هەواڵ

ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی باسی ئەو زوڵمە دەکات لە هاوسۆزانی خزمەت دەکرێت

 

ڕۆژنامەی فرای پرێسی ئەڵمانی کە یەکێکە لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ئەڵمانیا، لە ژمارەیەکی نوێیدا بە شێوەیەکی درێژ باسی ئەو زوڵمە دەکات، کە لە تورکیادا بەرامبەر هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت ئەنجام دەدرێت.

ڕۆژنامەکە ڕێپۆرتاژێکی لەگەڵ هاوسۆزێکی بزاڤی خزمەت ئەنجامداوە کە ناوی خوازراوی “حەسەن یڵماز”ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و بە ناچاری ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە.

ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە:

 دوای هەوڵی کودەتاکەی ٢٠١٦ ، کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی ٢٦٥ هاوڵاتی تورکیا، زۆرێک لەو هاوڵاتیانەی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ڕاوەدوو نراون، ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە.

یەکێک لەو هاوڵاتیانەی بەرەو ئەڵمانیا هەڵهاتوون حەزی کرد بە حەسەن یڵماز ناوی بهێنین و لە میانەی ڕێپۆرتاژەکەماندا پێی وتین:

من لە زۆر پۆستی حکومیدا کارم کردووە، ساڵی ٢٠١٤ بە پاساوی ئەوەی سەر بە بزاڤی خزمەت ڕەوانەی گوندێکی تورکیایان کردم، بەردەوام کەسانێک لە شارەوە دەهاتن و چاودێریان دەکردم و بەدوامەوە بوون، دواجار خۆمم پێ نەگیرا و بڕیارمدا ئەو شوێنە بە یەکجاری جێبهێڵم. سەرەتا کۆمپانیایەکی بچوکم دامەزراند، لە دوای هەوڵی کودەتاکە ئەویشیان لێ سەندم بە بێ ئەوەی هۆکەیم پێبڵێن. زۆرێک لە هاوڕێکانم دەستگیر کران، ئیدی هەستم کرد سەرەی منیش هاتووە”.

حەسەن یڵماز لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئەڵمانیاشدا خزم  و کەسی نزیکی هەیە، بەڵام نایەوێت کەس بزانێت لەوێیە و لە کەمپێکی ئەو وڵاتە بەردەوامی بە ژیانی دەدات.

هەروەها لە رێپۆرتاژەکەدا ئاماژە بە قسەی هەندێک لە نوێنەرانی بزاڤی خزمەت کراوە لە وڵاتی ئەڵمانیا، کە پێیان وایە وەک پێویست باسی خۆیانیان بۆ ڕای گشتی ئەڵمانیا نەکردووە.

ئێرجان کەراکۆیون کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی فۆرمی دیالۆگ لە ئەڵمانیا، پێی وایە دواکەوتوون لە باسکردنی قەبارەی ئەو زوڵمەی بەرامبەر بزاڤەکەیان دەکرێت لە تورکیادا.

ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٧ کتێبێکی لەسەر بزاڤی خزمەت بڵاوکردۆتەوە.

کەراکۆیون پێی وایە ڕەشبگیری حکومەتی تورکیا بەرامبەر بزاڤەکەیان هاوشێوەی ئەو ڕەشبگیریەیە کە هیتلەر بەرامبەر یەهودیەکان ئەنجامیداوە و، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ئەو هەڵمەتە هەتا وڵاتی ئەڵمانیا درێژەی هەیە.

کەراکۆیون باسی ئەوە دەکات کە حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی نوێنەرایەتی و کۆنسوڵخانەکانی و مەلاکانی ئەڵمانیاوە چاودێری خستۆتە سەر هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لەو وڵاتە و، چەندین جار هەڕەشەی کوشتنیان لە خۆی کردووە. هەروەها باسی لەوە کرد  لە ساڵی ٢٠١٥ قەدەغەی خراوەتەوە سەر کە بتوانێت سەردانی وڵاتی تورکیا بکات.

کەراکۆیون دواتر باس لەوە دەکات کە م.فەتحوڵڵا گولەن کەسێکی ئاشتیخوازە و بە شێوەیەکی ڕەها نەفرەت لە شەڕ و توندو تیژی دەکات.

کەراکۆیون لە باسی گولەندا دەڵێت” خاڵی سەرەکی لای گولەن ئەوەیە هەموو کەسێکی لە ڕەهەندی میتافیزیکیدا قوڵ ببێتەوە و پەروەردەی ڕۆحی خۆی بکات. گولەن کەسێکی دیندارە، بەڵام هەرگیز کەسێکی خۆسەپێنەر نیە. گولەن هەمیشە بەرگری لە دیموکراسی و ئازادی بیروڕاکان دەکات، هەربۆیە زۆرجار دەڵێت: نابێت پابەندبوونی مرۆڤەکان بە دینەوە سزا بدرێت لەلایەن دەوڵەتەوە. بە پێچەوانەی ڕۆحی دین و واتاکەی تێکدەچێت”.

Show More
Back to top button