بەشی ڤیدیۆکانهەواڵ

ڤیدیۆ؛ دەقی وتاری م. فەتحوڵڵا گولەن بۆ ڕۆژنامەی لێمۆندی فەرەنسی

مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە وتارێکیدا کە بۆ ڕۆژنامەی (لی مۆندی) ی فەڕەنسی نوسیوە، باس لە سەرگوزەشتەی بە دیموکراسیکردنی تورکیا دەکات کە هەتا ماوەیەک بەر لە ئێستاش وەک نمونەیەک پیشان دەدرا. هەروەها باس لەو خاڵە دەکات کە  دیموکراسی ئێستای تورکیای پێی گەیشتووە.

ئەمەش دەقی وتارەکەی مامۆستایە بۆ ڕۆژنامەی لی مۆندی فەڕەنسی:

لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا  تورکیا  وەک وڵاتێکی موسوڵمان،  بە هۆی ئەو هەنگاوانەی  لە پێناو باشترکردنی دیموکراسی هەڵیدەگرت، بە ستایشەوە باسی لێوە دەکرا. ئەو پارتە سیاسییەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی تورکیای گرتە دەست،  بە مەبەستی  گونجان لەگەڵ ستاندارتەکانی دیموکراسیی یەکێتی ئەوروپا، کۆمەڵێک چاکسازی ئەنجامدا و جارێکی تر سەرلەنوێ تۆمارەکانی دۆسیەی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخستەوە.

بە داخەوە ئەو چاکسازییە دیموکراسییانە تەمەنیان درێژ نەبوو. لە ماوەی چەند ساڵێکدا چاکسازییەکان ڕاوەستان و ئێردۆغان کە ئەوکات سەرۆک وەزیران و  لە ئێستاشدا سەرۆک کۆماری تورکیایە، دوای بەدەستهێنانی سێهەمین سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١ بە تەواوی بە پێچەوانەی ئەو ڕێگەیەی گرتبوویە بەر سوڕایەوە. لە دوای ئەو کاتەوە تورکیا بەردەوام بەرەو توندوتیژی و زۆرداری دەچێت و چیتر ئەو وڵاتە نەماوە کە ببێتە نمونە بۆ وڵاتانی موسوڵمانی دیکە. ڕەنگە هەندێک کەس ئەو نمونە نەرێنییەی تورکیا لەم چەند ساڵەی دواییدا پشانی دا، وەک نمونە بۆ نەگونجانی دیموکراسی و بەها ئیسلامییەکان ببینێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە  دەرئەنجامگیری کردنێکی هەڵەیە.

بە پێچەوانەی ئەوەی دەبینرێت، سەرەڕای ئەوەی لە دڕوکەشدا وا دەردەکەوێت کە زۆر بە هەستیارییەوە ڕەچاوی بەهاکانی ئیسلام دەکات، بەڵام کارەکانی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە تورکیا هەیە سەرتابەخوار پێچەوانەیە لەگەڵ بەها بنەڕەتییەکانی ئایینی ئیسلامدا.  شێوازی جلوبەرگ یاخود بەکارهێنانی درووشمە ئاینییەکان، پەیوەندیان بە بنەما و بەها سەرەکیەکانی ئاینی ئیسلامەوە نیە. بەها بنەڕەتییەکانی ئاینی ئیسلام دەربارەی بەڕێوەبردنی وڵات بریتییە لە سەرەوەری یاسا و ڕێزگرتن لە بێلایەنی دادگاکان و توانای لێپێچینەوە لە دەسەڵاتداران و پاراستنی ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤەکان. ئەو پاشەکشەیەی لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا لە ئەزموونی دیموکراسی تورکیادا بەدی دەکرێت، پەیوەندی بە پابەندبوون بە بەهاکانی ئایینی ئیسلامەوە نییە، بەڵکو ئەنجامی خیانەت کردنە لەو بەهایانە، ئەو شتانە ڕوویاندا کە بینیمانن.

خەڵکی ئەنادۆڵ کۆمەڵگەیەکی فرەڕەگەزن. سوننی، عەلەوی، کورد، تورک یاخود هەر نەتەوەیەکی دیکە، موسوڵمان یان ناموسوڵمان، کەسانی دیندار یاخود عەلمانی، هەر کەسێک تێڕوانین و بیروباوەڕ و فەلسەفەیەکی جیاوازی هەیە بۆ ژیان. هەوڵدان بۆ ئەوەی هەمووان وەک یەک لێبکەیت هەم هەوڵێکی بێسوودە،  هەم بێڕێزییە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی. پێویستە ڕێز لە تێڕوانین، هەست، بیروباوەڕ، فەلسەفەی ژیان و جیهانبینی هەموو کەسێک بگرین.

 

بەڕێوەبردنێکی دیموکراسی؛ کە هیچ گروپ و لایەنێک فەزڵی خۆی نەدات بەسەر لایەنێکی دیکەدا و بە پێی زۆرینە و کەمینە مامەڵە لەگەڵ خەڵکیدا نەکرێت، باشترین و گونجاوترین شێوازی بەڕێوەبردنە بۆ کۆمەڵگایەکی فرەڕەگەزی هەمەچەشنەی لەو شێوەیە.

 

 دەتوانین هەمان شت بۆ وڵاتانی سوریا و عێراق و وڵاتانی دیکەی دراوسێی تورکیاش بڵێین.

لە تورکیا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهانیشدا بە درێژایی مێژوو ئەوە بەدیکراوە کە سەرکردە زۆردار و ستەمکارەکان لە پێناو پارێزگاری کردن لە دەسەڵاتەکانیان پەنا بۆ شێوازێکی هاوشێوە دەبەن. ئەویش بریتییە لە درووستکردنی دوژمنایەتی و دووبەرەکی لە نێوان گروپە جیاوازەکان، لە ڕێگەی سوود وەرگرتنیش لە بیروبۆچوونە جیاوازەکانی ئەو گروپانە، شەڕ و پێکدادان لە نێوانیان دروست دەکەن. هەربۆیە بیروباوەڕی ئایینی و تێڕوانینی مرۆڤەکان بۆ ژیان هەرچییەک بێت، پێویستە هاوڵاتییان بتوانن لە چواردەوری مافە جیهانییەکان و ئازادییەکان کۆببنەوە و بتوانن لە ڕێگە دیموکراسییەکانەوە  لێپێچینەوە بەرامبەر ئەو کەسانە ئەنجام بدەن، کە مافەکانیان پێشێل دەکەن.

گوزارشت لە خۆکردن لە بەرامبەر ستەمکارییدا مافێکی دیموکراسییە و، لە هەمان کاتدا ئەرکێکی هاوڵاتیبوونە و بۆ مرۆڤە باوەڕدارەکانیش ئەرکێکی ئایینییە. خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە نابێت لە بەرامبەر نادادپەروەری مرۆڤەکاندا بێدەنگ دابنیشین و دەفەرموێت: ”  ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه هه‌میشه ڕاگری دادوه‌ری بن و شایه‌تیی بۆ خوا بده‌ن، تەنانەت گەر شایه‌تیه‌که‌شتان زیانی بۆ خۆتان و دایک و باوکتان یان خزمانیش هه‌بێت” (سورەتی النساء – ئایەتی ١٣٥).

بە مەرجی ئەوەی زیان بە کەسانی دیکەدا نەگەیەندرێت، ژیان بەو شێوەیەی لەگەڵ بیروباوەڕ و تێڕوانینتدا بۆ ژیان گونجاوە و،   فەراهەمکردنی هەموو ئازادییە بنەڕەتییەکان و لە پێش هەموویانەوە ئازادی ڕادەربڕین، وا دەکات مرۆڤ بە واتای ڕاستەقینە مرۆڤ بێت. ئازادی مافێکە کە خودای میهرەبان بەخشیویەتی بە مرۆڤەکان،  هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو مافەی لێ زەوت بکات. مرۆڤێک کە لە مافی ئازادییەکانی بێبەش کرابێت، واتە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو مرۆڤە بە واتای ڕاستەقینە وەک مرۆڤ ناژی.

 

 بە پێچەوانەی ئەوەی ئیسلامییە سیاسیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئیسلام شێوازێکی حوکمڕانی یاخود ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت بە چۆنیەتی حوکمڕانی نییە، بەڵکو ئایینە.

 

 ڕەنگە فەرمان بە هەندێک لە پرەنسیپ بکات کەوا دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتە، بەڵام ئەو پرەنسیپانەی فەرمانی پێکردوون، بەشێکی بچوک لە ڕێژەی سەدی  دینەکە پێکدەهێنن. بچووک کردنەوەی ئایینی ئیسلام بۆ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی،  تاوانێکی گەورەیە کە بەرامبەر بە ڕۆحی ئایینی ئیسلام ئەنجام دەدرێت.

 

ئەو کەسانەی کار لەسەر سیاسەت و تێڕوانینی ئیسلام بۆ حوکمڕانی دەکەن، یاخود لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکەن، لە سێ بابەتدا دەکەونە هەڵەوە. یەکەمیان: ئەو ئیسلامەی لە قورئان و سونەتدا ئاماژەی بۆ کراوە لەگەڵ ئەو ئیسلامەی کە ئەزموونی موسوڵمانان بە درێژایی مێژوو بەرهەمیان هێناوە، تێکەڵ دەکرێت. تێڕوانینی ڕەخنەگرانە بۆ ئەزمونە مێژوویەکانی موسوڵمانان و ئەو حوکمانەی لە ئەنجامی ئەو ئەزموونانەوە هاتوونەتە بەرهەم،  هەروەها  بە لەبەرچاوگرتنی سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ، ڕوونکردنەوەی چەند بابەتێکی گرنگی وەک مافەکانی مرۆڤ لە ئیسلامدا، چۆنیەتی تێکەڵبوون و بەشداری لە کۆمەڵگادا، دیموکراسی، پێکەشکردنی بەرچاو ڕوونی لەم بابەتانەدا زۆر گرنگە.

هەڵەی دووەم کە ئەنجام دەدرێت بریتییە لەوەی هەندێک جار بە پشتبەستن بە جۆرێکی دیاریکراو لە تەفسیر و راڤەی دەقێکی قورئانی پیرۆز لەگەڵ  چەند حەدیسێکی دیاریکراو، هەوڵ دەدرێت مەشروعییەت بە تێگەیشتنێک بدرێت کە پێشتر بڕیاریان لەسەر داوە و ، پاشان هەوڵ دەدرێت ئەم جۆرە تێگەشتنەی خۆیان بەسەر کەسانی تریشدا بسەپێنن. ڕۆحی قورئان و – ئەگەر دەربڕینێکی لەم شێوەیە گونجاو بێت – فەلسەفەی ژیانی پێغەمبەر تەنها بە تێڕوانینێکی گشتگیرانە و نییەتێکی پاک و بێگەرد بۆ گەڕان بە دوای جەنابی حەقدا، بەدەست دەهێنرێت.

هەڵەی سێهەمیش بریتییە لە بەکارهێنانی دەستەواژەی “ئایین تایبەتمەندە بە فەرمانڕەوایەتی خودای گەورە و دیوکراسیەتیش بریتیە لە فەرمانڕەوایی خەڵک”، بەم شێوەیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەرگیز ئایین و دیموکراسی لە هیچ شوێنێکدا یەکناگرنەوە. هیچ مرۆڤێکی باوەڕدار گومانی لەوەدا نییە کە جەنابی حەق هەر خۆی فەرمانڕەوای هەموو شتێکە لە گەردووندا؛ بەڵام ئەوەش بە واتەی ئەوە نایەت کە ئێمە ئیرادە و مەیل و هەڵبژاردنمان بۆ هیچ شتێک نەبێت، یاخود خودای گەورە ئەم شتانەی ئێمە نادیدە دەگرێت. پێدانی حاکمییەت بە گەل –حاشا- بە واتای ئەوە نایەت کە لە خودای گەورە وەربگیرێتەوە و بدرێت بە مرۆڤەکان، بەڵکو ئەو تایبەتمەندییەکە لە لایەن خودای گەورەوە بەخشراوە بە مرۆڤەکان و پێویستە لە دەست کەسێک یاخود بنەماڵەیەکی زۆردار و ستەمکار وەربگیریتەوە بدرێتەوە بە گەل.

جگە لەوە کاتێک دەڵێین “دەوڵەت” واتە ئەو سیستەمەیە کە لە لایەن کۆمەڵێک مرۆڤەوە لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی و دادپەروەری درووستبووە و تێیدا پارێزگاری لە ئازادییەکان و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەکرێت. دەوڵەت خودی خۆی ئامانج نییە، بەڵکو تەنها هۆکارێکە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لە هەردوو جیهان بگەن بە دڵخۆشی و کامەرانی. ئەو کەسانەی ئەو سیستەمە پێکدەهێنن تا چ ڕادەیەک لایەنگری کۆمەڵێک بیروباوەڕی بنەڕەتی و بەهاکان دەکەن، ئەو دەوڵەتەش هێندە لەو بیروباوەڕ و بەهایانەوە نزیک دەبێت. لەبەر ئەوە دەربڕینی دەوڵەتی ئیسلامی خۆی لە خۆیدا دەستەواژەیەکی دژ بە یەکە. لەبەر ئەوەی لە ئایینی ئیسلامدا چینی ڕوهبان نییە، حوکمڕانی ئایینی (تیۆکراسی) بە ڕۆحی ئایینی ئیسلام نامۆیە. دەوڵەت لە ئەنجامی ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی لە نێو مرۆڤەکاندا درووستبووە، وە لە کۆتاییدا درووستکراوی مرۆڤەکانە؛ لەبەر ئەوە ناکرێت “ئیسلامی” یاخود “پیرۆز” بێت.

لە دونیادا دیموکراسی لەسەر زۆر شێوازی جیاواز پەیڕەو کراوە. یەکێکە لە بنەما هەرە بنەڕەتییەکانی(ئایدیاڵ) دیموکراسی لە هەموو ئەو پەیڕەوکردنەوە جیاوازانەدا، بریتییە لەوەی گروپێک فشار لەسەر گروپێکی دیکە دروست نەکات، وە لە هەمان کاتیشدا ئەوەش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی(ئایدیال)ی ئیسلام.

 

 بنەمای تێگەیشتنی  یەکسانانە بۆ هاوڵاتییەکان لە یاسادا بریتییە لەوەی بە ڕێزەوە تەماشای هەموو مرۆڤێک بکەین کە بەدیهێنراوێکی خودای گەورەیە و، پێویستە وەک شاکارێکی هونەری پەروەردگار، ڕێز لە هەموو مرۆڤێک بگرین. کاتێک تەواوی ئەمانە لەبەرچاو دەگرین، ئەوا  دەبینین زیاتر لە پاشایەتی و حوکمڕانی بنەماڵەیی، حوکمڕانی دیموکراسی گشتگیر و کۆماریش لەگەڵ ڕۆحی ئایینی ئیسلامدا زیاتر دەگونجێت.

 

ئەو حوکمڕانییەی ئێستا لە تورکیادا هەیە، زیاتر لە حوکمی تاکڕەوی و زۆرداری دەچێت وەک لەوەی لە دیموکراسی بچێت. چۆن گەیشت بەو بارودۆخە؟

ئێردۆغانی سەرۆک کۆمار، لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر دەوڵەت و، خستە ژێر چاودێری خاوەن سەرمایەکان و خەڵاتکردنی کەسە نزیکەکانی، تورکیای بە ئاقارێکی هەڵەدا برد، کە بۆ ماوەیەک بوو بووە جێگەی هیوا بۆ بەرقەرارکردنی دیموکراسی لە ناوچەکەدا. لە پێناو کۆکردنەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکان لە دەستی خۆیدا و بەدەستهێنانی هاوسۆزی لەناو ڕای گشتییدا، من و بزاڤی خزمەت و هاوسۆزانی بزاڤەکەی وەک دوژمنی دەوڵەت ناساند و ئێمەی کردە بەرپرسیار لە سەرجەم ئەو خراپەکارییانەی لە مێژووی نزیکی تورکیادا ڕوویانداوە. هەموو ئەو کارانەی ئەنجامدراوە، وەک  نمونەیەکی بەرچاوە بۆ ئەوەی کە چۆن  کەسێک یاخود گروپێک دەکرێتە کۆچی قوربانی.

لەم ڕەشبگیر و ستەمکارییەی دەستیان پێکردووە لە پێش هەموو کەسێکەوە ئەو هاوسۆزانەی بزاڤی خزمەت کە هەموو تەمەنی خۆیان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان تەرخان کردووە،  دواتر هەموو کەسێکی ئۆپۆزسیۆن کراونەتە ئامانج.

 خۆپشاندەرانی  ژینگەپارێز، ڕۆژنامەنووسان، ئەکادیمییەکان، کوردەکان، عەلەوییەکان، ناموسوڵمانەکان، وە هەندێک لەو گروپە ئیسلامییانەی ڕەخنە لە کارەکانی ئێردۆغان دەگرن، بەشی خۆیان لەم سیاسەتەی ئێردۆغان بەرکەوتووە. دەرکردن لەسەر کار بە بێ هیچ شتێک، دەستگیرکردن، زیندان، ئەشکەنجە، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامان، چەندین ستەمی دیکە بە تەواوی ژیانی مرۆڤەکانی وێرانکردووە.

بە هۆی بەردەوامی ئەو ستەمکارییانەوە، هەزاران هاوسۆزی بزاڤی خزمەت لە تورکیا هەڵهاتوون و ڕوویان لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کردووە. لەو شوێنانەی کە ڕوویان لێکردووە ئەرکی سەرشانی خۆیان بە جوان بە جێدەگەیەنن و خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگادا دەگونجێنن و پابەندن بە هەموو یاساکانەوە، کاریگەری باشیان هەیە لەسەر چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بە شێوەیەکی ئەرێنییانە ڕەفتار دەکەن و ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی لێدوانی توندڕەوانەی گروپە ڕادیکاڵە ئیسلامیەکان دەوەستنەوە.

لە تورکیادا تاوانبارکردنی مرۆڤەکان تەنها لەبەر ئەوەی سۆزییان بەرامبەر بە کەسێک یاخود گروپێک هەیە لەلایەن سیستەمێکی دادوەرییەوە کە لەسەر ستەم بنیادنراوە بەردەوامی هەیە. ژمارەی قوربانییەکانی ئەو هەڵمەتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت. زیاتر لە ١٥٠ هەزار هاوڵاتی بە ناحەق لە کارەکانیان دوورخرانەوە، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی دەستگیرکران و خراونەتە زیندانەکانەوە. ئەو کەسانەی  لەم ستەمکارییەدا بوونەتە قوربانی کە لە پێناو بەرژەوەندی سیاسییدا ئەنجام دەدرێت و دەیانەوێت لە تورکیا هەڵبێن، بە هۆی ئەوەی پاسپۆرتەکانیان هەڵوەشێندراوەتەوە، لەو مافە مرۆییە بنەڕەتییانەش بێبەش کراون کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە فەراهەم کراوە.

کۆماری تورکیا کە لە ساڵی ١٩٢٣ دامەزرێندراوە هەتا ئێستا، هەرچەندە لە ڕێگەی چەندین کودەتای سەربازیەوە توشی شڵەژان و بومەلەرزەی گەورە بووە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک هەر لەسەر ڕێگەی دیموکراسی خۆی هەنگاوی هەڵدەگرت. ئەو کەسانەی لە ئێستادا حوکمڕانی تورکیا دەکەن، خەریکە شکۆی تورکیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا لەناوی دەبەن  کە لە ڕابردوودا بەدەستی هێناوە و، تورکیا بەرەو ڕیزی ئەو وڵاتانە پەلکێشدەکەن کە دوژمنی ئازادییەکانن و و هاوڵاتیانی خۆیان ڕەوانەی گرتووخانەکان دەکەن کە مافێکی دیموکراتی خۆیان بەکار دەهێنن. دەسەڵاتداران پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بۆ مەبەستی خراپ بەکاردەهێنن، وە هەموو نوێنەرە دیپلۆماسییەکانیان و سەرچاوە مادی و مرۆییەکانی دەوڵەت بۆ دەستدرێژی کردنە سەر هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە سەرانسەری جیهان و چاودێری کردنیان و ڕفاندنیان بەکار دەهێنن.

لە تورکیادا لەم چەند ساڵەی دواییدا هاوڵاتیان ناتوانن بە ئاسانی داواکارییە دیموکراسییەکانی خۆیان بگەیەنن بە دەسەڵاتداران و لەم بابەتەدا دەستەوسانن. ڕەنگە یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەمەش بریتیی بێت لە نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە سەقامگیری ئابووریان. بەڵام ئەگەر لەم تابلۆیەی ئەمڕۆوە بەرەو دواوە بگەڕیینەوە دەبینین کە ئەوە هۆکارێکی مێژووییشی هەیە.

هەرچەندە حومڕانی دیموکراتییانە یەکێکە لەو بنەما ئایدیاڵانەی کۆماری تورکیای لەسەر دامەزراوە، بەڵام هەتا ئەمڕۆ لە تورکیادا هیچ هەوڵێکی بۆ جێگیرکردنی بەها دیموکراتییەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیکیی لەسەر ئاستی خەڵک پێشکەش نەکراوە. ‘گوێڕایەڵی بۆ سەرکردەیەکی بەهێز’ و ‘گوێڕایەڵی دەوڵەت’ هەردەم بەشێکی گرنگ بوون لە چەمکەکانی ناو سیستەمی پەروەردەی تورکا. نزیکەی هەر ١٠ ساڵ جارێک کودەتایەکی سەربازی ڕووی دەدا و ڕێگەی نەداوە پرۆسەی دیموکراسی بەرەو پێش بچێت و ڕەگ دابکوتێت.

 

هاوڵاتیان لەبیریان چووەتەوە کە دەوڵەت لە پێناو مرۆڤدا هەیە نەک مرۆڤ لە پێناو دەوڵەتدا، یاخود لەبیریان براوەتەوە. دەکرێت زۆر بە ئاسانی ئەوە بڵێین کە ئێردۆغان سوودی لە بارودۆخی دەروونی ئەم کۆمەڵگایە وەرگرتووە.

دیموکراسیی تورکیا بە هۆی ئەو ڕژێمەی ئێستا حوکمی تورکیا دەکات ڕەنگە لە سەرە مەرگدا بێت، بەڵام من ئومێدم هەیە. ستەم هیچ کاتێک تەمەنی درێژ نەبووە. باوەڕم بەوە هەیە کە ڕۆژێک دێت تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێچکەی دیموکراسی. بەڵام بۆ ئەوەی دیموکراسی ڕەگ دابکوتێت و بۆ ماوەیەکی درێژ کار بکات، پێویستە هەندێک ڕێکار بگیرێتە بەر.

پێش هەموو شتێک پێویستە چەمکەکانی ناو سیستەمی پەروەردە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە. پێویستە بابەتەکانی وەک یەکسانی هاوڵاتیان لە بەردەم یاسا و ئازادییەکان و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ هەر لە خوێندنی سەرەتاییەوە فێری منداڵان بکرێت، بۆ ئەوەی کاتێک گەورە بوون ببنە پارێزگاری ئەو بەهایانە. دووەم، پێیوستمان بە دەستوورێکی نوێ هەیە، کە هاوشێوەی ئەوەی لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی بۆ کراوە، مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت و لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان نەکات و بە شێوەیەکی ئازادانە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان تێیدا بچەسپێندرێت. هەروەها وەک پارسەنگی هێز و ڕووبەڕوو بوونەوەی پێشێلکارییەکانی کاربەدەستانی حکومەت، پێویستە مافی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیا ئازاد بچەسپێندرێت. سێهەم، پێویستە بیرمەندەکان و ڕۆشنبیران و سەرکردەکان بە ڕەفتار و بە گوفتار جەخت لەسەر بەها دیموکراسییەکان بکەنەوە.

لە بارودۆخی ئێستا لە تورکیا دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بە تەواوی هەڵپەسێردراون. وا دەردەکەوێت کە تورکیا وەک وڵاتێکی زۆرینە موسوڵمان ئەو هەلە مێژوویەی لەدەست دابێت، کە وڵاتێکی دیموکراسی بە گوێرەی ستاندارتەکانی یەکێتی ئەوروپا بەدەست بهێنێت.

سەرکردەکانی کۆمەڵگایەک وەک سەرتوێژی ئەو شیرەن کە ئەو کۆمەڵگایەی پێکهێناوە. ئەو شیرە هەر چۆنێک بێت سەرتوێژەکەشی هەروا دەبێت. سەرتوێژی ماست هەر ماستە و سەرتوێژی شیر هەر شیرە و سەرتوێژی خراپەش هەر خراپەیە. ڕەنگە هەموو کات سەد لە سەد بەو شێوەیە هەستیار نەبێت، بەڵام زۆربەی کات سەرکردەکانی کۆمەڵگایەک ڕەنگدانەوەی باوەڕ و بەهاکانی ئەو کۆمەڵگایەیە بە شێوەیەکی گشتی. ئومێد دەکەم و نزا دەکەم ئەو ڕووداوە ناخۆشانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا لە وڵاتانی موسوڵمان نشیندا ڕوویانداوە بوونەتە هۆی ئازار و ناڕەحەتی، ببێتە مایەی هەست و شعورێکی دەستەجەمعی و هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەر یاخود کۆمەڵێک حکومەت و سەرکردەی پابەند بە بەها دیموکراتییەکان بهێنێتە بەرهەم، کە بەرگری لە ئازادییەکانی و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەکەن.

http://www.tr724.com/fethullah-gulen-le-mondea-yazdi-turk-demokrasisi-islami-degerlere-uyuldugu-icin-degil-o-degerlere-ihanet-edildigi-icin-basarisiz-oldu/

 

Show More
Back to top button