بیروڕانوسەرانهەواڵ

ڕۆژنامەنوسێکی تورکیا: دادپەروەریم دەوێت، دەمەوێت بە خێزانەکەم شاد ببمەوە

مورات ئاکسۆی یەکێک لە ڕۆژنامەنوسە ناسراوەکانی تورکیا لە زیندانی سلیڤریەوە نامەیەک بۆ ڕای گشتی تورکیا دەنێرێت و دەڵێت” ئیتر ئازادیم دەوێت، ئیتر دادپەروەریم دەوێت، دەمەوێت بە خێزانەکەم شاد ببمەوە.”

ئاکسۆی یەکێکە لە قوربانیەکانی ئەو هەڵمەتی دەمکوتکردنەی لە دوای ١٥ ی تەموزی ساڵی ڕابردوەوە دەستی پێکردوە و لە بەرواری ٣ ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوەوە دەستبەسەرە.

لە ٣١ ی ئازاری ئەمساڵدا دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ ئاکسۆی دەرکرد، بەڵام داواکاری گشتی پێش دەرچونی ناوبراو لە زیندان، دووبارە بانگەشەنامەیەکی تری لەسەر ئاکسۆی نوسیەوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد.

داواکاری گشتی داوای دوو جار زیندانی هەتا هەتای بۆ دەکات و لە ٢٤ ی ئەم مانگە دووبارە دەچێتەوە بەردەم دادوەر.

ئاکسۆی لە نامەکەیدا دەڵێت:

من لەوە دڵنیام بە هۆی ڕەخنەکانم لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی پارکی گێزیەوە و بەردەوام بوونم لەسەریان زیندانی کراوم. تەنیا لە نوسینەکانمدا ئەمەم نەکرد بەڵکو لە پڕۆگرامە تەلەڤیزیۆنیەکانیش ڕەخنەم دەگرت. بەڵام من تەنیا ڕەخنەم لە دەسەڵات نەگرت، هەرکەسێک لە مەیدانی سیاسەتدا بە گرنگم زانیبێت ڕەخنەم لێگرتوە. ڕەخنەم لە جەهەپە و سەرۆکەکەی کەمال کڵچدارئۆغلوش گرت، ڕەخنەم لە هەدەپە و سەرۆکەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاشیش گرت، من ڕۆژنامەنوسێکی چەپڕەوی ئازادیخوازی عەلەویم. من دەمەوێت هاوڵاتیانی تورکیا بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە لە هەلومەرجێکی یەکساندا بژین. یەکسانیم بۆ خۆم و منداڵەکانم دەوێت.

نە پڕوپاگەندەی تیرۆرم کردوە، نە ئەندامی گروپی تیرۆرستیم، نە کودەتام ئەنجامداوە نە پاڵپشتیم کردوە.

نوسینم نوسیوە و وتارم بڵاوکردۆتەوە، هیچ کاتێک لەسەر ئەمانە سکاڵام لەسەر تۆمار نەکراوە.

من ڕۆژنامەنوسم.

لەبیرم کردوە کە چەند ڕۆژە لە زیندانم و تەنیا دەزانم کە ٤٠٠ ڕۆژی تێپەڕاندوە، چونکە ٦٢ ڕۆژ پێش مورات سابونجو و ئاکن ئەتەڵای دەستگیر کراوم.

بەڵام…

ئیتر ئازادیم دەوێت،

دادپەروەریم دەوێت،

دەمەوێت بە خێزانەکەم شاد ببمەوە.

 http://www.shaber3.com/adalet-istiyorum-aileme-kavusmak-istiyorum-haberi/1291968/

 

Show More
Back to top button