هەواڵ

ژیاننامەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن بە زمانی یۆنانی بڵاوکرایەوە

 

کتێبی “فەتحوڵا گولەن: ژیانێک لە خزمەت” (Fethullah Gulen: A Life of Hizmet)، کە لە لایەن پرۆفیسۆر جۆن پالەوە سەبارەت بە ژیاننامەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن نووسراوە، وەرگێڕدرا بۆ سەر زمانی یۆنانی. کتێبەکە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی پاپازیسی یۆنانییەوە بڵاوکرایەوە کە یەکێکە لە کۆنترین دەزگاکانی چاپ و پەخش لە وڵاتی یۆناندا.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی koronosnews، کتێبەکە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ وە کەوتووەتەوە بەر دیدەی خوێنەران و لە لایەن خوێنەرانەوە گرنگییەکی زۆری پێدراوە. دەزگای چاپ و پەخشی پاپازیسی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: “ڕۆڵی ئێمە بریتییە لە پاڵپشتی کردن لە ئازادی ڕادەربڕین لە بەرامبەر لایەنگری و دەمارگیریدا. بە شێوەیەکی زۆر باش کتێبەکەی پرۆفیسۆر جۆن پالمان بە چاپ گەیاند کە ناوی “فەتحوڵا گولەن: ژیانێک لە خزمەت” (Fethullah Gulen: A Life of Hizmet) و لەم ڕێگەیەدا بەرەوپێش دەچین.”

پرۆفیسۆر جۆن پال، کە مامۆستای بەشی زانستە ئایینییەکانە لە زانکۆی لوثەران لە شاری فیلادلفیا لە ئەمریکا، لە کتێبەکەیدا بە تەواوی لێکۆڵینەوە لە ژیان و بیروبۆچوونی مامۆستا فەتحوڵا گولەن دەکات.

دکتۆر سۆتیریس لیڤاس، سەرۆکی بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی لۆنیۆ لە یۆنان، کە بە نووسینەکانی لەسەر بزاڤی خزمەت ناسراوە، کتێبەکەی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی یۆنانی. لیڤاس پێشەکییەکی ١٦ لاپەڕەیی بە ناونیشانی “تەنانەت یەک دڵۆپ ئاو نییە!” بۆ کتێبەکە زیادکردووە و تێیدا باس لەو ستەمکاری و کارە ناساییانە دەکاتە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە بزاڤی خزمەت و هاوسۆزانی ئەنجامیدا.

تەلەڤیزیۆنی مێگا تیڤی، کە یەکێکە لە دیارترین تەلەڤیزیۆنەکانی یۆنان، لە یەکێک لە بەرنامەکانیدا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کاتەرینا مارکو بەڕێوەبەری گشتی دەزگای چاپ و پەخشی پاپازیسیس ئەنجامدا و لەو چاوپێکەوتەکەدا کتێبەکەی ژیاننامەی مامۆستا فەتحوڵا گولەنیان ناساند. وە هەروەها لەو بەرنامەیەدا پەیامێکی ڤیدیۆیی مامۆستا فەتحوڵا گولەن پێشکەشکرا کە سەبارەت بە چالاکییەکانی ناساندنی کتێبەکە ناردبووی. مێگا تیڤی دوای ئەوەی پەیامەکەی مامۆستا فەتحوڵا گولەنی پێشکەشکرد باسی لەو فشار و ستەمانە کرد کە لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بەرامبەر بە بزاڤی خزمەت و هاوسۆزانی ئەنجام دەدرێت.

کاتەرینا مارکو پێش ناساندنی کتێبەکە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی koronosnews ئەنجامدا و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەست بە خۆشحاڵییەکی زۆر دەکات بە هۆی بڵاوکردنەوەی کتێبێک سەبارەت بە ژیاننامەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن و وتی “پێویستە لە مێژووی هەموو ودەزگایەکی چاپ و پەخشدا هەموو بابەتێک هەبێت. کتێبەکەی پرۆفیسۆر جۆن پال سەبارەت بە ژیاننامەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە لایەن دکتۆر سۆتیریس لیڤاسەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی یۆنانی کە یەکێکە لە باشترین وەرگێڕەکان. قورسترین شت ئەوەیە کە بابەتە نەبیستراوەکان بگەیەنیت بە خوێنەرێک کە خاوەنی کەلتور و شارستانێتی و ئایینێکی جیاوازە. لە ڕاستیدا ئێمە ناو بەناو ناوی مامۆستا فەتحوڵا گولەن بەڵام وەک پێویست ئەو ناناسین. زۆر بە کەمی، بەتەنها مێژوونووسان گولەن و بزاڤی خزمەت دەناسن. کتێبی “فەتحوڵا گولەن: ژیانێک لە خزمەت” (Fethullah Gulen: A Life of Hizmet) بەرهەمێکی زۆر پڕ زانیارییە. کتێبە زۆر گرنگە بۆ ناسینی مامۆستا فەتحوڵا گولەن و بزاڤی خزمەت.

 

http://m2.samanyoluhaber.com/fethullah-gulen-hocaefendi-biyografisi-yunancada-adini-cok-sik-duyuyoruz-ama-tanimiyoruz-haberi-1365314.html

 

Show More
Back to top button