هەواڵ

ژنێکی زەیستان دوای یەک ڕۆژ لە منداڵبوون ڕەوانەی زیندان دەکرێتەوە

 

هەموو ڕۆژێک زوڵمێکی نوێی دادگاکانی تورکیا تۆمار دەکرێت، کە ئێستا وەک دەسکەلای پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە) یان لێهاتووە. ژنێکی زەیستان دوای یەک ڕۆژ لە منداڵبوون، لەگەڵ منداڵەوە ساواکەی لە نەخۆشخانەوە ڕەوانەی زیندان کرایەوە. عائیشە ئاتەش کە ماوەی ٥ مانگە بە دووگیانی لە زیندانە، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵ بوون، ڕەوانەی زیندانی شەکرانی شاری ئیزمیر کرایەوە.

بە گوێرەی تویتێکی سێزگین تانریکولو پەڕلەمانتاری پارتی کۆماری گەل(جەهەپە)، ئاتەش ماوەی ٥ مانگە لە زیندانی شەکرانی شاری ئیزمیر دەستبەسەرە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نەشتەرگەری منداڵبوونی ئەنجامداوە. هێزەکانی جەندەرمە لە کاتی بردنی خانمەکە بۆ نەخۆشخانە لەگەڵیدا بوون و ڕێگەیان بە کەس نەداوە هاریکاری بکات. دوای تێپەڕبوونی یەک ڕۆژیش بەسەر نەشتەرگەری خانمەکەدا، خانمەکە و منداڵە ساواکەیان ڕاستەوخۆ گواستۆتەوە بۆ زیندانیان.

سێزگین تانریکوڵو لە تویتەکانیدا دەڵێت” عائیشە ئاتەش ماوەی ٥ مانگە زیندانیە و هێشتا هیچ تاوانێکی بەسەردا ساغ نەبۆتەوە و نەچۆتە بەردەم دادوەر، لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبووندا ڕێگەیان نەدا کەس سەردانی بکات و، نەنکی منداڵەکەیان بێبەش کرد لەوەی چاوی بە نەوەکەی بکەوێت. دوای یەک ڕۆژێش لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکە، خانمەکە و منداڵە ساواکەی ڕەوانەی زیندان کرانەوە. زوڵمی بەم شێوەیە لە مێژوودا تۆمار نەکراوە”.

تانریکوڵو یەکێک لە تویتەکانی ئاڕاستەی بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا کردووە و دەڵێت :”خانمێک کە ماوەی ٥ مانگە بە دوو گیانی لە زیندانی شەکران دەستبەسەرە، بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبوون ڕەوانەی نەخۆشخانەی چیلی کراوە، لەبەردەم دەرگای ژوورەکەی هێزەکانی جەندەرمە وەستاون، ڕێگەیان نەداوە کەسێکی لەلا بمێنێتەوە، لە چ دینێکدا ڕێگە بەوە دراوە، ژنی زەیستان بە بێ یاریدەدەر بە تەنیا بمێنێتەوە؟”

گەرگەرلیئۆغلو: بێ ویژدانی تا ڕادەی ئەوەی ژنێکی زەیستان بە بێ یاریدەدەر بهێڵیتەوە

فاروق گەرگەلیئۆغلو سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی مەزلوم دێر” هەتا ڕادەی ئەوەی ژنێکی زەیستان بە تەنیا بهێڵیتەوە کەیفیەت و بێویژدانی ئەنجام بدەیت، ئینساف، ئینساف…”

سەرچاوە: TR724

Show More
Back to top button