هەواڵ

ڕۆژنامەنوسێک ١٦ مانگە دەستبەسەرە و تۆمەتی بەڵگەداریشی لەسەر نیە

ڕۆژنامەنوسێکی تورکیا بە ناوی شیرین کەباکچی ماوەی ١٦ مانگە لە زیندانی شاری کۆنیا دەستبەسەرە و هەتا ئێستا تۆمەتێکی بەڵگەداری ئاڕاستە نەکراوە لەلایەن داواکاری گشتیەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دانیشتنی دووهەمی دادگایکردنی ناوبراو لە دادگای ٣٥ هەمینی سزا قورسەکانی ئیستەنبول بەڕێوەبراو بڕیاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو درێژ کرایەوە.

داواکاری گشتی دۆسیەکەی کەباکچی، لە سەرەتای دانیشتنەکەیدا داوای لە دادوەری دادگا کرد کە ناوبراو ئازاد نەکات بە هۆی ئەوەی دۆسیەی تاوانەکانی هێشتا بە تەواوی ئامادە نەبووە. دادوەری دادگاش وەک ئەوەی ئەم پاساوەی داواکاری گشتی لە یاساکانی تورکیادا جێگای ببێتەوە، بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەری ناوبراوی دەرکرد.

ڕۆژنامەنوسەکە لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تایبەتەوە، لە زیندانی کۆنیاوە بە شێوازی ڤیدیۆ کۆنفڕانس وەڵامی پرسیارەکانی دادگای دایەوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا کاربەدەستانی تورکیا داوایان لە هاوڵاتیانی کرد کە ئابۆنەی کەناڵەکانی بزاڤی خزمەت نەبن لە کەناڵە ناوخۆیەکاندا و داواکاری گشتی کەباکچی بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە فەرمانی بزاڤی خزمەت لە ئابۆنەداری کەناڵەکانیان دەرچووە.

کەباکچی بۆ سەلماندنی ناڕاستی قسەکانی داواکاری گشتی، بە بەڵگە ئەوەی سەلماند کە لە بەرواری مانگی تەموزی ٢٠١٤ لە ڕۆژەڤی تورکیادا هیچ باسوخواسێک سەبارەت بە هەڵپەساردنی کەناڵەکانی بزاڤی خزمەت نەبووە و لە پێش ئەو بەروارەوە ئابۆنەداری خۆی هەڵپەساردووە.

کەباکچی لە بەردەم دادوەردا وتی” ماوەی ١٦ مانگە دەستبەسەرم، ٣ کچم هەیە و لە شاری ئارتڤین دەژین، ئەوان پێویستیان بە منە و داواکارم ئازادم بکەن”.

ئایدەمیر پارێزەری کەباکچی: بریگرتەکەم لەم دۆسیەدا بێ تاوان دەردەچێت

جومالی ئایدەمیر پارێزەری ڕۆژنامەنوسەکە، لە بەردەم دادوەردا باسی لەوە کرد کە زۆر ڕۆژنامەنوسی تری ڕۆژنامەی زەمان، بە هۆی ئەوەی جگە لە کاری ڕۆژنامەنوسی هیچ پەیوەندیەکیان بە جەماعەتەوە نەبووە ئازاد کراون و داوای کرد ناوبراویش ئازاد بکرێت.

هەرچەندە داواکاری گشتی هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەی لە دانیشتنەکەدا نەخستە ڕوو، بەڵام دادوەری دادگا دانیشتنی داهاتووی دادگای بۆ بەرواری ٩ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دواخست.

http://www.tr724.com/gazeteci-sirin-kabakci-yine-tahliye-edilmedi-16-aydir-tutuklu-ama-delil-olmayan-dosyada-hala-eksik-var/

 

Show More
Back to top button