هەواڵ

ژوورە تاکە کەسیەکانی زیندان: گۆڕە کۆنکریتیەکان


سڕی سوورەییا ئۆندەر پەڕلەمانتاری پێشووی هەدەپە، لە کاتی ئازادکردنی لە زیندان، ئاماژەی بە بابەتێک دا کە لەلایەن مێدیاکانەوە نادیدە گیرا.
ناوبراو لەبەردەم زیندانی کاندرا لە کاتی ئازاد بوونیدا، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا وتی” لەبەر ئەوەی ماوەی ١٠ مانگە لە ژوورێکی تاکە کەسیدا ژیان بەسەر دەبەم، توانای قسەم نەماوە و تواناکانم لاواز بووە”.
ئەگەرچی ڕژێمی ئاکەپە ئاماژە بە هیچ ژمارەیەکی فەرمی ناکات، بەڵام لە زیندانەکانی تورکیادا، نزیکەی ٣ هەزار هاوڵاتی سەر بە چینی ئۆپۆزسیۆن، کە لە نێویاندا دەستبەسەکراو/ حوکمدراو هەیە، بە تەواوی لە دونیای دەرەوە دابڕێندراون و لە ژووری تاکە کەسیدا ژیانیان بەسەر دەبەن.
سەدان دادوەر، داواکاری گشتی، مامۆستا کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی جەماعەتدا دەستگیرکراون، چەندین ساڵە لە ژووری تاکە کەسیدا ژیانیان بەسەر دەبەن.
هەروەها ئەو پۆلیس و داواکاری گشتیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی دژە گەندەڵی ١٧ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ بەشداریان کرد، کە لە تورکیادا بە دۆسیەی گەندەڵی سەدە ناوبانگی دەرکردووە، ماوەی ٥ ساڵە بە تەواوی لە دونیای دەرەوە دابڕێدنراون و لە ژووری تاکە کەسیدا ژیانیان بەسەر دەبەن.
ڕژێمی ئاکەپە کە لە ١٧ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ بەسەر تاوانی گەندەڵیەوە گیرا، لە ڕێگەی ناشتنی بەشداربووانی ئۆپەراسیۆنەکە لە گۆڕی کۆنکریتیەکان، تۆڵەی خۆی دەستێنێتەوە.

“هەلومەرجی ژیانم هەموو ڕۆژێک ڕوو لە خراپ بوون دەکات و بە تەواوی ڕووی لە خراپی کردووە. بە مەبەستی ئەوەی هەلومەرجی ژیانم باشتر بێت و مافی ژیانم لێ زەوت نەکرێت، بە ناوی مرۆڤایەتیەوە داواتان لێدەکەم لە ژووری تاکە کەسی لام ببەن و بمگوازنەوە شوێنێک کە زیندانی تری لێبێت”.
ئەمە قسەی مامۆستایەکە کە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و دەستبەسەرە و دادگا هیچ بڕیارێکی بۆ دەرنەکردووە.
موزەفەر ئۆزجەنگیز کە تەمەنی ٥٨ ساڵە، ٥ ڕۆژ پێش ئەوەی گیان لە دەست بدات، لەو نامەیەی بۆ کاربەدەستانی زیندانی نوسیوە، دەڵێت:” بە ‘ناوی مرۆڤایەتیەوە’ داواتان لێدەکەم لە ژووری تاکە کەسی دەرمبهێنن”. بەڵام کاربەدەستانی زیندان هەر خۆیشیان تینەگەیاند. هەربۆیە ئۆزجەنگیز لە بەرواری ٢٧ ی نیسانی ٢٠١٩، لە ژوورێکی تاکە کەسی زیندانی چۆروم، گیانی لە دەستبا.

هەروەها لە نامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە بە بێ هیچ هۆیەک ماوەی ١٤ مانگە لە ژووری تاکە کەسیدا دانراوە.

دادوەر، مامۆستا، پزیشک
زەکی گیوڤەن بەڕێوەبەری پێشووی هۆبەی هەواڵگری ئەنقەرە، بە هەمان شێوە لە ژوورێکی تاکە کەسیدا بە جەڵتەی دڵ گیانی لە دەستدا.
ئۆزجەنگیز و گیوڤەن، تەنیا دوو کەسن لەو دەیان هاوڵاتیە دەستبەسەکراو/ حوکمدراوەی کەوا لە ژووری تاکە کەسی زینداندا گیانیان لە دەستداوە.

لە ئێستاشدا سەدان هاوڵاتی تر کە گوایە لە چوارچێوەی بەرەنگاوربوونەوەی بزاڤی خزمەتدا زیندانی یاخود دەستبەسەر کراون، لە نێویاندا پزیشک، مامۆستا، دادوەر و تەنانەت ژنی ماڵەوە هەیە، چەندین ساڵە لە ژوورە تاکە کەسیەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.

“باری دەروونی مرۆڤ بە شێوەیەکی هەمیشەیی تێکدەچێت”

زیندانی کردن لە ژووری تاکە کەسی، بە یەکێک لە گەورەترین ئەشکەنجەکانی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت. بە گوێرەی ڕای شارەزایانی باری دەروونی، زیندانیکردنی مرۆڤێک بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بە شێوەیەک کەوا بە تەواوی لە دونیای دەرەوە دایببڕێت، بەسە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی هەمیشەیی باری دەرونی تێکبچێت و جارێکی تر چاک نەبێتەوە.

کەسێک کەوا چەندین مانگ بە تەنیا دەمێنێتەوە، لە ڕوانگەی هەستکردن بە شوێن و کاتەوە، توانستەکانی لە دەست دەدات. لە وێناکردن و هەستەکانیدا توشی شێواوی دەبێت. هەستکردنی بە واقع لە دەست دەدات.

“کێشەی جەستەیی دەستپێدەکات”
بە گوێرەی یاسای ناو زیندانەکان، خستنە ژووری تاکەک کەسی، یەکێکە لە شێوازەکانی سزادان. هەروەها بە گوێرەی هەمان یاسا، ماوەی زیندانی کردن لە ژووری تاکە کەسیدا نابێت لە ٢٠ ڕۆژ تێپەڕێت. چونکە مانەوەی زۆر لە ژووری تاکە کەسیدا تەنیا لە ڕووی دەروونیەوە زیانی بۆ مرۆڤ نیە و، لە هەمان کاتدا لە ڕووی تەندروستی جەستەشەوە زیانی بۆ مرۆڤ هەیە.
بە گوێرەی توێژینەوە زانستیەکان، مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و پێویستە بەوە هەیە بە شێوەیەکی بەردەوا لەلایەن چواردەورەکەیەوە ئاگادار بکرێتەوە، مرۆڤێک کەوا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە مرۆڤەکانی چواردەوری دادەبڕێت و کەسێک نادۆزێتەوە قسەی لەگەڵدا بکات و کاتەکانی لەگەڵدا بباتە سەر، لە هزریدا کۆمەڵێک باری شێواو دروست دەبێت. کاتێک کەسێک نابێت بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵدا ببەستێت، لە مێشکیدا شێوازێک لە کول و کوێربوونەوە ڕوو دەدات. کەسێک کەوا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە شوێنێکی بێدەنگدا دەمینێتەوە، گوێچکەکانی زۆر هەستیار دەبن و، تەنانەت بە بچوکترین دەنگ بێزاری ڕووی تێدەکات.

“بینایی چاو تێکدەچێت و مەترسی خۆکوشتنی کەسەکە ٣٣ جار زیاتر دەبێت”

کەسێک کەوا ٢٣ کاتژمێری ڕۆژێکی لە شوێنێکی داخراودا بەسەر دەبات کە ڕووبەرەکەی ٨-١٠ مەتر دووجایە، دوورترین شوێن کەوا دەیبێنێت بریتیە لە ٥ مەتر. بەم شێوەیە چاوەکان توانای بینینی دوور لە دەست دەدەن. هەربۆیە ڕۆژانە کاتێک زیندانیەکان دەبرێنە حەوشەی زیندان و هەوای کراوە، بە شێوەیەکی بەردەوام سەیری ئاسمان دەکەن. کەسانێک کەوا چەند ساڵێک لە ژووری تاکە کەسی دەمێننەوە، متمانە بە خۆیان لە دەست دەدەن.
هەربۆیە لە بابەتی پەیوەندی کردن بە مرۆڤەکانی ترەوە توشی ناڕەحەتی دەبن. پاشان توشی چەند نەخۆشیەکی وەک خەمۆکی، خەو لێزڕان و داخورپان(پەنیک ئەتاک) دەبن.
هەروەها بە گوێرەی توێژینەوە زانستیەکان، مەترسی خۆکوشتنی ئەو کەسەی لە ژووری تاکە کەسیدا زینداییە، ٣٣ قات بە گوێرەی زیندانیەکانی تر ڕوو لە زیاد بوون دەکات.
لە ٣ ساڵی ڕابردووشدا سەدان کەس کە گوایە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی جەماعەتدا زیندانی یاخود دەستبەسەر کراون، لە زینداندا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

“ئاکەپە لەم بابەتەدا پارێزگاری لە بێدەنگی خۆی دەکات”

ژمارەی زیندانیەکان و هاوڵاتیانی دەستبەسەرکراو لەو کاتەی ئاکەپە دەسەڵاتی گرتە دەست، تەنیا ٥٢ هەزار کەس بوو. ئێستا ئەم ژمارەیە خۆی لە ٢٦٥ هەزار کەسدا دەبینێتەوە. زیندانیەکانی تورکیا کە توانای ١١٠ هەزار هاوڵاتیان هەیە، لە ڕێگەی زیادکردنی رەنزە و قەرەوێلەکانی زیدان و ڕاخستنی جێگە لەسەر زەوی، جێگەیان بۆ ٢١٩ هەزار هاوڵاتی تر کردۆتەوە! واتە بە شێوەیەکی بەردەوام ژمارەی هاوڵاتیانی دەستبەسەرکراوی سەروی ئاستی زیندانەکان، خۆی لە سەرو ٤٦ هەزار کەس دەدات.

لە ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەی ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد کرابوون خۆی لە ٢ هەزار کەس دەدا، بەڵام ئێستا ئەم ژمارەیە خۆی لە ٦٨٩ هەزار هاوڵاتی دەدات!
بەڵام هەتا ئێستا ژمارەی ئەو هاوڵاتیانە نەزانراوە کەوا لە ژووری تاکە کەسی زینداندا دەمێننەوە. ڕژێمەکەی ئاکەپەش لەم بابەتەدا تەواوی ئەو پرسیارانەی ڕووبەڕووی دەکرێنەوە، بە بێ وەڵام دەهێڵیتەوە، بەڵام بە گوێرەی شارەزایانی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی تورکیادا، ژمارەی هاوڵاتیانی ناو ژوورە تاکە کەسیەکان خۆی لە ٣ هەزار هاوڵاتی دەدات. واتە گەر لە ٪٥ ئەو هاوڵاتیانەی کە گوایە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی جەماعەتدا دەستبەسەر یاخود زیندانی کراون لە ژووری تاکە کەسیدا بمێننەوە، ئەوا ژمارەکە زۆر لەسەر ٣ هەزار کەسیشەوە دەبێت!

“بە شێوەیەکی کەیفی بڕیارەکان دەدرێن”
بە گوێرەی یاساکانی سزادان، ئەم سزایە تەنیا بەسەر ئەو کەسانەدا جێبەجێ دەکرێت کە زیندانی هەتا هەتایی قورسکراویان بەسەردا سەپێندراوە، یاخود بەسەر ئەو کەسانەدا جێبەجێ دەکرێت کە بە تۆمەتی سەرپەرشتیاری گروپی تیرۆرستی دادگایی دەکرێن، یاساکەش لەو کاتەدا جێبەجێ دەکرێت کە یەکێک لە دیسپلینەکانی ناو زیندانی پێشێل کردبێت…
بەڵام لە ڕژێمەکەی ئاکەپەدا ئەم یاسایە لە سەرتاسەری تورکیا بە شێوەیەکی کەیفی جێبەجێ دەکرێت.
بۆ نمونە مامۆستا ئۆزجەنگیز کە لەسەرەتاشدا ئاماژەمان پێدا، بە بێ هیچ هۆیەک و بە پێچەوانەوەی یاساکانی تورکیا، لە ژووری تاکە کەسیدا دەمایەوە.

“ڕێگری ئاکەپە لە ڕاپۆرتەکانی ئەشکەنجەدان”

کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە(CPT) ئەوروپا، لە ڕێکەوتی ١٦-١٩ ساڵی ٢٠١٩، لە زیندانەکانی تورکیادا چەند بەدواداچوونێکی ئەنجامدا.
شاندێکی ٦ کەسی سەر بە کۆمیتەکە، لە شارەکانی دیاربەکر، ئیستەنبول، ئەنقەرە، شانلیئورفا چاویان بە هاوڵاتیانی دەستگیرکراوی بنکەکانی پۆلیس و هاوڵاتیە دەستبەسەر و حوکمدراوەکانی ناو زیندانەکانی تورکیا کەوت. بە گوێرەی ڕێکەوتننامەکان، تورکیا کە خۆیشی یەکێکە لە ئەندامانی کۆمیتەکە، پێویستە ڕەزامەندی لەسەر بڵاوکردنەوەکانی ڕاپۆرتەکانی کۆمیتەکە بدات.
مایکۆلا گناتۆڤسکی کە لە ئێستادا سەرۆکی کۆمیتەکەیە، ئەوەی ڕاگەیاند کە لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا، هەر ڕاپۆرتێکیان ئامادە کردبێت، لەلایەن تورکیاوە ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی کراوە.

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت” بەم شێوەیە هەریەک لە ڕاپۆرتکانی ساڵی ٢٠١٨، ٢٠١٧ بڵاو نەکردەوە، چونکە لەلایەن تورکیاوە ڕێگریمان لێدەکرێت”.
ئەگەرچی تورکیا ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکان نادات، بەڵام ئەو پێشێلکاریانەی لە زیندانەکاندا ئەنجام دەدرێت، چیدی بە شێوەیەک نیە کە توانای شاردنەوەیان هەبێت.

Show More
Back to top button