بیروڕا

ڕێگای قارەمانەکان

بەخامەی جەمیل تۆکپنار

 

قوتابی مامۆستا سەعیدی نورسی بووە، پێکەوە لە زینداندا ماونەتەوە، چەندین ساڵ خزمەتی کردووە و گیانی خۆی لە پێناو سەرخستنی خزمەتدا پێشکەش بە خودای گەورە کردووە، ئەو کەسە بەڕێز بایرام یوکسێلە کە بووە بە چرایەک بۆ ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەمان.

دوو گروپ لە قوتابیانی نوور لە شاری کۆنیاوە دێن و سەردانی مامۆستا سەعیدی نورسی دەکەن. گروپێکیان سکاڵا لە دژی گروپەکەی تر دەکات و دەڵێن ‘بە خۆپارێزییەوە هەڵسوکەوت ناکەن، بەڵکو لە مزگەوتدا وانە دەڵێنەوە”. گروپەکەی دیکەش سكاڵا لە دژی بەرامبەرەکەیان دەکەن. مامۆستا سەعید دەربارەی ئەو دۆخە دەڵێت:

“براکانم، هیچ پێویستییەک بە خزمەتی ئێوە نییە. بەڵکو پێوستمان بەوەیە ئێوە لە پاڵ یەکدا بن و هاوکاری یەکتر بکەن. ئێوە هەندێک کات پێویستە چەند پەیامێک لە پەیامەکانی نوور وەکو پەیامی ئیخلاص و برایەتی، وە پەیامی شەش هێرشبەرەکە پێکەوە لە ناو خۆتاندا بخوێننەوە. خۆڕاگری و پێکەوەبوون و هاوکاری کردنی ئێوە بووە بە مایەی شانازی بۆ ئەم مەملەکەتە.”

گەورەترین هێز و سەرمایەی بزاڤی خزمەت ماڵ و موڵک و بینا و خوێندنگە و ئەو شتانە نییە، بەڵکو هێزە ڕاستەقینەکەی مرۆڤە پێگەیشتووەکانە، واتە هێزە ڕاستەقینەکە سەرچاوە مرۆییەکانە. یەکێک لە ڕێگا ئاسانەکانیش بۆ لاواز کردن و نەهێشتنی ئەو هێزە مرۆییە بریتییە لە درووستکردنی ئاژاوە لە نێوان ئەو برایانەدا کە یەکتریان لە گیانی خۆیان خۆشتر دەوێت و تێکدانی یەکێتی و پێکەوبوون و هاوکاری کردنی یەکتریان.

ماوەیەکی زۆرە هەوڵ دەدەن ئەو ئاگری فیتنە و ئاژاوەیە خۆش بکەن. هەوڵ دەدەن ئەو یەکێتی و برایەتییەمان بشێوێنن. ستەمکاران دەیانەوێت یەکێتی و پێکەویی بشێوێندرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە ئارەزووی خۆیان هەرچەند بیانەوێت ستەم بکەن. ئەو کەسانەی لە ناو گیانێکدا تواونەتەوە، لە بری ئەوەی یارمەتی یەکتر بدەن، دوژمنایەتی یەکتر بکەن.

سوپاس بۆ خوا هیچ شتێک لەوانە ڕووی نەداوە و ڕوو نادات. ئەو مرۆڤانەی کە پەیمانیان داوە سەر زەوی پڕ بکەن لە ئاشتی و برایەتی و ئارامی، لەم ڕۆژە سەختانەشدا داستانی برایەتی و خۆشویستنی یەکتر و ڕاوێژ بە یەک کردن و پاڵپشتی کردنی یەکتر دەنووسنەوە.

ئەمڕۆ دوو نامەتان بۆ دەخەمە ڕوو کە لە شێوەی هۆنراوەدا نووسراون. ئەو نامانە بۆ خاتوو زەهرا بێتول نووسراوە کە پێشتر لە پێناو سەرخستنی ئەم خزمەتەدا هیجرەتی بۆ دەرەوەی وڵات کردووە و یارمەتی بۆ براکانی ناردووە. کاتێک نامەکەم خوێندەوە دڵم پڕ بوو، وە سوپاسی خودام کرد و وتم “ئەی پەروەردگارم زۆر سوپاس بۆ تۆ کە خوشک و برای لەو شێوەیەم هەیە” و پاشان ویستم هەستەکانم لەگەڵ ئێوەدا بەش بکەم.

بەڵێ یەکەم نامەتان پێشکەش دەکەم:

 

شمشێرەکەی قابیل و میهرەبانیی هابیل

بۆ ئەو هاوڕێی و خوشک و برایانەم کە لە ڕواڵەتدا دوورن بەڵام لە ڕاستیدا نزیکن!

ئەم نوسینە لە ناوەڕاستی نیشتیمان و لە دڵی بێ نیشتیمانییەوە بۆ ئێوە دەنووسم. ویستم لە ناخی دڵمەوە و سوپاسی ئێوە بکەم. ویستم دەردە دڵییەک بکەم لەگەڵ ئەو کەسانەی دەردەکەم دەزانن. من نازانم ڕوخساری ئێوە چۆنە بەڵام ئێوە دەناسمەوە. من بەو کۆمەکییانە پێگەیشتم کە بۆتان دەناردین، ئێوە لە ڕێگەی پەیوەندی خوێنەوە نا بەڵکو لە ڕێگەی پەیوەندی گیانەوە دەناسمەوە. من فیداکاری ئێوە لەو وڵاتەوە دەناسمەوە کە وەک قاچاغێک تێیدا دەژیم.

با هەواڵی ئەم دەوروبەرەتان پێ بدەم. زۆربەمان لە قاوشێکی ناو زینداندا بووینەتە هاوڕێی ئەبوبەکرەکان و هاوڕازی عومەرەکان، هەندێکی دیکەمان هەتا ئێستا دەستگیر نەکراوین و بەردەوام دەمانەوێت خزمەت بکەین، هەندێ کەسی دیکەمان لە پشتی پەردەوە ناوچاوانی لە سوجدەدایە، وە هەندێکی دیکەمان لە ناو خەڵکیدا بە غەریبی دەژین.

با مژدەیەکی خۆش بە ئێوە بدەم؛ ڕەنگە بێ دایک و بێ باوک و بێ نیشتیمان مابێتینەوە، بەڵام هەرگیز بێ برای گەورە و خوشکی گەورە نەبووین، ڕەنگە کەوتبێتین بەڵام پیس نەبووین، ڕەنگا شکابێتین بەڵام هەڵنەوەریوین، هەڵیان داینە ناو ئاگرەوە بەڵام پاشکەشەمان نەکرد. ئێمە چەندین ساڵ لە ئێوەوە خۆڕاگری و کۆڵ نەدان و کەرامەتمان بینیوە و بە چیرۆکەکانی ئێوە گەورە بووین. هەموو بەهارێک چاوەڕێی گوڵەکانی ئێوەمان دەکرد، ئێوە شانازییەکی گەورە بوون بۆ ئێمە و لە ئێستاشدا سەرەی ئێمەیە. لەم ڕۆژانەدا ئەم دەوروبەرە خەمگینە. هەرچەندە باڵەخانەکانیشمان بڕوخێنن، ئێمە سەرمایە مرۆییەکەمان هەیە، ئەگەر مرۆڤەکانیش بێوەفا بوون، ئەوانەی کە دۆست بوون هەر بە ڕاستگۆیی دەمێننەوە. ڕەنگە وەک پێشوو ملیۆنان کەس نەبین، بەڵام کۆمەڵە تاکێکین کە هەر کەسێکمان بەرامبەر بە هەزار کەسە. ئەگەر کۆتایی بە یەک کەس بهێنن، هەزار کەسی دیکە لە دایک دەبێت. ئەگەر چل هەزار ساڵ زستان بێت، ئێمە هەر چاوەڕوانی بەهار دەکەین.

یارمەتییەکانی ئێوە هەندێک جار دەبوونە خواردن بۆ ئەو ماڵانەی ئاگر تێیدا نەدەکرایەوە و هەندێک جار دەبوونە خەرجی بۆ منداڵی یوسفەکان، وە هەندێک جاریش دەبوونە دەرگایەک و لە ڕووباری مێریچەوە بە ڕووی خێزانێکدا دەکرایەوە. ئێوە لە نیشتیمانی بێگانەوە بوونەتە پشتیوان (ئەنصار) بۆ ئێمە و ئێمەش لە نیشتیمانی خۆماندا بووینەتە کۆچبەر موهاجیر.

هەندێک جار هیوا و ئومێد لەدەست دەدەین، هەندێک جار بە شمشێری ئەو کەسانە دەمرین کە بە برا هەژمارمان کردبوون. سوپاسی ئەو خودایە دەکەین کە لە بەرامبەر شمشێری قابیلدا میهرەبانی هابیلی بۆ ناردووین. هەروەک مەولانا دەڵێین:

“ڕۆژێک ڕاستییەکانمان زانی. وە زانیمان کە ڕاستیەکان تاڵن. دواتر فێربووین کە تاڵییەکانیش واتا دەبەخشن بە ژیان.”

وە ئێمە ئەمڕۆ شتێکی نوێ فێربووین. ئەو نانەی کە بە بێ برا دەخورێت تێرت ناکات، وە ئەو چایەی بە بێ خزمەت لێدەنرێت دەم ناکێشێت. هەموو شەوێک بە نزای ئەوەی لە دەرگامان نەدرێت و دەستگیر نەکرێین، وە بە ئومێدی بەئاگا هاتن لە جەژنێکدا سەرمان دەخەینە سەر سەرین. هەندێک جار لە ژێر زەمینەکانداین و هەندێک جاری دیکە لە خەیاڵی ئاسمانەکاندا. یەک حەسرەت بەسە بۆ سوتان، بەڵام ئێمە مەفتوونی هەزار حەسرەت بووین.

تۆ نیشتیمانیت، ئەو شوێنەی تۆی لێبیت خاکە. ئەو شوێنەی دەستی لێدەدەیت پڕ بەرەکەتە. سوپاس دەکەم بۆ ئەوەی هیوا بڕاو نەبوویت لە ئێمە. “هەموو زیندەوەرێک تامی مردن دەکات، بەڵام تەنها کەمێکیان تامی ژیان دەکەن.”

تەمەن درێژ بیت ئەی هاوڕێکەم! تەمەن درێژ بیت!

نامەی دووەمیش لە دایکی چوار منداڵەوە دێت، ئەویش هێندەی نامەی یەکەم جوان و بە واتایە.

 

ئەو کەسانەی لەگەڵ موهاجیرێتی شانیان داوەتە بەر ئەنساری

“ئێمە ڕوخسارێکی گەشاوەمان هەبوو، وتە لەبیر نەکراوەکانمان. ئەو شوێنەوارانەی لە هەر خاکێکدا جێمان دەهێشت کە پێمان پێدا دەنا. ئێمە کۆمەڵە مرۆڤێک بووین کە دڵمان بە هەمان جۆش و خرۆشەوە لێی دەدا. ئاسۆمان هەمیشە بەهار بوو، ڕۆحمان هەرگیز هەستی بە ماندوو بوون و ناڕەحەتی نەدەکرد لە هەوڵدان. دواتر بەختمان ڕووی لە زستان کرد. تاریکی و هەورە ڕەشەکان باڵیان بەسەرماندا کێشا. لێیان داین و سوکایەتییان پێکردین و یارییان بە ڕۆحە شکاوەکانمان کرد.

سەرەتا ماڵ و موڵکەکانمان لەدەستدا، دواتر خێزانەکانمان و منداڵەکانمان و خەندەکانمان. نازانم چەند جەژن تێپەڕ بووە و لە ناخەوە باوەشمان نەکردووە بە منداڵەکانماندا. ئەوانەی لە دەرەوەن شەرم لەوانەی ناوەوە دەکەن کاتێک باوەش دەکەن بە منداڵەکانیاندا، ئەوانەی لە ناوەوەن بەردەوام دڵی ئەوانەی دەرەوە دەدەنەوە. هەندێک جار بووینە ئەو دایکانەی هیچ قسەیەکیان بۆ ناکرێت کاتێک منداڵەکانیان پرسیاری باوکیان دەکەن. هەندێک جار بووینە باوکێک کە توانای ئەوەی نییە شیرینییەک بۆ منداڵەکەی بکڕێت.

کاتێک ئەم ڕێگا دڕکاوییەمان هەڵبژارد و بەڕێکەوتین بەڵێنمان بە خودای گەورەدا کە هەرچییەک دەبێت با ببێت لەم ڕێگایە ناگەڕێینەوە. خودای گەورە دەفەرموێت: “ئایا ئێوە دەزانن دەچنە ناو بەهەشتەوە بە بێ ئەوەی ئەو شتانەتان بەسەردا بێت کە بەسەر گەلانی پێش ئێوەدا هاتووە”. بۆیە پێویستە ئێمەش ئارام بگرین.

ئەوانەی کە لە دواوە بەجێ ماون… ئەوانەی تەنها بەشیان گریانە لە پاش ڕۆشتنی هەموو کەسێک. ئەوانەی خۆیان لە خاکی پیرۆزی ئەنادۆڵدا قەتیس کردووە. سەرەڕای فراوانی هەموو سەر زەوی، بەڵام هەموو شوێنێک لە لایەن تەسک و تەنگەبەرە. ئەوانەی بە هەموو شێوەیەک پاکی و داوێنپاکی و سەربەرزی خۆیان دەپارێزن.

ئایا ئەوەی کە ماوەتەوە دڵی زیاتر شکاوە یاخود ئەوەی بە ناچاری ڕۆشتووە؟ ئەوانەی دڵیان لەگەڵ ناڕەحەتی هاوڕێکانیان لێ دەدات. ئەو کەسەی نانەکەی لەگەڵ برایەکیدا دەکات بە دوو بەشەوە دڵخۆشترە یاخود ئەو دایکەی دڵخۆشە بەوەی دەتوانێت پاروویەک نان بخاتە بەردەم منداڵەکەی؟ ئەوانەی دڵیان دەخەنە ناو ئەو پارووە نانەوە…

ئایا ئەنسارەکان قارەمانترن یاخود موهاجیرەکان؟ ئەوانەی لە یەکەم ڕۆژەوە یەکەم هەنگاویان بەرەو موهاجیری ناوە و شانیان داوەتە بەر ئەنسارێتیش… ئەو کەسانەی لە پێناو ئەوەی براکەی ناڕەحەت نەبێت هێندەی قورسایی چیاکان قورسایی بەرز دەکاتەوە. ئای ئەنادۆڵ چەند قارەمانی تێدابوو. پڕە لە ئەنسار و موهاجیر. ئەم ڕێگایە ڕێگای خودایە. منەت تەنها بۆ خاوەنی ڕێگاکەیە، ئەو کەسەی ڕێگاکەی پیشان داین و لە لای خۆشەویست کردین. تەنها ئەو لێمان ڕازی بێت، شتەکانی دیکە هیچ نین. زۆر سوپاسی خودا دەکەین. من یەکێک لەو دایکانەی لەم ماوەیە ڕووبەڕووی ناڕەحەتی بووینەتەوە. لەگەڵ چوار منداڵەکەمدا ئارام دەگرین.

کۆمەڵێک برای گەورە و خوشکی گەورەم هەیە کە منیان بە تەنها جێنەهێشتووە و ناهێڵن هەست بە زیندانی بوونی هاوسەرەکەم بکەم. من دڵخۆشم بەوە، چونکە دەزانم کاتێک دەستم بەرەو بۆشایی دەبەم کەسانێک هەن دەستم بگرن. خودایە ئەوانەی دەستمان دەگرن تۆش دەستیان بگرە. بە ڕوو سپێتی لەم تاقیکردنەوەیە ڕزگارمان بکەیت. وە بەو خوشک و برا گەورانەم و ماۆستایانم دەڵێم، “وەڵاهی خودا ئێوەی خۆش دەوێت، بیلاهی خودا ئێوەی خۆش دەوێت، تەڵاهی خودا ئێوەی خۆش دەوێت.” چونکە ئێمەی برا و خوشکی خۆتانتان بیرنەچووەوە. ئێمەش بەردەوام نزاتان بۆ دەکەین، دەستی ستەمکاران بە ئێوە نەگات. بەردەوام ڕێگاتان ڕۆشن بێت، کە لە پێناوی ئەودا کەوتوونەتە ڕێ.”

 

پشتیوان بە خوا هەتا بەهەشت

ئێوە چی دەڵێن؟ ئایا ئێوەش سوپاسی خوداتان نەکردووە کە لە ناو کۆمەڵێک خوشک و برای وەهادان؟ ئایا لە خۆشیدا نەفڕین؟

ئادەی دۆستان! ڕێگای قارەمانەکان و فیداکارەکان هەیە. کێ لە زینداندایە و کێ نادیارە… کێ موهاجیرە و کێ ئەنسارە… کێ بریندارە و کێ شەهیدە… کێ نەخۆشی قورسی هەیە و کێ بێچارەیە… کێ هەتا ئێستا چاوەڕوانە و کێ خێزانەکەی پەرتەوازە بووە… کێ ماڵەکەی دەستی بەسەردا گیراوە و کێ وایزانیوە تەنها چارە خۆکوشتنە…

وەرن با دوا نەکەوین… وەرن با تەنها تەماشاکەر نەبین… وەرن با لە سوچێکەوە دەستی بەینێ، نەخێر هەڵەم کرد، بە چواردەوری بگرین، بە چوار دەست باوەشی پێدا بکەین، با گیانمان ئازار بدەین، با واز لە پشوودان بهێنین، با هەرگیز واز نەهێنین، با بە عەشقی خزمەت بسوتێین، با لە ڕێگەی خودادا هەوڵ بدەین و ڕێ بکەین…

هەتا کوێ؟ هەتا بەهەشت پشتیوان بە خودا

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/kahramanlar-gecidi/

Show More
Back to top button