هەواڵ

ژنێکی زەیستان بە منداڵە تەمەن ٣٠ ڕۆژەکەیەوە دەستبەسەر دەکرێت

خانمێک دوای ١٩ ڕۆژ لە منداڵبوون لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت و، پاش ئەوەی ١١ ڕۆژ لە بنکەی پۆلیس دەمێنێتەوە، دادگا بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەردەکات.

حەلیمە کەمان دوای ئەوەی ١١ ڕۆژ لە بنکەی پۆلیسی ناوچەی ڤەتەنی ئیستەنبوڵ لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا، بە هۆی سووربوونی داواکاری گشتیەوە دادگا بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرد.

بەم شێوەیە دایکێکی زەیستان و منداڵە تەمەن ٣٠ ڕۆژەکەی پێکەوە چوونە زیندان. ئەم خانمە منداڵێکی تری تەمەن ٤ ساڵی هەیە و، پێشتریش هاوسەرەکەی دەستبەسەر کراوە.

ڤەدات کەمان کە تەمەنی تەنیا مانگێکە، ماوەی ١١ ڕۆژ بوو لە دایکی دوور بوو، هەموو ڕۆژێک چەند جارێک دەبرا بۆ بنکەی پۆلیس هەتا دایکی شیری پێبدات، بەڵام لەمەودوا لە زیندان پێکەوە دەبن.

بە گوێرەی یاساکانی تورکیا و بڕیارەکانی پێشووی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، ژنانی دوو گیان و زەیستان هەتا تێپەڕینی ٦ مانگ بەسەر منداڵبووندا نابێت دەستبەسەر یاخود زیندانی بکرێن.

بەڵام داواکاری گشتی و دادوەری دادگاکانی تورکیا ئەم یاسا ئاشکرایە پێشێل دەکەن.

لە دوای هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ساڵی ڕابردوەوە، زیاتر لە ١٧ هەزار خانم و ٧٠٠ منداڵی ساوا دەستبەسەر کراون.

لە بڕگەی چوارهەمی ماددەی ١٦ ی یاسای ژمارەی ٥٢٧٥ هاتووە” سزای زیندانیکردن بەسەر ئەو خانمانەدا جێبەجێ ناکرێت کە دوو گیانن یاخود ٦ مانگ بەسەر بەرواری لە دایک بوونی منداڵەکەیاندا تێنەپەڕیوە. هەروەها ئەم یاسایە بە سەر دایکانێکیشدا جێبەجێ دەکرێت کە بڕیاری دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرکراوە”.

هەر بۆیە بە گوێرەی لێکدانەوەی یاساناسانی تورکیا، ژنانی دوو گیان و زەیستان هەتا ٦ مانگ نابێت بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەربکرێت.

هەروەها دادگای یەکێتی ئەوروپا چەندین جار لە لێکدانەوەکانیدا ئەوەی دووپات کردۆتەوە کە نابێت ژنانی دووگیان و خاوەن منداڵی ساوا بە شێوازێکی کەیفی بڕیاری دەستبەسەرکردنیان بۆ دەربچێت.

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی TR724

Show More
Back to top button