هەواڵ

کارەساتی ڕەشبگیری ڕۆژنامەنووس و نووسەرانی تورکیا و ڕفاندنیان لە دەرەوەی وڵات دەنگ دەداتەوە

ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی دەستەی نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی تورکیا لەبارەت کۆچکردنی چینو توێژە جیاوازەکانی تورکیا و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر کۆمەڵگاکەی.

 

دەستەی نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی تورکیا ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو ڕەشبگیر و پێشێلکارییانە بڵاوکردەوە کە لەدوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ تەموزی ٢٠١٦ەوە لەو وڵاتەدا بەرامبەر ئەو چینەی کۆمەڵگا ئەنجام دەدرێن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ڕفاندی نووسەر و ڕۆژنامەنووسەکانی تورکیا کراوە لە دەرەوەی وڵات، بە وردیی ناو و شوێن و کاتی هەموو ڕفاندنەکان خراوەتە ڕوو.

لە پێشەکی ڕاپۆرتەکەدا نووسراوە: ” ئەم ڕاپۆرتە پەیوەستە بەو ڕووداو  و ڕفاندنانەی کە لەدوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ەوە لە تورکیا ئەنجامدراون و سنووردارکردنی ماف و ئازادیی هاوڵاتییان و گەشتیاران، بەتایبەتیش ڕێ نەدانیان بە چوونە دەرەوە لە تورکیا. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە سایەی ئەو پێشیلکارییانەدا کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دەدرێن، تورکیا بووەتە زیندانێکی کراوە بۆ هاوڵاتییان، چونکە تەنانەت ئەو مرۆڤانەش کە لە زینداندا نین، ئازادییەکانیان لێ زەوت کراوە.”

 

هاوڵاتییان لەبەر نەمانی ئازادیی بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵدێن

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە تورکیا بەهۆی ڕەشبگیرەکانەوە داهاتووی چەندەها کەس لەناوبراوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە: “چەندەها مامۆستا، پارێزەر، پۆلیس، دادوەر، ڕۆژنامەنووس و پڕۆفیسۆر و چین و توێژی جیاواز بەهۆی دەرکردنیان لە کارەکانیان و بە ناحەق دەستگیرکردن و دادگایی کردنی نادادپەروەرانەیان، بۆ پاراستنی مافەکانیان هەوڵ دەدەن کە لە وڵات بچنە دەرەوە.”

لە ڕاپۆرتەکەی دەسستەی نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی تورکیادا هاتووە کە زۆرێک لەو خێزان و دەستە و گروپانەی کە کەوتوونەتە ژێر فشار و سنووردارکردنی ماف و ئازادیی و گەشت کردنەوە، بەهۆی ئەو بڕیار و ڕێنماییە نایاساییانەی حکومەتەوە، ژیانیان لێ تێکچووە و لە هەوڵدان بۆ جێهێشتنی وڵاتیشدا ڕووبەڕووی مەترسیی زۆر بوونەتەوە.

 

پاش هەوڵی کودەتاکە، ڕێژەی کۆچبەریی بۆ ئەوروپا ٪٢٢٨ زیادی کردووە

 لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەر لەپاش هەوڵی کودەتاکەی ٢٠١٦ەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٥، ڕێژەی کۆچکردن لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا سێ ئەوەندە  و بە ڕێژەی ٪٢٢٨ زیادی کردووە.

سەبارەت بە ساڵی ٢٠١٧ش، ڕاپۆرتەکە نووسیویەتی کە ڕێژەی کۆچکردن ٪٥٥ کەمی کردووەتەوە، بەڵام ڕێژەی داوا کردنی مافی پەنابەرێتیی سیاسیی کە لە ساڵی پێشوودا ١١٠٠ هاوڵاتیی تورکیا داوای مافی پەنابەریەتیی سیاسییان لە ئەوروپا کردبوو، لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕێژەکە بووە بە ٤.٢٤٠ داواکاریی.

داواکاریی مافی پەنابەریی سیاسیی لە یۆنانیش زیادی کردووە

لە ڕاپۆرتەکەی دەستەی نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی تورکیادا، بە پشت بەستن بە دەزگای کۆچی یۆنان ئاماژە بە ڕێژەی ئەو هاوڵاتییانەی تورکیا دراوە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا داوای مافی پەنابەریەتیی سیاسییان لە یۆنان کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا نووسراوە کە لە ساڵی ٢٠١٦دا تەنها ١٨٦ کەس داوای مافی پەنابەریەتیی سیاسییان لە یۆنان کردووە، بەڵام لە ٢٠١٧ ئەو ڕێژەیە بۆ هەزار و ٧٥٠ کەس بەرزبووەتەوە.

 

 

 

سەرچاوە: Aktif Haber

Show More
Back to top button