بیروڕاهەواڵ

“گەر باومان ئازاد ناکەن، هیچ نەبێت دایکمان ئازاد بکەن”

هەریەک لە عوسمان ئۆنەر و مەریەم ئۆنەر، پێش ٣ ساڵ کاتێک پۆلیس بەسەر ماڵەکەیاندا دەدات، خۆیشیان تێناگەن  لەوەی چییان بەسەر هاتووە.

سەرەڕای ئەوەی کوڕەکەیان و دوو کچەکانیان لە ماڵەوە دەبن، بەڵام پۆلیسەکان هیچ ناسڵەمێنەوە لەوەی چەکەکانیان پشان بدەن. تەواوی خانەوادەکەیان لەگەڵ خۆیاندا دەبەن بۆ بنکەی پۆلیس.

لە کۆتایی ڕۆژدا منداڵەکانیان ئازاد کرا، بەڵام دایک و باوکەکە بە دەستگیر کراوی لە بنکەی پۆلیس مانەوە.

سەعید ئۆنەر کوڕە ٢١ ساڵەکەی ئەو خێزانە، باس لەوە دەکات کە خۆیی و خوشکەکانی، هەتا ئێستا تراڤمای ئەو ڕۆژەیان بەسەردا تێنەپەڕیوە.

سەعید لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت” ماوەی چەند مانگێک شەوانە بە کابوسەوە لە خەو ڕادەپەڕین. لەو ڕۆژانەدا خوشکە تەمەن ٥ ساڵانەکەم، تەنیا گەر بەتولی خوشکی لەگەڵدا بووایە، دەیتوانی لە ژوورەکەی خۆیدا خەوی لێبکەوێت”.

کاتێک دایک و باوکمیان دەستبەسەر کرد، بۆ ماوەی یەک ساڵ و نیو لە شارۆچکەیەکی بچوک لەگەڵ نەنک و باپیرم ژیانمان بەسەر برد. ئێستاش لەلای پورمان دەمێنینەوە.

“دایک و باوکمان بۆ ماوەی ٣٠ مانگە لە ئیمە دوورن و، یان ئەوەتا هەردووکیان ئازاد بکەن، یاخود هیچ نەبیت دایکم بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد بێت یاخود لە ماڵەوە زیندانی بکرێت”.

“ئەو هەفتەیەی دایکی دەستبەسەر دەکرێت، بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی وەرگیران لە زانکۆ دەکات”

 

سەعید ئۆنەر باس لەوەش دەکات کە ئەو هەفتەیەی دایک و باوکی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن، بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی وەرگیران لە زانکۆ دەکات و نمرەیەکی زۆر خراپ بەدەست دەهێنێت.

ناوبراو ئاماژەش بەوە دەکات کە بە هۆی دەستگیرکردنی دایک و باوکیەوە باری دەرونی تێکچووە و توشی قەڵەقی بووە.

سەعید ئۆنەر باس لەوەش دەکات کە توشی هەڵچوون و توڕەیی لەناکاو بووە و سەبارەت بەو ڕۆژە سەختانەی ژیانی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:

توشی نەخۆشی خەمۆکی و داخورپانی لەناکاو(Panic attack) بوو بووم، بۆ جاری دووهەم خۆم بۆ تاقیکردنەوەی زانکۆ ئامادە دەکرد. لەبەر ئەوەی لە کاتی تاقیکردنەوەدا توشی هەمان حاڵەتی داخورپانی لەناکاو بوومەوە، نەمتوانی وەک پێویست دیقەتی خۆم کۆ بکەمەوە. پاشان بە هۆی ترس و قەلەقیەوە، توشی برینی گەدە بووم. هەتا ئێستا دەرمان بەکار دەهێنم و بە هۆی دەرمانەکانەوە دەتوانم بە پێوە بوەستم”.

“خوشکەکەی تەمەنی ١٦ ساڵە و دەرمانی PROZAC بەکاردەهێنێت”

بەتول ئۆنەر کە دەکاتە خوشکی سەعید و تەمەنی ١٦ ساڵە، ئامادەی قسە کردن نیە و براکەی لە جیاتی ئەو قسە دەکات.

سەعید سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی خوشکەکەشی دەڵێت:

کاتێک دایک و باوکم زیندانی کران، ئێمەش بە ناچاری چووینە لای باپیر و نەنکم و هەموو کەس وەک دوژمنی ئێمەی لێهات. لە خوێندنگە کێشەی گەورەیان بۆ دروست کردین، خوشکەکەشم بەو هۆیەوە لە خوێندن سارد بوویەوە و ناوی خۆی لە تاقیکردنەوەی دەرەکی تۆمار کرد. ئەویش وەک من توشی نەخۆشی قەلەقی بووە و جگە لە پرۆزاک، زۆر دەرمانی تریش بەکار دەهێنێت. خوشکەکەم خۆی بۆ خوێندنی دواناوەندی ئامادە دەکرد. بەڵام کاتێک دایک و باوکم زیندانی کران، باری دەرونی ئەویش تێکچوو. خوشکە بچوکەکەی تریشم خەریک بوو دەچووە پۆلی یەکەمی سەرەتایی”.

سەما کە تەمەنی ٥ ساڵان دەبێت و لە دوای زیندانی کردنی دایک و باوکی دەچێتە خوێندنگە، لە یەکەم ساڵی خوێندنیدا زۆر ناڕەحەت دەبێت و هەمیشە دەڵێت” زۆر بیری دایک و باوکم دەکەم و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە”.

پزیشکەکان باس لەوە دەکەن کە تەمەنی سەما زۆر بچوکە و ناتوانێت دەرمانی دەرونی وەربگرێت، هەربۆیە پزیشکەکان چاوەڕێن سەما گەورەتر ببێت هەتا بتوانن دەرمانی پێویست بۆ ئەویش  دیاری بکەن.

 

ئۆنەر دەڵێت” سەما حەزی بە خوێندن نەدەکرد، بە زۆر ڕامان هێنا لەوەی بچێتەوە بۆ خوێندنگە، ئەم ماوەیە لە ماڵی نەنکم دەمێنینەوە، شتەکانی ماڵی خۆمانمان جێهێشتووە و هەندێکیمان بردووە بۆ ماڵی نەنکم”.

 

ئۆنەر باس لەوە دەکات کە هەریەک لە دایکی و باوکی لە ساڵی ١٩٧٧ بەشی زانستە شەرعیەکانی زانکۆی ئەتاتورکیان لە ئێرزروم تەواو کردووە و پاشان دەڵێت” دایکی خوێندنی دواناوەندی تایبەت بە پەرستاری تەواو کردووە. دایکم لە ساڵی ١٩٩٢، کاتێک دەستی بە خوێندنی زانکۆ کردوە، بە ڕۆژ چووە بۆ زانکۆ و شەوانیش وەک پەرستار لە نەخۆشخانەی نمونەیی ئێرزروم کاری کردووە. دایکم لە هەمان کاتدا مامۆستای وانەی ئاین بوو. کارمەندی سەرۆکایەتی کاروباری ئاینیی بوو. باوکیش کارمەندی وەزارەتی پەروەردە بوو. وانەی ئاینی دەوتەوە. ئێستا وەک ئەندامی گروپی تیرۆرستی تۆمەتباریان کردوون. تەنیا لە ڕێگەی قسەی چەند کەسێکەوە، دەیانەوێت هەرکەسێک خوێندنی زانستە شەرعیەکانی تەواو کردبێت، وەک تیرۆرست بیناسێنن. هەتا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەیان لەسەر دایک و باوکم پشان نەداوە، سەرەڕای ئەوەش ماوەی ٣٠ مانگە لە زیندان ژیان بەسەر دەبەن”.

“وەک هاوڕێ وەها بووین لەگەڵ دایک و باوکم”

ئۆنەر باس لە پەیوەندی گەرموگوڕی نێوان خۆیی و دایک و باوکی دەکات و دەڵێت” لەگەڵ دایک و باوکم وەک هاوڕێ وەها بووین، لە ةیوانمان هیچ ساردی و دووریەک بوونی نەبوو، بە تایبەت باوکم هیچ کاتێک مەسافەی لە نێوانماندا دانەدەنا. هەموو شتێکمان هەر بە یەکەوە ئەنجام دەدا، هەروەک برا وەها بووین. بە هەموو شێوەیەک یارمەتی دەدام، دایکیشم بە هەمان شێوە”…

خوشکە بچوکەکەشی بە ناوی سەما زۆر هۆگری دایکی بووە، سەرەڕای ئەوەی لە ماڵەوە دایەنێکی تایبەت بە خۆی هەبووە، بەڵام هەمیشە لە ماڵەوە خۆی نەگرتووە و هەندێک جار چووە بۆ شوێنی کارکردنی دایکی.

 

“دایک و باوکمان بۆ ماوەی ٣٠ مانگە لە ئیمە دوورن و، یان ئەوەتا هەردووکیان ئازاد بکەن، یاخود هیچ نەبیت دایکم بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد بێت یاخود لە ماڵەوە زیندانی بکرێت”.

 

ماوەی ٣٠ مانگە ناڕەحەتی نەما بەسەرمان نەیەت، هەموومان نەخۆش کەتووین، بە هۆی دەرمانەوە لە ژیاندا ماوین. لەو شارەی دایکمی تێدایە، هیچ کەسێک هێندەی ئەو لەو زینداندا نەماوەتەوە، ئەمەیان کردووە بە بابەتێکی شەخسی، زوڵم لەم خێزانە دەکرێت.

ئۆنەر باس لەوە دەکات کە پاش ماوەیەک لە مانەوەیان لەلای نەنکیان، دەچنە لای پورەکەیی و دەڵێت” چووینە شارەکەی پورم، چونکە ئەوێ شارێکی گەورەترە و پوریشم زۆر باشە لەگەڵمان. دەڵێن پور نیوەی دایکە، هەر بەڕاستی پوری من بەو شێوەیەیە، زۆر بایەخی بە ئێمە دا، لەگەڵ خوشکەکانیشم زۆر باشە، سەما ئێستا هاتۆتەوە سەر خۆیی و خوشکەکەی تریشم بەردەوامە لە خوێندنی دواناوەندی. بەشداری لە تاقیکردنەوەی دەرەکی دەکات و دەیەوێت بچێتە زانکۆ”.

“پوریشی بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خراوەتەوە”

ئۆنەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت لە قسەکانی:

“پوریشم لە چوارچیوەی باری نائاسایی وڵاتدا بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خراوەتەوە، تەنیا مێردی پورم کار دەکات و بەو موچەیەی کە کەمترین بڕی موچەی فەرمیە، ٦ کەس بەخێو دەکات. ٣ منداڵی خۆیی و ئێمەش سێ کەسین. دایک و باوکم لە کلیس زیندانین و هەموو هەفتەیەک ناتوانین چاومان پێیان بکەوێت. تەنیا مانگی جارێک سەردانیان دەکەین. چونکە زۆر دوورە و لە هەمان کاتدا توانای ماددیمان دەست نادات.

 

“باوکم نەیتوانی بەشداری لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی باوکیدا بکات”

 

ئۆنەر لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت:

باپیرم لە کاتی دەستگیرکردنی باوکمدا بە هۆی خەفەتەوە نەخۆش کەوت. پاش ماوەیەک جەڵتە لێیدا و کۆچی دوایی کرد. بەڵام باوکم بە هۆی ئەوەی لە زیندان بوو، نەیتوانی بەشداری لە مەراسیمی بە خاک سپاردنی باوکیدا بکات. هەتا ئێستا هەر داخە لە دڵیدا”.

 

Show More
Back to top button