بیروڕاهەواڵ

ڕێگاکانی ڕزگاری مرۆڤ: ئیمان، نیەت، سونەت…

سەفوەت سەنیح


لە مەسنەوی نوریەدا هاتووە:
ئیمان لە نێوان هەموو شتێکدا برایەتی دروست دەکات. هەربۆیە هەڵپە، دوژمنایەتی، ڕق و کینە و نەفرەت و دڕندەیی لە ڕۆحی کەسی ئیمانداردا هێزی بۆ نادۆزرێتەوە. چونکە ئیمان وا لە کەسی باوەڕدار دەکات کە تەنانەت سەرسەختترینی دوژمنەکانی خۆیشی بە برای خۆی بێتە پێش چاو ،کاتێک بە وردی لێیان بڕوانێت.
بەڵام کوفر و نکوڵیکردن، واز بێنە لەوەی برایەتی لە نێوان کەس و شتەکاندا دروست بکات، بەڵکو دژایەتی و نامۆبوونیش لە نێوانیاندا دروست دەکات. هەربۆیە هەڵپەی کافران، دوژمنایەتی و لایەنگری بۆ نەفسی خۆی، زۆر توندوتیژە. سەرکەوتنی کافرانیش لە دونیادا هەر بە هۆی ئەم هۆکارەوەیە.

هەربۆیە دونیایەک کە کافران پاداشتی هەموو کارە باشەکانی خۆیانی تێدا دەبیننەوە و ئیماندارانیش سزای هەندێک لە گوناحەکانیانی تێدا وەردەگرن، بە بەهەشتی کافران و زیندانی ئیمانداران بینراوە.

ئەوەش بزانە کە هەرکاتێک ئیکسیری ئیمان چووە دڵی مرۆڤەوە، ئیدی دەیکات بە گەوهەرێک کە شایستەی ژیانی ئەبەدی و بەهەشت بێت. بەڵام کوفر مرۆڤ وەک گۆزەیەکی ناو بۆش لێدەکات. چونکە ئیمان لە ژێر بەرگێکی فانی و تیاچوودا کرۆکێکی بەهێز و پتەو دروست دەکات و لە شوێنی بڵقە تەقیوەکانی سەر کەفی دەریا ئەڵماسی درەوشاوە دروست دەکات. بەڵام کوفر بەرگی سەرەوەی لێدەبێتە ناوەڕۆک و کرۆک و خۆی پێوە وابەستە دەکات. هەربۆیە پلەی مۆرڤ لە ئەڵماسێکی بەنرخەوە دادەبەزێنێتە ئاستی شوشەیەکی کەمنرخ، یاخود ئاستی شتانێکی بێ نرخ و بڵقی سەر ئاو. من ئەمەم بەم شێوەیە بینیوە.
“نیەت یەکێک لەو چوار وشەیەی کە وەک دەستکەوتی چل ساڵی ڕابردووی تەمەنمە. بەڵێ نیەت دەتوانێت جوڵە بێ گرنگیەکانی ژیان کە چەشنی خاک بێ نرخ و هێندەی دەنکۆڵەی لم زۆرن بگۆڕێت بە گەوهەری عیبادەت، لەم بابەتەدا ئیکسیرێکی زۆر سەرسوڕهێنەرە. لە هەمان کاتدا وەک ڕۆحێکی گواستراوە وەهایە کە بە هۆی ئەوەوە مردووەکان ژیان دەدۆزنەوە و ژیانی گیانەوەر دەکات بە عیبادەت. لە هەمان کاتدا نیەت تایبەتمەندیەکی تری هەیە کە کاری خراپە بگۆڕێت بە چاکە.
کەواتە نیەت وەک ڕۆح وەهایە، ڕۆحی ئەویش ئیخلاس و دڵسۆزیە، بێ دڵسۆزی ڕزگاربوونیش بوونی نیە. هەربۆیە لە حەدیسی شەریفیشدا هاتووە کەوا کارەکانمان بە گوێرەی نیەتمانە، نیەتی کەسی ئیمانداریش لە کارە چاکەکانی بەنرخترە.
بە هۆی ئەم تایبەتمەندیەشەوەیە کە کردەوەگەلێکی باشی زۆرمان لە ماوەیەکی کەمدا دەست دەکەوێت و لەو تەمەنە کورتەی هەمانە دەتوانین بەهەشتێکی گەورە دەست خۆمان بخەین.

لە گەشت و گەڕانی خۆمدا بە ناو تاریکستانەکاندا، سونەتەکانی پێغەمبەرم وەک ئەستێرە و گڵۆپی سەر ڕێگاکەم بینی. هەموو سونەتێک و حوکمێکی ئیسلام، لە نێوان ڕێگا تاریک و نوتەک و گومڕاکەرە بێ شومارەکاندا بریسکە و درەوشاوەنەوەی لێوە بەدی دەکرا. لادان لە سونەتیش مرۆڤ دەکات بە بوکەڵەی دەستی شەیتان و سواری ژێر وەهمەکانی، مەیدانی ترسەکانی، حەماڵی قورساییگەلێک چەشنی شاخەکان. گەرچی شوێنی سونەت بکەوتایە لە هەموو ئەو قورساییانە ڕزگاری دەبوو، ئەوانی دەکرد بە حەماڵی خۆی خۆی.
من سونەتەکانم وەک دەسوگەلێک بینی کە لە ئاسمانەوە شۆڕکراونەتەوە بۆ سەر زەوی. هەرکەسێک دەست بە یەکێک لەوانەوە بگرێت بەرز دەبێتەوە و ئاسودەگی دەدۆزێتەوە. بە پێچەوانەوەی ئەو کەسانەی دوژمنایەتی سونەت دەکەن و شوێنی ئەقڵی خۆیان دەکەون، وەک کەسێک وەهایە کە دەیەوێت کە ئامرازە دونیایەکان بەرەو ئاسمان بەرز ببێتەوە و دەڵێت: ئەی هامان شورایەکی وەها بەرزم بۆ دروست بکە کە بە ئاسمانەکاندا تێپەڕێت و دەستم بە خوداکەی موسا بگات.
ڕێژەی بەرگری شتەکان بە گوێرەی ئەو شتەی پشتیان پێیبەستووە دەگۆڕێت. بۆ نمونە کەسێک پشتی بە سوڵتانێکی بەهێز بەستبێت، ئەوەی بە شاهێکی خوار ئەو سوڵتانە ناکرێت ئەنجامی دەدات، ئەو کەسە دەتوانێت کارگەلێک ئەنجام بدات کە بە پاشایەک ناکرێت و ، لە بەرامبەر کەسێکیشدا کە ٧٠ پلە لەسەرو خۆیەوەیەتی، ٧ قات بەرزتر دەنوێنێت.
هەر لەبەر ئەمەشە مێشوولەیەکی بچوک کە لەلایەن قودرەتی ئەزەلی جەنابی حەقەوە ڕاسپێردراوە، سەرکەشترینی هەموو نەمرودەکان دەبەزێنێت.
ناوکێکی بچوک کە لە قودرەتی ئەو زاتەی تۆو و ناوکەکان قڵیش پێدەبات مۆڵەتی وەرگرتبێت، تەواوی پێداویستیەکانی دارخورمایەکی زەبەلاح لە خۆیدا حەشار دەدات و، شتانێک دە هێنێتە مەیدان کە لە کارگەیەکی گەورەی هێندەی شارۆچکەیەکیشدا دروست ناکرێت.
ئەو شتانەی کە کافرێک خۆشی دەوێن لە خۆشەویستیەکی ڕاستەقینەوە سەرچاوەی نەگرتووە، چونکە ئەوەی لە ڕاستیدا خۆشی دەوێت نەفسی خۆیەتی. گەر لە کەسانی کافردا هەندێکی سیمای مەدەنی و کاری چاکە و بەهای مەعنەویش بەدی بکرێت، ئەوە لە چۆڕاوگەی مەدەنیەتی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە، لە ڕێگەی ڕەنگدانەوەی ڕێنمویی و هاواری قورئانەوە سەرچاوەی گرتووە و هەروەها لە بریسکەی دینە ئاسمانیەکانی ترەوە سەرچاوەی گرتووە. دەتوانیت بە خەیاڵ خۆت بکەیت بە مەجلیسی سەیدایەکی دانیشتوی قەزای نورشیندا، لەوێدا شاهیدی مەدەنیەتی ئیسلام دەبیت کە لە وتاری پیرۆزی ئەودا خۆی بەدەردەخات. لەوێدا کۆمەڵێک فریشتە دەبینیت کە لە بەرگی هەژاراندا خۆیان دەدوێنن و، دواتر بە خەیاڵیش بچۆرە پاریس و سەردانی مەجلیسی گەورەکانی ئەوانیش بکە. لەوێشدا دوپشک و دێوەزمەی گەورە دەبینیت کە خۆیان لەسەر شکڵ و ڕوخساری مرۆڤ دەردەخەن.
ئەی ئەو کەسەی ئەقڵت بەسەر نەقڵدا پێشخستووە و بە فەلسەفەوە خۆت سەرقاڵ کردووە و بەم هۆیەشەوە توشێ خۆبەزلزانی بوویت و بەناخی زەویدا ڕۆچوویت، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەقڵتدا نەگونجاوە نەقڵت تەئویل کردووە و بەوەشەوە نەوەستاویت هەندێک جار تەحریف و تێکدادانت تێدا دروست کردووە و لە فەلسەفەوە گلاویت ، سەردەمانێک منیش وەک تۆ بووم! دواتر کۆشکێکی بەرز و گەورەم بینی کە هەورەبانەکەی سەری لە ئاسماندایە و لە پەنجەرە بەرزەکانیەوە زەمیلە دێتە خوارەوە و ئەو پەتانەی زەمیلەکان دێننە خوارەوە لەمسەر تا ئەوسەر درێژ دەبنەوە، هەندێک لە مرۆڤەکان سەرکەوتوو دەبن لەوەی خۆیان فڕێ بدەنە یەکێک لەو زەمیلانەوە و لەم ڕێگەیەوە توانای بەرز بوونەوە بەدەست دەهێنن. هەندێک لە مرۆڤەکانیش دەستیان بە خوارووی پەتەکانەوە گرتووە و هەندێکیشیان بە سەروی پەتەکەوە…
دواتر هەندێک مرۆڤم بینی بە هۆی لە خۆبایی بوونیەوە گرنگی بەو زەمیلانە نادات و هەندێک بەرد و داری خستۆتە سەر یەک و دەیەوێت بە هۆی ئەوانەوە خۆی بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە. بەڵام بەرزبونەوە بەو شێوەیە کاری نەکردەیە! هەر تۆزێک بەرز بوویەوە یەکسەر دەکەوێتە خوارەوە.
هەروەها کەسانێکی فیرعەونئاسام بینی کە بەرامبەر نەفسی خۆیان دۆڕاون و پشتیان پێی بەستووە، بە دوای کون و شوێنپێیەک دەگەڕێن کەوا لە دیواری کۆشکەیاندا قاچی بخەنە سەر و لە ڕێگەیەوە بەرز ببنەوە، بەڵام دەکەونە خوارەوە و ملی خۆیان دەشکێنن”.
ئەوەشم بینی کە تەواوی ئەو ئامێر و ئامرازانەی دراوەتە دەستی ئەوان و بە دوا هێزی خۆیان بەکاری دەهێنن بۆ بەرزبوونەوە، تەنیا بۆ ئەوە بوو کە بگەنە ئاستی زەمیلەکان.
مەگەرنا مەبەستیان لەبەرزبوونەوە نەبووە بۆ ئەو ئاستەی کە زەمیلەکان بۆی بەرز دەبنەوە. هەربۆیە با ئەقڵت بە زەمیلەکەوە بتبەستێتەوە و سواری نەقڵ ببە، ئەوەی پشتی بە خودا بەستبێت ، خودا بەسێتی.
بەڵێ، ئەو زەمیلانەی لەو کۆشکەوە دێنە خوار، ئاماژەیە بۆ ڕاستیە قورئانیەکان کە ڕێنیشاندەری ڕێگەی “الصراط المستقیم”ن.

Show More
Back to top button