نە شەوقم ماوە نە ئارەزوو، زۆر دڵشکاوم.

هەروەها یەکێک لەو کەسانەی لە دوای ١٥ ی تەموزەوە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە، سەبارەت بە بێدەنگی هاوڵاتیان بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی دەرحەق بە چینە پەراوێزخراوەکانی ناو کۆمەڵگا دەکرا لە ڕابردوودا وتی:

ئێستا زۆر باش لە حاڵی کورد، عەلەوی، ئەرمەنیەکان تێدەگەم. خۆزگە پێشتر هەستم بەو زوڵمە دەکرد کە لەوان دەکرا و، لە بەرامبەر ئەو ناحەقیەی دەرحەقیان ئەنجام دەدرا دەنگم هەڵببڕیایە.

هەندێک لە بەشداربووان باسی زوڵمی ناو زیندانەکان دەکەن و دەڵێن:

” نەیاندەهێشت دەرمانەکانم وەربگرم کە بە مەبەستی چارەسەری کێشە دەروونیەکانم بەکارم دەهێنا و نەیاندەهێشت چاوم بە پزشک بکەوێت”.

” لە قاوشێکی ١٤ کەسیدا بووم کە ٢٦ کەسی تێ ئاخنرابوو، شوێنی پیس بوو، بەردەوام دەیانپشکنین و بێ هۆ دەیانبژاردین، وەڵامی داواکاریەکانیشیان نەدەداینەوە. داواکاریە فەرمیەکانمان تۆمار نەدەکرا. ناشتوانی بیسەلمێنیت کە داواکارە فەرمیەکەت پشت گوێ خراوە. بە دەستی لێیان وەردەگرتین و نەمان دەزانی چی بەسەر دێت.

” لە قاوشێکی ٨ کەسیدا ٢٧ کەس دەماینەوە”

لە ٩ ڕۆژی یەکەمی چوونە زیندانمان، لە ئاوەوە بیگرە هەتا سەرەکیترین پێداویستیەکانمان هیچی جێبەجێ نەدەکران. بێجگە خواردن، ئاویشیان بۆ نەدەهێناین  و دەیانوت لە ئاوی بەلوعە بخۆنەوە. جگەرە، فڵچەی دەم و ددان، سابون، شامپۆ، کلێنکسی تەوالێت، هیچ کام لەم پێداویستیانەمان پێ نەدەدرا، بە پاساوی ئەوەی ڕۆژی شت کڕینی ژوورەکەی ئێمە لە کافتریا تێپەڕیوە. ئەشکەنجەی دەروونیان دەداین.

پێشێلکاریەکانی ناو زیندانەکان هەر بەمانەی سەرەوە سنوردار نیە:

زۆر سەختە بە تیرۆرست بوون تۆمەتبار بکرێیت. وەک مامۆستاەک شایەنی ئەوە نەبووین پێمان بڵێن ” بڕۆ ڕیزەکەوە، قسە مەکە، درەنگ مەکەوە، سەیر مەکە”، شایەنی ئەم مامەڵەیە نەبووین.

 

“پاسەوانەکان پێشبڕکێیان بوو لەسەر ئەوەی سوکایەتیمان پێ بکەن”

پاسەوانەکان زۆر سووکایەتیان پێ دەکردین، پێداویستیەکانی کافتریامان بۆ جێبەجێ نەدەکرا…

 

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە %٨٩ ئەوانەی لە زیندانەکاندا ژیاون دوچاری ئەشکەنجەی دەروونی بوونەتەوە.

%٧٧ زیندانیەکان ڕێگەیان نەدراوە وەک پێویستە بچنە تەوالێت و گەرماو.

%٧٢ زیندانیەکان  دوچاری جوێن و سوکایەتی پێکردن بوونەتەوە

%٥.٦ زیندانیەکانیش ئەشکەنجەی جەستەیی دراون

% ٦٥ ئەوانەی زیندانی کراون لە دوای ئازادکردنیان بێ ئیشن، یاخود لە کاری کەم داهات و بێ بیمەدا کار دەکەن.

لە کۆتایدا ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرینەی هاوڵاتان متمانەیان بە دادگاکان نەماوە و پێویستە بە زووترین کات کۆتایی بهێنرێت بە باری نائاسایی وڵات.

http://www.shaber3.com/iste-bugune-kadar-en-kapsamli-ohal-ve-khk-raporu-haberi/1299326/

 

Show More
Back to top button