هەواڵ

کۆشکی سپی وتەکانی چاوشئۆغڵو بە درۆ دەخاتەوە

"ترەمپ هیچ بەڵێنێکی بە ئێردۆغان نەداوە"

 

کۆشکی سپی ئەمریکا تەواوی قسەکانی مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیای بەدرۆ خستەوە کە دەڵێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گفتوگۆیان لەسەر ڕادەستکردنەوەی مامۆستا فەتحوڵا گیولەن بە تورکیا کردووە.

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی لە ڕوونکردنەوەیەکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بە هیچ شێوەیەک لە گفتوگۆکانی نێوان ترەمپ و ئێردۆغاندا باس لە ڕادەستکردنەوەی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن نەکراوە.

شایانی باسە ترەمپ و ئێردۆغان لە ڕۆژانی ٣٠ ی تشرینی دووەم و ١ی کانوونی یەکەم لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لوتکەی G-20 لە ئەرجەنتین کۆبوونەوە.

ڕۆژی یەکشەمە مەولود چاوشئۆغڵو دەنگۆیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەی لوتکەدا ترەمپ بە ئێردۆغانی وتووە “لە ئێستادا کار لەسەر ڕادەستکردەوەی گولەن و چەند کەسێکی دیکە دەکەین”.

هەرچەندە پێشتریش چەند جارێک مەولود چاوشئۆغڵو دەنگۆی لەو شێوەیەی بڵاوکردووەتەوە  و دواتر بەدرۆ خراوەتەوە، بەڵام جارێکی دیکەش ئەو دەنگۆیەی بڵاوکردەوە.

Show More
Back to top button