بیروڕاهەواڵ

گەر خزمەت لە بەرامبەر دەسەڵاتدا سەرکەوتوبووایە چی دەبوو؟! بەشی یەکەم

پ.د. عوسمان شاهین

وەک لە پەیامی قەدەریشیدا ئاماژەی پێکراوە، پێویستە لە گۆشەنیگای قەدەرەوە لە ڕووداوەکانی ڕابردوو بڕوانین و، سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش لە گۆشەنیگای “ئیرادەی ڕێژەیی”ەوە لێیبڕوانین. پێش ئەوەی ڕووداوەکان بێنە مەیدان، پێویستە حەقی ئیرادەی ڕێژەیی خۆمان لە ڕێگەی گرتنە بەری هۆکارەکان بدەین و دواتر ئەنجامەکەی لە الله چاوەڕێ بکەین. دوای ئەوەی ڕووداوەکانیش هاتنە مەیدان، پێویستە لێکۆڵینەوە لە دەرئەنجامەکانی بکەین و وانەی پیویستی لێوە فێربین. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕابردوو، پێویستە لە گۆشەنیگای قەدەرەوە لێیان بڕوانین. بەمشێوەیە لایەنە شاراوە یاخود دیارەکان، ئاشکرا یاخود پەنهانیەکان، مولک یاخود مەلەکوتیەکانی دروستانەتر دەخوێنرێتەوە. بەم شێوەیە جوانی و دانایەکانی ناو کردارە ئیلاهیەکان باشتر دەخوێنرێنەوە و مرۆڤەکان توشی سەرکەشی ناڕەوا نابن و لە ڕەشبینی دوور دەکەونەوە و پێیان چەسپاوتر دەبێت لەسەر ئەو ڕێگەیەی بە حەقیان دەزانن.

دەتوانین ئەم حەقیقەتە لە بەشی ١٣ ی بریسکەکانی ئوستاد بەدیعوزەمانیشدا ببینین کە دەڵێت” براکانم، گەرچی جێگاکەتان زۆر تەسکە لە حاڵی ئێستادا، بەڵام پێموایە فراوانی دڵتان بەرگەی ئەو تەنگەبەریە دەگرێت و گوێی پێنادات. ئەوەی بزانن کە سەرەکیترین خاڵی هێز و پاڵپشتیکەرمان ئەوەیە خۆمان پاڵپشتی یەکتر بکەین. هەرگیزا و هەرگیز بە هۆی توڕەییتان لەم ڕووداوانەی بەسەرماندا هات، دەست بۆ تاوانبارکردنی یەکتری مەبەن. ئەو سکاڵای و گازنەدانەی کە دەڵێن “گەر فڵان شت وەها نەبووایە ئەمەش نەدەبوو” حوکمیان وەک ناڕەزایی دەربڕینە بەرامبەر قەدەر و قسمەتی خۆتان و بەم هۆیەوە دڵتان لە یەکتر زویر مەکەن. من لەوە تێگەشتووم، کە هیچ شتێک ئێمەی لە  هێرشی ئەمانە قورتار نەدەکرد. ئێمە هەرچیەکمان بکردایە ئەوان هەر هێرشیان دەکرد. ئێمە لە ڕێگەی ئارامگری و شوکر و پشاندانی ڕەزامەندی بەرامبەر قەزا و تەسلیم بوونمان بەرامبەر قەدەر، چاوەڕێی هاتنی یارمەتی ئیلاهی دەکەین و لە هەمان کاتدا هەوڵی ئەوە بدەین لە ڕێگەی کردارگەلێکی کەمەوە پاداشتێکی گەورە بەدەستی خۆمان بخەین”.

با لەم گۆشەنیگایەی مامۆستا سەعید نوورسیەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوەکانی ئەم قۆناغە بکەین.

بزاڤی خزمەت کە لە لایەن مامۆستا فەتحوڵا گولەنەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، بابەتی ئەوەی پردەکانی دیالۆگ لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا و کۆمەڵگاکانی جیهاندا دروست بکرێت، لێبوردەیی لە نێوان لایەن جیاوازەکان و قبوڵکردنی یەکتری بەو شێوەیەی کە هەن، خاڵە سەرەکیەکانی بەهاکانی ئەم خزمەتە پێکدەهێنێت. ئەمە بە ناوی بەدیهێنانی مژدەی ئەو ئامانجەی سەردارمان خستویەتیە بەردەممان کە دەفەرموێت” ناوی جەلیلی من دەگات بە هەر شوێنێک کە خۆری لێهەڵبێت و لێی ئاوا دەبێت” ڕۆڵێکی شادەماریانەی هەیە. گەر ئەمڕۆ ئیسلام و ئەم ئامانجە لەلایەن دەوڵەتەوە نوێنەرایەتی بکرایە، بەدیهێنانی ئەم ئامانجە مومکین نەدەبوو. بە تایبەت گەر ئەم هزرە لەلایەن دەوڵەتێکی گوماناوی و بێ متمانە و ناپێشکەوتووە ئەنجام بدرایە، ئەم پێشدادوەریە زیاتر باڵادەست دەبوو. ئەم ئامانجە کە لەلایەن پێغەمبەری خوداوە خراوەتە بەردەم ئومەتەکەی، لە ڕێگەی تاکە بە تاکەی مرۆڤەکان و نوێنەراتیکردنیان بۆ پەیامەکەیی و گەشتنیان بە چواردەوری دونیا دێتە دی. وەک دەزانین ئاینی ئیسلام لە ڕێگەی هاتوچۆی بازرگانە موسوڵمانەکانەوە بڵاوبۆتەوە کە بە شێوەیەکی جوان نوێنەرایەتی پەیامی ئیسلامیان کردووە. هەربۆیە ئەم قۆناغەی ئێستا، کارئاسانی کردووە بۆ هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت کە بە چواردەوری دونیادا زیاتر بڵاو ببنەوە و ،ئەو گومانانەی لەسەریان بووە لە ڕابردوەوە هەتا ئێستا زیاتر بڕەوێتەوە و، بتوانن  باشتر ئاوێتەی کۆمەڵگاکانی دونیا ببن.

بۆ گەیاندنی حەقیقەتە قورئانیەکان بە تەواوی مرۆڤەکانی دونیا، پێویست بەوە دەکات تەواوی بەربەستەکانی نێوان تاکەکان و کۆمەڵگاکان  بە تەواوی هەڵبگیرێت. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو گروپە تیرۆرستیانەی کە لە دوور و نزیک پەیوەندیان بە ئاینی ئیسلامەوە نیە، بە هۆی ئەوەی تەواوی ئەو کارە ناشرینانەی ئەنجامی دەدەن، بە ناوی ئیسلامەوە ئەنجامی دەدەن، بۆتە هۆی ئەوەی لەلای زۆرێک لە مرۆڤەکان، هزر و تێڕوانینێکی هەڵە بەرامبەر ئیسلام دروست ببێت. هەروەها کاتێک  ئەو ناحەقی و زوڵمانەی لەلایەن حوکمەتە بەناوی ئیسلامیەکانەوە ئەنجام دەدرێت، هاوکات لەگەڵ هەژاری و دواکەوتووی هاوڵاتیەکانیان، کاتێک دەخرێنە پاڵ کاری گروپە تیرۆرستیەکان، بە تەواوی تێڕوانینێکی نەرێنیانەی لەسەر ئیسلام دروست دەبێت و ئەمەش وای کردووە حەقیقەتە درەوشاوەکانی قورئان و چۆنیەتی ڕاستەقینەی ئیسلام بە مرۆڤەکان نەگات.

پێش ئەم قۆناغەی ئێستا، پەیوەندیەکانی نێوان خزمەت و دەسەڵاتی تورکیا تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو پێش چوو بوو. لە ڕێگەی هەماهەنگی هەردوولاوە کۆتایی هێنرا بە دەسەڵاتی تاکڕەوی سوپا و دەستورێکی مەدەنی هێنرایە مەیدان و لە بابەتی مافەکانی مرۆڤدا هەنگاوی گرنگ و مەسافەی بەرچاو بڕدرا. ئەم لێکنزیکبوونەوەیەی نێوان خزمەت و دەسەڵات، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کارێکی وەهای کرد کە حوکمەت و خزمەت بە یەکچاو تەماشا بکرێن. ئەمەش وایکرد ئەو تاک و دەوڵەت و پارتە سیاسیانەی نیگەرانیان بەرامبەر حوکمەتی تورکیا هەبوو، لە هەمان کاتدا نیگەرانیان بەرامبەر ئامانج و چیەتی بزاڤی خزمەتیش هەبێت. گەرچی خزمەت لەسەر ئاستی دونیا لەسەر ئاستی تاک و دامودەزگاکان نوێنەرایەتی دەکرا بە شێوەیەکی سەربەخۆ، بەڵام ئەمە بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکان بەس نەبوو. بە تایبەت ئەو دەوڵەتانەی لە پەیوەندیە جۆراو جۆرە ناڕەواکانی حکومەتی تورکیا ئاگادار بوون، نیگەرانی زیاتریان بەرامبەر خزمەت لەلا دروست بوو.

بزاڤی خزمەتیش بۆ ئەوەی مۆرکی ناوچەیی لە خۆی داماڵێت و ببێتە بزاڤێکی گەردونی، پێویستی بەوە هەبوو کە ئامانج و چیەتی ڕاستەقینەی خۆی پشانی هەموو دونیا بدات. بەڵام ئەم لێکنزیکیەی خزمەت و حکومەت هەمیشە وەک بەربەستێک لەبەردەم بە گەردونی  بوونی بزاڤەکەدا خۆی قوت کردبوویەوە. کاتێک کارە خراپ و پەیوەندیە ناڕەواکانی کاربەدەستانی حکومەت ئاشکرا بوو، بزاڤی خزمەت کۆتاییهێنان بە پەیوەندی خۆی لەگەڵ حکومەتدا وەک لوتفێکی ئیلاهی بینی؛ خزمەت لەم ڕێگەیەشەوە ئەوەی سەلماند کە ئامانجی نزیکبوونەوەکەی لە کاربەدەستانی تورکیا تەنیافەراهەمکردنی مافەکانی مرۆڤ و زەمینەیەکی دادپەروەرانە بووە، کاتێک بۆیشی دەردەکەوێت کە ئەم ئامانجە نایەتە دی، کۆتایی بە پەیوەندیەکەی هێنا و ئەمەشی بە کردەکی پشانی هەموو لایەک دا. ئەم هەنگاوە سەرەتاییە زۆر گرنگ بوو.

لەم ڕێگەیەوە ئەوەی پشاندا کە پێویستە بە یەکچاو سەیری خزمەت و پارتی دەسەڵات نەکرێت و  هەست و هزریان بە تەواوی لەوان جیاوازە. هەموو دونیاش ئەوەی بینی کە خزمەت و پارتی دەسەڵات بە دوای هەمان ئامانجەوە نین و عەوداڵی هەمان مەبەست نین.

ئەوانەی لە دەسەڵاتدا بوون، هیچ کاتێک ئەوەیان پێ هەزم نەکرا کە خزمەت دەستبەرداریان بووە. خۆی لە ڕاستیشدا هەر لە سەرەتاوە حەسودیەکیان بەرامبەر سەرکەوتنەکانی بزاڤی خزمەت هەبوو لەسەر ئاستی دونیا و بەم هۆیەشەوە هەمیشە لە سەریاندا پلانی لەناوبردنی بزاڤی خزمەت بە زیندووی بوونی هەبوو.

بەڵام هەلومەرجەکە و ئەو پاڵپشتیەی لە ڕێگەی خزمەتەوە دەستیان دەکەوت، ڕێگری ئەوەی لێدەکردن کە ئەم ئامانجەیان بە ئاشکرا بهێننە سەر زاریان، خزمەت بە نیسبەت ئەوانەوە هێزێکی نەیاربوو کە پێویستی بەلەناوبردن دەکرد و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاریان لە کردارگەلێکی زاڵمانەی وەها دابوو، کە هیچی کەمتر نەبێت لەوەی یەزید بەرامبەر حەزرەتی حوسەین و ئەهلی بەیت کردی.

لە ڕێگەی پێشێلکردنی تەواوی ئەو یاسا و مافانەی لە ئیسلام و سیستەمەکانی تری یاسای دونیادا دیاریکراوە، قۆناغێکی زوڵم و زۆریان دەستپێکرد کە لە مێژوودا هاووێنەی کەم بینراوە.

بزاڤی خزمەتیش وەک مافێکی ڕەوای خۆی، لە بەرامبەر ئەم زوڵم و زۆرەدا هەوڵی خۆپاراستنی دا. ناشکرێت بیر لە پێچەوانەکەی بکەینەوە. ئەگینا بزاڤی خزمەت وەک کەسێکی لێدەهات کە کارئاسانی بۆ زوڵمەکانی دەسەڵات بکات و یاریدەدەری بێت؛ گەر بێدەنگیشی هەڵبژاردایە ئەوا وەک شەیتانی کەڕ و لاڵی لێدەهات.

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنیش سەرەڕای ئەو هەموو فشارەی بۆیان هێنا،  قبوڵی نەکرد بەرامبەر زاڵمان سەری نەوی بکات و جارێکی تر ئەوەی سەلماندەوە کە وەرەسەی پێغەمبەران، سەر بۆ زاڵمان نەوی ناکەن و جارێکی تر ئەم حەقیقەتەی پشانی هەموو دونیا دایەوە.

پشتیوان بە خودا لە وتاری داهاتوودا باسی ئەوە دەکەین کە گەر بزاڤی خزمەت لەم بەربەرەکانیەدا سەرکەوتوبووایە چی ڕوی دەدا و هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە.

Show More
Back to top button