بیروڕاهەواڵ

ڕۆژنامەنووس عائیشەنور پاریلداک: کاتێک دادگا ئازادی کردم، بە تەلەفۆنێک دەستبەسەر کرامەوە

عائیشەنور پاریلداک پەیامنێری پێشووی ڕۆژنامەی زەمان، کە لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموز سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە زیندانەوە نامەیەک ئاڕاستەی ڕای گشتی تورکیا دەکات.
پاریلداک لە دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکرا و، لە پێش جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا، دیسان بڕیاری دەستگیرکردنەوەی بۆ دەرکرایەوە.

ناوبراو لە نامەکەیدا باسی ئەم بابەتە دەکات و دەڵێت” من ئەوە دەزانم کە لەبەر داوایەکی سیاسی لە زیندانم. ئەو ڕۆژەی لە دادگا بڕیاری ئازادکردنم بۆ دەرکرا، لە خۆشیاندا خەریک بوو دەگریام، بەڵام کاتێک سەیری دواوەی خۆمم کرد، کەسانێک بینی کە لە توڕەیدا ڕەنگیان سور هەڵگەڕابوو، هەروەها بە پەلە پڕیان بە تەلەفۆنەکەیاندا کرد و بە یەکێکیان وت”کچەکەیان ئازاد کرد”. ئیدی لەو ساتەوە هەستم بەوە کرد، کە من یەکێکم لەوانەی هێڵی سوریان بۆ ئازاد بوونی داناوە”.

پاریلداک لە زیندانی سینجانی ئەنقەرەوە، زنجیرە وتارێک بۆ ماڵپەڕی بەشی تورکی Euronews دەنوسێت و تێیدا باسی ئەو زوڵمە دەکات، کە لەلایەن کاربەدەستانی تورکیاوە لێیکراوە.

ئەمەی خوارەوە نامەکەی پاریلداکە:

هاوپیشە ئازیزەکانم،
پرسیاری ئەوەتان لێکردوم کە چۆنم و ڕۆژەکانم چۆنی بەسەر دەبەم. منیش بە کورتی باسی دەکەم.
لە زیندان ڕۆژ بە نیسبتە منەوە زۆر زوو دەست پێدەکات. دەتوانم بڵێم کە جگە لە خوێندنەوەی کتێب و نوسینی تێبینی، هیچ کارێکی تر ئەنجام نادەم. دەتوانم دەستم بە هەموو سەرچاوە تورکی و ئینگلیزیەکانی دەرەوەی کتێبخانەی زیندان بگات. هەتا ئێستا ڕێگریەکم نەهاتۆتە سەر ڕێگا، لە ساڵی ڕابردوەوە، جگە لەو قەدەغەیەی لەسەر ڕۆژنامەی یەنی ئاسیا دایانناوە، ڕێگری هیچ ڕۆژنامەیەکی تریان لێنەکردووم. بەڵام ئەو نامانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆم دێن، زوو زوو توشی ڕێگری دەبن. لە ژوورەکەمدا تەلەڤیزیۆنێکی تایبەت بە خۆشم هەیە.
لەبەر ئەوەی جگە لە نوسین و خوێندنەوە هەموو شتێک قەدەغەیە، تەنانەت نوسینەکانم لە جیاتی کۆمپیوتەر بە دەست دەنوسم.
بەڵام بۆ ئەوەی دڵی خۆم خۆش بکەم، دەڵێم ئەمە بەشێکە لە گەشەسەندنی کەسایەتی من.


دڵخۆشم بەوەی هەموو ساتێک لەگەڵ پێنوس و کاغەزدا دەژیم. زۆر حەزیشم بە هونەری کاری پلاستیکیە، بەڵام ناتوانم بەشداری هیچ چالاکیەکی وەرشەکانی ناو زیندان بکەم. پەنام بۆ دادگا برد، سەرەڕای ئەوەی لەو بابەتەدا هیچ بڕیارێکم لەسەر نیە، بەڵام ڕێگە نادرێم. دادگاش داواکەی ڕەت کردومەتەوە و دەڵێت” نامەکەت ناخوێندرێتەوە”.
تەنانەت هەوڵی ئەوەمدا لە ڕێگەی ئاوی میوەوە ڕەنگەکان دروست بکەم، بەڵام زۆری پێنەچوو، کە مێرولە شاڵاویان بۆ هێنا. بەم شێوەیە خاڵی کۆتاییم بۆ ژیانی هونەری ناو زیندانم دانا.
سەرەڕای ئەوەی چەندین جار بە شێوەیەکی فەرمی عەریزەم نوسیوە، کە بۆچی لە ژووری تاکە کەسیدا دانراوم؟ بەڵام هەتا ئێستا وەڵامیان نەداومەتەوە. کاتێک پرسیاریان لێدەکەم، لە وەڵامدا دەڵێن بە شێوەیەکی زارەکی فەرمانەکە دەرکراوە.
من سەرەڕای ئەوەی دادگا ئازادی کردم، دیسان هێنرامەوە زیندان و بۆ شەوەکەی دیسان فەرمانی دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرکردم.
کەسێکی وەک من کە توشی شتی لەم شێوەیە بوو بێت، سەری سوڕنامێنێت گەر ڕێگری ئەوەی لێبکەن بچێتە ناو وەرشەی زیندان. بەیانیەک لە خەو هەڵدەستیت و ئەوانەی هاتونەتە ژوورەوە، دەتوانن دەست بەسەر هەر کەلوپەلێکتدا بگرن کە دەیخوازن. هەندێک جار دێن و دەڵێن ڕادیۆ قەدەغەیە، بەو بیانووە دەست بەسەر ڕادیۆکەتدا دەگرن و پاش ماوەیەک ڕادیۆی تازەت پێدەفرۆشن. هەندێک جار بلوسی ڕەش و تیشێرتێک کەوا نوسینی لەسەر بێت قەدەغە دەکرێت. ئیدی دیار نیە کە بەیانی چیدی قەدەغە دەکەن.

“بە هۆی هەلومەرجی فیزیکیەوە، توشی هەندێک نوقسانی بووم”
هەلومەرجی فیزیکی زیندان وەهای کردووە، کە لە هەندێک بابەتدا توشی نوقسانی ببم. لاشە توانای فڕێدانی ئەو وزە نەگەتیڤەی نیە کە ئاسن و کۆنکریتی چواردەوری زیندان لە لاشەی مرۆڤدا دروستی دەکەن. بە هۆی ئەو گڵۆپانەی بەردەوام کار دەکەن و ئەو وزە نەگەتیڤەی لە لاشەی مرۆڤدا کۆ دەبێتەوە، ئەمانە بانگهێشتی چەندین نەخۆشی جەستەیی و دەرونی بۆ لاشەی مرۆڤ دەکەن.
ناچار بوون بەوەی لە قاپی پلاستیکدا نان بخۆیت و نەتوانیت هیچ خواردنێکی سروشتی بخۆیت، یاخود دابین نەکردنی خواردنی ئەو کەسانەی کە گۆشت ناخۆن(ڤێچتریان)، مرۆڤ توشی نوقسانی دەکەن…
بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم کە ڕۆژانی چاوپێکەوتنی کەسوکار، بە نیسبەت منەوە وەک دوورگەیەک بۆ هەناسەدان وەهایە.
کاتێک خێزان و کەسوکار و پارێزەرەکەم دێنە سەردانم، بە تەواوی دڵخۆشیەوە، جوانترین جل و بۆنەکانم بەکاردەهێنم و بەو شێوەیە دەچمە بەردەمیان.
زۆر جار ئەو چاوپێکەوتنانەمان وەک شانۆگەریەکی بچوکیان لێدێت و زۆر باسی ئەو شتانە ناکەم کە بەسەرم هاتووە و، یاخود بە کورتکراوەیی باسیان دەکەم. بەڵام کاتێک ماڵئاوایی لە کەسە نزیکەکانم دەکەم لە کۆتایدا، هەستێکی گەورەی نوقسانیم تێدا دروست دەبێت. ئەم لێک جیابوونەوە ناچاریە و چاوپێکەوتنە کاتیە کە هێزی چاککردنەوەی مرۆڤی هەیە، پێکەوە تێکەڵ دەبن و هەستێکی سەیر دروست دەکەن.
هەتا مۆخی ناو ئێسقانەکانم هەست بەوە دەکەم کە لە قۆناغێکی مێژوویدا ژیان بەسەر دەبەم. هەندێک جار لە داڵان زیندان و ئەو کاتانەی ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێم، چاوم بە کەسانێکی ناسیاو دەکەوێت. کاتێک نوریە ئاکمان لێرە بوو، دەستمان بۆ یەک بەرز دەکردەوە و سڵاومان لەیەک دەکرد. پەڕلەمانتارەکان، سەرۆک شارەوانیەکان، ئەندامانی دادگای باڵا، هاوپیشەکانم… هەموویان لێرە بوونیان هەیە.
“بڕیار بوو لیژنەی مافەکانی مرۆڤی پەڕلەمانی تورکیا سەردانم بکەن، بەڵام لەلایەن موستەفا شەنتۆپەوە هەڵوەشێندرایەوە”
سەرەڕای ئەوەی ناوم لەو لیستەیەدا بوو، کە لیژنەی بەدواداچوونی بارودۆخی زیندانیەکان دەبوو سەردانی بکەن، بەڵام لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە ئەوەم بیست، کە موستەفا شەنتۆپی سەرۆکی پەڕلەمانی تورکیا، مۆڵەتی سەردانی منی هەڵوەشاندۆتەوە.
هەروەها چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆڤ دەیانەوێت سەردانم بکەن، بەڵام لەلایەن کەسانی بیرۆکراتەوە، ڕێگری لێدەکرێت.

کاتێک شیکاری هەموو رووداوەکان دەکەم، ئەو سزایەی بەسەر منیاندا داوە، سەرم سوڕنامێنێت. دەزانم کەوا بە هۆی بڕیارێکی سیاسیەوە لە زیندانم.

لەوە دەچێت ئەمە یەکێک لە کڵێشە کلاسیکەکانی ئەدەبیاتی ناو زیندان بێت بەڵام:
خۆم وەک ئەو گیا بچوک هەست پێدەکەم کە لە درزەکانی حەوشەی زیندانەوە سەر دەردەکەن، سەرەڕای ئەوەی هەموو جارێک دەپلیشێنرێتەوە، بەڵام هەر دیسان سەر دەردەکاتەوە، ڕۆژانێکی خۆش چاوەڕێمانە…

Show More
Back to top button