بیروڕاهەواڵ

ڕەمەزان و بانگهێشتکردنی یارمەتی خودا

فاروق ئێرگوانلی

لە کرۆکی مرۆڤەکاندا، بەرامبەر بوون و مرۆڤەکانی چواردەوری هەستی سۆز و بەزەیی هەیە. ئەو مرۆڤانەی هەستی مرۆڤ بوونی خۆیان بە تەواوی لە دەستنەداوە، کەم تا زۆر خاوەنی ئەم سیفاتەن. ئەم تایبەتمەندی فیتریە کە لە مرۆڤدا بوونی هەیە، لە ڕێگەی ئیمان و عیبادەت و ناسینی خوداوە زیاتر بەدەردەکەوێت و، هەستە نەرێنیەکانی وەک رق، کینە، نەفرەت و دڕندەیی کوێر دەکاتەوە. بەزەیی مرۆڤەکان پەیوەندی ڕاستەوانەیان هەیە لەگەڵ باوەڕیان بە خودا.

ڕەنگدانەی ئەم سۆز و بەزەییەش لە ژیاندا لەسەر شێوازی ڕاکردن و بەدەمەوە چوون بۆ یارمەتی مرۆڤەکان خۆی دەردەخات.

ئیسلام یارمەتیدانی مرۆڤەکانی تری لەسەر شێوازی بەخشینی داراییان فۆرمەلە کردووە و زەکات دانی کەسانی دارا بە هەژاران، وەک مەرجی موسوڵمانێتی ئەژمار کردووە. زۆر ئایەتیش هەیە لە ژێر ناوە جیاوازەکانی وەک زەکات، ئینفاق، سەدەقە، فەرمانیان بە بەجێهێنانی ئەم عیبادەتە کردووە. هەر بۆیە لە ئایەتێکیشدا دەفەرموێت ” ئەوان بۆ زەکاتدان هەمیشە لە چالاکیدان”. لەم ڕێگەوە ئەوەمان پێ دەفەرموێت کە ئەوانەی لە ڕێگەی حەڵاڵەوە سەروەتی خۆیان پێکەوە دەنێن و بە هەژارانی دەبەخشن، یەکێکە لە گرنگترین ڕێگەکانی ڕزگار بوون بۆ کەسانی باوەڕدار.

 

“یەک لەسەر ٤٠ لایەنی کەمە”

ئەوەی بە پێوانەی زەکات ئەژمار کراوە کە بریتیە لە بەخشینی یەک لەسەر چلی سەروەت و سامانەکەت، لایەنی کەمی ئەوڕێژەیەیە کە دەبێت بیبەخشیت . ئەمە بەپرسیارێتیەکی بابەتیانەیە کە هەموو کەسێک دەگرێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا لایەنی زۆری زەکاتدان دیاری نەکراوە، مرۆڤەکان بە گوێرەی لوتکە و ڕێژەی ناسینیان بۆ خودا، بەردەمیان بە کراوەیەتی هێڵدراوەتەوە بۆ زیادکردنی ئەو ڕێژەیە. ئەم لوتکەیەش ڕاسپێردراوە بە ویژدان و مەعریفەتی کەسی باوەڕدار و بەرپرسیارێتیەکی سوبێکتیە.

لە ئایەتێکی قورئاندا کاتێک تابلۆی کەسەکانی ناو بەهەشتمان بۆ دەکێشێت، زەکاتدان بە کەسانی هەژار و لێقەوماو وەک تایبەتمەندیەکی زۆر گرنگی ئەو کەسانە پشان دەدات و دەفەرموێت” لە کاتێکدا خۆشیان پێویستیان زۆرە، بەڵام تەنیا لەبەر ڕەزامەندی خودا ماڵ و سەروەتان بە هەژار و هەتیو و کەسانی بەدیلگیراو دەبەخشن. دواتر پێشیان دەڵێن: ئێمە ئەم کارە تەنیا لەبەر ڕەزامەندی خودا ئەنجام دەدەین و چاوەڕیی هیچ پاداشت و سوپاسێک نین لە ئیوە”.

گەر لێرەدا وشەی “دیل” بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ڕاڤە بکەین، ئەوا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سەروەت و سامانیان دەستی بەسەردا گیراوە و لە ئازادیان بێبەش کراون و بەو هۆیەوە بە برسێتی و بێ دەرەتانی ماونەتەوە.

لەلایەکی تریشەوە سەردارمان لە حەدیسێکدا دەفەرموێت” ئەوەی خەم بە دەردی موسوڵمانان نەخوات لە ئێمە نیە”. واتە دەستدرێژکردن کردن بۆ یارمەتی موسوڵمانانی تر و بە دەمەوە چوونیان وەک مەرجی موسوڵمانێتی دەخاتە بەردەممان.

زۆرێک لە موسوڵمانانی ئەمڕۆ، پێداویستە سەرەکیەکانی ژیانی ڕۆژانەشیان بۆ دابین ناکرێت و بێبەش بوون لێی. هەندێک لە مرۆڤەکان هەموو ئیمکانیەتێکیان لە دەست سەندراوەتەوە و مەحکوم بە برسێتی و مردن کراون و، هەندێکیشیان بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان بە ماڵ و منداڵەوە پەنایان بردۆتە بەر وڵاتێکی بیانی و، بێ نان و ئاو و دەرمان هەوڵی گوزەراندنی ژیانی خۆیی و منداڵەکانیان دەدەن. بە دەمەوە چوونی ئەم مرۆڤانە لە پێش هەموو شتێکدا ئەرکێکی مرۆڤانە و موسوڵمانانەیە.

 

ئەوانە بدۆزنەوە کە ڕوویان نایەت باسی حاڵی خۆیان بکەن!

سەردارمان لە حەدیسێکی قودسیدا باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە یارمەتیدانی هەژاران بەرپرسیارێتیەکی چەندە گرنگە و سەبارەت بەو بابەتە دەفەرموێت” خودا لە ڕۆژی دوایدا کاتێک لێپرسینەوە لەگەڵ بەندەکانی دەکات دەفەرموێت: ئەی ئەی کوڕی ئادەم، لە دونیادا من داوای خواردنم لێکردیت، بەڵام تۆ تێرت نەکردم. بەندەکەش لە وەڵامدا دەڵێت: خودایە ئێمە  چۆن خواردن بە تۆ ببەخشین و تێرت بکەین؟  لە کاتێدا تۆ پەروەردەگاری هەموو جیهانیانیت. خوداش لە وەڵامدا دەفەرموێت: ئەی فڵان بەندەم داوای خواردنی لێنەکردیت و تۆش بەشت نەدا؟ خۆ گەر بەشت بدایە من وام ئەژمار دەکرد کە بە منت بەخشیبێت.  دواتر دەفەرموێت ئەی کوڕی ئادەم، من تینووم بوو داوای ئاوم لێکردیت، بەڵام تۆ ئاوت پێنەدام. بەندەکەش دەڵێت: خودایە تۆ پەروەردگاری هەموو جیهانیانیت، تۆ چۆن تینووت دەبێت تا من ئاوت پێبدەم؟ خوداش لە وەڵامیدا دەفەرموێت: فڵان بەندەم داوای ئاوی لێنەکردیت بەڵام تۆ پێت نەدا، خۆ گەر ئاوت پێبدایە، ئەوا وەک ئەوەی بە منت ببەخشیایە قبوڵم دەکرد.

هەندێک لە مرۆڤە مەغدورەکان باسی حاڵی خۆیان بۆ خەڵک دەکەن و، هەندێکیشیان گەر  تەنانەت بەشی هێندەی پێی بژین دەستنەکەوێت، لای کەس باسی حاڵی خراپیان ناکەن. کەسانی باوەڕداریش کە باوەڕیان بە خودا  و ڕۆژی لێپرسینەوە هەیە، لەسەر شانیانە ئەم کەسانە بدۆزنەوە و یارمەتیان بدەین.

یارمەتیدانی دانی کەسی موسوڵمان بۆ برا موسوڵمانەکەی لە پاڵ ئەوەی ئەرکی سەرشانێتی، لە هەمان کاتدا بانگهێشتکردنی زۆر گەورەیە بۆ بە هاناوە هاتنی یارمەتی خودایی.

خودای گەورە لوتف و ئیحسانی تایبەتی خۆی پێشکەشی ئەو مرۆڤانە دەکات، کە بەدەم هەژاران و لێقەوماوانەوە دەچن.

ئەم ڕاستیە لەلایەن ڕاستگۆترینی مرۆڤەکانەوە بەم شێوەیە باسی لێوە کراوە” هەتا بەندە یارمەتی براکانی خۆی بدات، خوداش یارمەتی ئەو دەدات”.

وەک دەزانین ئاینی ئیسلام، ئاینی سۆز و بەزەییە و ڕاکردن بۆ یارمەتیدانی کەسانی تر، یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی سوودمەندبوون لە سۆز و بەزەیی خودا و هەر بۆیە زاناکانی حەدیسیش دەمێکە ئەوەیان پێ ڕاگەیاندووین کە ” بەزەیتان بێتەوە بەوانەی لەسەر زەویدان هەتا خوداش بەزەیی بە ئێوەدا بێتەوە”.

 

سەبارەت بەو مرۆڤانەی یارمەتی هەژاران نادەن و ڕێگریش دەکەن لەوەی کەسانی تر یارمەتیان بدەن، ئەمە بابەتێکی ترە لە نوسینی داهاتوودا باسی لێوە دەکەین.

http://www.tr724.com/ramazan-ve-allahin-inayetine-davetiye/

 

 

 

 

Show More
Back to top button