هەواڵ

کەناڵی NBC: رەزا زەراب دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و لە زیندان دەرهێنراوە

کەناڵی NBC ئەمەریکی لە نوێترین هەواڵیدا ئەوەی ڕاگەیاند کە رەزا زەراب دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و بەو هۆیەشەوە براوەتە دەرەوەی زیندان.

زەراب گومانلێکراوی ژمارە یەکی دۆسیەی گەندەڵی ١٧ ی کانونی یەکەمی وڵاتی تورکیا،ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بە تۆمەتی شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێران، پارە سپیکردنەوە و ئەنجامدانی کاری ساختە لە تۆمارە فەرمیەکاندا دادگایی دەکرێت.

بە گوێرەی یاساکانی ئەمەریکا،هەر تاوانبارێک دان بەتاوانەکانیدا بنێت و بڕیاری ئەوە بدات کە هەماهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتی بکات بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری تاوانەکانی، ئەوا لە زیندان دەبرێتە دەرەوە و لە شوێنێکی تایبەت بە هێزە فیدڕاڵیەکانی ئەمەریکا دەخرێتە ژێر چاودێری.

بە پێی هەواڵی کەناڵە ئەمەریکیەکە ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، هەوڵێکی زۆری داوە زەراب لە بەردەم داواکاری گشتی نیویۆرکدا دان بە تاوانەکانیدا نەنێت و چەندین جار داوای لە کاربەدەستانی ئەمەریکا کردوە ئازادی بکەن.

هەواڵەکەی  NBC کە لەلایەن هەردوو پەیامنێر تۆم وینتەر و جولیا ئاینسلی ئامادە کراوە دەڵێت” ئێردۆغان لە ساڵی ٢٠١٦ لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ جۆ و بایدن یاریدەدەری پێشووی  باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، داوای کردوە پرێت بەهارارا داواکاری گشتی نیویۆرک لە کارەکەی دوور بخرێتەوە و هەروەها داوای ئازاد کردنی زەرابیشی لە بایدن کردوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە بایدن ئەوەی پێ راگەیاندین، کە بایدن هەر لە کۆبونەوەکەدا داواکەی ئێردۆغانی ڕەتکردۆتەوە.”

دواتر لە هەمان هەواڵدا ئاماژە بەوە کراوە کە دوای دەستبەکاربونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، پرێت بەهارارا لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.

NBC دەڵێت” کاربەدەستانی کۆشکی سپی دەڵێن کەوا دوور خستنەوەی بەهارارا پەیوەندی بە داواکاریەکەی ئێردۆغان نەبووە”.

هەروەها لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە  داواکاری گشتی دەیەوێت زەراب هاریکاریان بکات لەوەی کە ئایا مایکڵ فلین ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەی ئەمەریکای لە کار دوورخراوە، بڕی ١٥ ملیۆن دۆلاری بۆ ڕفاندنی م.فەتحوڵڵا گولەن لە کاربەدەستانی تورکیا وەرگرتوە یان نا.

NBC دەڵێت” داواکاری گشتی تایبەت بە دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە مایکڵ فلینی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەی ئەمەریکا، دەیەوێت لە ڕێگەی زەرابەوە بگات بە سەرەداوێک کە ئایا فلین بڕی ١٥ ملیۆن دۆلاری بە مەبەستی ڕفاندنی م.فەتحوڵڵا گولەن، لەکاربەدەستانی تورکیا وەرگرتوە یان نا.”

هەروەها لە ڕاپۆرتە هەواڵیەکەدا ئاماژە بە قسەکانی دانی کاڤالۆس شارەزای بواری یاسای ئەمەریکی کراوە:

“گەر بمانەوێت ئەو بۆشاییانە پڕ بکەینەوە کە لە دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا بەدیان دەکەین، ئەوا دەبینین کە داواکاریە گشتیەکانی ئەمەریکا، بە دوای سەرەداوێکدا دەگەڕێن بۆ ئاشکراکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ئێردۆغان و فلین، گەر زەراب لەو نێوەندەدا سەرەداوێک ئاشکرا بکات، ئەوا بە ڕاستی پێشهاتێکی گرنگ دەبێت”.

کاڤالۆس ئاماژەشی بەوە کردوە کە دەرهێنانی گومانلێکراوێک لە زیندان و خستنیە ژێر چاودێری تایبەتی هێزە فیدڕاڵیەکان، یەکێکە لەو ئاماژانەی پشتڕاستی دەنگۆی دانپێدانانی زەراب بە تاوانەکانیدا دەکاتەوە.

لە بەشی کۆتای ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەش بەوە کراوە کە هەریەک لە پارێزەرەکانی زەراب بە ناوەکانی رودی جولیانی و مایکڵ موکاسی لە ماوەی ڕابردودا چاویان بە ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کەوتوە و، باسی پڕۆسەی دادگاییکردنەکەیان بۆ کردوە.

http://www.tr724.com/nbc-reza-zarrab-itirafci-oldu-savcilarla-‎calismaya-basladi

Show More
Back to top button