بیروڕاهەواڵ

کۆمەڵێک پێودانگ لە حەلقەی وانەکانی مامۆستاوە

نووسینێک بە خامەی مامۆستا فاروق مەرجان

لەم نووسینەدا هەندێک لە تێبینییەکانم بۆ ئێوە دەخەمەڕوو کە لە سەردانەکەی پێشتر و ئەم هەفتەیەم بۆ لای مامۆستا فەتحوڵا گولەن تۆمارم کردووە.
وەک ئەوەی لە نووسینێکی پێشتردا ئاماژەم بۆ کردبوو، دەستەواژەی “حەلقەی وانەکان” بە واتایەکی فراوان شی دەکەمەوە و صوحبەت و وتارەکانی مامۆستا و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لەو چوارچێوەیەدا باس دەکەم.
هاوڕێیەکمان لە زیندان خەونێکی زۆر جوانی بە هاوڕێیەکی دیکەی ناو بازنەی خزمەتەوە بینیبوو کە ساڵی ڕابردوو کۆچی دوایی کردبوو. کاتێک ئەو خەونە گێڕدرایەوە، مامۆستا فەتحوڵا وتی:
“ئێستا گومانی باشمان بەرامبەر بەو هاوڕێیەمان نوێ کردەوە…”
مامۆستا فەتحوڵا کاتێک یادی کەسە کۆچکردووەکان دەکاتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە زۆر گرنگە مرۆڤ پارێزگاری لە ڕێچکەی “بەڕێزبوون بەرامبەر بە خودا” بکات. پێویستە هەر ئەوەندە شایەتی بۆ بدەین و بڵێین “کەسێکی باش بوو، ئێمە وەک کەسێکی باش دەمانناسی”، بەڵام کاتێک یادی ئەو کەسانە دەکەین کە زۆرمان خۆش دەوێن لە مەدح و سەنایاندا ڕۆبچین، پێویستە هاوسەنگی بپارێزین، نابێت سنوور ببەزێنین، پێویستە لەم بابەتەدا ڕەچاوی پێودانگی پێغەمبەرانە بکەین… واتە حوکمی پێشوەخت نەدەین…
دەزانین مامۆستا مەهمەت عەلی شەنگولی ڕەحمەتی لە لایەن مامۆستا فەتحوڵا چەند قەدرگران بوو. سەرنجمدا مامۆستا فەتحوڵا کاتێک باسی ئەویشی دەکرد ڕەچاوی ئەو پێودانگە هەستیارەی دەکرد و بەم شێوەیە باسی دەکرد:
“لە ڕوانگەی هەندێک لە تایبەتمەندییەکانییەوە، هاوڕێیەکی زۆر بەتوانا و لێهاتوو بوو… ئیخلاس و دڵسۆزی و وەفا بێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت مرۆڤ دەگەیەنێت بە لوتکە.”
کەواتە ڕاستی بابەتەکە بریتییە لەوەی کاتێک باس لە تایبەتمەندییەکانی کەسانی کۆچکردوو دەکەین و شایەتی باشیان بۆ دەدەین، نابێت هەرگیز ڕۆبچین و پێویستە هەموو کاتێک پارێزگاری لە بەڕێزبوونمان بەرامبەر بە پەروەردگار بکەین…
کاتێک باسیان لەوە کرد کە لە یەکێک لە وڵاتەکاندا زنجیرە نووسینێکیان سەبارەت بە بزاڤی خزمەت لە یەکێک لە ڕۆژنامە گەورەکاندا بڵاوکردووەتەوە، مامۆستا فەتحوڵا وتی:
“ئەوە لە دەستی ئێمەدا نییە، خودا خۆی بەکارمان دەهێنێت. ئێمە ئەو لێهاتووییەمان نییە. هەڵبژاردنی ئێمە بۆ ئەو کارە منەتە بە گیانمان. هەزاران جار سوپاسی ئەو دەکەین… من نەڕۆشتووم بۆ هیچ شوێنێک کە خزمەتی تێدا بێت. من بە چ حەقێک دەتوانم لەم کارەدا دەربکەوم؟ لە هەموو زانکۆکانیشدا تەنها لە مەراسیمی کردنەوەی زانکۆی فاتیحدا ئامادە بووم. ئەویش لەبەر ئەوەی سولەیمان دەمیرەل هاتبوو… کاک سولەیمان دەستی منی گرت و وتی ئێمە هاوڕێین…”
دواتر مامۆستا فەتحوڵا هۆنراوەیەکی ئیمامی ئاڵڤاری خوێندنەوە کە دەڵێت “نە عیلمم هەیە و نە عەمەل”، وە دواتر وتی:
“ئیمامی ئاڵڤاری مرۆڤێک بوو لە پلەی قوطبدا، بەڵام ئەمە هەست و بۆچوونی بوو… نە زانستی هەبوو، نە کرداری زۆر بوو، حاڵی چی بەسەر دێت… وتەیەکی هەبوو کە زوو زوو دەیوت، دەیوت ‘خودایە ئێمە بکە بە مرۆڤ’.”
مامۆستا فەتحوڵا لەسەر بابەتەکانی “پێ هەزم کردن (قبوڵ کردن” و “نەچوونە ناو ئیرەییەوە” وەستا و لەو بارەیەوە وتی:
“هەزم کردن… هەمان پیشە و هەمان کار دەکات، بەڵام ئێوەی پێ هەزم دەکرێت… هەزم کردن، قبوڵ کردن زۆر گرنگە… غەیبەت کردن، ئیرەیی بردن، یەکتر قبوڵ کردن بوونی نییە. ستایش کردن نییە، هەزم کردنێکی زۆر باش هەیە…”
لەو کاتەدا یەکێک لە تەلەبەکانی مامۆستا، نووسینێکی مامۆستای بەبیرهێنایەوە کە پێشتر لە ڕۆژنامەی ‘زوهور’ لە ساڵی ١٩٧٨ بە ناونیشانی “لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ” بڵاوکرابوەوە، و ئەم بەشەی لە نووسینەکە خوێندەوە:
“بیروبۆچوونی ئەوەی کە خزمەت لای ئێمەوە دەستپێبکات و لای ئێمەشەوە کۆتایی بێت، ئەگەری بوون بە دەسیسەی شەیتانی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. حەقپەرستی پێویستی بەوەیە کە خاتری حەق لە هەموو شت بەرزتر ڕابگیرێت. لەو خاڵەدا هەموو دەستێک ماچ دەکرێت کە خزمەت بە حەق بکات. هەموو بیروبۆچوونێک بە ڕێزەوە پێشوازی لێدەکرێت. لە جیهانی ئەولادا چاکە و پشتیوانی حەق بە گوێرەی ئەندازیاری ئێمە ڕوو نادات. مادام بارودۆخەکە بەو شێوەیەیە، ئەی گەشتیارانی ڕێگەی ئەبەدی! لە بەرامبەر کەسانێکدا کە لە ژیانێکی نەبڕاوەدا پێکەوە دەبن، هەڵسوکەوتەکانتان بە گوێرەی ڕق و کینە و خۆپەرستی و ئیرەیی ئەنجام مەدەن کە هەموو ئەو شتانە لەگەڵ دونیا کۆتایی دێت، بەڵکو بە گوێرەی جیهانی ئەبەدی ئەنجام بدەن کە ژیانێکی نەبڕاوەیە و بە بەجێهێشتنی ئەم دونیایە دەستپێدەکات. لەبەر ئەوە وەرن با لە حزوری بینەر و بیسەر و ئاگادار لە هەموو شتەکان عەهد و پەیمان بە یەکتر بدەین! با دوژمنایەتی ڕابردوومان بمرێت، ئێمەش لە سەر ئەو مەزار ئیمام دەبین یان گۆڕهەڵکەن با ببین… با ئەو هەورە پڕ لە ناخۆشییانە بڕۆن و خۆر هەڵبێت، ئەوکات سوڵتان دەبین یاخود گەدا با ببین…”
کاتێک ئەو دێڕانە خوێندرایەوە، مامۆستا فەتحوڵا وتی:
“جەنابی حەق وەک ئەوەمان لێبکات کە وتوومانە…”
پێودانێکی گرنگی دیکە سەبارەت بە پێویستی بەردەوامیدان بە “بزاڤێکی ئەرێنی” لە ژێر هەموو هەلومەرجێکدا:
“ئێمە هەمیشە پێویستە بیر لە باشە بکەینەوە… پێویستە ئێمە پارێزگاری لە ڕەوشتە جوانەکان بکەین. وەڵامدانی کارە ناشرینەکانی ئەوان بە هەمان شێوەی خۆیان لەگەڵ جوانییەکانی خزمەتەکەی ئێمەدا یەکناگرێتەوە. هەموو خەڵکی دەیانەوێت ئێمە بە گوێرەی کاراکتەری خۆمان هەڵسوکەوت بکەین. لەدەست خۆماندا نییە، هەندێک جار خۆمان دەدەین بە دەم هەستەکانمانەوە…”
منیش لە مامۆستا فەتحوڵام پرسی:
“سێ نەوەی یەک لە دوای یەک لە خزمەتدا هەن و بە ئێوە شاد بوون: ئەوانەی لە یەکەم بازنەی خزمەتدا بوون، دواتر نەوەی ئێمە کە لە ساڵانی ١٩٨٠ لە زانکۆ بە خزمەت ئاشنابوون، وە نەوەی دوای ئێمە… لە زانستی کۆمەڵناسیدا باس لە جیاوازی نێوان نەوەکان دەکرێت. لە بزاڤی خزمەتدا ئەوە چۆن چارەسەر دەکرێت؟”
ئەویش لە وەڵامدا وتی:
“بە مەرجی پابەندبوون بە بنەما سەرەکییەکانی ئایینەوە، هەموو کات دەکرێت هەوڵ و ئیجتیهادی جیاواز هەبێت. دەکرێت بیروبۆچوونی جیاواز هەبێت، دەکرێت بیروبۆچوونی نوێ هەبێت”.
مامۆستا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە “پەیامەکان سەرچاوەی سەرەکین” و وتی “بەڵام لە بابەتە لاوەکییەکاندا دەکرێت جیاوازی هەبێت، وە لە شێوازی جێبەجێ کردنەکاندا دەکرێت گۆڕانکاری و کرانەوەی نوێ ئەندام بدرێت”.
ئەم نەوەیەی ئێمە لە ساڵانی ١٩٨٠ کاتێک لە زانکۆ دەمانخوێند، لە ڕێگەی وتارەکانیەوە بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن ئاشنابووین. لە سەردەمێکدا کە تورکیا ڕووبەڕووی بومەلەرزەیەکی فیکری ببووەوە، ئەو وەک چرایەکی ڕێگەڕۆشنکەرەوە وابوو بۆ ئەو لاوانەی لە زانکۆ کەوتبوونە بەر ئەو شەپۆلە و بە دوای خۆڕاگریدا دەگەڕان…
لە مامۆستا فەتحوڵام پرسی:
“بابەتی فەلسەفەی سیرە (هەوڵەکان بۆ باشتر تێگەیشتن لە ژیان و ئەو سەردەمەی پێغەمبەری سەروەرمان (ﷺ) تێیدا ژیاوە) یەکێکە لەو بابەتانەی زۆر گرنگی پێدەدەن. ئەگەر کات و زەمینەیەکی لەبار هەبێت، کەمێک زیاتر درێژەتان بە وتارەکانی “نووری نەمر” دەدا؟”
مامۆستا فەتحوڵا ئاماژەی بۆ ئەوە بارودۆخە نەرێنییە کرد کە لەو سەردەمەدا تورکیای پێدا تێپەڕی وتی “ئەگەر وتارەکانی نووری نەمر بەردەوام بوونایە، ئەوکات بابەتەکە لە ڕوانگەی دیکەوە تەماشا دەکرا، وە دەتوانرا بوترێت بابەتەکە ئەم ڕوانگەیەشی هەیە…”
“نووری نەمر” سەرچاوەی دابارێکی بەنرخە کە بۆ زیاتر لە ٥٠ زمانی جیهان وەرگێڕدراوە، لە تەواوی جیهاندا سەدان هەزار دانەی لێ چاپکراوە.
دوای ئەوەی مامۆستا فەتحوڵا وتی “هەستی خۆشویستی کتێب خوێندنەوە لای تاکی تورک بەرەوپێش نەچووە”، لێم پرسی:
“جارێکیان وتتان کە لانی کەم پێویستە هێندەی ژاپۆنییەکان کتێب بخوێندرێتەوە. ئایا ئەم وتەیەتان بۆ هاوڕێیانی ناو بازنەی خزمەت دەگونجێت؟”
مامۆستا لە وەڵامدا وتی:
“هەموو کاتێک وایە، بەڵام پێویستە زۆر ورد بین، ڕاست و بابەتیانە… هەندێک شتی دیکەش دەکەن کە مێشک تێک دەدەن. سوپاس بۆ خودا ئەو هاوڕێیانەی لە ناوماندا ئەو جۆرە کارانەیان دەکرد ڕۆشتن”.
یەکێک لە میوانەکان کە لە وڵاتێکی ئیسلامییەوە هاتبوو، ٤ بەرهەمی پێشکەش بە مامۆستا فەتحوڵا گولەن کرد کە بە زمانی عەرەبی و فارسی نووسرابوو. یەکێک لەو بەرهەمانە بریتیی بوو لە “مەکتوبات”ی مەولانا خالیدی بەغدادی. بەرهەمەکە تازە چاپکراوە…
مامۆستا فەتحوڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو بەرهەمە دەخەنە ڕیزی ئەو کتێبانەی لە حەلقەی وانەکانیاندا دەیخوێننەوە و وتی “مەکتوباتی ئیمام ڕەببانیمان خوێندەوە. با ئەمەش بخوێنینەوە. مامۆستا سەعید بەهایەکی جیاوازی داوە بەم بەرهەمە. بەهایەکی تایبەت بە ئیمام ڕەبانی دەدات”.
پێموایە گرنگیدانی مامۆستا فەتحوڵا بە بەرهەمە نوێیەکان پەیامێکی گرنگە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی بە ڕووی بەرهەمە نوێیەکاندا کراوە بین.
دواتر مامۆستا فەتحوڵا سەبارەت بە بەرهەمێکی مەهمەت ئاکیف ئەرسۆی بە ناوی “سەفاهەت” وتی:
“ئاکیف نووسەرێکی زانای وەک ئەحمەد ناعیم و عەلامە حەمدی یازر نییە، ئەو خۆی وا دەڵێت، پیشەی پزیشکی ڤێتەرنەری بووە. بەڵام پێم وایە کتێبەکەی بە ناوی سەفاهەت هێندە بەنرخە کە دەتوانێت ڕابەرایەتی مرۆڤێک بکات بەرەو ئیسلام. ئاکیف هێندەی مورشیدێک خزمەت بە میلەتەکەمان کردووە، ئەو زۆر ڕاستگۆ و دڵسۆزە…”
دواتر مامۆستا فەتحوڵا بە شێوەیەکی پێداگرانە ئەم وشانەی وت:
“پێویستە لە ئیستیقامەت دوور نەکەوینەوە… ئیستیقامەت…”

May be an image of 1 person

 

Show More
Back to top button