هەواڵ

“گیانلەدەستدان لە زیندانەکانی تورکیا بەردەوامە و پێدەچێت ٣ هەزار کەسی تریش بمرن”

 

زانیاری نوێ لەبارەی گیانلەدەستدانی مامۆستا موزەفەر ئۆزجەنگیزەوە ئاشکرا بوو، کە پاش ئەوەی بە بڕیار لەجێێ یاسا لە پیشەکەی دوورخرایەوە و لە زیندانی تاکەکەسیدا تووشی سەکتەی دڵ بوو. ئەو مامۆستایە کە ١٤ مانگ لە زیندانی تاکەکەسیدا زیندانیی بوو، نەخۆشییەکانی ( فشاری خوێن، شەکرە، غودە، فەقەرات و چەند نەخۆشییەکی تر)ی هەبووە. چەندین دەرمانی لەلایەن پزیشکەکانەوە بۆ نووسراوە، بەڵام بەڕێوبەرانی گرتوخانەکە وەڵامی سکاڵاکانیان نەداوەتەوە کە بۆ چوونە ڕاڕەو و قاوشەکان نووسیبووی.

 

ئەندامپەرلەمانێکی هەدەپە باس لە دۆسیەکە و ڕووداوەکە دەکات

عومەرفاروق گەرگەرلیئۆغڵوو ئەندامپەرلەمانی هەدەپە و چالاکی مەدەنی لەبارەی دۆخی پێشوو مامۆستا مزەفەر و گیانلەدەست دانیەوە بەشداری لە بەرنامەی ( کۆنوشا کۆنوشا)ی ئاژانسی ئەهوال نیوزدا کردووە و بەم شێوەیە باس لە دۆسیەکە و ڕووداوەکە دەکات.

” مامۆستا موزەفەر تەمەنی ٥٨ ساڵ بوو، مامۆستای ئایین بوو. نزیکەی ٢٢ مانگ دەستبەسەر بوو، ١٤ مانگیش لەو ماوەیە لە زیندانی تاکەکەسیدا بوو. قسەم لەگەڵ کەسوکار و پارێزەرەکانی کرد، چەندی  جار سکاڵای تۆمار کردبوو، چەند نەخۆشییەکی هەبوو دەرمانی بەکاردەهێنا.

تەنانەت نەیتوانیوە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەشی بە ئاسانی بەڕێ بکات. بە فەرمانی وەزارەتی دادیش کراوەتە زیندانی تاکە کەسییەوە. چەندین مانگ داوی کردووە بیبەنە قاوش و ڕاڕەوە گشتییەکانەوە. سکاڵای نووسیوە، دۆخی تەندروستی ڕوونکردۆتەوە و ئەوەشی شیکردۆتەوە کە ئەوەی بەرانبەری دەکرێت پێچەوانەی یاساشە. لە سێ مانگدا یەکجار پشکنینی بۆ ئەنجام دراوە.

بەر لە ٢٠ ڕۆژ ناڕەحەتییەکانی زیادی کردووە. بردووینە بۆ نەخۆشخانە، چەند بەکتریایەک نەخۆشیان خستبوو. چەند ئاماژەیەکی خراپیش لە باری تەندروستی دڵیدا دەرکەوتبوون.

لە نامەکەیدا وردەکاریی نەخۆشییەکەی و دۆخی ناخۆشی زیندانی تاکەکەسی خستۆتە ڕوو. مافی وەرزشکردنی نەبووە. پێدەچێت لە گۆشەگیرکردنێکی قورسدا بووبێت.

پزیشکی تایبەت و نەخۆشخانەش وتوویانە کە پێویستە ئازاد بکرێت. ئەی کە پزیشک داوی ئازادکردنی دەکات، بۆ دەیبەنە زیندانی تاکەکەسییەوە؟! لەکاتێکدا پێویستە کە پزیشک وا دەڵێت، نەک ئەوەی ئزدی بکەن و بیبەنە ماڵەوە، بەڵکو دەبێت لە نەخۆشخانە بیخەوێنن.

 

هەر بە بەرچاو و بە ئاشکرا ڕەوانەی مردن کرا

من کە نامەکەم خوێندەوە زۆر تووڕە بووم، چونکە بینیم کە بەبەر چاوەو و بە ئاشکرا مرۆڤێک ڕەوانەی مردن کراوە. مافی ژیانی لێ زەوت دەکرا. وا باسی ڕووداوەکانی کردووە وەک بڵێ”من ڕەوانەی مردن دەکرێم”. بە ئاستەم دەتوانیت نامەکە بخوێنیتەوە.

لە بەرانبەرمان مرۆڤێک هەیە کە ٥ ڕۆژ بەر لە مردنی کوشتنی خۆی دەگێڕێتەوە. دەڵێت” من کە چوومەوە زیندانە تاکەکەسییەکە، دەرمانەکانم چوار هێندە بووبوون.”

ڕووداوێکی زۆر گرنگی مرۆیی و تەندروستی هەیە، لەم دوایانەشدا لەم جۆرە ڕووداوانە زیاتر بووە. مرۆڤەکان بەبێ بەڵگە بە فەرمانی باڵا کە لە سەرەوە شۆڕ دەبنەوە دەخرێنە زیندانە تاکەکەسییەکانەوە. زۆرکەس هەن کە لە زیندانە تاکەکەسییەکانەوە نامەم بۆ دەنێرن. باوەڕکە بەرگەی خوێندنەوەی ئەو نامانە ناگرن.

 

پێویستە وەزیری داد دەستلەکاربکێشێتەوە

ئێمە لە دۆخێکداین کە ئەگەر لە وڵاتێکی تر بووینایە، دبوو وەزیری داد دەستلەکاربکێشێتەوە. نەسرین گەنجئۆمان خاتوونێکی گەنجبوو، بەهۆی ئەوەی لە زینداندا چارەسەری پزیشکی بۆ نەکرابوو گیانی لەدەست دا. بەڵام هیچ لێپرسینەوەیەک لەسەر دۆسیەکە نەکرا. لە گرتوخانەی کاندرادا هاکان تەمام بەهۆی سەکتەی دڵەوە گیانی لەدەست دا. دیارنییە چی بەسەر هاتووە. بیستمان کە ئەو ڕۆژە زیندانییەکان خراونەتە ژێر پێوە. ڕووداوی زۆر گەورە ڕوویان داوە.

دیسان بەر لە ١٥ ڕۆژ لە گرتوخانەی باتمان یوسف پاچەجی بەهۆی سەکتەی دڵەوە گیان لەدەست دەدات. دیسان پشتگوێخستن و کەمتەرخەمی زۆر هەیە.

گۆکشین ئۆز بە بڕیار لەجێی یاسا لە پیشەکەی دەردەکرێت، دواتر دەیخەنە زیندانەوە و لەوێ تووشی شێرپەنجە دەبێت. کاتێک دۆخی زۆر تێکدەچێت ئازاد دەکرێت، بەڵام ئیتر درەنگ بووە و گیان لەدەست دەدات.ئەم کەسانە شتی زۆر ناخۆشیان بەسەر دێت. پەراوێزخستن و دەرکردن، فشار، نادادی، ئەو شتانەش ورەی مرۆڤ دەڕووخێنن.

 

هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو کەسانە نییە کە ڕفێندراون

لە درێژەی باری نائاسایدا، زیاتر لە ٢٠ کەس ڕفێندراون، لە ماوەی رابردووشدا ٦ کەس لە ئەنتاڵیا، ئیستەنبوڵ، ئەنکەرە و ئێدیرنە ڕفێندراون، من لە نزیکەوە چاودێری ئەو دۆسیانەم کردووە، زۆربەیان لەکاتێکدا ڕفێندراون و سواری ئوتومبێلە ڕەشەکان کراون کە بە شەقامە سەرەکییەکانی شاردا بەپێ ڕۆیشتوون. پاش چەند مانگێک لە کەنار ڕێگەیەک فڕێدراون، باس لەوە دەکەن کە لە چەند شوێنێکی نهێنی ونادیار ئەشکەنجە دراون.

هێشتا هیچ هەواڵێک لەوانە نییە کە لەم دواییەدا ڕفێندراون، داواکاری بەدواداچوونیشمان بۆ ئەو ٦ کەسە پێشکەش کردووە. هیچ دەزگایەک وەڵاممان ناداتەوە. کەسە نزیکەکانیان هەوڵی زۆر دەدەن، بەڵام لەهیچ شوێنێکەوە وەڵام نییە.

پارێزەرەکان داواکارییەکی بەپەلەیان لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی تۆمار کردووە. دادگاکە پەسەندی کرد. سەبارەت بە دوو کەسیان پرسیاری لە تورکیا کردووە، بەڵام هیچ بەدواداچوونێکی شێلگیرانە و جدی نەکراوە. پرسیاری ئەوە کراوە کە “ئایا ئێوە چی دەکەن بۆ ئەو ڕفێندراوانە؟” بەڵام هیچ وەڵامیک نییە.

 

دەنگی دەرکردنی لێبووردنی سیاسی

بەهۆی ئەو نادادییەوە کە لە تورکیا هەیە، زیندانەکان پڕ بوون. دوو ڕێگا هەیە، یان ئەوە بە لێبووردنێک زیندانەکان ئاسایی دەکەیتەوە، یان ئەوەی زیندان و گرتوخانەی نوێ دروست دەکەیت. بیستمان کە ١٩٣ گرتوخانە دروستکراوە. گرتوخانەکانی تورکیا تا بینەقاقایان پڕ بووە. زیندانییەکان لەسەر زەوی دەخەون.

ئەو قەرەباڵغییەی گرتوخانەکان وایکردووە کە پێداویستییەکانیش کەم ببنەوە و تەواو ببن. لە تورکیا ئەگەر لە زیندانیشدا نەبیت، نادادی هێندە زۆرە کە پێویستی بە چارەسەر کردنە. لە ئێستادا هەم لێبووردن و هەم چاکسازی دادوەریی پێویستە. پێویستە هەنگاوەکانی دیموکرازەکردن بنرێت. وڵات گەیشتۆتە وێستگەیەکی داخراو، پێویستە لە ماوەیەکی دیاردا چارەسەر بکرێت. کردنەوەی گرتوخانەی نوێ درێژە بە ڕێوشوێنەکانی ستەمکاریی دەدات.

 

لەوانەیە نزیکەی ٣ هەزار تەرم لە گرتوخانەکان بهێنرێنە دەرەوە

نزیکەی ٣ هەزار کەس لە ئێستادا مانگرتنیان ئەنجام داوە. لەوانەیە ٣ هەزار تەرم لە گرتوخانەکان بهێنرێنە دەرەوە. ئەوە دۆخێکی سامناکە. خەڵک داوای هەڵگرتنی گۆشەگیرکردنەکەی ئیمرالی دەکەن. ئەگەر ئەنجامەکەی گیانلەدەستدانی ٣ هەزارکەس بێت، بەداخەوە ئیتر کێشەی کورد دەچێتە دۆخی چارەسەر نەکردنەوە. دەرگای مەحاڵەکان دەکرێتەوە.

نزیکەی ٥١١ هەڵمەت ئەنجام دراوە، نزیکەی ٤٠-٥٠ هەزار کەس لە ئێستادا دەستبەسەرن. هەڵمەتی گوێگرتنەوە لە تەلەفونەکان دەستی پێکردووە. تەنانەت ئەو سەرباز و پۆلیسانەی بەر لە ٢٠ ساڵیش قسەیەکیان کردووە بە تیرۆرست لەقەڵەم دەدرێن و دەستبەسەر دەکرێن. هەڵمەتێکی فراوانە.

 

پێویستە بڕیار لەجێی یاساکان هەڵبوەشێنرێنەوە

“سەبارەت بەوەش کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان هەزار فەرمانبەر لە پلە و پۆستی جیاوازدا بە بڕیار لەجێی یاسا و لە درێژەی باری نائاساییدا لە پیشەکانیان دەرکراون، گەرگەرلی ئۆغڵوو وتی:” لەگەڵ تەواوبوونی باری نائاساییدا پێویستە ئەو بڕیارانەش هەڵبوەشینەوە. پێویستبوو ئەمانە لەلایەن دادگای دەستوورییەوە هەڵبوەشیندرێنەوە. پێویستە ئەو بڕیارانە هەڵبوەشیندرێنەوە و ئەو هەڵەیە کۆتایی پێ بهێندرێت. چونکە ئەنجومەنی باری نائاسایی خۆشی نازانێت چی دەکات.”

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/cezaevi-yonetimi-ozcengizin-olumune-adeta-goz-yummus/

Show More
Back to top button