بیروڕا

کێشەتان لەگەڵ منداڵە ساواکاندا چییە؟

 

لە مێژووی نزیکەی سەد ساڵی ڕابردووی کۆماری تورکیادا بەردەوام ساڵانی پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی هەبووە، بەڵام ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە تورکیا ڕوویاندا لە ئاستێکدان کە هیچ کات نەبینراوە. هێندە ڕووداوی دوور لە یاسا و دوور لە ژیری ڕوودەدات کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت بەدواداچوون بۆ هەمووی بکرێت. وە لە نێوان هەموو ئەوانەدا ‘هەبوونی کێشە لەگەڵ منداڵانی ساوادا’ یەکێکە لەو کارانەی زۆر دوورە لە ژیرییەوە. ئەگەر پێتان وا بێت مرۆڤ یاخود کۆمەڵێک لەگەڵ منداڵانی ساوادا ناکرێت کێشەیان هەبێت، ئەوا بە هەڵەدا دەچن. لە وڵاتێکی وەک تورکیادا کە لە ئێستادا بووەتە وڵاتی پێچەوانەکان، بە داخەوە تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە زۆرترین منداڵی تێدا دەستگیرکراوە.

لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ وە کاربەدەستانی دەسەڵات خۆیان وەک دوژمنی منداڵانی ساواش دیاری کردووە. خۆی لە خۆیدا کێشەکە ئەوەیە کە دەسەڵاتی دادوەری لە دوای هەوڵی کودەتاکەوە بە تەواوی پەرش و بڵاو بووە. لە کاتێکدا کە دەستگیرکردنی کەسێک پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی هەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە شەیدای دەستگیرکردنی خەڵکی بێتاوانە، بە تایبەت ئافرەتانی زەیستان. دادگای وێرانی تورکیا نزیکەی ١٢٠٠ منداڵی ساوای بە کەشوهەوای پڕوکێنەری ناو گرتووخانەکان ئاشناکردووە. ئەو دەستە حوکمڕانە، بەو بڕیارانەی کە بە بێ ئەوەی هیچ کزەیەک لە ناخیانەوە بێت دەیدەن، بۆ هەموو جیهانیان ئاشکرا کرد کە چەندە ستەمکارن. هەرچەندە بەشێک لە منداڵە دەستگیرکراوەکان بە تێپەڕبوونی کات ئازادکراون، بەڵام هەتا ئێستا نزیکەی ٦٠٠ منداڵی ساوا لەو ئەشکەنجەیەدا ماونەتەوە.

 

منداڵە ساواکان تاوان ئەنجام نادەن

منداڵانی ساوا پێویستییەکی زۆریان بە دایکیان هەیە، وە کاتێک لە باوەشی دایکیاندا دەمێننەوە پێداویستییەکانیان جێبەجێ دەبێت. گرنگترین شت لە ژیاندا بۆ منداڵی ساوا ئەوەیە کە لەگەڵ دایکیدا لە کەشوهەوایەکی تەندرووستدا بژیین. بەڵام کۆمەڵێک دەسەڵاتدار کە ستەمکردن بووە بە پیشەیان، لە پێش لەدایکبوون و دوای لەدایکبوون، بەردەوام هەوڵیانداوە ئازارەکان بکەن بە چەند هێندە، وە هەر بەردەوامن لەسەر ئەو کارەیان. ئەو داواکاری گشتییەی داوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکات، وە ئەو دادوەرەی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانە دەردەکات، وە ئەو پۆلیسانەی لە بەردەم ژووری لەدایکبوونی منداڵ لە نەخۆشخانە لە نۆبەتدان بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی منداڵەکە لەدایکبوو لەگەڵ دایکی دەستگیری بکەن، وەک پەڵەیەکی ڕەشی ئەم سەردەمە دەچنە مێژووەوە. پێشتر نەماندەبیست پۆلیس لە بەردەم ژووری نەشتەرگەری منداڵبووندا بووەستێت بۆ دەستگیرکردنی منداڵەکە لەگەڵ دایکیدا، بەڵام بە داخەوە، لە وڵاتی تورکیادا کە بە تەواوی لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی دوور کەوتووەتەوە ئەو دیمەنە ناشرینەشمان بینی. هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی منداڵێکی تازە لەدایکبوو، ڕاستەخۆ ماوەیەکی پاش لەدایکبوونی بنێردرێتە زیندان. هەرچەندە ئەوان زۆر گرنگی پێنادەن، بەڵام یاسای ژمارە ٥٢٧٥ ڕێگرە لە بەردەم ئەو کارەدا. باسکردنی ئەو بارودۆخە بۆ گرۆهێک کە حساب بۆ یاسا ناکەن، کارێکی زۆر قورسە.

 

هەلومەرجی ناو گرتووخانە زۆر ترسناکە

دەکرێت زۆرێک لەو کەسانەی ئەم دێرانە دەخوێنێتەوە هیچ کات دەستگیرکردن و بارودۆخی ناو گرتووخانەیان نەبینیبێت. بێبەش بوون لە ئازادی زۆر قورسە بۆ هەموو مرۆڤێک. بەسەرهاتێکی بەناوبانگ هەیە: “مەلای مەشهور ڕۆژێک لە گوێدرێژەکەی دەکەوێتە خوارەوە. خەڵکی لە چواردەوری مەلای مەشهور کۆدەبنەوە و بە مەلای مەشهور دەڵێن: مامۆستا پزیشک بانگ بکەین؟ مەلای مەشهور لە وەڵامدا دەڵێت: نا نا، پزیشک لە حاڵی من تێناگات، هەگەر یەکێک هەبێت تێبگات، ئەوە کەسێکە کە لە گوێدرێژ کەوتبێتەوە خوارەوە. ئێوە بڕۆن کەسێکم بۆ بێنن کە لە گوێدرێژ کەوتبێتە خوارەوە، ئەو لە حاڵی من تێدەگات”. ئەو کەسانەی ناو گرتووخانەکانییان بینیوە کاتێک ئەم دێرانە دەخوێننەوە باشتر تێدەگەن. مانەوە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە نێو چوار دیواردا، وە دووربوون لە خۆشەویستان و بێبەش بوون لە هەموو پێداویستییە بنەڕەتییەکان کارێکی زۆر قورسە. لەوەش قورستر ئەوەیە کە کەسانێکی شەیدای کورسی و پلە و پۆست هەبن کە بە تایبەت سەرقاڵی ستەمکردن لە ئێوە بێت هەتا ڕادەی ئەشکەنجەدان. مانەوەی ٢٣ کەس لە قاوشێکی ١٠ کەسییدا، نەبوونی خۆراک بۆ منداڵانی ساوا، نەبوونی کەشێکی گونجاو بۆ پێدانی خۆراک بە منداڵانی ساوا، قەدەغە بوونی یارییەکانی منداڵان، سنوورداربوونی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە، کاریگەری گریانی منداڵانی ساوا لەسەر بەندییەکانی دیکە، لەو حاڵەتەدا درووستکردنی فشار لە لایەن بەندییەکانی دیکەوە بۆ سەر دایکی منداڵە ساواکە، ئەو کێشانەی لەگەڵ بینیندا بە مێشکدا دێت. ئەو دایکانەی بە دووگیانی بە کەشی ناو گرتووخانە ئاشنابوون، وە لە پشت دەرگای زیندانەکانەوە منداڵەکانیان لەبارچوو، ئازاری ئەوان زۆر سەختترە و ڕووبەڕووی ستەمکارییەکی گەورەتر بوونەتەوە. ئەو غەمەی منداڵێک کە ناتوانێت بێتە دونیاوە دەیبەخشێت بە دایکێک هێندە ئەو دایکە وێنران دەکات لە ڕووی دەروونییەوە کە ناکرێت لێرەدا باس بکرێت، وە پێویستە بابەتێکی درێژی لەسەر بنوسرێت.

 

لەگەڵ ئەو دادوەر و داواکاری گشتییانەدا لەسەر هەمان کورسی لە پۆلەکاندا دانیشتووین و هەمان وانەمان خوێندووە!

ئەوەی کە زۆر بووەتە جێی سەرسوڕمان ئەو کەسانەن کە سەر و گیانی خۆیان بەرگری لەو بارودۆخە ستەمکاری و نایاسییە دەکەن. ئێمە خاوەنی یاسای ژمارەی ٥٢٧٥ین کە تێیدا هەموو ڕێکارەکانی سزا و ئاسایش دیاری کراوە. لە مادەی ١٦ی ئەو یاسایەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە “پێویستە ئەو ئافرەتانەی دووگیانن، یاخود منداڵای ساوای خوار تەمەن شەش مانگیان هەیە، بڕیاری دەستگیرکردنیان دوابخرێت”، بەڵام دەسەلاتداران ئەوە پشتگوێ دەخەن و شەیدای دەستگیرکردن بوون. لەگەڵ ئەو دادوەر و داواکاری گشتییانەدا لەسەر هەمان کورسی لە پۆلەکاندا دانیشتووین و هەمان وانەمان خوێندووە. هەمان وانەی یاسای سزادانی گشتی و یاسای سزادانی تایبەت و فەلسەفەی یاسامان خوێندووە. ئەو ئەندامانەی دەستەی دادوەری کە ناوی (الله) یان لەسەر زمانە بە بەردەوامی، پێویستە ئەوەیان بیربخرێتەوە کە “دایک و منداڵی ساوا بەخشراون لە دەستگیرکردن لە یاساکانی ئیسلامدا”. ئەوە شتێکی زۆر ناخۆشە کە دەبینین کەسانێک کە لەسەر شەرەف و ناموس سوێندیان خواردووە کەچی دواتر بۆ بەرژەوەندییەکی دونیایی یاخود بۆ پلە و پۆستێک کە چەند ساڵێک تێیدا دەمێنێتەوە خۆیان دەخەنە ئەو بارودۆخەوە. ئەو ئەو دادوەر و داواکاری گشتییانەی کە زۆر بە پەرۆشن بۆ ئەوەی کەسانی بێتاوان دەستگیربکەن باش بزانن کە ئەم ڕۆژانە دێت و دەڕوات. بەڵام دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە بەو بڕیارانەی دەری دەکەن خۆتان شوێنی خۆتان دیاری دەکەن، هەرچەندە ساڵەکان تێپەڕ ببن، بەڵام بەرپرسیار دەبن لە هەموو ئەو واژۆیانەی کە دەیکەن.

 

لەگەڵ منداڵە ساواکان مەجەنگن!

ئەو جەنگە پیسەی ماوەی ٦ ساڵە لە دژی بزاڤی خزمەت بەرپا کراوە لە بنەڕەتدا هاوشێوەی سەرکەوتنی (پیروس)ـە کە بریتییە لە سەرکەوتنێکی پڕ لە زیانە. ئەو شەیدایانەی دەسەڵات کە هەموو یاساکانیان ژێراوژوور کردووە، وە لە ڕێگەی گۆڕینی یاساکانەوە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بەرتەسک کردووەتەوە، تەنها وڵاتێکی وێرانەیان بە دەستەوە ماوەتەوە. لە هەر شوێنێکەوە تەماشا بکەیت، وڵاتێک دەبینیت کە خەریکە هەڵدەوەرێت. وە تاکە شتێکی ئەم سەردەمە کە دواتر زۆر یاد دەکرێتەوە، ئەو میکانیزمی داوەرییەیە کە لە ئێستادا کاری پێدەکرێت، وە ئەو کارانەیە کە بازرگانەکانی کۆشکی کۆماری بەرامبەر بە منداڵانی ساوا و دایکیان ئەنجامی دەدەن. ئاهی ئەو منداڵانەی بێبەشکراون لە یاریکردن، وە کۆرپانەی بێبەش بوون لە سەرەتاییترین مافەکانیان، وە ئەو منداڵانەی لە دووری دایک و باوکیان دەژین بەسە بۆ هەژاندنی کۆشکی ستەمکاران. کاتێک وادەی ئەم ستەمکاری و نایاسایی و داگیرکارییە کۆتایی دێت، وە ئاوڕ بۆ دواوە دەدەینەوە دەبینین لە بنەڕەتدا منداڵە ساواکانی براوەی ئەم قۆناغە ناخۆش و سەختە بوون. وە ئەو بەدبەختانەی جەنگیان لەگەڵ ئەواندا بەرپا کردبوو بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە نەفرەتەوە یاد دەکرێنەوە.

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/bebeklerle-derdiniz-ne/

Show More
Back to top button