بیروڕاهەواڵ

ڕۆژێک دادێت ویژدانەکان خەبەریان دەبێتەوە…

عەبدوڵا ئایماز


لە دۆسیەی دادگایکردنی  خوێندکارانی پەیامەکانی نور لە شاری ئیزمیر،  کە هەموومان ٥٤ کەس بووین، تەنیا بە هۆی خوێندنەوەی پەیامەکانەوە سزا دراین.

لە پێش ئەو دادگایەشدا ٥ مانگ زیندانی بوو بووم، دەبوو ٧ مانگی تر لە زیندان بمێنمەوە، لەو ماوەیەشدا بەردەوام هەواڵی لێبوردنی گشتیمان دەبیست لە ڕۆژنامەکانەوە، هەر بۆیە بڕیارمدا خۆم ڕادەستی پۆلیس نەکەم. لەو ماوەیەی خۆمان شاردبوویەوە، هەندێک کەس هاتبوون بە دواماندا، بەڵام بە مەبەستی بردنمان بوو بۆ خزمەتی سەربازی ، نەک بۆ ئەوەی زیندانیمان بکەن.

کاتێک لێبوردنی گشتی دەرکرا، ئیدی بڕیارمدا خزمەتی سەربازیەکەم تەواو بکەم. قەدەری ئێمە وەها بوو ماوەی سەربازیەکەمان ٤ مانگ بێت. لەو کاتەشدا گەورەترین ناوەندی سەربازی شاری ئیسپارتە بوو. هەندێکیش لە براکانمان بۆ ماوەیەکی کورت، لە شارەکانی ئەنتالیا و بوردور خزمەتی سەربازیان ئەنجامدا.

منیش بۆ ئەوەی شاری ئیسپارتە ببینم، بڕیارمدا سەردانێکی ئەو شارە بکەم. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٧٧ سەردانی ئیسپارتەم کردبوو، بەڵام بۆ ئەوەی بزانم لە ڕۆژەکانی پشوودا دەتوانم سەردانی چ شوێنێکی ئەو شارە بکەم، حەزم کرد جارێکی تر چاوم بە کوچە و کۆڵانەکانی بکەوێتەوە.

لە ئیزمیرەوە رۆشتم بۆ ئایدن، کاتێک لەوێشەوە بەڕێکەوتم، هاوڕێیەکم هات و وتی “با منیش لەگەڵت بێم”. هەر رۆشتینە دەرەوە، یەکسەر پاسێکی شاری ئیسپارتە هاتە بەردەممان، نەفەرەکانی ناو پاسەکە زۆر کەمبوو، ئێمەش چووینە ناوەڕاستەوە و دانیشتین، جابی پاسەکە هات و یەکی بلیتێکی پێداین. ئێمەش بێ ئەوەی سەیری بکەین خستمانە گیرفانمانەوە.

 

 لەو ڕۆژانەشدا شاری ئایدن، بە نیسبەت بزاڤی خزمەتەوە زۆر جموجوڵی تێدا بوو، هەندێک کەس دەهات و سەردانی دەرسخانەکانی دەکردین، هەر کام لە خوێندکارەکانی بە دڵ بووایە لەگەڵ خۆی دەیبرد. واتە هێشتا خزمەت بە تەواوی ڕێوشوێنی خۆی نەدۆزیبوویەوە. هەرچەندە ئەوانەی ئەم کارانەیان دەکرد دەمانناسین، بەڵام بۆ ئەوەی فیتنەیەک دروست نەبێت لە نێوانماندا، دانمان بە خۆماندا دەگرت. هاوڕێکەشم سەبارەت بەو ڕووداوانە داوای زانیاری لێکردم. منیش وتم ” گرنگ نیە، ئارام بگرن، ئێمە ئاگامان لەو شتانە هەیە، بە هیچ شێوەیەک مناقەشە لەگەڵ کەسدا مەکەن” شتێکی لەو بابەتەم پێوت.

بەڵام هاوڕێکەم سوور بوو لەسەر ئەوەی ناوی ئەو کەسانەی پێبڵێم کە ئەو کارانە دەکەن، هەرچەندە شتەکە دەچووە بابەتی غەیبەت کردنەوە و پێشتریش زلەی غەیبەتکردنمان خواردبوو، بۆ نمونە لە شاری ئیزمیرەوە کاتێک دەچووین بۆ ئێدرەمیت، گەر لە ڕێگا غەیبەتمان بکردایە، ئەوا لە ڕێگە پاسەکەمان لە کیس دەچوو، یاخود لە ڕێگا تایەی ئۆتۆمبیلەکەمان دەتەقا و ماتڵ دەبووین. پێشتریش لەوە دەچێت دەیان جار ئەم شتەمان بەسەر هاتبێت، کارتی تایبەت بە خوێندکارانمان لە گیرفاندا بوو، پاپۆڕەکان بە نیوەی نرخی ئاسایی دەیانبردین، بۆ نمونە کاتێک دەچووین بۆ کارشییەکا یان چیغلی بۆ گوێگرتن لە وانەی ئاینی، گەر لە رێگە غەیبەتی کەسێکمان بکردایە، یەکسەر پاپۆڕەکە بەجێدەهێشتین. گەرچی لە هەمان کات و شوێنی دیاریکراودا ئامادە دەبووین، بەڵام هەمان شت دووبارە دەبوویەوە، ئەوەش شتێکی وەها نەبوو بە ڕێکەوت پێناسەی بکەین.

هەرچەندە باسی ئەم شتانەشم بۆ هاوڕێکەم کرد، بەڵام لە وەڵامدا وتی “گەر ئەم قسانە نەکەین، ئەوا ئەم ڕێگە دوور و درێژە بە چی تەواو بکەین؟”. منیش دەستم کرد بە قسەکردن…

ئەو پرسیاری دەکرد و منیش وەڵامم دەدایەوە. کاتێک گەشتینە گەراجی دەنیزلی، ویستمان نوێژی نیوەڕۆ لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدەین، چونکە هەتا دەگەشتینە ئیسپارتە، نوێژی نیوەڕۆمان دەچوو. لەو کاتەشدا وەک ئێستا مزگەوت و شوێنی نوێژکردن نەبوو. یەکسەر لەو کاتەدا لە بەلوعەیەکی ناو گەراجەکەدا دەستنوێژمان کرد و خۆمان کرد بە دوکانێکدا، خاوەنی دوکانەکە گوێنیەکی شەکری پێداین و نوێژەکەمان لەسەر کرد. خەریک بوو پاسەکەمان بەجێیدەهێشتین، ئێمەش بە پەلە بە دوایدا ڕامان کرد و سواری بووینەوە.

بەڵام سەیرمان کرد نەفەری تر لە شوێنەکانمان دانیشتووە. ئێمەش بە جابیەکەمان وت بۆ شوێنەکەمان گیراوە؟ لە وەڵامدا وتی” بڕۆنە دواوە هەر شوێنێک دەدۆزنەوە”.

ئێمەش وتمان ” براکەم ئێمە لە ئایدنەوە سوار نەبووین؟ تۆ خۆت بلیتت پێنەداین؟ ئێستا بۆ شوێنەکەمان گیراوە”.  جابیەکە وتی ” ئێوە لاخۆی کەسی خوێنەوارن، سەیری بلیتەکانتان بکەن، هیچ ژمارەیەکی لەسەرە هەتا بڵیین ئەوە شوێنی ئێوەیە؟”. ئێمەش سەیرمان کرد ژمارەی لەسەر نیە. وتمان کاکە تۆ بۆ وا دەکەیت لەگەڵ ئێمە؟، لە وەڵامدا وتی ” بۆڵە بۆڵ مەکەن، بڕۆنە دواوە دانیشن”. چووینە دواوە و سەیرمان کرد شوێنی بەتاڵی لێنەماوە، ناچار بە پێوە وەستاین و لە توڕەیدا ئاگرمان لێدەباری.

جابیەکە هەر بەم کارەیەوە نەوەستا، هەرکەسێک دەهات و دەرۆشت، ئیشارەتی بۆ ئێمە دەکرد و بە لاقرتیەوە قسەی لەگەڵ دەکردین و سوکایەتی پێدەکردین. لەو کاتەشدا شتێک لە پەیامەکانی نوری مامۆستا نورسیەوە فێر بوو بووم، لە دڵی خۆمدا وتم ” خودایە ئێمە بۆ ئەوەی توشی ئەم هەموو ناڕەحەتیە ببین، خۆ گوناحێکمان نەکردووە، تەنیا دابەزین لە پاسەکە بۆ ئەوەی نوێژی نیوەڕۆمان نەچێت”. پاش کەمێک بیری قسەکانی خۆمم کەوتەوە کە لە ئایدنەوە هەتا دەنیزلی کردم. بە خۆمم وت: پێویست بوو ئەو قسە و باسانەمان نەکردایەتەوە.

 

کاتێک ئەم محاسەبەیەی نەفسی خۆمم کرد، هێندەی قورسایی شاخەکان باری شانم سووک بوو. بە خۆمم وت ” جەنابی حەق، پێش ئەوەی لەو دونیا سزامان بدات، هەر لەم دونیا سزای کارە خراپەکانی لێسەندین. قەدەر دادپەروەرانەیە”. وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێت، ئەم شتانەی ناو مێشکمم بە هاوڕێکەم وت. ئێمەش قسە و باسەکانی پێشوومان داخست و دەستمان کرد بە باسێکی تر. کاتێک خەریک بوو دەگەشتینە ناوچەی دینار، یەکێک لە نەفەرەکان دەنگی هەڵبڕی و وتی ” ئەرێ کاکە شتی وا چۆن دەبێت؟ جێگەی ئەم دوو گەنجە بە خەڵکی تر دەفرۆشیت و دواتر سوکایەتیشیان پێدەکەیت. ئەمانە لەبەر بەڕێزی خۆیان قسە ناکەن. کە گەشتیتە ئیسپارتە، ئۆتۆمبیلەکەت ڕادەگریت و حەقی ئەم دوو گەنجەتان لێدەکەمەوە”.

وابزانم سەربازێکی پلەبەرز بوو. ئەمجارەیان شۆفێری پاسەکە، بۆ ئەوەی خۆی قورتار بکات، هەرچی بە دەمیدا هات بە جابیەکەی وت. واتە دەیوست بڵێت ” قسەکەت ڕاستە و خەتای ئێمەیە”.

دەڵێن “سەبر” ناوی گیایەکە لە بیابانی زۆر وشک و گەرم دەڕوێت و  زۆر تامێکی تاڵی هەیە، بەڵام بۆ زۆر نەخۆشی بەکار دەهێنرێت.

ئەمانەی لێرەدا باسم کرد، ڕووداوی زۆر گەورە نیە، بەڵام لە مرۆڤەکاندا هەستێک بە ناوی ویژدان هەیە. هەندێک جار بە هۆی یەک کەسەوە، ویژدانی گەلێک بە ئاگا دێت و خەبەری دەبێتەوە، ویژدان درۆ ناکات.

گەر تۆ هەستێت بە هەندێک کاری ناڕەوا بۆ شێواندنی وێنای ڕووداوەکان لەلای خەڵک و هەندێک شتیان لێ بشاریتەوە، ڕۆژێک دێت ئەو شتە خراپانەش بە ئاشکرا ئەنجام دەدەیت. ئەو کاتە ویژدانی هەموو کەس بە ئاگا دێت و ئیتر ناتوانیت بەرامبەریان بوەستیت.

ئەو ئابڵوقە ئابوریەی موشریکەکان خستیانە سەر موسوڵمانان بە هەمان شێوە بوو، سەرەتا وتیان نابێت هیچ کەسێک یەک دڵۆپ ئاویشیان پێبدات. بەڵام دواتر ویژدانی هەموو لایەک بە ئاگا هاتەوە.

ئێستاش هاوڵاتیان لە کارەکانیان دەردەکرێن و زیندانی دەکرێن و ، ئەوانەشی لە دەروەی زیندانن، مەحکوم بە برسێتی و مەرگی لەسەر خۆ کراون. چونکە کەس ناوێرێت یارمەتیان بدات و خۆیان لە قەرەیان بدەن، ئەگینا دەسەڵات ئەوانیش زیندانی دەکات و توشی هەمان چارەنوسیان دەکات.

هەر بەڕاستیش هەرکەسێک یارمەتی ئەو هاوڵاتیە لێقەوماوانە بدات دەیخاتە زیندانەوە، بەڵام تەواوی ئەمانە کارەساتی کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. وەک لە حەدیسێکی شەریفدا هاتووە” کوفر بەردەوام دەبێت بەڵام زوڵم نا”. کەس نازانێت ئەم زوڵمە کەی کۆتایی دێت و زانیاری ئەوە لەلای خودایە، بەڵام هیچ چارەیەکی تری نیە جگە لەوەی تەواو ببێت.

 

Show More
Back to top button