هەواڵوتار

کودەتاچیەکان بۆ بیریان لە دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیران نەکردەوە؟ شیکاری_ بولەن کۆروجو



وەک هەموومان دەزانین کودەتا بەرامبەر کەسانی سیاسی ئەنجام دەدرێت، کودەتاچیەکان هەوڵی ئەوە دەدەن تەواوی ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە حوکمڕانیان بە دەستەوە گرتوە.

گەر هەموو شتێک سەنگێکی مەحەکی هەبێت، ئەوا دەتوانین بڵێین کودەتا ئەنجامدانیش ئەم سەنگی مەحەکێتی. بەڵام هەوڵی کودەتای ١٥ ی تەموز تەواوی شتە دەرخکراوەکانی پێشووترمانی تێکدا.

کارێکی وەها گەمژانە بوو کە نەک پلانی دەستگیرکردنی سیاسیەکانیان دانەنابوو بەڵکو بە بیریشیاندا نەهاتبوو، هەر ئەمە خستنیە ئەو حاڵە کۆمیدیەوە.

تەنیا شتێک لەو بارەیەوە بیستومانە ئەوەیە کودەتاچیەکان بە مەبەستی دەستگیرکردنی سەرۆک کۆمار، بەرەو مارماریس بەریوکەوتون. لەوەوە بیگرە کە کودەتاچیەکان ناونیشانی هۆتێلەکەیان نەزانیوە و لە ڕێگا لە گەشتیاران و خەڵکیان پرسیوە کەوا ناونیشای هۆتێلەکە لە کوێیە، هەتا دەگاتە ئەوەی دوای دوو کاتژمێر لە ڕۆشتنی سەرۆک کۆمار گەشتونەتە شوێنی مەبەست، چەندین شتی سەیر و سەمەرە هەیە.

ئەمڕۆ باسی ئەو بابەتە دەکەم کە پەیوەندی بە بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا و وەزیرەکانی کابینەکەیەوە هەیە. بۆ ئەو مەبەستەش سوودم لە کتێبی نوسەری سەر بە دەسەڵات عەبدولقادر سەلڤی بینیوە، کە بە ناوی “دەرچەیەک بۆ کودەتا نیە” بڵاوی کردۆتەوە.

پلانە عەجەمیانەکەی کودەتاچیە ناشیەکان

لە لاپەڕە ٨٧ ی کتێبەکەدا دەڵێت کەوا سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە بەردێک دوو چۆلەکەی پێکاوە. بەڵام لە هەمان کاتدا تەقەش لە دڵی سیناریۆکەی خۆیان دەکات. یڵدرم دەڵێت” لەبەر ئەوەی وایان دەزانێ ئێمە لە پردەکەوە دەڕۆین، هەندێک هیزیان بۆ ئەوێ ناردبوو، بە پیچەوانەوە گرتنی پردێک لە یەکەم هەنگاوی کودەتادا شتێک نەبوو واتایەکی هەبێت”.

واتە خودی یڵدرمیش دان بەوەدا دەنێت کە گرتنی پردێک لە جەنجاڵترین ڕۆژی هەفتەدا و لە قەرەباڵغترین کاتی ڕۆژدا، شتێکی بێ واتایە. یڵدرم کاتێک دەیەوێت ئەمە ڕوون بکاتەوە، جامەکە قوڵپ دەکاتەوە، چونکە  ئەو سەرەی پردەکە نەگیرابوو کە یڵدرمی پێدا دەڕوات، بەڵکو ئەوسەری گیرابوو. سەرۆک وەزیران لە کاتی چوونەوە ماڵیدا کە لە ناوچەی توزڵەیە، ڕێگای دەرچوون بەکار دەهێنێت. بەڵام سەربازەکان ڕێگای هاتنیان گرتبوو. کودەتاچیە سەر لێتێکچوەکان، بە پێچەوانەی شوێنی ڕۆشتنی یڵدرم پردەکەیان گرتبوو.

 

هەر بە پێی زانیاری ناو کتێبەکەی سەلڤی، یڵدرم تا کاتژمێر ٢٣ ی شەو لە ماڵەکەی خۆی دەمێنێتەوە. لە ماڵی خۆیەوە پەیوەندی دەکات بە تەلەڤیزیۆنەکانی تورکیاوە. سەیری ئەو سوتفەیە بکە کە کودەتاچیەکان ئەقڵیان بەوە نەشکاوە بدەن بە سەر ماڵەکەیدا و دەستگیری بکەن. خۆ گەر لە سەربازێکی زۆر نەشارەزایش بپرسیت ئەوا ئەوە دەزانێت کە دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیران لە ماڵەکەی خۆی ئاسانترە، لەوەی لەسەر پردێک دەستگیری بکەیت.

کودەتاچیە  ناشیەکان وەک چۆن ئامادەکاریان نەبوە بۆ دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیران، بە هەمان شێوە پلانێکی وەهاشیان نەبووە.

دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیران لە کاتێکی وەهادا دەبووە هۆی ئەوەی دەستبگرن بەسەر کۆشکی چانکایا و ورەی دەرونیان بەرز بکاتەوە. لە هەمان کاتدا وەزیرەکانی تری کابینەکەیان دەستگیر دەکرد کە چانکایان وەک ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە بەکارهێنا.

بە پێی زانیاریەکانی ناو کتێبەکە پاراستنی کۆشکی چانکایای سەرۆک وەزیران بە دەست لیوای پارێزگارانەوە دەبێت کە سەرکردەکەیان ناوی موحەمەد تانجوو بوە و لە کودەتاچیەکان بووە. دەشڵێن هەر ئەو سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکەی سەر کەناڵی تەرەتەی بەڕێوە بردوە، باشە لە کاتێکی وەها گرنگدا، کۆشکی سەرۆک وەزیران چۆن بەجێدەهێڵیت و دەستبەرداری دەبیت؟

کودەتاچیەکان لەبەرچی بیریان لە دەستگرتن بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتی وەزیران نەکردەوە، کە هەموو وەزیرەکانیان دەستدەکەوت و شوێنێکی زۆر نزیکە لە ڕێڕەوی ڕۆشتنی خۆیان؟

نومان کورتوڵموش وتەبێژی حکومەتی تورکیا وەلامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەلێت” تەنیا ئەوە دەتوانم بڵێم کەوا تەقدیری ئیلاهیە، خودا پاراستینی، لەوە زیاتر هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نیە”.

کودەتایەک کە هەمووی لوتف بوو!

کورتولموش بەم شێوەیە لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێت” ئێمەش دواتر لە تۆماری کامێراکاندا بینیمان، تانکێک لە دەرگای ژمارە یەکەوە خۆی دەکات بە ژووردا، لەبەردەمی ٣ یان ٤ پۆلیس هەیە، هەمووشیان چەکی سووکیان بە دەستەوەیە، گەر بهاتایەتە ژوورەوە لایەنی کەم ٣ یان ٤ وەزیری لێبوو. گەر ئێمەیان دەستگیر بکردایە و کەلەپچەیان لە دەست بکردینایە و پشانی چاوی کامێراکانیان بداینایە، ئەوا سەرکەوتنێکی دەروونی بۆ دروست دەکردن. بەڵام تانکە دێتە ژوورەوە و دەگەڕێتەوە، بەڕاستی ئەمە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نیە، خودا پاراستینی هەر هێندە. هەلیکۆپتەر دێتە سەرمان و لەبەر ئەوەی ناوچەکەمان زۆر درەختی لێبوو، نەیتوانی نزیکتر بێتەوە. خۆ هەر لە ناو تەلاری سەرۆک وەزیراندا شوێنی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەر هەیە، گەر لەوێدا بنیشتنایەتەوە، کارمان تەواو دەبوو. دیوارێک هەیە لە نیوان ئێمە و لیوای پارێزکاران، گەر ٥٠ کەسیان بناردایە بۆ ئێرە و دەستگیریان بکردینایە هەموو شتێک کۆتای دەهات. یاخود ڕێڕەوی ڕوداوەکان بە شێوازێکی تر دەبوو”.

ئەم کودەتایە کە هەموو شتێکی بە قسەی ئەوان لووتفی خودایە، زۆر لووتفی هەیە کە ڕوونکردنەوەی ئەستەمە.

بۆ نمونە ڕۆشتنی ١٣ سەرباز بۆ دەستگرن بەسەر کۆشكی کۆماریدا کە زیاتر لە ٢٠٠٠ پاسەوانی گاردی کۆماری هەیە، یەکێکە لەو لووتفانەی ڕوونکردنەوەی ئەستەمە. هەروەها دەستگرتن بەسەر مەیدانی تەقسیم بە ٣٨ سەربازەوە، لوتفێکی ترە کە ڕوونکردنەوەی نیە!

کێ چ کاتێک بە کودەتای زانی، هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە

بەردەوام دەبین لە باسکردنی تێبینیەکانی ناو کتێبەکەی سەلڤی، لە لاپەڕە ٧١ ی کتێبەکەدا هاتوە کەوا موحسین کۆسە بەڕێوەبەری پاسەوانەکانی سەرۆک کۆمار لە کاتژمێر ٢١:٤٠ بە هەوڵی کودەتاکەی زانیوە. بەڵام ئێردۆغان بە مەبەستی زانیاری وەرگرتن، کاتژمێر ٢٢:٢٧ ، تەلەفۆن بۆ هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میت دەکات، ٤٧ خولەک لە ڕووداوێکی وەهادا کاتێکی زۆر زۆرە.

لە لاپەڕەی ٧٢ هاتووە کەوا ئێردۆغان لە کاتژمێر ٢١:٤٥ تەلەفۆن بۆ نیهات چیچەک پەڕلەمانتاری ناوچەی موغلا دەکات و دەڵێت” ڕێکخستنەکانی ئاکەپە ئاگادار بکەنەوە و ڕێکیان بخەن،  دەمەوێت خەڵکی بڕژێنە سەر شەقامەکان”.  واتە ئێردۆغان پێش ئەوەی قسە لەگەڵ سەرۆکی میت بکات ، بە پشت بەستن بە زانیاری زاواکەی خۆی، داوای لە رێکخستنەکانی ئاکەپە کردوە خەڵک بهێننە سەر شەقامەکان.

لە کتێبەکەدا زۆر لایەنی دژ بەیەک هەیە کە کاتێک باسی سەربازە کودەتاچیەکان دەکات و، ئەویش  وەک ڕای گشتی تورکیا سەری لێشێواوە. رەجەپ ئوناڵ فەرماندەی هێزە ئاسمانیەکانی شاری ئێسکیشەهیر، لە لاپەڕە ٥٦ و ٥٧ ی کتێبەکەدا وا باسکراوە کە فەرماندەیەکی دژ بە کودەتاچیەکانە و فڕۆکەی لە دژی کودەتاچیەکان بەکارهێناوە، بەڵام لە لاپەڕە ٧٧ ی کتێبەکەدا دەڵێت سەر بە کودەتاچیەکانە.

سەلڤی هەندێک زانیاری بێ سەرەو بەرەی تریشمان پێ دەدات. بۆ نمونە لە لاپەڕە ١٠٠ و ١٠١ باس لەوە دەکات جەنەڕاڵ سۆنمەزئەتەش پێش دوو ڕۆژ، کۆلۆنێل ئومیت گەنجەر پێش ٣ ڕۆژ،  دوو فەرماندەی ناوەندیش پێش مانگ و نیوێک بە هەوڵی کودەتاکەیان زانیوە.

لە لاپەڕەی ١٢١ یش باس لەوە دەکات کە جەنەڕالی گشتی ئاکن ئۆزتورک لە هەمان ڕۆژی کودەتادا پەیوەندی بە کۆریای  باکورەوە کردوە. تۆ بڵێی داوای یارمەتی لە سەرۆکە شێتۆکەکەی کۆریا کردبیت؟

زۆرێک لە هاورێکانم لە ناوەڕاستیدا وازیان لێهێناوە و چیدی بۆیان نەخوێنراوەتەوە، بەڵام ئێوەش وەک من زەخت لە خۆتان بکەن و تا کۆتای بیخوێننەوە، کتێبەکەی سەلڤی شتی زۆری تێدایە!

http://www.tr724.com/darbeciler-basbakani-ele-gecirmeyi-dusunmemis/

Show More
Back to top button