بەشی ڤیدیۆکانهەواڵ

ڤیدیۆ؛ مامۆستا فەتحوڵا گولەن وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ڕەگنومی روسی دەداتەوە

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن لە میانەی ئەنجامدانی ڕێپۆرتاژێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕەگنومی ڕوسی وەڵامی پرسیارەکانی مۆدێست کۆلێرۆڤ سەرنوسەری ئاژانسەکەی  دایەوە.

تەوەری پرسیارەکان لە بابەتی داخوازی تورکیا سەبارەت بە  ڕادەستکردنەوەی مامۆستا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هەتا ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمەڵێک باسوخواسی بەرفراوانی هەنوکەیی لە خۆگرت.

ئەمەی خوارەوە بریتیە لە وەڵامی ئەو ٣ پرسیارەیە کە بە شێوەیەکی نوسراو وەڵامیان دراوەتەوە.

م. کۆلێرۆڤ: بەڕێز گولەن، سەرەڕای سەرقاڵیتان بە کارەکانی خۆتان و باری نەرێنی تەندروستیتان، سوپاست دەکەین کەوا دەرفەتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانت بۆ ڕەخساندین.

 

یەکەم: لە کاتێ چوون و هاتنی شاندەکانی تورکیا و ئەمەریکا ئێوە هەمیشە دەکەونە بەر باسوخواس و حکومەتی تورکیا داوای ڕادەستکردنەوەی ئێوە دەکات لە حکومەتی ئەمەریکا. ئێوە سەبارەت بەم داخوازیەی تورکیا نیگەرانیەکتان هەیە یاخود نا؟ ئایا بە نیاز نین بچنە وڵاتێکی تر؟ حکومەتی تورکیا لەبەرچی بەم شێوەیە پێداگری لە ڕادەستکردنەوەی ئێوە دەکات.

 

م.فەتحوڵڵا گولەن: سەبارەت بە بابەتی داواکاری ڕادەستکردنەوەم لەلایەن تورکیاوە، بە ناوی خۆمەوە هیچ نیگەرانیەکم نیە. من دوا ڕۆژەکانی ژیانم بەسەر دەبەم و ئیدی جیاوازی ناکات لێرە یاخود لە تورکیا یان لە شوێنێکی تری ئەم دونیایە بمرم. جگە لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودا و رۆژی دوایی هیچ تێبینیەکی ترم نەبووە. ماوەی ٢٠ ساڵە لێرە دەژیم. لەم ماوەیەدا نە لە خەڵکی ئەم شارۆچکە بچوکەوە کە تێیدا دەژیم، نە لە کاربەدەستانی  ئەم وڵاتەوە، جگە لە مامەڵەیەکی جەنتڵمانانە هیچی ترم نەدیوە. بیریشم لەوە نەکردۆتەوە کە بچمە وڵاتێکی تر. من لەو باوەڕەدام ئەمەریکا سەبارەت بە داواکاریەکانی تورکیا، ئەوە ئەنجام دەدات کە یاساکانی ئەم وڵاتە و بەندەکانی ڕێکەوتننامەی ڕادەستکردنەوەی نێوان هەردوو وڵات دیاریان کردووە.

سەبارەت بەوەی حکومەتەکەی ئێردۆغان لەبەرچی پێداگری لەسەر ئەم بابەتە دەکات، ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بە حسابە سیاسیە ناوخۆییەکانی ئەوانەوە هەیە. بۆ ئەوەی تەواوی هێزەکان لە دەستی کەسێکدا کۆبکەنەوە پێویستیان بە قۆچێکی قوربانی بوو، هەربۆیە ئەم بزاڤەیان هەڵبژارد. ئێستاش بە گوێرەی داخوازیەکانی ئەم هەوڵەیان هەنگاو هەڵدەگرن.

پێش مانگی کانونی یەکەنی ٢٠١٣، کاربەدەستانی ئەم حکومەتەی ئێستا، لە بابەتی ستایشکردنی ئەم بزاڤەدا لەگەڵ یەکتریدا پێشبڕکێیان دەکرد.

لە ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە ١٨٠ پلە وەرچەرخاون و بە زمانی نەفرەت و لە ڕێگەی هێزی دەوڵەتەوە هەوڵی لەکەدارکردن و پلیشاندنەوەی دەدەن. بە سیفەتێک کەوا مومکین نیە ملیۆنان کەسی پێگەشتووی ئەم بزاڤە لە پڕێکدا بگۆڕێن، کەواتە ئەوەی گۆڕاوە خۆیانن.

پێموایە ئەم جۆرە ڕەفتارانەیان وەک داخوازی پلانێکی سیاسی ئەنجامی دەدەن.

 

پرسیاری دووهەم: باس لە دەستێوەردانی بزاڤی خزمەت دەکرێت لە ڕیزبەندی قۆناغە گرنگەکانی نێوان پەیوەندی روسیا و تورکیا، لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕوسیەکەوە هەتا دەگاتە کوشتنی ئەندریە کارلۆڤی باڵیۆزی روسیا لە ئەنقەرە، سەبارەت بەم بانگەشانە چی دەڵێن؟

م.فەتحوڵڵا گولەن: با لە سەرەتاوە ئەوە بڵێم کە هەردوو تۆمەتەکە ڕەتدەکەمەوە. ئەمانە بوختانگەلێکی ئاست نزمن کە شایەنی وەڵامدانەوەش نین. سەبارەت بە بەقوربانیکردنی باڵیۆزی ڕوسیا ڤیدیۆیەکم  بڵاوکردەوە کە ئاڕاستەی خەڵکی روسیا کردبوو، دیسان لێرەوە سەرەخۆشیان لێدەکەم و ئەم کوشتارە خوێناویە بە نەفرین دەکەم. هەوڵدانی حکومەتی ئێردۆغان بۆ تێوەگلاندنی بزاڤی خزمەت لەم ڕووداوەوە تەنیا جێگەی پێکەنینە. لە جیاتی ئەوەی خاڵە لاوازیەکانی خۆیان لە بواری ئەمنیەتدا بدۆزنەوە و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، هەوڵی ئەوە دەدەن تاوانەکە بەسەر کەسانی تردا ساغ بکەنەوە.

سەبارەت بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕوسیەکە، پێموایە لە چاوپێکەوتنێکمدا لەگەڵ کەسایەتی ئەکادیمی ڕوسی بە ناوی پرۆفیسۆر ناومکین، ئاماژەم بەوە کرد کە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە و پەیوەندی روسیا و تورکیا گرنگیەکی زۆری هەیە و پێویست بەوە دەکات پارێزگاری لێبکرێت. کاتێک ڕووداوەکە ڕوویدا، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە خۆی فەرمانی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی دەرکردووە. ئێردۆغانیش وەک سەرۆک کۆمار وتی: گەر دیسان سنورەکانمان پێشێل بکرێتەوە، دیسان ئامادەین فڕۆکەکانیان بخەینە خوارەوە. کاتێک حکومەتی ڕوسیا ڕێکاری توندی بەرامبەریان گرتە بەر، وەک ئەوەی خۆیان ئەم قسانەیان نەکردبێت، دیسان بزاڤی خزمەتیان وەک قۆچی قوربانی ئەم بابەتەش هەڵبژاردەوە.

سوپای تورکیا لە هەموو دونیادا بەوە ناسراوە کە خاوەنی دیسپلینی تایبەت بە خۆیەتی. بابەتی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ فڕۆکەیەکی وڵاتێکی تر، بابەتێکی زۆر جددیە و لەم بابەتەدا فەرمانەکان بە زنجیرەیەک ناوەندی بڕیار و پرۆتۆکۆلدا تێدەپەڕێت. پێموانیە ئەو رۆژەش چووبێتنە دەرەوەی ئەم دیسپلینە. پێموایە هیچ کەسێکی خاوەن ئەقڵیش لە دونیادا نیە کە حساب بۆ ئەم جۆرە بانگەشانە بکات.

سێهەم: لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تورکیاش تێێدا بەشدار بووە، گەرچی هەندێک بەرەو باش بوون بەدی دەکرێت بەڵام هێشتا ئاستەنگی زۆر ماوە کە ببڕدرێن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت سوریا، گرتنەبەری نەخشەڕێگایەکی ئاشتیانە چۆنی دەبێت؟

 

وەڵام: سەبارەت بە سوریا لە پێش چەندین ساڵ تێبینیەکانی خۆمم بە وەزیرەکانی ئاکەپەش ڕاگەیاند و پێموتن کەوا پێویستە ئەوان بە ئیرادەی ئازادانەی خۆیان بە تێپەڕینی کات بەرەو دیموکراسی هەنگاو هەڵبگرن و لەم بابەتەشدا پیویستە پاڵپشتی بکرێن.

ئەسەد لە قۆناغێکی دیاریکراودا، پێویستی بەوە دەکرد کە بۆ دوو خول لە سەرکردایەتی ئەو وڵاتەدا بمێنێتەوە و لە ڕووی ماددی و سیاسیشەوە پاڵپشتی بکرێت هەتا سوریا بەرەو مۆدێرنە و بەشداری هەمەلایانانەی خەڵکی سوریا لە دەسەڵاتدا ببات. هەتا کوردەکان، تورکمەن، عەرەب، نوسەیری و مەسیحیەکانی ئەو وڵاتە پێکەوە ئیدارەیەک پێکبهێنن کە تێیدا گوزارشت لە خۆیان بکەن و تێیدا نوێنەرایەتیان هەبێت. ئاماژەمبەوەشدا کە پێویستە هەمان ماف بە هەموویان بدرێت.

بە داخەوە بە شێوەیەکی جددی ئاوڕیان لەم بیروبۆچوونە نەدایەوە و گەر شیاوی وتن بێت وەک ئەوە وەهابوو بڵێن: تۆ ئەقڵت بەم جۆرە شتانە ناشکێت. خۆ ئێمە لە مەلای مزگەوتەوە پێشنیار وەرناگرین.

ئێستا بابەتەکە زۆر ئاڵۆز بووە، لە هەندێک بابەتدا ڕوسیا ڕۆڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی گرتۆتە ئەستۆ، ئیدی لەمەودوا ڕوسیا و ئەمەریکا بێ ئەوەی بهێڵن کەسانێکی تریش گیان لە دەست بدەن و مەغدوریەتی زیاتر دروست ببێت، پێویستە پێکەوە هەماهەنگی ئەوە بکەن کە سوریا بگوازنەوە بۆ قۆناغێکی وەها کە ئامێزی بۆ هەموو خەڵکەکەی گرتبێتەوە و لەم بابەتەدا داخوازی هاریکردنی هەردوولایان دەکات.

ئەو ڕێگەچارەیەی سەبارەت بە سوریا ئاماژەمان پێداوە، بە نیسبەت زۆر وڵاتی تری دونیاشەوە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت.لەو کۆمەڵگایانەی لە ڕەگەزەی هەمە چەشنە پێکهاتوون، تەنیا ڕێگە چارەی درێژخایەنی کێشەکانیان ئەوەیە پێکهاتەیەکی وەها پێکبهێنرێت کە هەموو خەڵکەکە هەست بە نوێنەرایەتی کردنی خۆیانی تێدا بکەن؛ بێ ئەوەی سەیری دین و ڕەگەزی هاوڵاتیەکان بکرێت، مافە سەرەکی و ئازادیەکانیان مسۆگەر بکرێت لەلایەن حوکمڕانیەکی پێکهاتوو لە بەشداری هەموو لایەکەوە…

Show More
Back to top button