هەواڵ

ڕێکخراوی مەزلومدێر ڕاپۆرتێكی لەسەر گیانلەدەستدانی مامۆستا حەلیمە بڵاوکردەوە

 

نووسینگەی شاری ئادانەی ڕێکخراوی مەزلومدێر ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مامۆستا حەلیمە بڵاوکردەوە، کە بەتۆمەتی هاوکاریی کردنی ئەو خێزانانەی بەهۆی بڕیار لەجێی یاساکانی حکومەتی تورکیا نانبڕاو کرابوون دەستگیر کرابوو، لە زینداندا دەرمانەکانی پێ نەدرا و هەر بەو هۆیەشەوە کەوتبووە دۆخی بێهۆشییەوە و دواتریش گیانی لەدەست دا.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە مامۆستا حەلیمە تا گیانلەدەستدانی دووجار لەهۆشخۆی چووە، هەروەها ڕێکخراوەکە ئافرەتێکی دوواندووە کە لە زۆربەی کاتەکاندا لەگەڵ حەلیمە ماوەتەوە، لە ڕاگیرخانە و گرتوخانەکاندا، ناوی ئافرەتەکە بە پارێزراوی ماوەتەوە، بەڵام زۆر ڕاستیی و بەسەرهاتی ژیانی مامۆستا حەلیمە لەو ماوەیەدا لەسەر زاری ئەو سەرچاوەیەوە گێڕدراوەتەوە، جگە لەویش سینان گولسو برا گەورەی مامۆستا حەلیمەش لێدوانی بۆ ڕێکخراوەکە داوە.

لە راپۆرتەکەدا بە گێڕانەوەی وتەی گەواهیدەرەکان، باس لەوە کراوە کە کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی دەرمانەکان و لایەنی تەندروستی مامۆستا حەلیمە لەلایەن بەرپرسانی گرتوخانەکانەوە یەکێک لە هۆکار سەرەکییەکانی گیانلەدەستدانی بووە. چونکە حەلیمە نەخۆشیی SLE هەبووە، کە پێویستی بە بەردەوام بەکارهێنانی دەرمان هەبووە، بەڵام دەرمانەکانی پێ نەدراوە، جگە لەوەش بەپێی وتە براکەی، تا ماوەیەکی زۆر ڕێ بە دیداری حەلیمە و خێزانەکەی نەدراوە، دواتریش زۆر درەنگ و ناوەخت هەندێک لە دەرمانەکانی پێگەیەندراوە.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مەزلومدێردا ئاماژە بەوەش دراوە کە هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدانی ئەو مامۆستایە لە زینداندا، نەخۆشیی SLE و پێنەدانی دەرمانەکانی بووە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک پزیشکانی نەخۆشخانەی مێرسین هۆشدارییان لە دۆخی تەندروستی داوە. ئەو پشتگوێخستنانەش پێچەوانەی مافی مرۆڤ و یاسا دەستوورییەکانی تورکیایە.

بە وەرگرتنی وتەی پارێزەران و بەراوردکردنی دۆسیەکەی مامۆستا حەلیمە بە یاساکان، مەزلومدێر ئاماژەی بەوە داوە کە لەو ماوەیەدا مافی ژیان لە حەلیمە زەوتکراوە، هەروەها تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە لە ئێستادا و ماوەی چاند ساڵێکە چەندین زیندانیی لە گرتوخانەکانی تورکیادا هەمان دۆخی مامۆستا حەلیمەیان هەیە.

شایەنی باسە لە پاش هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز ی ٢٠١٦ەوە، دەسەڵاتی تورکیا نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاوڵاتیی لە چین و تویژە جیاوازەکان دەستگیر کراووە، ١٧ هەزار لەوانە ئافرەتن و نزیکەی ٨٠٠ منداڵیش هاوزیندانین لەگەڵ دایکیاندا. لەوماوەیەشدا چەندین زیندانیی لە گرتوخانەکاندا بەهۆی خراپ مەمەڵەکردن لەگەڵیاندا گیانیان لەدەست داوە.

 

https://kronos23.news/tr/mazlumderin-halime-gulsu-raporu-aciklandi-yasam-hakki-ihmal-edildi/

Show More
Back to top button