هەواڵ

ژیانی لە مەترسیدایە و بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرناچێت

مامۆستایەکی زیندانی کراو بە ناوی عومەر شاملی لە زیندانێکی تورکیا ژیانی کەوتۆتە مەترسیەوە و ئازادیش ناکرێت.

سەرەرای ئەوەی ڕاپۆرتە پزیشکیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژیانی ناوبراو لە زینداندا دەکەوێتە مەترسیەوە، بەڵام داواکاری گشتی سوورە لەسەر ئەوەی بەردەوامی بدات بە درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەریەکەی.

لە دوای هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ زیاتر لە ٥٠ هەزار هاوڵاتی دەستبەسەر کراون.

زۆرینەی ئەوانەی دەستبەسەرکراون لە چینی مامۆستایان پێک دێت.

یەکێک لەو مامۆستایانە بە ناوی عومەر شاملی، پێش مانگ و نیوێک دەستگیر کرا.  شاملی دوو جار لە زینداندا ژیانی کەوتۆتە مەترسیەوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. سەرەڕای ئەوەی پزیشکەکان ڕاپۆرتی ئەوەیان بە کاربەدەستانی زیندان داوە، کە شاملی ناتوانێت لە زیندان بژی، بەڵام داواکاری گشتی سوورە لەسەر ئەوەی بە دەستبەسەر کراوی بیهێڵێتەوە.

شاملی خاوەنی ٥ منداڵە و هاوسەرەکەی لە ڕوونکردنەوەیەکدا وتی”  هاوسەرەکەم ماوەی مانگ و نیوێکە دەستبەسەر کراوە، ماوەی ١٨ ساڵە نەخۆشیەکی سەختی لەگەڵدایە، پەنجەکانی قاچی و دەستی ئاوی تێدا کۆ دەبێتەوە و دەتەقێت، هەروەها پێستەکەی بەردەوام توشی داخوران دەبێت. ئێستا نەخۆشیەکانی مێردەکەم گەشتووە بە سیەکانی و توانی قوتدانی خواردنی نەماوە. کاتێک سەرمای دەبێت لە هۆش خۆی دەچێت، لەبەر ئەوەی زیندانی شاری ئیزمیریش زۆر ساردە، هەتا ئێستا ٣ یان ٤ جار حاڵی تێکچووە و براوەتە ژێر چاودێری پزیشکەکانی گرتووخانە، دوو جار ئۆتۆمبیلی ئامبولانس بردوویانە بۆ نەخۆشخانە و لە نەخۆشخانە هاتۆتەوە سەر خۆی. زۆر سەختە مێردەکەم لە زینداندا بەردەوامی بە ژیانی بدات، چونکە ناتوانێت پێویستیە تایبەتەکانی خۆی ئەنجام بدات. ناتوانێت جلەکانی بشوات و خۆی بگۆڕێت، تەنانەت ناتوانێت کەوچکێک ببات بۆ دەمی. من دایکی ٥ منداڵم و بە تەنیا ڕووبەڕووی ژیان دەبمەوە، ئاستەمە مێردەکەم بتوانێت لە زیندان بژی”.

 

“گەر نەیکوژن نابێت؟”

سێزگین تانریکولو پەڕلەمانتاری پارتی کۆماری گەل(جەهەپە)، سەبارەت بە زیندانی کردنی شامڵی وتی” گەر بە بێ بڕیاری دەستبەسەرکردن دادگایی بکەن نابێت؟ گەر لە ماڵەوە لە ژێر چاودێریدا بێت و لە زینداندا نەیکوژن نابێت؟”

تانریکولو لە پەیجی تویتەری خۆی وتی:” هەندێک هاوڵاتی دەستبەسەر کراو هەیە کە لە زینداندا گیان دەکێشن. ئەمڕۆ لە شاری بالککەسیر مامۆستا عومەر شاملی دانیشتنی دادگایی هەیە. ناوبراو هەموو جۆرە نەخۆشیەکی هەیە.  ناوبراو قاچێکی لە دەستداوە و قاچی دەستکردی هەیە. پزیشکەکان ڕاپۆرتیان پێداوە کە ناتوانێت لە زینداندا بژی. لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و وەزیری داد دەپرسم، ئەم پیاوە بۆمبی لە خۆی نەبەستوە تا بیتەقێنێتەوە، هیچ تاوانێکی بەسەردا ساغ نەبۆتەوە، پیاوی نەکوشتووە، چەکی پێ نیە، خۆ دەتوانن لە ماڵەکەی خۆیدا زیندانی بکەن، ئیتر بۆ لە زینداندا دەیهێڵنەوە. بۆ ئازادی ناکەن؟ با ئەم ماوە کورتەی ژیانی لەگەڵ خێزانەکەی بەسەر بەرێت. با لە ماڵەوە ئاگایان لێ بێت”.

تانریکولو لە درێژەی قسەکانیدا باسی گیان لە دەستدانی هاوڵاتیەکی زیندانی دەکات و دەڵێت” لە ماوەی ڕابردوودا کوڕی مامۆستایەکی زانکۆ بە ناوی ئەحمەد توران ئۆنجەریت، چەندین ڕۆژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئینتەرنێت هاواری کرد کە باوکی ئازاد بکرێت، ناوبراویش نەخۆشی شێرپەنجەی لەگەڵدا بوو، لە زانکۆی سەکاریا دکتۆر بوو،  هەتا دوا ڕۆژ لە زینداندا هێشتیانەوە پاشان ئازادیان کرد، بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ وەفاتی کرد. با نەخۆشەکانی زیندان ئازاد بکرێن پێش ئەوەی بمرن. ژنێک بە ناوی سینە بینگۆل تەمەنی ٧٠ ساڵە و لە زینداندایە. ژنێک بەو تەمەنەوە بۆ لە زیندان بێت؟ ئەم ژنە نە بۆمبی تەقاندۆتەوە نە چەکی پێیە، نە کەسی کوشتووە، من لە هەموو شوێنێک ئەم پرسیارە ڕوو بە ڕووی وەزیری داد دەکەمەوە. من لێرە هەمیشە وتەبێژی زیندانیەکان دەبم”.

http://www.shaber3.com/ogretmen-omer-samli-cezaevinde-yasayamaz-raporuna-ragmen-tahliye-edilmiyor-haberi/1300427/

 

 

Show More
Back to top button