هەواڵ

ڕۆژنامەی دای وێڵتی ئەڵمانی لەسەر ڕۆژنامەنووسانی تورکیا هاتە دەنگ

ڕۆژنامەی دای وێڵتی ئەڵمانی پاش ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسەکەی (دێنیز یوجێل) خۆی لە تورکیا و گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا،  لە زنجیرەیەک ڕاپۆرتدا، وێنەی ڕۆژنامە نووسە دەستگیرکراوەکانی تورکیا و چەند زانیارییەک لەسەر ژیانیان و دۆسیەی تۆمەتبارکردنەکەیان دەخا ڕوو، ئەم جارەیان باس لە جومعە ئولوس دەکات کە سەرنووسەر ڕۆژنامەی میلەت بووە.

 

ڕۆژنامەکە هەموو زنجیرەکانی بەم ناونیشانە دەستپێدەکات ” دێنیز یوجێل، هەواڵسازی ڕۆژنامەی وێڵت ئازاد کرا، بەڵام سەدان بەرهەڵستکاری تر لە زیندانەکاندان.

 

ئێمە ئەوان لەبیر ناکەین، هەمیشە قەدەری ئەوان بەیاد دەهێنینەوە، ئەمڕۆش جومعە ئولوس”.

 

دای وێڵت نووسیویەتی:

” چەند توویتێک، هەژمارێكی بانکیی، ئەو خویندنگایەی کوڕەکەی لێی دەخوێند، ئەمانە ئەو تۆمەتانەن کە داواکاری گشتیی ئاراستەی جومعەی کردوون.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە بەرهەڵستکارە کە لە سایەی ٢٠١٦دا هەر زوو دوای هەوڵی کودەتاکە دەستبەسەر کرا، لەو کاتەدا لە کەناڵی ئێرزینجان کاری دەکرد.

 

پاش ئەوەی تەلەڤیزیۆنەکەیان داخرا، لە هاوڕێکانییەوە بیستی کە پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت، ئەویش بە مەبەستی خۆ ڕادەست کردن، چوو بۆ بنکەی پۆلیس.

 

ئولوس کە لەو کاتەدا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گروپی تیرۆرستییدا دەستبەسەر کرا، نێردرا بۆگرتوخانەی سیلیڤری و تا کاتی دادگایی کردنی لەوێ هێڵرایەوە.

 

پاش ٧ مانگ لە زیندانیی بوونی بۆی ڕوونبوویەوە کە تۆمەتە ئاراستەکراوەکانی چین، زانی کە بەهۆی چەند نووسینێکییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کراوە.

 

داواکرەکە نووسینێكی جومعەی وەک بەڵگە بۆ تۆمەتبار کردنی بەکارهێناوە، کە نووسیویەتی “ڕۆژنامەنووسی تاوان نییە”.

 

یەکێکی تر لەو بەڵگانەی لە دژی ئەو ڕۆژنامەنووسە بەکارهاتووە، هەبوونی هەژمارێکی بانکی بووە لە بانک ئاسیا، کە یەکێکە لەو بانکانەی لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە دەستی بەسەردا گیراوە و بە دامەزراوەیەکی نزیك لە بزاڤی خزمەت لەقەڵەم دراوە.

 

شایەنی باسە جومعە یەکێکیش بووە لەو کەسانەی کە لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا، کاتێك پۆلیسی تورکیا هەڵیانکوتابووە سەر ڕۆژنامەی میلەت(کە جومعە تیایدا سەرنووسەر بووە) چوونەتە ڕۆژنامەکە و ناڕەزایەتییان پیشانداوە.

 

یەکێکی تر لە تۆمەتەکان کە ئاراستەی کراوە، لێدوانێک بووە کە بۆ ئاژانسی جیهانی داوە و وتوویەتی: ” ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە بە تورکیاوە، من پۆلیسێك پێی ڕاگەیاندووم کە لە کار دوورخراومەتەوە.”

 

یەکێکی تریش لە تۆمەتە ئاراستە کراوەکان، خوێندنی کوڕی ئەو ڕۆژنامەنووسەیە لە خوێندنگاکانی بزاڤی خزمەت.

 

جومعە ئوسول لە ٨ی ئازاری ٢٠١٨دا بەهۆی ئەو تۆمەتانەی سەرەوە سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی کردنی بەسەردا سەپێندرا.

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/die-weltin-kaleminden-cuma-ulus-7-yil-6-ay-hapis-birkac-tweet-banka-hesabi-ve-oglunun-okulu/

Show More
Back to top button