بیروڕا

گۆکهان ئاچککۆڵ؛ کێ لەم مرۆڤە بێتاوانە دەکۆڵێتەوە؟

نوسینی: بولێنت جەیهان

گۆک

گۆکهان ئاچککۆڵ مامۆستای مێژوو بوو، دوای کودەتا دروستکراوەکەی 15 ی تەمووز، لە ماڵەکەی خۆی لە ئیستەنبوڵ دەستبەسەر دەکرێت. بۆ ماوەی 13 ڕۆژ بە دەستبەسەرکراوی دەهێڵدرێتەوە بەڵام هیچ لێکۆڵێنەوەیەکی فەرمی لەگەڵ ناکرێت. سەرەڕای ئەوەش ئەشکەنجە دەدرا و فشاری دەروونی دەکرایە سەری. سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی شەکرە و دڵەڕواکێی هەبوو، دەرمانەکانی پێنەدرا و نانی باشی پێ نەدەدرا. بەهۆی ئەو فشارانەوە، دوو جار ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و خرایە ژێر چاودێری وردەوە. هەموو جارێک لە نەخۆشخانە دەردەهێنرا و دووبارە ڕەوانەی زیندان دەکرایەوە. ئاچککۆڵی 42 ساڵ، بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەوە، لە 5ی ئابی 2016 لە بنکەی پۆلیسی ئیستەنبوڵ گیانی لەدەستدا.

کارە نامرۆییەکان بەرامبەر مامۆستا گۆکهان، دوای مردنیشی بەردەوام بوو. وتیان کە دەبێت مامۆستا گۆکهان لە گۆڕستانی خائینان بنێژرێت. تەرمەکەی ڕادەستی خێزانەکەی نەکرا. مۆستایانی ئاینی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف ئامادە نەبوون تەرمەکەی بشۆنەوە و نوێژی مردووی لەسەر بکەن، چونکە بە خائین ناویان دەبرد. خانەوادەی ئاچککۆڵ ئاماژەیان بەوە کرد کە دەیانەوێت تەرمەکە وەربگرنەوە و لە مەملەکەتی خێزانەکەی بەخاکی بسپێرن. ئەو کارەی کە دەبوو کارمەندانی بەشی پزیشکی دادوەری ئەنجامی بدەن، خێزانەکەی ئەنجامیاندا و دەرمانیان کرد. دواتر بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بە زەحمەت و دوای چەند کاتژمێر ڕێگا بڕین، توانییان بیگەیەننەوە گوندی بویوکئۆز لە شاری کۆنیا. دوای ئەوەی لەلایەن دانیشتوانی گەڕەکەکەوە نوێژی لەسەرکرا، بەخاک سپێردرا.

ئەو کەسەی کە هەواڵی لەسەر مامۆستا گۆکهان دابوو بەناوی حەبیب ئێرتورک، لەو تۆمەتانەی واژۆی کردبوو دژی مامۆستا گۆکهان پەشیمان بوویەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە بەهۆی فشاری زۆری پۆلیسەوە ناچار بووە واژۆ لەسەر شتێکی لەو جۆرە بکات. سەرەڕای ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەبەردەم داواکاری گشتیدا نەبوو، بەڵام داواکاری گشتی ئاچککۆڵی بە ڕێپیشاندەری سەربازان بۆسەر پردی بۆغاز تۆمەتبار دەکرد. بەڵام دوای ئەوەی گیانی لەدەستدا، دۆسیەکەی داخرا. دواتر دادگاییکردنی ئەو کەسانە دەستیپێکرد کە پەیوەندییان بە ئاچککۆڵەوە هەبووە. دوای لێکۆڵینەوە سەرجەم ئەو کەسانە کە پۆلیسیشیان لەناودابوو، بێتاوانیان لە کودەتاکە سەلمێندرا. بەڵام بە تۆمەتی هاوسۆز بوون بۆ بزاڤی خزمەت، سزادران. واتە ئەگەر مامۆستا گۆکهانیش لە ژیاندا بمایە، ئەوا بێتاوانی لە بەرامبەر کودەتاکە دەسەلمێندرا.

 

 

سەرەڕای ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە و هیچ لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لەگەڵدا نەکراوە، بەڵام لەلایەن میدیاکانی دەسەڵاتەوە بە خائین لە قەڵەم دەدرا. دوای ساڵ و نیوێک لە مردنی، وەزارەتی پەروەردە بەیاننامەیەکی دەرکرد و گەڕانەوەی مامۆستا گۆکهانی بۆسەر کارەکەی ڕاگەیاند.

 

دەسەڵاتی ئاکەپە و میدیاکانیان، ئامادە نەبوون چیرۆکی ئاچککۆڵ بڵاوبکەنەوە. سەرەڕای ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەسەری ساغ نەبووەتەوە، بەڵام بە بەردەوامی بە خائین ناویان دەبرد.

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/gokhan-acikkollu-beraat-bu-masumun-hesabini-kim-soracak/

Show More
Back to top button