بیروڕاهەواڵ

کۆتاییەکی شاد!

عەبدوڵا ئایماز

 

حەزرەتی یوسف لەو کاتەی براکانی بینی لە حاڵێکی پەرێشانی وەها کە چەشنی سواڵکەرێک داوای سەدەقەیان دەکرد، هەموو شتێک ئاشکرا بوو” یوسف بە براکانی وت: خۆ بیرتان دێت کە لە سەردەمی نەزانیدا چیتان بە یوسف و براکەی کرد؟ براکانیشی وتیان : مەگەر تۆ یوسفیت؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی: بەڵێ من یوسفم، ئەمەش براکەمە، خودا لوتفی خۆی پشانی ئێمە داوە، گومان نیە لەوەی هەرکەسێک پارێزکاربێت و لە خودا بترسێت و ئارامگربێت، هیچ کاتێک کەسانی چاکەکار بێ پاداشت ناهێڵێتەوە. براکانیشی وتیان: وەڵڵاهی خودا پلەی تۆی لە ئێمە بەرزتر کردۆتەوە و ئێمە هەمیشە خراپەکار بووین. یوسفیش لە وەڵامدا وتی: ئێوە ئەمڕۆ لۆمە ناکرێن، خودا لە گوناحەکانتان خۆش دەبێت، ئەو میهرەبانترینی هەموو میهرەبانەکانە. ئێستا ئێوە بڕۆن و ئەم کراسەی من لە دەموچاوی باوکم بخشێنن با چاوەکانی چاک ببێتەوە. دواتر هەمووتان پێکەوە وەرن بۆ لای من. کاتێک کاروان کەوتە ڕێ، باوکی یوسف بە کەسانی چواردەوری وت: دەترسم پێم بڵێن شێت بوویت بەڵام من وا بۆنی یوسف دەکەم، کەسانی چواردەوریشی وتیان؛ سوێند بە خودا تۆ هەر لەسەر بەیتوبالۆرەکی جارانیت. کاتێک کوڕەکانی بە هەواڵی پڕ مژدەوە گەڕانەوە و کراسەکەی یوسفیان لە دەموچاوی دا، چاوەکانی چاک بوونەوە، یەعقوبیش لەم کاتەدا بە کوڕەکانی وت: من بە ئێوەم نەوت شتابێک لە خوداوە دەزانم کە ئێوە نایزانن؟ ئەوانیش داوایان لە باوکیان کرد کە لە خودا بۆیان بپاڕێتەوە هەتا لە گوناحەکانیان خۆش بێت و وتیان: باوکە ئێمە بە ڕاستی تاوانبارین. باوکیشیان وتی کەوا دواتر داوای لێخۆشبوونیان بۆ دەکات و خوداش لێبوردەترین و میهرەبانترینی هەموو بەخشندەکانە. کاتێک دایک و باوکی چوونە میسر، کوڕەکەیان وتی بە یارمەتی خودا بێنە ناو میسرەوە و کاتێک گەشتنە شوێنی خۆیان، دایک و باوکی لەسەر کورسی فەرمانڕەواییەکەی دانیشاند. لێرەشدا هەموویان لەبەردەمیدا بە سوژدەدا کەوتن. یوسفیش بە باوکی وت: باوکە گیان ئەمە ڕاڤەی ئەو خەوە بوو کە کاتی خۆی بینیم، خودا خەوەکەی هێنایە دی. جگە لەوەش لە دوای ئەوەی شەیتان نێوانی من و براکانمی تێکدا و پاشان لە زیندانیش ڕزگاری کردم، پاشان بە لوتفی خۆی ئێوەی لە ناوەڕاستی بیابانەوە هێنایە ئێرە و پێتان شادبوومەوە”(سورەتی یوسف).

 

بە گوێرەی هەندێک لە گێڕانەوەکان حەزرەتی یوسف و پاشای و میسر و ٤ هەزار سەرباز و ژمارەیەکی زۆری خەڵک، دەچنە پێشوازی هاتنی خانەوادەکەی حەزرەتی یوسف، حەزرەتی یەعقوب بەسەر شانی یەهودای کوڕیەوە دەڕۆشت، لە یەهودای پرسی کەوا ئەو پاشایەی لە دوورەوە دیارە حەزرەتی یوسفە یان نا، کوڕەکەشی لە وەڵامدا وتی، نەخێر ئەوە پاشا نیە ئەوە کوڕەکەتە…” کاتێک بەیەکگەشتن، حەزرەتی یەعقوب سڵاوی کرد و وتی: سڵاوت لێبێت ئەی لابەری خەمەکان. هەردووکیان باوەشیان بە یەکدا کرد و لەو شوێنە تایبەتەی بۆی دابینکردبوون پشوویاندا.

گەر سەرنج لە قسەکانی حەزرەتی یوسف بدەن، خستنە ناو بیرە ئاوەکە و ڕزگاربوونی لە زیندان لەلا هاوسەنگە و بە ئیحسان و چاکەی خودا لەگەڵ خۆی لێکیدەداتەوە! هەروەها بۆ ئەوەی براکانی شەرمەزار نەکات، باسی فڕێدانە ناو بیرە ئاوەکەوە ناکات و  ڕووداوەکە بە فێڵی شەیتان لە هەموویان ناو دەبات!

ئەم چیرۆکە قەشەنگە بەم شێوەیە کۆتایی دێت” پەروەردگارا تۆ بە لوتفی خۆت هەندێک هێز و دەسەڵاتت پێبەخشیوم، هەروەها لە لێکدانەوە و ڕاڤەی خەویش شارەزات کردووم، تۆ لە هەردوو دونیادا دۆستی منیت و بە موسولمانی بممرێنە و بمگەیەنە بە ریزی  چاکەکارن”.

سەرنج لەوە بدەن کە حەزرەتی یوسف سەرەڕای ئەوەی لە میسردا بۆتە وەزیر و بە دایک و باوک و براکانیشی شادبۆتەوە، بەڵام لەو کاتەشدا دەزانێت هەموو خۆشیەکانی دونیا فانی و تیاچووە، هەربۆیە داوا لە خودا دەکات کە بیباتەوە بۆ لای خۆیی و لە ڕیزی چاکەکاران دایبنێت و لەو ساتە خۆشەی ژیانی دونیاشدا نیازی بەهەشت و بینینی جەنابی حەق دایگرتووە…

جەنابی حەق ئەم نزایەی بە نیسبەت هەموومانەوە قبوڵ بکات.

www.shaber3.com/mutlu-son-haberi/1318530/

 

Show More
Back to top button