هەواڵ

ڕۆیتەرز: حکومەتی ئەنقەرە فشاری زۆری کردووە بۆ داخستنی خوێندنگاکانی خزمەت لە ئەفغانستان

 

ئاژانسی ڕۆیەرز ڕایگەیاند کە بەبێ هەبوونی بڕیاری دادگا، حکومەتی ئەنقەرە فشاری لە پۆلیسی ئەفغانستان کردووە کە جگە لە داخستنی ٣ خوێندنگای بزاڤی خزمەت لە شارەکانی عەرات و مەزاری شەریف، ٤٠ کەس دەستگیر بکات لەناویاندا ٦ مامۆستای تورک.

شەوی هەینی ڕابردوو لە نێوان کاتژمێر ١٢ نیوەشەو بۆ ٦ ی بەیانی، پۆلیسی ئەفغانستان هەڵیکوتایە سەر ئامادەیی مەزاری شەریفی کوڕان، ئامادەیی مەزاری شەریفی کچان و ئامادەیی حەراتی کچان، و ٤٠ کەسیان لە مامۆستایانی تورک و ئەفغانی و ستافی تری خوێندنگاکان دەستبەسەر کرد، لەکاتێکدا نزیکەی ٢٣ ساڵە ئەو خوێندنگایانە لەو شارانە کاری خۆیان دەکەن.

ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ئەوەی لە شەودا هێزەکانی پۆلیس بە فشاری حکومەتی تورکیا هەڵیانکوتاوەتە سەر خوێندنگاکان و بەشە ناوخۆییەکان، دواتر کەسوکاری خوێندکارە کچەکان چوون بۆ خوێندنگاکە و نیگەرانی خوێندکارەکانیان بوون.

شایەنی باسە دواتر مامۆستا و فەرمانبەرە ئەفغانییەکان ئازاد کراون، بەڵام مامۆستا تورکەکان هێشتا دەستبەسەرن، بەڵام پۆلیسی ئەفغانستان ناتوانێت بە ئاسانی ڕادەستی حکومەتی ئەنکەرەیان بکاتەوە، چونکە ئەو مامۆستایانە لەژێر سایەی پاراستنی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندان.

شایەنی ئاماژەیە وەک بەرپرسانی خوندنگاکان باسی دەکەن، پۆلیس هیچ بڕیارێکی دادگای پێ نەبووە بۆ هەڵکوتانە سەر خوێندنگا و بەشە ناوخۆییەکان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێک لە پۆلیسەکان توندوتیژییان بەرامبەر دەستگیرکراوەکان نواندووە و لێیان داون، بەڵام ئەو کارە بە فشاری حکومەتی ئاکەپە ئەنجام دراوە، لە درێژەی ڕەشبگیر و ڕفاندن و ترساندنی دۆستان و مامۆستایانی بزاڤەکە لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا.

شایەنی باسە ئەو خوێندنگایانە لە ساڵی ١٩٩٥ەوە لەو شارانە خزمەت دەکەن و جگە لەو دوو شارەش، لە کابولی پایتەخت و قەندەهار چەند خوێندنگایەکی تر هەن و بە چەشنی زیاتر لە ١٨٠ وڵاتی تر و لە ژێر سایەی خوێندنگاکانی ئەویندا و لەپێناو بنیاتنانی دونیایەکی نوێدا، نەوەیەکی نوێ پێدەگەیەنن.

ڕۆیتەرز لە هەواڵەکەیدا ئاماژەی بەوەش داوە کە حکومەتی ئەنکەرە فشاری زۆر لە حکومەتی ئەفغانستان دەکات تا دەستبەسەر ئەو خوێندنگایانەدا بگرێت و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی تورکیاوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا ساڵی پار پۆلیسی ئەفغانستان بەهەمان شێوە هەڵی کوتایە سەر خوێندنگایەکی تر لە شاری شیبریگان.

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/reuters-ankaranin-afganistandaki-okullari-devralmak-icin-yogun-baskisi-vardi-haberi/1318433/

Show More
Back to top button